رۆژژمێری دەسپێکی شۆڕشێک
رۆژژمێری دەسپێکی شۆڕشێک
ئامادەکردن؛ محەمەد حەکیمی
بەشی یەکەم
شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، نموونەیەکە لە شۆڕشێک کە هەموو تان و پۆکانی پیاو مەزنی و پیاو ساڵاری هێنایە لەرزین و هەموو بنەماکانی نیزامی دیکتاتوری پیاو مەزنی ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێرانی خستە ژێر پرسیار و تا ئاستی ڕووخاندنی ئەو ڕژیمە پێش چوو و هەموو ڕەمز و هێماکانی ڕژیمی خستە ژێر پرسیار و لە ناوچوون.
ئەو شۆڕشە پتانسیلی زۆری هەیە و ئەوە یەکەم جارە لە مێژووی ئێراندا شۆڕشێکی ژنانە دێتە کایەوە، ژنان هەر لەسەر قەبران رووسەریان لە سەر داگرت و باوکی یەکێک لە گیانبەختکردوانئەو شۆڕشە دەڵێت؛ “ژن لە پیاو پیاوترە و ئەگەر تا دوێکە دەمانوت پیاو، ئێستا دەبێ بڵێن ژن“ . شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ماڵ تەکاندنێکی سیاسی بوو لە ئێران، یەکەمین هۆکاری شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەوە بوو کە ژنان لە پێشەوەی پیاوان هاتبونە ناو گەمەکەوەو پیاوانیش بە هەموو شێوە پشتگیری ئەوانیان دەکرد. هەر لە سەرقەبرانی ئایچی شاری سەقز یەکەم دروشم مەرگ بۆ خامنەیی بوو و هەر لەوێوە درۆشم بە دژی خامنەیی بۆ یەکەم جار هاتە ناو کایەوە و کەلێنێکی گەورە کەوتە نێوان خەڵک و ڕژیمەوە کە تا ئەو ساتە لە ئێران شتی وا کە هەموو ئێران بگرێتەوە ڕووی نەدابوو، دروشمەکان گۆڕدران بۆ مەرگ بۆ خامنەیی و دیکتاتور و ولایەتی فەقێ و ….
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕشی ناڕزایەتی بوو کە خۆی لە شۆڕشێکدا بە دژی هەموو نالەبارییەکانی ژیانی ژنان و هەژاری و بێکاری و مادەسڕکەرەکان و … بینیەوە، تایبەتمەندی ئەو شۆڕشە ئەوە بوو کە خەڵک داوای ئازادی، بەرابەری و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیان دەکرد و شۆڕش لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر زیاتر لە دەیان پارێزگا و سەدان شاری ئێرانی گرتەوە، هەرچەن هەموو دەزگاکانی ڕژیم کەوتنە کار بۆ سەرکوتی ئەو شۆڕشە و بە توندترین شێوە کەوتنە سەرکوتی خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێران بە تایبەتی کوردستان.
ئەمڕۆکە یەکێک لە ئاکارە سەرەکیەکانی جیهان، پرسی یەکسانی نێوان مرۆڤەکانە، هەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی دروست کراون، و کەس ناتوانێ هیچ مافێک لە کەس زەوت بکات. بەڵام لە ڕژیمی ئیسلامی ئێراندا هەموو شتەکان پێچەوانەیە و هەموو مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێت. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە وەها زەمەنێکدا لە دایک بوو کە رژیم هەموو ئێران بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستانی میلیتاریزە کردبوو. ڕژیم مافی ژیان، ژن بوون و ئازادی لە هەموو کەسێک زەوت کردوە، تەنها بە هۆی ئەوەی “ژینا” چەن تاڵ لە قژی بە دەرەوە بوو دەستگیری دەکەن و دواتر بە شێوەیەکی گوماناوی دەکوژرێت.
ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بناغەی شۆڕشێک لە دایک بوو کە لە زووترین کاتدا هەموو ئێرانی تەنیەوە و تا ئێستەش ئەو شۆڕشە درێژەی هەیە. ئەم شۆڕشە لە ٢٦ی خەرمانانەوە لە بەردەم شوێنی نەخۆشخانەی مەرگی “ژینا ئەمینی” لە پایەتختی ئێرانەوە دەستی پێکرد و پسپۆران و لێکۆلەران چەندین ناویان لەو شۆڕشە ناوە وەک؛ شۆڕشی ژینا، ڕاپەرینی ژینا، بزوتنەوەی مەهسا، ڕاپەرینی ژن ژیان ئازادی و …. بە پێی ئامارەکان لەو شۆڕشەدا لانیکەم ١٠٠٠ کەس بە تایبەتی ٧٢ منداڵ کوژران و بە هەزاران کەس بریندار و دەستگیر کران، بەڵام شۆڕش تا ئێستەش بەردەوامە و بە شێوەی جۆراوجۆر لە هەموو شار و ئاوایەکانی ئێران خۆی نیشان دا.
٢٢ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی ژینا ئەمینی کچێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز، لەگەڵ بنەماڵەکەی لە کاتی گەڕانەوەلە شاری ڕەشت دەچن بۆ سەردانی خزم و ناسیاوەکانیان لە شاری تاران و لە بەردەم مێترۆی “حەقانی” ئەو شارەدا تەنها بە هۆی ئەوەی چەن تاڵ قژی بەدەرەوە دەبێت لەلایەن “ گەشتیئیرشادی ڕژیمەوە دەگیردرێت و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ ئیدارەی پولیسی “وەزرا“. ئێوارەی ئەو ڕۆژە ژینا لە حاڵێکدا نیوە گیانە لەلایەن پولیسەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا، لە مەیدانی ئارژانتین. ئەشکان برای ژینا ئەمینی دەڵێت؛ مەئمورەکان پێیان وتم کە خوشکەکەم دەبەن بۆ پولیسی وەزرا و کاژێرێک کلاسی بۆ دادەنێن و دواتر ئازادی دەکەن. ئەشکان لەوێ پێیان دەڵێت ئیمە خەڵکی ئێرە نین، غەریبین و کەس ناناسین…
بە پێی وتەی کچێک کە خۆشی یەکێک لەو هەزاران کچەیە کە لەلایەن ئەو هێزانەوە گیراوە، دەگێڕێتەوە لە کاتی گواستنەوەیان بۆ ئیدارەی پولیس لە نێوان ئەو کچانەی کە گیراون و گەشتی ئیرشاد دەبێتە دەمەقالەیەکی توند و ژینا یەکێک لەو کەسانە بوو کە ڕخنە و ناڕزایەتی خۆی لە دەستگیرکردنی بە بێ هۆی خۆیدەربڕیوە. لە نێوان ئەم دەمەقاڵانە مەئمورەکانی ڕژیم دەیانوسیت بە توندوتیژی هەموو ئەو کچانە بێدەنگ بکەن. هەر لەو کاتەدا دەبێ کە ژیناش دەکەوێتە بەر هێرشی دڕندانەی ئەو هێزانە. بەڵام ژینا تا گەیشتن بە دەسبەسەرگەی “وەزرا“کێشەیەکی ئەوتۆی نەبوو و هێشتا ئاگای لە دەوروبەری خۆیی بوو، هەرچەن زۆر بێ حاڵ بوو. دواتر ویدوئۆیەک کە لە ژینا لە ناو نەخۆشخانە بڵاو کرایەوە نیشان دەدات کە ژینا ئاستی هۆشیاری زۆر لە خوارەوە بوە و بە گشتی لە کۆمادا بوو.
٢٣ی خەرمانان ژینا لە نەخۆشخانەی کەسرا لە ژووری تایبەت بەستەری دەکرێت، ناوبراو لە لە هۆش خۆی چوو بوو و ئاگای لە هیچ نەمابوو، هەروەها شوێنی ئەشکەنجە و شین بوونەوە و خوێنی دلەمە لە سەر و پاڵ گوێچکەکانی دەبیندرا و بە سەر جەستەیەوە بە جوانی دەبیندرا.
٢٤ی خەرمانان چەندین هەواڵ سەبارەت بە مەرگی ژینا بڵاو بوەوە. بەڵام بنەماڵەکەی رایانگەیاند کە ژینا هێشتا لە نەخۆشخانەیە و زیندوە و لە ژووری تایبەتدایە.
٢٥ی خەرمانان ژینا ئەمینی بە هۆی شکانی ئێسکی سەر و خوێن بەربوونی مێشک، کاژێر ٩ی بەیانی لە نەخۆشخانەی کەسرا ژیان گیانی لە دەستدا. بە پێی ڕاپورتی نەخۆشخانەی کەسرا رۆژی یەکەم بە هۆی ئەوەی کە چەندین زەربە بەر سەری کەوتبوو تووشی مەرگی مێشک بوە. تەرمی ژینا گوازرایەوە بۆ پزیشکی یاسایی تاران.
نیلووفەر حامدی، رۆژنامەوانی زیندانی رۆژنامەی “شەرق” ، وێنەیەکی دایەگەورە و باوکی ژینای بڵاو کردەوە کە دوای گیان لە دەستدانی ژینا یەکیان لە ئامێز گرتبوو و دەگریان، ئەو وێنە یەکێک لە تاڵترین وێنەکانی کورد بوو، چونکا ژینا تەنها لەبەر کوردبوون و ژن بوونی توشی ئەو کارەساتە بوو و گرووپێک لە وێنەگرەکانی ناو ئێران ئەو وێنەیان وەک وێنەی ساڵی ناوزەد کرد. دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی مەرگی ژینا، لە رۆژنامە و راگەیاندنەکانی هەموو جیهان و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، خەڵکی کورد لە بەردەم نەخۆشخانەی کەسرا ی شاری تاران کۆبوونەوە و هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم وەک هەمیشە بە گازی فرمێسک رێژ و هەروەها بە باتووم دەستیان کرد بە لێدانی خەڵک و دەیانویست بە زۆر بڵاوە بە خەڵک بکەن. هەر لەو ساتەدا کچێک لە بەردەم نەخۆشخانەی کەسرا روسەری لە سەر خۆیی بە نیشانەی ناڕزایەتی لە دۆخی ژنانی ئێران لابرد. کچێکی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەستگیر کرا. ئەو ڕۆژە هێزە ئەمنیەتیەکان توانیان بڵاوە بە خەڵک بکەن، بەڵام کوردانی دانیشتوی تاران و چەن کەسێک لە رۆژنامەوان و خەڵکی تارانیش تا درەنگانێکی شەو لە بەردەم نەخۆشخانە و مەیدانی ئارژانتین خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و دەنگی ناڕزایەتی خۆیان هەڵبڕی و خۆپیشاندان تا درەنگانێکی شەو بەردەوام بوو.
بڕیار بوو هەر ئەو شەوە لە ڕێگەی فرۆکەوە تەرمی ژینا ببردرێتە سنە و لەوێشەوە بۆ شاری سەقز، هێزە ئەمنیەتیەکان دەیانویست سەر لە خەڵک بشێوێنن، بەڵام لە ئاکامدا جنازەی ژینایان بردە تەورێز و دواتر بۆ سەقز، ڕژیم دەیویست بەو کارە سەر لە خەڵکبشێوێنێت تا هەر بەو شەوە جنازەکە بە خاک بسپێردرێت. تەرمی ژینا کاژێر ٥ی سەر لە بەیانی گەیشتەوە شار سەقز. هێزە ئەمنیەتیەکان دەیانویست بە هەر شێوە بێت، هەر ئەو سەرلەبەیانییە جنازەکە بە خاک بسپێرن، بەڵام خەڵکی شاری سەقز کە هەواڵیان پێ گەیشتبوو هەر شەو چوو بوونە سەرقەبرانی ئایچی و لەوێ مابونەوە تا جنازەکەی ژینا بگاتەوە زێدی خۆی، خەڵک و دایک و باوکی ژینا بە هەموو شێوە دژایەتی ئەو بریارەی هێزە ئەمنیەتیەکانیا ن کرد و ڕێگەیان نەدا پلانی ڕژیم لەوێدا سەر بگرێ.
هەر کە هەواڵی مەرگی ژینا لە ناوشاری سەقز بڵاو کرایەوە، شار هەمووی توشی شوک بوو، کەس باوەری نەدەکرد، مەرگی ژینا بۆ شارێک کە خەباتی مەدەنی بەهێزی هەیە وەک تەقینەوەیەکی گەورە وابوو، چالاکانی مەدەنی ئەو شارە و خەڵک بڕیاریاندا کە ڕێگە نەدەن تەرمی ژینا بەو بەرەبەیانە زووە بنێژن، پێش ئەوەی تەرمی ژینا بگاتەوە بۆ سەقز، بەشێکی بەرچاو لە خەڵک چوونە پولیسرای سنە و بەشێکی دیکەش بۆ پولیسڕای بۆکان و هەموو ئەو ڕێگایانە کە ئەگەری ئەوە هەبوو تەرمی ژینا لەوێوە بێنەوە، خەڵک ئەو ڕیگانەیان گرتبوو و ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکیش هەر لە شەوەوە چ بوونە سەرقەبرانی ئایچی، لە کاژێر هەشتی بەیانیەوە بە هەزاران کەس لە سەرقەبران ئامادە بوون و تا دەهات ئاپۆرای خەڵکەکە زیادی دەکرد، هێزە ئەمنیەتیەکان گوشاریان بۆ باوک و دایکی ژینا دەهێنا بۆ ناشتنی تەرمەکەی، بەڵام باوک و دایکی بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان نەدا و تا وای لێهات بە هۆی گوشارەکانی هێزە ئەمنیەتیەکان باوکی ژینا حاڵی تێک چوو و بە ناچاری بردیان بۆ نەخۆشخانە و دواتر گەرایەوە سەرقەبران، بە هەموو ئەوانەوە بنەماڵەی ژینا و خەڵک زۆر قارەمانانە ڕێگەیان نەدا تا کاژێر ١٠ تەرمەکەی ژینا بنێژرێت. هەزاران کەس لە سەرقەبران ڕاوەستابون، تەنانەت هەناسەی کەس نەدەبیسترا،دەتوت سەرقەبران کەسی لێ نییە و بێدەنگیەی تەماوی سێبەری بەسەر قەبرستاندا کێشابوو، سەرقەبران ببو بە چولەوانێک و کەس نرکەی لێدەرنەدەهات، لە پڕ کەسێک لە ناو ئەو خەڵکە “کاک عوسمان ئیسمائیلی” بە دەنگی بەرز هاواری کرد کە ڕەنگە کچی من یا خوشکی من یا کەسێ ئێوە بێت، دواتر بە درۆشمی مەرگ بەر خامنەیی و دیکتاتور خەڵک بێدەنگیەکەیان شکاند. لەو کاتەدا دوو کەس لە هێزە ئەمنیەتیەکان چ بوونە سەر بانی مزگەوتی سەرقەبران بۆ ئەوەی خەڵک بترسێنن دەستیان کرد بە فیلبەرداریلە جەماوەرەکە، خەڵکی تورە و وەزاڵە هاتووی شاری سەقز ئەو دوکەسەیان هێنایە خوارەوە و گوشیەکانیان شکاند. ئەو سەرلەبەیانییە بنەماڵەی ژینا زۆر لە گوشاردا بوون، باوکی ژینا بۆ یەک سانیە گەرایەوە وتی؛ تکایە ئارام بن، خەڵک وتیان مەترسە مەترسە هەموومان لە پشتتین. کاتێ مامۆستا مستەفا ویستی تەلقینی ژینا دابدات، خەڵک دەنگینان لێ بەرزبوەوە، “شەهید تەلقینی ناوێت“ ماموستا وتی زۆر ڕاستە با بچین نوێژی مردوو بخوێنین، خەڵک جارێکی دیکە دەنگیان لێ بەرز بوەوە نابێ نابێ هەر ئەو ئایینەی ئێوە ئەو جنایەتەی ئەنجام داوە، نوێژی مردوی چی، مامۆستا دەیوست قسە بکات بەڵام خەڵک ڕێگەیان پێ نەدەدا تا وای لێهات مامۆستا هاواری کرد کە دەیەوێت وتەیەک لەپێشەواتان پێ بڵێم خەڵک بێدەنگ بوون و ماموستا وتەکانی تەوا کرد و تەرمەکەی ژینا لە سەرقەبرانی ئایچی نێژدرا و هەر دوای ئەوە خەڵک وتیان دەچین بۆ بەر فەرمانداری و لەوێ کۆدەبینەوە و ….
لە سەرقەبران چەندین کەس قسە و باسێکیان پێشکەش بە خەڵکەکە کرد و لە ناو ئاپورای خەڵکەکە پووری ژیان وتی؛ ژینا گیانی بەخت کرد… ژینا ڕێگەی ئازادی بۆ ئێمە کردەوە…. سوێند بە خوا لە ماڵەکەی من چوە دەرەوە و تا ڕادەیەک پوشرابوو کە تەنانەت منداڵەکانی منیش هێندە نەپۆشرابون، مانتۆکەی تا خوار پایی دەگەیی، گوڵی ئێمەیان هەڵوەراند….
هەر ئەو ساتە ڕستەیەک لەسەر گۆرەکەی نووسرا ژینا گیان تۆ نامری، ناوت دەبێتە رەمز و تا هەتایە لە دڵماندا دەمێنیتەوە.
لە یەکەم ڕۆژی شۆڕشی ژینا خەڵکی شاری سنەش بۆ پشتیوانی لە خەڵکی سەقز هاتنە سەر شەقام و دروشمیان بە دژی ڕژیم وتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی “ئێلاهە محەمەدی” رۆژنامەوانی رۆژنامەی “هەم میهن” کە ئەو ڕۆژە لە سەرقەبران ئامادە بوو، باوەگەورەی ژینا بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە شێعرێکی لە شێرکۆ بێکەس خوێندەوە بە سەردێری “تاران بە دەم کەسەوە پێناکەنێت” لە ڕاپۆرتی “ئلاهە محمەدی“دا هاتوە کە ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا داوای لە خەڵک کرد کە ڕێگە نەدەن بۆ ئەو و بنەماڵەکەی کێشە دروست بکەن و خەڵک لە وڵامدا وتیان مەترسە مەترسە!!!
“موژگان ئفتخاری” دایکی ژینا، لە حاڵێکدا هێشتا شوکی مەرگی ژینا بە سەروچاویەوە بە جوانی دەبیندرا بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە وتی؛ ڕابە ژینا، خەڵک بۆ لای تۆ هاتون.