یادێک لە هاوڕێی خۆشەویست و ڕابەر دكتۆر جەعفەری شەفیعی

یادێک لە هاوڕێی خۆشەویست و ڕابەر دكتۆر جەعفەری شەفیعی

كۆمەڵە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە‌و پاش ماوەیەكی كورت، بەهۆی هەڵسوڕان‌و چالاكی ئەندامان‌و رابەرانیەوە توانی ببێتە رێكخراوێكی جەماوەری‌و جێگای متمانەی خەڵكی كوردستان، ببێت بە رێكخراوێك كە بە هەڵسوڕان‌و تێكۆشانی شێلگیرانە بۆ بەدیهێنانی داخوازییە رەواكانی گەلی چەوساوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بە ئاڵاهەڵگربوونی ویست‌و داخوازی رەوای كرێكاران‌و زەحمەتكێشان‌و ژنان‌و سەرجەم چین‌و توێژەكان، پەڕەیەكی زێڕین لە مێژووی هاوچەرخی بزوتنەوەی ئازادخوازیی خەڵكی كورددا تۆماربكات.
ئەوەی ئاشكرایە ئەم شانازیی‌و سەرەوەرییەش بەدی نەدهات ئەگەر باشترین پیاوان‌و ژنانی ئەم نیشتمانە لەم رێبازەدا گیانبازییان نەكردایە‌و بۆ كۆتایی هێنان بە ئازار‌و مەینەتییەكانی هەژاران‌و زەحمەتكێشانی كوردستان فیداكارییان نەكردایە. رەنگە ئەرك‌و خەباتی رابەرانی ئەم بزوتنەوەیە لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵە‌و لە بارودۆخێكی پڕ خەفەقان‌و دیكتاتۆری رژیمی پاشایەتی، چارەنوسساز‌و سەرەكی بێت، هەربۆیە هەڵدانەوەیەكی لاپەڕەكانی ژیانی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی ئەو هاوڕێیانە دەتوانێت زیاتر لە گەڵ ماندوونەناسی‌و فیداكاریی‌و خۆنەویستی رابەرانی كۆمەڵە ئاشنامان بكات.
هاوڕێ دكتۆر جەعفەری شەفیعی یەكێك لەو سیما ناسراوو خۆشەویستانەی خەڵكی كوردستان‌و كۆمەڵەیە كە بە درێژایی تەمەنی سیاسی خۆی، بە هەڵسوڕان‌و ماندونەناسی خۆی، گەلێك قازانج‌و دەستكەوتی بۆ بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی گەلی كورد بەرهەم هێنا‌و بە گیانبەختكردنیشی خەسارێكی بێ وێنەی بە كۆمەڵە‌و ئەم بزوتنەوەیە گەیاند كە تا ئێستاش ئاسەوارەكانی هەر دیارن .
هاوڕێ رابەر دوكتۆر جەعفەری شەفیعی سالی ١٣٣٠ی هەتاوی لە كۆشی بنەماڵەیەكی مەزهەبی لە شاری بۆكان چاوی بەژین پشكوت. خوێندنی سەرەتایی تا وەرگرتنی دیپلۆم لەو شارە تەواو كرد‌و بۆ درێژەدان بە خوێندن چووە شاری تەورێز‌و لەوێ لە رشتەی پزیشكی لە زانكۆی تەورێز درێژەی بە خۆێندندا.
ئەو ساڵانە زانكۆكانی ئێران پڕبوون لەسەرهەڵدانی بیرێكی نوێی شۆڕشگێڕانە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی. لەدوای كودەتای ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی زۆربەی رێكخراوو حیزبەكانی وەك حیزبی تودە بەتوندی سەركوت كران، هەر لەو دەمەدا بوو كە سیاسەتەكان‌و ئایدیۆلۆژیای حیزبی تودە‌و چەپی ئێران لە زانكۆكاندا‌و لەنێو توێژی رۆشنبیر درایە بەر رەخنە‌و لێكۆڵینەوە. شێوازەكانی خەبات دژی دیكتاتۆری شا بۆ جارێكی دیكە لێكدرایەوە. سەرەڕای ئەمەش سەرهەڵدانی شۆڕشە چەكدارییەكانی ساڵەکانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧ لەلایەن سمایلی شەریفزادە‌و هاوڕێكانی لەكوردستان، كاریگەرییەكی قوڵی لەسەر توێژی خوێندكاری كورد لە زانكۆكانی ئێران دانا. دكتور جەعفەر كە هەستكردن بە كار‌و رەنجی خەڵكی كرێكار‌و زەحمەتكێش‌و ئازادیخوازبوون وەك پرەنسیپێكی ژیانی چاولێدەكرد، بیری نوێی شۆڕشگێرانەی ئەوە سەردەمە كاریگەریەكی قو‌وڵتری لەسەر بیر‌و هزری ئەم هاوڕێ خۆشەویستە دانا. هاوڕێ جەعفەر لەگەڵ چوونی بۆ زانكۆ لە ساڵی ١٣٤٩ پێوەندی لە گەڵ بزووتنەوەی خوێندكاری گرت‌و بە خێرایی بووبە یەكێك لە رابەرانی بزووتنەوەی خوێندكاری زانكۆی تەورێز.
هاوڕێ جەعفەر شەفیعی هاوكات لە گەڵ خەباتی بزووتنەوەی خوێندكاری لە تەورێز لە گەڵ خەباتی سوسیالیستی‌و بزووتنەوەی چەپ ئاشنا بوو، هەر لەو سەردەمەدا بوو كە بە پێی سیاسەت‌و رێنوێنییەكانی كۆمەڵە، هاوڕێ دكتۆر جەعفەرلەگەڵ كرێكاران‌و زەحمەتكێشان پێوەندییەكانی نزیك كردەوە‌و بوو بە خۆشەویست‌و رابەری ئاشنای كۆمەڵە لە نێو كۆڕوكۆمەڵە كرێكارییەكانی وەك ماشین سازی، كرێكارانی كەوش‌و كرێكارانی قاڵی بافی تەبرێز.
دوكتۆر جەعفەر لەماوەیەكی كورتدا توانی ببێتە سیمای خۆشەویستی ناو كرێكاران‌و زەحمەتكێشانی كوردستان‌و هەر زۆر زوو پەیوەندی سیاسی‌و خەباتكارانەی خۆی لە گەڵ كۆمەڵانی بەرینی خەڵكی چەوساوە‌و زەحمەتكێشی كوردستان گریدا. هەڵسووڕانی پزیشكی ئەم هاوڕێیە بەستێنێك بوو بۆ پاراستی نەهێنیەكانی تەشكیلات‌و لەهەمان كاتدا پەرەسەندن وبەهێزتر گرتنی پێوەندیەكانی لە گەڵ خەڵك.
دەستگیركرانی هاوڕێ جەعفەری شەفیعی لە لایەن رژیمی پاشایەتیەوە لە ساڵی ١٣٥١ی هەتاویی، مەیدانێكی تری خەبات‌و خۆڕاگری ئەم هاوڕێیەمان بوو. جەلادانی ساواك پاش شەش مانگ ئەشكەنجەو ئازاردانی، نەیان توانی زمانی نەهێنی پارێزی بكەنەوە. دكتور جەعفەر دوای ئازادبوونی لە زیندان شێلگیرتر لە جاران درێژەی بە خەباتی سیاسی‌و رێكخراویی خۆیدا. هاوڕێ جەعفەر دوای تەواوكردنی خوێندنی پزیشكی لە زانكۆی تەورێز‌و گەڕانەوەی بۆ كوردستان دوكتۆرێكی شۆڕشگێڕ بوو كە بۆ سارێژ‌و چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی خەڵك، دێ بەدێ دەگڕا‌و لە گەڵ ئەوەشدا خەریكی وشیاری سیاسی‌و رێكخستن‌و سازدانی پێوەندی بەربڵاوی كۆمەڵانی خەڵك بە تەشكیلاتی كۆمەڵەوە بوو.
دكتۆر جەعفەر ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لەسەر بڕیاری كۆمەڵە بۆ كوردستان دەگەڕێتەوە. لەو ساڵەدا كە ئاخێزەكانی خەڵكی ئێران دژ بە رژیمی حەمە رەزا شا، رەهەندێكی جیدیتری بەخۆیەوەگرتبوو. رێبەرانی كۆمەڵە لە بڕیارێكدا‌و بۆ ئامادەبوون بەرامبەر هەرچەشنە كردەوەیەكی سەربازیی‌و بۆ بەهێز كردنی باڵی چەكداری كۆمەڵە، چەند كەس لە ئەندامانی خۆی رەوانەی كوردستانی عێراق كرد تا لە ناو ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئامادەیی سەربازیی‌و چەكدارییان بەهێزبكەن. هەربۆیە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی هاوڕێ دكتۆر جەعفەر لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی تر بۆ ئەم مەبەستە هەڵبژێردران‌و بۆ ماوەیەك لە نێو ریزەكانی یەكێتیدا مانەوە.
لەو دەورانەشدا دكتۆر جەعفەر، بە ناوی دكتۆر عەزیز‌و وەك پزیشكێك ژیانی زۆرێك لە پێشمەرگەكان‌و خەڵكی ئەو ناوچەیەی لەمەرگ رزگاركرد، سەرەڕای ئەوە ماوە كورتەی چالاكی دكتۆر جەعفەر لە باشوری كوردستان تا ئێستا ناوو یادی ئەو لە نێو دڵی خەڵكی ئەو ناوچەیە‌و پێشمەرگەكانی ئەو كاتی یەكێتیدا لە بیر نەچووەتەوە.
هاوڕێ جەعفەر لە گەڵ راپەڕێنی گەلانی ئێران بە دژی رژیمی پاشایەتی گەڕایەوە بۆ مەكۆی شۆڕش، لە كوردستانی رۆژهەڵات. لەم راپەرینەدا هاوڕێ جەعفەر وەك رێبەرێكی جەماوەری‌و رێكخەرێكی خەباتكار‌و جێ متمانەی خەڵك، لە شاری بۆكان دەركەوت. دوكتۆر جەعفەر لە سەروبەری شۆڕشی كۆمەڵانی خەڵكی ئێران‌و بەتایبەت بەدوای هێرشی دڕندانەی كۆماری ئیسلامی لە ٢٨ گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ بۆ سەر كوردستان، وەك رێبەرێكی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە كوردستان دەوری گێڕا‌و بووبە سیمای ناسراوو خۆشەویستی كۆمەڵانی خەڵك. هاوڕێ جەعفەر لە كۆڕو كۆبوونەوەو میتینگەكانی شاری بۆكان‌و مەهاباد لە ساڵی ١٣٥٨ بە سوخەنرانی‌و بەشداری راستەوخۆی، سەرەنجی خەڵكی بەرەولای خۆی رادەكێشا‌و بەشداری راستەوخۆی لە بەرنگاری ئەو هێرشەی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستانی دەكرد. هەروەها دەستی دایە دامەزراندنی ( نەخۆشخانەیەکی خەڵکی )لە شاری بۆكان، كە خەڵكی ئاوایەكانی دەوروبەر‌و بە تایبەت هەژاران‌و زەحمەتكێشان بۆ سارێژ‌و چارەسەركردنی نەخۆشیەكانیان روویان لەو نەخۆشخانەیە دەكرد كە دوكتۆر جەعفەر بۆخۆی لەوێ بەبێ بەرامبەر سارێژو چارەسەری برین‌و نەخۆشیەكانیانی دەكرد. دوكتۆر جەعفەر بەهەڵسووڕانی ماندوونەناسانە‌و تێكۆشانی بێ وچان، وەك سیمایەكی هەمیشە زیندوو، لە بیر وهزری خەڵكی ئەو ناوچەیە ماوەتەوە.
هەر لەو ساڵەدا دكتور جەعفەر وەك ئەندامی كۆمیتەی نوێنەرایەتی كۆمەڵە لە وەفدی نوێنەرانی گەلی كورد بۆ وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی كۆماری ئیسلامی بەشداری لە دانوستانەكان كرد. شۆڕشگێڕیی‌و راشكاوبوون لە قسەو كردەوەدا یەكێك لە خەسڵەتەكانی دكتۆر جەعفەر بوو لە وتووێژەكان لەگەڵ وەفدی كۆماری ئیسلامی، لە خۆی نیشاندا. دكتۆر جەعفەر لە چەندین میتینگ‌و كۆبوونەوە لە شاری بۆكان، جەماوەری خەڵكی لە راستییەكانی ئەو وتووێژانە‌و سەرجەم سیاسەتەكانی رژیم لە كوردستان‌و ئێران ئاگادار دەكردەوە، بەم جۆرە دەورونەقشێكی گەورەی لە ئاگاە سازی خەڵك سەبارەت بە رووداوەكان دەگێڕا.
دوای داگیركردنی كوردستان لەلایەن رژیمی سەركوتگەری كۆماری ئیسلامییەوە لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، دوكتۆر جەعفەر لە دوو میتینگی گەورەو بەربڵاو، لە ئاوایەكانی دەوروبەری مەهاباد بەشداری كرد كە، وتە بەنرخەكانی ئەم رێبەرە لە خۆبردووە تا ئێستاش لە گوێی خەڵكی ئەو ناوچەیەدا دەزرینگێتەوە. هاوڕێ جەعفەر لە ساڵی ١٣٥٨ وە تا كاتی گیان بەختكردنی ئەندامی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەبوو. هەروەها یەكێك لە دارێژەرانی سیاسەتی كۆمەڵە بوو، كە راستەخۆ لەهەموو گۆڕانكاریە سیاسیەكانی كوردستاندا، رێبەری بزووتنەوەی حەقخوازانەی ئەم گەلە ستەم لێكراوەی دەكرد.
بەشی هەرەزۆری هەڵسووڕانی هاوڕێ جەعفەری شەفیعی لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی بەدواوە بەشێكی بەربڵاوی كاری تەبلیغی لە نێو كۆمەڵەی پێك دەهێنا. لەم ساڵەدا بووبە بەرپرسی رادیۆی كۆمەڵەو سەرنووسەری گۆڤاری پێشڕەو‌و هەروەها چاوەدێری سەرجەم دەزگا تەبلیغیەكانی كۆمەڵەی دەكرد‌و بەگشتی ماوەی ٦ ساڵ سەرجەم تەبلیغاتی كۆمەڵە لە ژێر چاودێری هاوڕێ جەعفەردا بوو. هەربۆیە لە ژێر تەئسیری سەرجەم رووداوە سیاسیەكانی ئەو كاتی كوردستان‌و یەك لەوانە، لە ژێر تەئسیری كەسایەتی خۆشناو‌و خەباتكارانەی دوكتۆر جەعفەر كۆمەڵە لەماوەی ئەو٦ ساڵەدا توانی ببێتە حیزبێكی جەماوەری‌و نوێخواز، كە هەموو هەوڵی، ئاشناكردنی خەڵك، لە گەڵ مافە دیموكراتیك‌و مافە ئینسانیەكانی خۆیان بوو. دەورو نەخشی دوكتۆر جەعفەر بەشێوەیەكی بەربڵاو تا هەنووكەش لەسەر بزووتنەوە جەماوەری خەڵك‌و رەوتی سیاسی كۆمەڵەوە دیارە. دوكتۆر جەعفەری شەفیعی لە ماوەی ١٧ ساڵ تێكۆشانی سیاسی خۆیدا، تەنیا پزیشكێك نەبوو، كە ساڕێژی زامەكانی جەستەیی خەڵك بكا، بەڵكوو دوكتۆرێكی ساڕێژكەری رەنج‌و ناعەداڵەتیەكانی كۆمەڵگای پڕ لە چەوساندنەوەی كوردستان بوو.
٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٦هەتاوی، خەزانی ناوادەی پاییز، گڵای سەوزی تەمەنی پڕ بەرهەمی هاوڕێی خۆشەویست‌و تێكۆشەری دوكتۆر جەعفەری هەڵوەراند. لەم رۆژەدا هەواڵێكی دڵتەزێن لە نێو ریزەكانی كۆمەڵە‌و لە نێو چەوساوەكانی كوردستاندا بڵاو بووەوە، هەواڵەكە كوت‌و پڕ‌و دەڵتەزێن بوو. بەڵێ رۆژی٧ی خەزەڵوەر، لە كاتێكدا كاك دوكتۆر جەعفەر بۆ ئەنجامدانی مەئمووریەتێكی تەشكیلاتی لە كوردستانەوە بەرەو بەغدا كەوتبووە رێ‌و بە نیاز بوو لەوێوە بەرەو ئورووپا بڕوات، بە داخێكی زۆر گرانەوە تووشی رووداوی پێكدادانی ماشین هات‌و دڵی گەورەو پڕ لە هیوای بۆ سەربەستی‌و رزگاری چەوساوەكانی كوردستان بۆ هەمیشە لە لێدان كەوت.
هەموو ئەو كەسانەی كە دوكتۆر جەعفەریان دەناسی بە بیستنی هەواڵی گیان بەختكردنی تاسان. هیچ كەس نەیدەتوانی خۆ لە بەر قورسایی ئەم خەمە گەورەیە رابگرێ. هیچ كەس نەیدەویست‌و باوەڕی نەدەكرد ئیتر دكتۆر جەعفەر لە ناوماندا نەماوە‌و هیچ كەس ئامادە نەبوو وشەی تالی مەرگ بە بەژنی بەرزی ئەم تێكۆشەرە ماندوو نەناسە ببڕێت.
بە داخەوە هاوڕێ دكتۆر جەعفەر لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا چاوە گەش‌و پڕ هیواكانی لێك نا‌و، دڵی گەورەو لێوان لێوی لە هیوای سەركەوتن بۆ رزگاری ئینسان، بۆ هەمیشە لە لێدان كەوت‌و سەنگەری خەباتی شۆڕشگێڕانەی كوردستان‌و چینی چەوساوەی بە ئێمە هاوڕێیانی سپارد.
گەورەترین رێزلێنان لە یادی هاوڕێی هەمیشە زیندوو، هاوڕێ جەعفەری شەفیعی‌و هەموو گیانبەختكردوانی رێگای ئازادی‌و عەداڵەت، تا گەیشتن بە لووتكەی بەرزی سەركەوتن، درێژەدان بە رێگای پڕ لە شانازی‌و بە بایەخی ئەوانە‌و بێ گومان یاد‌و بیرەوەریەكانی هاوڕێ جەعفەری شەفیعی بۆ هەمیشە لە نێو دڵی ئێمەدا زیندووە، چونكە خەبات بۆ رزگاری ئینسان هەمیشە درێژەی هەیە.