یادێک لە فەخرەی نەوەڕە پێشمەرگەیەکی قارەمانی کۆمەڵە

یادێک لە فەخرەی نەوەڕە پێشمەرگەیەکی قارەمانی کۆمەڵە

لە ناوڕاستی ئاوایی نەوەڕە لە نزیک شاری سنە، یەکەم شتێک سەرنجت رادەکێشێت ئەو کۆڵەکەی بەجێماوی ماڵێکە کە دیارە ساڵانێکە خراپ بووە، بەڵام کۆڵەکەکانی ماڵەکە ھێشتاکە لەسەر پێیە. لە خەڵکی ئاواییەکە کە دەپرسی بۆچی ئەم ماڵە بەمجۆرە ماوەتەوە، لە حاڵێکدا کە دیوارەکانی شار زۆری نەماوە بگەنە ئاواییەکە. خەمێکی گەورە ھاوڕێ لەگەڵ غورورێکی مەزن لە روخساریان دایە و دەڵێن: ئەمانە کۆڵەکەی ھەر ئەو ماڵەن کە شەھید فەخرە ١٦ کاتژمێر لەوێدا خۆڕاگریی کرد و یەکە یەکەی ئەم بەردگەلە شایەتحاڵی ئەو شەو و رۆژە مێژووییەن و کەس نایھەوێت ئەم بەرد و ئەم شایەتحاڵانە جێ بەجێ بکاج. چیرۆکی ژیانی فەخرە لە ساڵی ١٣٣٣ی ھەتاویی ھەر لەم گوندە دەست پێ دەکات. شەھید فەخرە کوڕی باخدارێکی نەوەڕەیە. تا پۆلی شەشم لە قوتابخانەی ئاواییەکە سەرقاڵی خوێندن بوو و دواتر لەگەڵ بنەماڵەکەی بەرەو شاری سنە کۆچیان کرد. ھەر لە منداڵیەوە لای مامە و ئامۆزاکانی کە سەرقاڵی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بوون، دەستی کرد بە کار کردن. کاتێ گەورەتر بوو، بووە شۆفیری کامیۆنی دە تۆن لە ھێڵی سنە بۆ تاران. ماڵێکی لە نزیک ساڵۆنی تەختی کڕی و ھاوسەرگیری کرد و منداڵکیان بوو کە ناویان نا سیروان. ناوێک کە لە چۆمی بەناوبانگی سیروان سەرچاوەی گرتبوو. ھەموو ھەوڵی فەخرەدین پێش لە شۆڕشی ساڵی ٥٧ تەنیا لە رێگای دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ ژن و منداڵەکەی بوو و ھەموو ھەوڵێکی دەخستەگەڕ تا بتوانێت ژیانێکی گونجاویان بۆ بڕەخسێنێ. ھەر لەو ساڵانەدا بوو کە شەھید فەخرە لەگەڵ کاک سەید ئەیوب نەبەوی لە خۆشناوترین چالاکانی سیاسی شاری سنە ئاشنا بوو. ئەم ئاشنایی و وتووێژە بەردەوامانە لەگەڵ کاک ئەیوب نەبەوی لەسەر بابەتەکانی رۆژ و دۆخی خەڵک کاریگەریەکی زۆری لە سازدان و پوختەکردنی بیرۆکەکانی شەھید فەخرە ھەبوو و ئەوی دواتر لە رێگای خەبات و بەرگریی لە مافەکانی خەڵک لە بەرانبەر کۆنەپەرستەکانی کۆماریی ئیسلامی پتەوتر کرد. پاش شۆڕش و لە کاتی ھێرشی رژیم بۆ سەر خەڵکێک کە خوازیاری دەستڕاگەیشتن بە مافەکانیان بوون، فەخرە بە خەڵکی خەباتکار پەیوەست بوو. ئەو لە رێپێوانی خەڵکی سنە بەرەو مەریوان و پشتیوانی لە کۆچی مێژویی مەریوان بەشدارییەکی چالاکانەی ھەبوو و یەکێک لە رێکخەرانی ئەو حەرەکەتە گەورە و مێژووییە بوو. پاش دەرکردنی فتوای خومەینی بۆ ھێرش کردنە سەر کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ فەخرە بنەماڵەکەی گەڕاندەوە بۆ ئاوایی نەوەڕە و خۆی بووە ئەندامی شوورای گەڕەکی تازاوا لە شاری سنە. پاشان بوو بە ئەندامی تەشکیلاتی کۆمەڵە و لە نێو تەشکیلاتدا بەشداریەکی چالاک و گرنگی ھەبوو و بۆ پێشمەرگەکان چەک و تەقەمەنی و خواردنی ئامادە دەکرد و بە ئەسب لە رێگای سەخڵەت و دژوارەوە ئەو پێداویستیانەی دەگەیاندە دەستی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە. پەیوەندیەکی چڕوپڕی لەگەڵ بنەماڵەی پێشمەرگەکاندا ھەبوو و چەندین جار بۆ گەیاندنی پەیامێکی بچووک بۆ بنەماڵەکان و پێشمەرگەکان بێ ھیچ ترس و دڵەڕاوکەیەک دەگەڕایەوە ناوشار و چەندین کیلۆمیتر رێگای بۆ گەیاندنی نامە و پەیامەکان دەپێوا. شەھید فەخرە ھەوڵی دەدا پاش تەواو کردنی ھەر مەئموریەتێک سەردانی بنەماڵەکەی دەکرد و پێداویستیەکانی بنەماڵەکەی خۆیشی جێبەجێ دەکرد. نەیدەویست لەو بارودۆخەدا باری ژیانی خۆی بخاتە ئەستۆی کەسی دیکە. ئاکۆ کوڕە دووھەمەکەی لەو ساڵانەدا چاوی بە ژیان پشکووت. بنەماڵەکەی لە گەورە بوونەوەدا بوو و فەخرە ھەوڵی دەدا مەودای ھەر جار چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی کورت تر بکاتەوە و چاوەڕێی لەدایکبوونی منداڵە سێھەمەکەی بوو. کۆتاییەکانی ھاوینی ١٣٦٠ فەخرە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی گەڕایەوە بۆ ئاوایی نەوەڕە. لەو کاتەدا رێژەی بەکرێگیراوانی رژیم لە کون و کوژبنی شار و گوندەکان رووی لە زیادبوون بوو تا خەباتکارەکان و پێشمەرگە و چالاکانی سیاسی بدۆزنەوەو تەسلیمی دوژمنیان بکەن. گەڕانەوەی ئەو شەوەی فەخرە لە چاوی محەمەد ئەمین کەڵاتە و چەند بەکرێگیراوی ناسراوی دیکە کە شەو و رۆژ لە ھەوڵی دەستگیر کردنی ھێزی پێشمەرگەدا بوون، بە دوور نەما. ئەوان نەیانوێرا خۆیان بە تەنیایی ھەوڵی گرتنی شەھید فەخرە بدەن و کاتژمێر ٤ی بەرەبەیان یەک ستوون لە ھێزەکانی پاسدار و چەندین بەکرێگیراوی ناسراوی ناوچەکە گەمارۆی ئاوایی نەوەڕەیان دا. ئەوان ھەموو ئاواییەکەیان گەمارۆ دا و پێیان وابوو دەتوانن فەخرە خافڵگیر بکەن. دوو کەس لە جاشەکان چوونە بەر ماڵی شەھید فەخرە و خۆیان وەک پێشمەرگە دەناسێنن، بەڵام فەخرە بە وشیاری و زیرەکی خۆی توانی پەی بەو تەڵەیە ببات کە بۆی دانرا بوو.

یادێک لە فەخرەی نەوەڕە پێشمەرگەیەکی قارەمانی کۆمەڵە
هاوکات کە دەرگای ماڵەکە دەکاتەوە تەقە لە سێ کەس لە بەکرێگیراوان دەکات کە دەسبەجێ دەکوژرێن، بە خێرایی چەکی هەرسێکیان هەڵدەگرێ و دەگەڕێتەوە ناو ماڵەکەو هەرکام لە چەکەکان لە پشت پەنجەرەیەک دادەنێ و بە تەنیایی لە بەرانبەر هێزەکانی سپاو بەکرێگیراواندا رادەوەستێ. پاسدارەکان پێیانوایە کە لەناو ماڵەکە چەندین پێشمەرگەی تێدایە بۆیە کەمێک لێی دوور دەکەونەوە. بنەماڵەی فەخرە لە ماڵەوەن بە یارمەتی خەڵکی ئاوایی لەماڵ دێنە دەرەوەو بەرەو شوێنێک ئەمن بەڕێ دەکرێن. لە کاتێکدا کە خەڵکی ئاوایی لە هەوڵی ئەوەدان کەیارمەتی بنەماڵەی فەخرە بدەن یەکێک لە بەکرێگیراوان، کوڕە گەورەی فەخرە بە ناوی سیروان کە لە باوەشی یەکێک لە خەڵکی ئاواییە رادەگرێ و دەڵێ ئەمە شێوەی زۆر لە فەخرە دەچێ بەڵام ئەو هاوڵاتیە سوێند دەخوا کە منداڵی خۆیەتی و بەهەر شێوە منداڵەکە رزگار دەکات.
عەلادەین برا بچکۆلەی فەخرە کاتژمێر 6 بەرەو دەرەوەی ئاوایی بەڕێ دەکەوێ بۆ ئەوەی خۆێ بگەیەنێتە پێشمەرگەکان بە مەبەستی یارمەتیدانی براکەی، بەڵام بەکرێگیراوانی رژیم دەیناسن و دەسبەسەری دەکەن و لە تۆڵەی ئەو شکستەی بەسەریاندا هات، ناوبراو بەرچاوی خەڵکی ئاوایی تیرباران دەکەن. هێزەکانی رژیم بە مەبەستی دەسبەسەرکردن و کوشتنی فەخرە بانی ماڵەکەیان رووخاند و چەند نارنجەکێکیان فڕێدایە ناو ماڵەکەوە. فەخرە بریندار دەبێ و خۆی دەگەیەنێتە ژێرخانی ماڵەکە و چەند کاتژمێر دیکەش سەرەڕای ئەوەی بریندار بوو بە تەنیایی لە بەرانبەر هێزێکی گەورەی پاسدارو بەکرێگیراواندا خۆڕاگری کرد. لەم تێکەهەڵچوونە نابەرابەرەدا کە 16 کاتژمێری خایاند 8 تا 12 کەس لە هێزەکانی رژیم کوژران. هەموو تەقەمەنی فەخرە بەرەو کۆتایی رۆیشت و ئێستا تەنیا یەک فیشەک پێ ماوە. فەخرە سەرەڕای ئەوەی بریندار بوو بەڵام راوەستاوو بوێرانە لە ماڵ هاتە دەرەوەو خۆی گەیاندە سەربانی ماڵەکەو روو بە هەموو خەڵکی ئاوایی وتی، خەڵکە ئێوە ئاگادار بن کە رژیم هێزێکی گەورەی بۆ دەسبەرسەرکردنی من هێناوە بەڵام من ناهێڵم ئەو شانازیەیان بە نەسیب بێ کە ئەوان کۆتایی بە ژیانی من بهێنن، بۆیە هەر دوای قسەکانی چەکەکەی دەنێ بە سەریەوەو کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێ و بەمشێوە گیانی بەخت دەکات.

یادێک لە فەخرەی نەوەڕە پێشمەرگەیەکی قارەمانی کۆمەڵە
هەواڵی تێکهەڵچوونی فەخرە لەگەڵ هێزەکانی رژیم دەگاتە هێزی پێشمەرگە. ئەوان بەرەو ئاوایی نەوەڕە رێکەوتوون بەڵام لە دەوروبەری ئاوایی کە هێزەکانی رژیم گەمارۆیان دابوو تووشی دەرگیری دەبن. کاتێکە پێشمەرگەکان دەگەنە ئاوایی نەوەڕە هەواڵێکیان پێ دەگا کە فەخرە چەند کاتژمێر پێش فیشەکی تەواو بووەو بۆ ئەوەی بە زیندوویی نەکەوێتە دەستی هێزەکانی رژیم بە دوایین فیشەکێ کە پێی مابوو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. هاوکات لەگەڵ گەیشتنی هێزی پێشمەرگە، رژیم ئەوێیان بەجێ هێشتبوو وە ئاوایی نەوەڕە خەمێکی قورس دایگرتبوو. خەڵکی ئاوایی کە شایەتی خۆڕاگری و خەباتی فەخرە و چۆنیەتی گیانبەختکردنی و هاوکات ئێعدامی براکەی بە ناوی عەلا ببوون، لەوەیکە پێشمەرگەکان درەنگ گەیشتبوون زۆر نیگەران و دڵگیر بوون و بە ساردی لەگەڵیان هەڵسووکەوتیان کرد. سەرلەبەیانی ئەو رۆژە پێشمەرگەکان رێوڕەسمێکی پڕ شکۆیان بۆ فەخرە و براکەی بەڕێوەبرد و تەرمی ئەو دوو گیانبەختکردووەیان بە خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕانە و بە دەنگی کاڵێ ئاتەشین بە خاک سپارد.
لەم رێوڕەسمە باوک و کوڕی پووری فەخرەو هاوکات خوسرەو رەشیدیان چەند وتەیەکیان پێشکەشکرد و بەوشێوە رێزیان لە خەباتی ئەو دوو برا گیانبەختکردووە گرت. خەڵکی ئاوایی تا رادەیەک هێور بوونەوەو بە رێزەوە پێشمەرگەکانیان بەڕێکرد. مانگێک دوای گیانبەختکردنی فەخرە تەشکیلاتی کۆمەڵە بە بۆنەی چلەمین رۆژی گیانبەختکردنی ئەم قارەمانە تێکۆشەرە، چالاکیەکی لە ژێر ناوی فەخرەی نەوەڕە لە سنە ئەنجامدا. 72 پێشمەرگەی کۆمەڵە لەم چالاکیەدا بەشداریان کرد کە مەبەست لێی هێرش بۆ سەر ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەو دەسبەسەرکردنی 12 کەس لە بەکریگیراوانی رژیم لە گەڕەکی کەڵکە جاڕی سنە بوو. هێزەکانی پێشمەرگە لە رێگەی ئاویەر هاتنە نێو شار و گەڕەکی کەڵکە جاڕیان گەمارۆ دا و دەسبەجێ فەتحوڵلا کولاقووچی چووە ناو مزگەوت و لەوێوە روو بە خەڵک رایگەیاند، خەڵکی قارەمان و بەشەرەفی سنە ئێمە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە هەموو گەڕەکی کەڵکە جاڕمان کۆنترۆل کردووە و لەم رێگەوە سڵاو دەنێرین بۆ خەڵکی خەباتکارو تێکۆشەری ئەم شارە. لە هەمانکاتدا بە ئارپیجیی هێرشکرایە سەر بینای پێشووی ساواک کە ئێستا ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیمی ئیسلامیە. لەم چالاکیەدا جیا لەیەکێک لە بەکرێگیراوان کە لەم تێکهەڵچوونە کوژرا 13 کەسیان دەسبەسەرکران و زیانێکی گەورەیان بەرکەوت. نیوەشەو کە چالاکیەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی دێت پێشمەرگەکان لە ناو ئاپۆڕەی گەرمی خەڵکی شاری سنە بەرەو بنکەو بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە لە شاخەکان دەگەڕێنەوە.
لە ناو ژووری زۆرێک لە ماڵەکانی ئاوایی نەوەڕە وێنەیەکی هاوبەش دەبینرێت کە لە ناویدا سیمایەکی ئاشنای تێدا بەدی دەکرێت کە دەساڕێکی کوردی بەسەرەوەیەو لەسەر ئەسپێکی جوان دانیشووە. ئەویش وێنەی قارەمانی ئەفسانەیی فەخرەی نەوەڕەیە کە ناوو بوێری و قارەمانەتی لە هەموو کوردستان دەنگی داوەتەوەو بۆ هەمیشە لە بیروزەینی جەماوەردا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

ماڵی باوکی فەخرە نەوەڕە نۆژەنکراوەتەوەو ئێستا خۆشکەزاکەی و باوکی تێیدا ژیان دەکەن.
باشتر وایە بۆ عەلا تەمەنی 15 تا 16 ساڵ بنووسرێ بۆ ئەوەی لەگەڵ رێکەوتی سەر بەردی قەبرەکەی یەک بگرێتەوە.
وێنەیەک کە خەڵکی تێدایە دوای نۆژەنکردنەوەی ماڵی فەخرەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1364 و 65 کە ماویەک بوو کارەبا راکێشرابوو بۆ ئەم ئاواییە.
ماڵێکە کە خەڵک لەسەری راوەستاون شانبەشانی ماڵی فەخرەیە کە ئەویش بەمزووانە درووستکراوە ( دوای رووداوی 1360 )

یادێک لە فەخرەی نەوەڕە پێشمەرگەیەکی قارەمانی کۆمەڵە