کەسێتی‌پەرستی و خەسارەکانی

✍ئەسعەد دروودی

کەسێتی‌پەرەستی بە بەرزنرخاندنی تاکەکان تا ئاستی خودایی دەگوترێ، کەسایەتییەکی سیاسی یان نیزامی لەم جۆرە ڕوانینەدا بە بێ هەڵە و پیرۆز دەبینرێ و ڕەخنەگرتن و بردنەژێرپرسیاری ئاکار و بیروبۆچوونەکانی دەبێتە تاوان. ئەم جۆرە بیرە لە لایەن کەسانی ژێردەستەی فەرماندە یان ڕابەری سیاسییەوە بەستێنی بۆ دەڕەخسێ و کەسانێک کە خۆیان لە ئاستێکی نزمتردا دەبینن و بڕوابەخۆیان لاوازە، کەسایەتییەک کە بە ڕابەر و فەرماندەری خۆیان دەزانن وەکوو بوونەوەرێکی بێخەوش دەبینن و خۆیان وەکوو عەبد و فیدایی ئەو کەسە. عەبدەکان بە پێی پێناسەی خۆیان بۆیان نییە بیربکەنەوە و ڕەخنە بگرن، تەنها دەبێ گوڕایەڵ بن و ئەمرەکانی سەرۆک جێبەجێ کەن. لە ڕوانگەی عەبدەکانەوە تەنها ئەو ڕێگەیەی سەرۆک دیاری دەکا و تەنها ئەو شێوە کار و تاکتیک و ستراتێژییە سیاسی یان نیزامییانەی ئەو دەیڵێ ڕاستن و ئەگەر سەرۆک هەموو ڕۆژێک ڕاوبۆچوونی خۆی بگۆڕێ یان شێوە و شێوازی بیرکردنەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ دوێنە بەتەواوەتی جیاواز بێ گرینگ نییە و هەمدیسان عەبد دەبێ سەری‌پێبسپێرێ و گیانبازیی بۆ بکا.

ژێردەستەکان بۆ ئەوەی لایەقی لوتف و کەرەمی سەرۆک بن دەبێ ناوە ناوە عەبدبوونی خۆیان بسەلمێنن و سوێندی وەفاداری بخۆن دەنا بە سانایی دەگۆڕدرێن و کەسی دیگە جێگەیان دەگرێ. عەبدەکان تەنانەت ئەگەر سەر بە سەرۆک بسپێرن پاش ماوەیەک دەبێ لادرێن و جیلێکی تازە لە بەندەکان بێنە جێگایان بۆ ئەوەی مەترسیی ئەوەیان لێنەکرێ کە شک و گومان لە گەورەیی و لێهاتوویی سەرۆکدا بکەن یان بیانەوێ بیرێکی جیاواز بکەنەوە و لەگەڵ سەرکردە ناتەبا بن.

زۆربەی جار ئەم خەسارە لە نێو گرووپ و دەستە ئایینییەکان و سێکتەکان و دەسەڵاتە ئایدیۆلۆژیکەکاندا دەبینرێ بەڵام لە مێژوودا کەم نین دەسەڵات و حکوومەت و حیزبهایەک کە بنەمای بۆچوونەکانیان ڕوانینی چەپ بوو بەڵام لەگەڵ ئەو گرفتە دەستەویەخە بوون و ئەو خەسارە هەموو بزووتنەوەکە و شۆرشەکە و هەوڵە خەباتکارانەکانی بە لاڕێدا بردووە و هەموو وزەی تێکۆشەران و دەرفەتکانی خەبات بوونەتە قوربانیی تاکپەرەستی و گەورەیی درۆینەی سەرۆکەکان.

کەسێتی‌پەرەستی لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستی بۆ ڕابەر و فەرماندەکان جیاوازە. ڕابەر و فەرماندە سەرەڕای لێهاتووی و توانا بەرزەکانی ئامادەی وەرگرتنی ڕەخنە و گوێبیستی بیری جیاوازە و ئەو خەسەڵەتە بڕوای تاکەکان بە کەسایەتییەکان بەهێز دەکا و لە ڕاستیدا سەرچاوەی سەرەکیی هێز و دەسەڵات و هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ئەو کەسایەتییانە گوێگرتن و کۆکردنەوەی هێزی فیکریی تاکەکان و کاناڵیزەکردنی تواناکانە.

ئەو دەسەڵاتداران و سەرۆک و فەرماندانەی لەگەڵ ئەم خەسارە بەرەوڕوون و تووشی خۆپەرەستی دەبن و کەسێتی‌پەرەستی پەرەپێدەدەن و لە ناو ژێردەستەکانی خۆیان دەیکەنە باو، کاتێ لەگەڵ ڕەخنە لەدەرەوە بەرەوڕوو دەبن بە نیشانەی بەخێڵی، نەزانی یان دوژمنایەتیی ڕەخنەگری دەزانن و لەقەڵەمی دەدن. ئەو کەسانە زۆربەی جار دوای لاچوونیان لە دەسەڵات یان مردنیان ناخۆشەویستی و بیرەوەریی خراپ لە خۆیان بەجێدێڵن و لە لاپەڕەکانی مێژوودا ناویان بە باشی نامێنێتەوە.

کەسێتی‌پەرەستی لەگەڵ خۆی خەساری زۆر بۆ وڵات و دەسەڵات و حیزب و ڕێکخراوەکە دێنێ. بەرچاوترینیان دانی دەسەڵاتی ڕەها بە سەرۆک و، ڕیسکی زۆری بوونی بە دیکتاتۆرێکی ڕووتە. کاتێک دەسەڵاتدارێک لێی نەپرسرێتەوە و هەموو بڕیارەکانی نەگۆڕ بن و خۆی بە بێهەڵە بزانێ، ڕێگە بە خۆی دەدا قسە و بۆچوون و بڕیاری خۆی بەسەر وڵات و کۆمەڵ یان ڕێکخراوەکەیدا فەرزکا و ڕێگە بە کەس نادا جیاواز لەو بیر و بڕیارانە شتێکی دیکە بڵێ.

گرفتی دیکە بە خەسارچوونی هەموو توانا و لێهاتووییەکانی ژێردەستەکان و قوربانیبوونیانە بۆ ئەوەی تەنها سەرۆک بڕیار بدا و بیر بکاتەوە. لە سیستەمێک ئەسیری کەسێتی‌پەرەستیدا خەڵک وردە وردە بیرکردنەوەی لە بیردەچێتەوە و لە باتی ڕەخنەگرتن و هەوڵ بۆ نرخاندنی کار و ئاکاری دەسەڵات و دەسەڵاتداران و کارکردن بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و پێشکەوتنی ڕەوتەکە، تاکەکان تەنها دەبنە جێبەجێکاری بڕیاری سەرۆک و چیدیکە هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرانبەر بە بڕیارەکان ناکەن و دەبنە “مامور و معذور”.

ئەم خەسارە دوو لایەنی تاکی خۆپەرەست و دیکتاتۆر و جەماوەری ناوشیار یان قازانجپەرەستی هەیە کە دەبنە هۆی بەردەوامیی ئەم دەردە کۆمەڵایەتییە کە یەکێکە لە ڕێگرە سەرەکییەکانی ڕێگەی پێشکەوتنی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و بێهیوایی نێوان جەماوەر و ناکارامەبوونی چالاکییە سیاسییەکان و ئاکامی چالاکی لە ناو سیستەمێکی وادا ناتوانێ بەدڵی و بە قزانجی جەماوەر بێ.