حکوومەتی ئێران، دیکتاتۆرێکی ترسەنۆک

✍ئەسعەد دروودی

هێرشی هاژەکیی حکوومەتی ئێران بۆ ناوچەیەکی دەوروبەری هەولێر لێکدانەوە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. هۆکارەکان و ئاکامەکانی ئەو هێرشە دەتوانن زۆر و تەنانەت جیاواز بن. بەلام ژمارەیەکیان دیارتر و بەرچاوترن و زۆرتر ڕێیان‌تێدەچێ. حکوومەتی ئێران لە چەن ساڵی ڕابردوودا و لە ئاکامی هێرش و جووڵەی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی ئیسراییل بەرانبەر بە حکوومەتی ئێران و دەستوپێوەندەکانی لە ناوچەکە، هەستی بەوە دەکرد کە خەڵکی سەر بە دەسەڵات لە ئێران و لایەنگرانی دەرەکییان باوەڕیان بە هێزی خەیاڵیی سپای پاسداران و دامودەزگای نیزامیی ئێران نەماوە و سەرشۆڕیی بێوەڵام مانەوەی چەندین هێرش بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکان و دزرانی هەزاران سەند و بەڵگەی نهێنیی حکوومەت لە بواری ناوکی و فەزاییدا لە ناو ئێران و سەدان هێرش بۆ سەر هێزەکانی حکوومەت لە سوورییە و کوژرانی دەیان و سەدان چەکداری سپای پاسداران و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی ئێران تەنانەت لە سەرشۆڕیی جێبەجێ نەبوونی هەڕەشە درۆیینەکانیان بۆ ئەستاندنەوەی تۆڵەی تیرۆریست قاسم سلێمانی کە بەدەستی هێزەکانی ئەرتەشی ئەمریکا کوژرا قورستر و بارەکەی بۆ توێژی تونداژۆی ناو دەسەڵات و بەسیجییەکانی حکوومەت قورستر و قەبووڵی ئەستەمتر بوو. حکوومەتی ئێران و بەتایبەت سپای تیرۆریستی پاسدارانی حکوومەتی ئێران هەستی بەوە دەکرد بۆ ئەوەی شکۆی درۆیینەیان زیاتر نەشکێ و بەبەرچاوی هێزەکانیانەوە لەوەی هەن سەرشۆڕتر نەبن پێویستە لە دەرفەتی شەڕی ئوکراین کە هەموو فوکووسی مێدیای جیهانیی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە کەلک وەرگرن و نمایشێک ساز کەن. وادیارە ئەمە سەرەکیترین مەبەست و هۆکاری ئەو هێرشە بێ.

لەپەنای ئەو هۆکارە سەرەکییە حکوومەتی ئێران بە شێوەیەک دەیەوێ ئەو پەیامە بۆ ڕۆژاوا بنێرێ کە ئەوان بۆ پاراستنی خۆیان هەموو شتێک دەکەن و تەنانەت ئامادەن وڵاتانی دەورووبەریشتان لە ئاگر و شەر وەردەن و گرینگی بە ڕێز بۆ سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە نادەن و ئامادەن سەرەڕۆیانە هەموو پەلەقاژەیەک بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان بکەن. لە ڕاستیدا تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و ڕێگرتن لە سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ یەکێک لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ پاراستنی خۆی و گوشار خستنەسەر ڕۆژاوا و ئەمریکا بوو کە لەو ڕێگەیەشدا بە میلیارد دۆلار سامانی وڵاتی خستووەتە خزمەت تاقمەکانی خۆی لە وڵاتانی سوورییە و عێراق و یەمەن و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین وڵاتی دیکە کە وەکوو کارتی گوشار بۆ پاراستنی خۆی و بۆ نانەوەی ئاژاوە و تێکدانی ناوچەکە بەکاریان دێنێ.

چەندین هۆکار و هاندەری دیکە هەن کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان بۆ ئەو شانۆیە هاندا. لە زۆر جێگە ئاماژە بە هەوڵی حکوومەتی ئێران بۆ بەرگرتن بە ناردەکردنی گازی کوردستان و عێراق بۆ ئورووپا بە هاوکاریی ئیسراییل و لە ڕێگەی تورکییەوە کراوە کە دەتوانێ گوشارێک بۆ سەر ڕووسییە بێ و پێویستیی ئورووپا بە گازی ڕووسییە کەمکاتەوە و ئەو چەکە لە دەستی کرێملین دەربێنێ. ئەو ناردەکردنی گازە گرینگیی کوردستان بۆ ئورووپا زیاتر دەکا و دەتوانێ دەستی حکوومەتی ئێران لە هەرێمی کوردستان کورت بکاتەوە و دەرفەتی تەراتێن و خۆتێوەردانیان لەو ناچەیە لێ بستێنێتەوە. ئەو هێرشە هاوکات دەتوانێ بۆ خۆشخزمەتی کردن بە دەوڵەتی پووتین یان تەنانەت لەسەر داوای کرێملین بۆ پەکخستنی ئەو هەوڵانە بێ.

ئەم هۆکارانە هەرکامەیان هەرچەندە لە ڕاستییان تێدا بێ و هەرکامیان هاندەری سەرەکیی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران بن یەک مەسئەلە ڕوون و دیارە و وەکوو ڕاستییەک کاریگەریی بەرچاوی لە هەموو ئەکتێکی سیاسی و دیپلۆماتیک و نیزامیی حکوومەتی ئێراندا هەیە. ئەو ڕاستییە گرینگیی پاراستنی نیزام و دەسەڵاتی فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران کە جاران ئولیگارش بوون و لە ڕێگەی پەیوەندییان بە ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە سەروەت و سامانێکی گەورەیان کۆکردبووەوە بەڵام ساڵانێکی وردە وردە دەسەڵاتیان زیاتر بوو و ئەمڕۆ نزیک لە هەموو دەسەڵاتی حکوومەتی ئێرانیان بەدەستەوەیە و هەموو سامانی وڵاتیان لەبەردەستدایە و چیدیکە ئەو دوروشم و قسانەی لەسەر باوەڕی ئایینی و گرینگیی دەسەڵاتی ئایینی لەباری مەعنەوەی و بڕوامەندییەوە دەدران بایەخیان نەماوە و پاراستنی دەسەڵات تەنها بووەتە ڕێگەیەک بۆ پاراستنی سەرچاوەیەکی بێبنی پارە و سامان کە بەکەیفی خۆیان دەیفرۆشن و دەیدزن و حیسابەکانیان لە بانکە گەورەکانی جیهان پێ پڕدەکەن و منداڵ و نزیکەکانیان ژیانێکی شاهانەی پێدەکەن. حکوومەتی ئێران ئەمڕۆ دیکتاتۆرێکی ترسەنۆکە کە کوژرانی فەرماندەکانی لە سوورییە و عێراق و دزرانی نهێنییە ئەتۆمی و مووشەکییەکانیان لە تاران و کوژرانی کەسەکانیان تەنانەت لە بن گوێی خۆیان و لە ناوشارەکانی ژێردەسەڵتیاندا و تێکدران و تەقاندنەوە ناوەندە ئەتۆمییەکانیان و لەهەمووی بەرچاوتر کوژرانی گەورە تیرۆریستی سەرکردەی سپای قودس قاسم سلێمانی بە تەقاندنی چەند هاژەک بەرەو ناوندی نیزامیی “عین الاسد” کە پێشتر هێزە ئەمریکاییەکانی لێ ئاگادار کراون یان هێرشی مووشەکی بۆ سەر چۆڵەوانی و ماڵی چۆڵ لە هەولێر، “وەڵام” دەداتەوە. دەسەڵاتێک کە فرمێسکی درۆیینە بۆ خەڵکی فەلەستین دەڕێژێ و خۆی بە ڕابەر و پشتیوانی موسوڵمانانی جیهان ناوزەد دەکا بەڵام چاو لە کوکوژیی موسوڵمانان لە چین دەقووچێنی و دەیکاتە فیدای “مصلحت نظام”. حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ لە هەمیشە زیاتر دیکاتۆرێکە کە گیرفانی لە بڕواکانی قووڵترە و هیچیتر بێجگە لەدەسچوونی سامان و دەسەڵاتیان بەسەر ئەو ساماندا نایانبزوێنێ.