هەلومەرجی ئێستای ئێران و ئەرکەكانی بزووتنەوەی چەپ

هەلومەرجی ئێستای ئێران و ئەرکەكانی بزووتنەوەی چەپ

✍ دامون -سنە

سەبارەت بە بارودۆخی ئێران، هەموو داتاکان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا دیسان پێی ناوەتە قۆناغێکی ترسناک و مەترسیدارەوە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ڕایگەیاند کە ئێران هەنگاو بۆ قۆناغێکی سەخت و دژوار دەنێت لە ڕوبەڕوبوونەوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا. ژمارەی تووشبووانیش تا ئەمڕۆ حەوتی ڕەزبەر سێ هەزارو ٥١٢نەخۆشی تازە و کۆی تووشبووانیش ٤٤٩ هەزاری تێپەڕاندووە و گیان لەدەستدانیش زیاتر لە ٢٥٧٧٩ کەسە بە پێی ئامارە فەرمییەکان (لەكاتێكدا، ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیان زۆر لەسەرو ئەم ژمارانەوەن کە تا ئێستا بەفەرمی ڕاگەیەنراون).
دەسەڵاتدارێتیی سیاسی و ڕژێمی حوکمڕانی لە ئێراندا بریتیە لە ڕژێم و دەسەڵاتێكی سیاسیی بۆگەنکردوو كە بەرجەستەبوونی سیاسەتی دەسەڵاتە دیکتاتۆری و دینییەکانمان پیشان دەدات. پیادەكردنی ئەو سیاسەتە ئابورییانەی کە تاكو ئێستا و بە درێژایی چل ساڵی ڕابردوو، پیادەی کردوون، هیچیتر نەبووە جگە لە سیاسەتی برسیکردن و هەژارکردن و خۆدزینەوە لە هەموو بەرپرسیارێتییەکانی دابینکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها هەوڵدانیان بۆ بەتایبەتیکردنی کەرتە جۆراوجۆرەکانی وەک تەندروستی و بەرهەمهێنان و پەروەردە و خوێندنی باڵا و خزمەتگوزارییەکانی دیكە كە ئامانج لەمە بە تەنگەوەچوون و وەڵامدانەوەی سیاسەتی نیولیبرالیزم بووە لەسەر ئاستی جیهانی و جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە لە ئێران و ناوچەکەدا.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کەرەستەی سەرەتایی بۆ خۆپاراستنی تەندروستی وەک (دەستکێش، دەمامک، و مەوادی پاکژکەرەوە ..هتد)، دیاردەی قۆرخکردن و شاردنەوە و خەزنکردنی کەرەستەکان و بە قاچاخ هێنان و بردنی كەرەستەی پزیشكی سەریان هەڵدا و بەرزبوونەوەی نرخی هەموو کاڵاکان و کەرەستەکانی خۆپاراستن و پاشماوە ڕوخێنەرەکانی لەسەر چینی خوارەوەی کۆمەڵگا بەدوای خۆیداهێنا بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی کە داهاتێکی سنورداریان هەیە. واقعێكی ناهەمواری لەم شێوەیە و لە كاتێكی وادا بۆ سەر ژیانی چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگا، بووە بە واقعێكی نكۆڵیلێنەكراو و حاشاهەڵنەگر.
دەسەڵاتی رژیم، لە دوتویی سیاسەتی پشتگوێخستن و هەڵخەڵەتاندن و فریوداندا، تەنیا ڕێگاچارەیان بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی توشبووان و قوربانیان بریتی بوو لە دورکەوتنەوە و جیاکردنەوەی کۆمەڵایەتیی خەڵک. هەروەها ملیۆنان خەڵکیان بەبێ دابینكردنی پێداویستییە پزیشكییەكان و پێویستییەكانی ژیان و گوزەران بەجێهێشت بۆ ڕوبوڕوبوونەوەی ڤایرۆسێكی مەترسیدار، لەکاتێکدا کە خەڵک هیچ کار و سەرچاوەیەكی دیكەی دابینکردنی پێداویستییەكانی كار و ژیانیان لەدەستدا نییە. هەموو ئەمانەلە سایە و بە تەنیشتی شکست و پاشەکشەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و لاوازیی سیستەمی تەندروستی و کەمیی نەخۆشخانەی حکومی و گشتی و نەبوونی قەرەوێڵە و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و کەپسوولی ئۆکسژن و زۆر كەموكورتی دیكەدا، ڕوویاندا.
لە میانی ئەوەشدا، كارمەندانی تەندروستی بە شێوەیەكی گشتی بوون بە قوربانیی سەرەکی ئەم ڤیرۆسە.کەرتی تەندروستی نەک هەر لە ئێران و کوردستاندا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیشدا لە سەنگەری پێشەوەی ڕوبەڕوبوونەوەی جەنگی كۆرۆنادا بوون. کارمەندانی تەندروستی خراپتر لە هاوپیشەکانیان لە ئاستی جیهانیدا بەدەست ئاسەوارەکانی سیاسەتی نیولیبرالیزم و بەتایبەتیکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان و کەمکردنەوەی ڕۆڵی کەرتی تەندروستیی گشتی و بێدەربەستیی دەسەڵاتە بورژوازییە فەرمانڕەواکان لە دابینکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە تەندروستی و چارەسەركارییەكاندا دەناڵێنن. سەرباری بێکاربوونی کرێکاران و كارمەندانی تەندروستی و بڕین و کەمکردنەوەی موچە و ئیزافەکارییان لە لایەکەوە، كەچی لەلایەكی تریشەوە توشبوونی كارمەندانی پزیشكی بووە بە مەترسییەكی سەرەكی لەناویاندا هەم لە ئاستی ئێران و كوردستان و هەمیش لە جیهاندا. کارمەندانی تەندروستی بە شێوەیەكی بوێرانە و بەهێز و لێبوردەییەوە کەوتنە ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم سیاسەتە بێ ویژدانانە و پێشتریش لە زۆربەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لەکاتی دەستپێکردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا لە سەنگەری بێبەشان و هەژاراندا ڕاوەستان، هەروەك لە ڕاپەڕینی ئابانی ٩٨ لە ڕێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی خۆبەخشانە ، توانییان ڕۆڵێكی گرنگ بگێڕن ( لە جیهانیشدا کارمەندانی تەندروستی ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگیان گێڕا لە پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا، هەر لە بزووتنەوەی هێلەک زەردەکانی فەڕەنساوە بگرە تا ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تری ئەوروپا و جیهان). ئەمەش پێمان دەڵێت بە شێكی زۆر لە كارمەندانی تەندروستی، بە پێچەاونەی دەسەڵاتەوە، خەڵكیان جێنەهێشت لە كاتێكدا قوربانییەكی زۆریان داوە. بۆیە پاراستنی كارمەندە پزیشکییەکان لە پەتاکە و کەمکردنەوەی تووشبون لەناویاندا بە دابینکردنی پێداویستییە خۆپارێزییەکان لە جۆری دەستکێش و دەمامک و جلوبەرگ و مەوادی پاکژکەرەوە و ئۆکسیژن و…
. ئەو قەیرانە سیاسی و ئابورییەی کە ولاتی ئێران پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئاوێنەی یەکێک لە بەهێزترین بازنەکانی قەیرانی ئابوریی جیهانییە لە ناوچەکەدا. سەرمایەداری لۆکاڵ “ناوخۆ” نەک هەر بێ ئاسۆیە لە ڕزگاركرنی کۆمەڵگە لەو داڕمانەی تێیکەوتووە، بەڵکو دیاردەی گەندەڵی و ململانێی تاقم و لایەنە دزەکانی ناو حاکمیەتی ئیسلامی ئەوەی زۆر بە ڕوونی دەرخستووە. قەیرانی باڵەکانی ڕژیم و داڕمانی نرخی نەوت ودابەزینی بەهای تمەن و چوونەسەرەوەی نرخی دۆلار، دابینکردنی شتومەکی ڕۆژانە، و قەیرانی مووچە و حەقدەستەکان، لە کۆتایشدا قەیرانی تەحریمی ئامریکا و هەڕەشەی ئێسراییل ، پێكڕا بوونە بە دەرئەنجامەكانی ئەم قەیرانە جیهانی-ناوچەیی-ناوخۆییە.
پێدەچێ لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و فراونبوونی تا ئاستی هەموو تویژە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو چینە مامناوەندانەی کە كەوتوونەتە ناو لیستی هەژاری و پێوەی پەیوەستبوون، لە لایەک، و لەلایەکی تریشەوە تێکشکانی سیاسەتەکانی رژیم لە ناوچەکەو ئاشکرابوونی گشت فێڵ و بەلاڕێدابردنەکانی ، گەیشتووە بەوەی كە کەلێنی نێوان جەماوەری ناڕازی و دەسەڵات تادێت فراوانتر بكاتەوە.
بێ توانایی دەسەڵات بۆ دابینکردنی داواکارییەکانی جەماوەرەوە، بووە بە حەقیقەتێکی درەوشاوە لە دیمەنە سیاسییەکانی ئێراندا کە ناتوانن هەروا بە ئاسان پەردەی بەسەردا دابدەنەوە و لە بیری خەڵكی ناڕازی بەرنەوە. هەروەها چەکەکانی دەسەڵاتیش لە جۆری بەلاڕێدابردن و کەنارخستن و بەڵێندانی درۆ، بوونە بە چەکگەلێكی کۆن و بێزراو و بێتوانا لە ڕازیکردنی جەماوەری خەڵكدا.
ئەم قەیرانە ئابورییە جیهانی دەبێتە هۆی هەژارییەکی تووندی ملیۆنی و بێکارکردنی سەدان هەزار کرێکار و بەکاربەران و داخستنی هەزارەها کارگە و شوێنكار و کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری و تەندروستی و فێرکردن و بە دڵنیایشەوە، دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری.
بەیەکداچوونی قەیرانی ئابوریی نیزامی سەرمایەداری و پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا و سەپاندنی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی وەک تەنیا ئامڕازی دەسەڵاتی باڵادەست بەبێ دابینکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و گوزەرانییەکان بۆ جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لە ئێران، توڕەیی توندی چینە ماف-پێشێڵکراوەکان بۆ سەر سیستەمی ئێستا زیاتر و زیاتر دەکات و لە فراوانبوونەكەشیدا بەش و توێژی کۆمەڵایەتی دیكە دێنێتە تەنیشتی خۆی.
خەباتکردن دژی بەڵای کۆرۆنا و ڕێگریكردن لە مەترسییەکانی و ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە کاریگەری و گرفتەکانی بە یەکێک لە پایەکانی خەباتی سۆسیالیستی و دێمۆکراتیک لە ئێران ئەژمار دەکرێت. جەنگی دژی کۆرۆنا جیاناکرێتەوە لە خەباتی ڕەوامان لە دژی دەسەڵاتدارییەتی گەندەڵ و ڕژێمی زاڵ. هەربۆیە ئێستا خەبات لە پێناو کۆتایهێنان بە سیستەمی کۆمەڵایەتیی باڵادەست، یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاگانی ڕزگاربوون لە پەتای کۆرۆنا و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو دیدگایانەی پێشکەشکران، کۆمەڵگە لە بەردەم دوو ڕێگادایە: یان کۆمەڵگا بە شێوەیەکی تەواوەتی دادەڕمێت و ناڕەزایەتیی جەماوەریی فراوانی خەڵك و نا-ڕێکخراوی لێدەكەوێتەوە، و شێوەی وێرانکەر و بشێویئاسا وەردەگرێت و گروپی چەکدار و ڕێکخراوی هێزە تۆندڕەوەکان وەک سپا و بەسیج و ئەوان سودی لێدەبینن و دەست دەکەن بە سەرکۆت و تاڵان و دەستگرتن بەسەر سەرچاوە و شتومەکی دەوڵەت و کۆمەڵگەدا و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیاندا دەیقۆزنەوە. یان جەماوەری ناڕازی سود وەردەگرێت لە ئەزموونەکانی ساڵی پەنجاو حەوت تا ٥٩ ، و سود وەردەگرن لە خۆڕێکخراوکردن و لەدایكبوونی نوێنەرانی خۆیان و هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی ئاواتی مرۆڤایەتی لە ڕزگاربوون و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا.
ئەرکەكانی بزووتنەوەی چەپ و سوسیالیسمی نەتەوەیی و خەباتکارانی، لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانی سەرەوە و بەتایبەتی خاڵی پێشودا، ڕۆڵببینن و “دەربکەون”. کارکردن بە ئاڕاستەی گەشەپێدانی خەباتی جەماوەری و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و دابینکردنی دیدگا و ئاسۆی شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەکە و توندوتۆڵكردنی بونیاد و بنەماکانی کاری دیموکراتیكی شۆڕشگێڕانەی ئەم ناڕەزایەتییانە و دۆزینەوەی شکڵ و شێوەی ڕێکخراوبوون و خەباتکارانەی گونجاو بۆ گەشەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، بە یەكێك لە ئەرکەکانی سۆسیالیستییەکان و خەڵکانی شۆڕشگێڕ دادەنرێت. سەرەڕای ئەوەی خەبات لە پێناو چاکسازیی سیاسی و ئابوریدا بریتییە لە پاشەکشە و ملکەچکردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەكان. بە مانایەكیتر، هەر هەوڵێك بۆ چاكسازی و ئێسڵاحات (ئەگەر بچوكیش بێت) بە تایبەت لە ساتێكی وەك ئێستادا هیچ نییە جگە لە خەیاڵپڵاوی و لەبیركردنی ئەركە خەباتكارانەكانی بزووتنەوەی ناڕازی؛ یاخود ئاماژەكردن بە چاكسازی بریتییە لە هەوڵ و بەردەوامێتیدان بەو دۆخەی كە ئێستا بوونی هەیە. بۆیە بچووكردنەوە و سنورداكردنی هەموو تراژیدیاكانی ئێستا بۆ ڕیفۆرم و چاكسازی هیچ نییە جگە لە خەنجەردان لە ئارەزوو و خواستەكانی چینە بێبەشەكان و خەباتەكەیان بۆ كۆتاییهێنان بە دۆخی هەنوكەیی.
هەروەها لە دوا ڕۆژ دا بانگەواز بۆ چەکداربوونی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئامادەی بزووتنەوەکە و هێزی ڕێکخراو و ڕوونێتی لە تێڕوانین و بەرنامەی خەباتکارانەی بزووتنەوەی ناڕازیدا، هانی بزووتنەوەکە بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەک دەدات کە پێشوەختە ئامادەکاری لە خەباتدا وەک پێویست بۆ نەکراوە.
ڕاستی ئەوەیە کە بەرزکردنەوەی ئاگایی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵانی خەڵک بەپێی ئاسۆیەک کە کۆمەڵە وەک نوێنەر و هاندەری زەحمەتکێشان و توێژە کۆمەڵایەتییە بێبەشکراوەکانی تر و دەستگرتن بە ڕێ چارەی سۆسیالیستی بۆ گۆڕانکاری و شۆڕش و ڕێچارەی هەموو توێژە کۆمەڵایەتییە بێبەشەکان، واقیعییە و ئیمكانی هەیە لەپێناو ڕاماڵینی هەموو نەهامەتی و بشێوییەكانی چینە باڵادەستەکان و چەوسانەوە و دیکتاتۆری مەزهەبی و ….
٨ی ڕەزبەر ٩٩-سنە