بەرگریی ڕەوای بزاڤی ڕزگاریدەر و ڕەشەکۆژی

بەرگریی ڕەوای بزاڤی ڕزگاریدەر و ڕەشەکۆژی

✍ ئەسعەد.ع
پێشەکی:

هەر بزووتنەوەیکی شۆڕشگێڕانە پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکانی خۆی ،لە سەر و بەندی خەبات دەیان شیوە لە خەبات بەربەرەکانێی تاقی ئەکاتەوە و لە سەر بەرژەوەنی خۆی کەڵک لە هەموو شێوازوکان وەر دەگرێت.خەباتی چەکداری و مۆسەلەحانە یەکێ لەو شێوازانەیە.بە بێ ئەوەی زیان و خاڵە پۆزتتڤەکانی هەڵسەنگێنین باس لەوە ئەکەین کە ئەو شێوازەی شۆڕشە لە لایەن دۆژمن یان کەسانیترەوە بە تێرۆر و ڕەشەکۆژی ناوزەد دەکرێت .لە ڕاستیدا دوو چەمکی بەرگریی ڕەوا لە ڕێگەی “بزووتنەوەی ڕزگاریخواز” و “ڕەشەکۆژی” لە ڕوانگەی سیاسی و کردارییەوە تێکەڵبوونێکیان پێوە دیارە و زۆر جار سنووری نێوانیان ڕوون نییە و، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێوەر و میکانیزمی تەواوی بۆ دیاریکردن و پێناسەی ئەم دوو چەمکە بەو شێوەیەی کە جێگەی پەسەندی هەموو وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێت، دیاری نەکردووە؛ بۆیە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەلومەرجێك هاتۆتە کایەوە، کە وڵاتان بۆ ئەم دوو چەمکە شرۆڤەی جیاواز دەکەن. هەندێ وڵات خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلان بە شه‌رعی (ڕه‌وا) دەزانن و پشتیوانیی لێ دەکەن و، هەندێ وڵاتی تر هەر ئەم بزووتنەوەیه‌ بە تیرۆریست دەناسن. بە واتایەکی تر، دەستی وڵاتان لە ناساندن و پاراستن و پشتیوانیی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان، یان گرووپە تیرۆریستییەکان تا ڕاددەیەك کراوەیە و، ناساندنی ئەم گرووپە و بزووتنەوانە لە لایەن ئەم وڵاتانەوە هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیاندا، نەوەک ڕاستیی بابەتەکە و بارودۆخی ئەو گرووپ و بزووتنەوانە. بۆیە مەبەستمانە لەم وتارەدا شیکاری یاسایی بۆ سنووری نێوان بەرگریی ڕەوا، کە لە لایەن بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانەوە ئەنجام دەدرێت و، تیرۆریزم، بکەین.
چه‌مكی بزووتنەوەی ڕزگاریخواز و تیرۆریزم:
یاسای نێودەوڵەتیی هەر وڵاتێک کە پابەندی پرەنسیپەکانی رێسای نێودەوڵەتیی شەر نەبێت، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دەخاتە ئەستۆی، لە هەمان کاتدا هەوڵی بە فەرمی ناساندنی بەرگریی ڕەوایی بزووتنەوە ڕزگاریخوازانی بۆ گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین داوە. تا جێگایە مافی چارەی خۆنووسین ڕێسایەکی فەرمانکەری یاسای نێودەوڵەتییە و بەرەنگاربوونە و پێشلکردنی ئەم مافە بە کردەوەیەک دژ بە مافی مرۆڤ هەژمار دەکرێت. بۆ ئەوەی لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە سنووری نێوان هەر دوو چەمکی بەرگریی ڕەوا و تیرۆریزم ڕوون ببێتەوە، پێوستە پێناسەیەکی یاساییی گونجاو بۆ ئەم دوو چەمکە بکرێت، کە هەموو ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان لەسەری کۆک بن.
یاساناسێکی نێودەوڵەتی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی وا پێناسە کردووە: “بزووتنەوەیەکە لەنێو نەتەوە جیاوازەکاندا سەر هەڵدەدات و، بۆ بەدەستهێنانی مافی چارە خۆنووسینی خۆیان دژی داگیرکەری و ڕەگەزپەرەستی جه‌نگی گەرم دەکەن.” لە پێناسەیەکی تردا تیشک خراوەتە سەر ناوخۆی کۆمەڵگەی ناتەبا کە تێیدا بەشێک لە دانیشتووانی کۆمەڵگە بە پشتبەستن بە جه‌نگی گەرم بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین تێ دەکۆشن. ئەم پێناسەیە هەڵگری دوو چەمکی گرنگە، کە یەکێک لە لایەنەکان، خاوەنی دەوڵەتێکی بەهێز و دەسەڵاتی ڕەهایە و لایەنێکی تر ئەم مافەی لێ زەوت کراوە. هەروەها هۆکاری ناکۆکی لەم کۆمەڵگەیه‌دا، بۆ جێبەجێنەکردنی پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسین کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا مافێکی ڕەوایە، دەگەڕێتەوە. بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو نەتەوەیەك خاوەن مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینە، کە بەپێی ئەم مافە دەتوانن ئازادانە بارودۆخی سیاسیی خۆیان دیاری و، گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی خۆیان دابین بکەن. هەروەها بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە ماددەی دووەم لە بەشی یەکەمدا بەڕوونی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین وەکوو بەشێک لە مافی مرۆڤ هەژمار دەکات و، پشتگوێخستنی، بە پێشێلکردنی ئەم مافە دەزانێت. ڕاستییه‌كه‌ی، زۆرێک لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازه‌كانی گەلی کورد بە هۆی نەگەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی خۆیان کە لە لایەن وڵاتانەوە پشتگوێ خراون، دژی ئەم وڵاتە ڕەگەزپەرستانه‌ هێز بەکار دێنن، کە ئەم بابەتە تا ڕاددەیەك پێناسە و جیاوازیی بەرگریی ڕەوا و تیرۆری ئەستەم کردووە و دەرگه‌یەکی بۆ وڵاتان کردۆتەوە تاوەکوو ئەم بابەتە خراپ بەکار بهێنن و بە ناوی ڕەشەکۆژیەوە، جه‌نگی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان بکەن.ئەوەی گرنگە، نەتەوە بندەستەکان بەتایبەت گەلی کورد کە لە ڕێگەی بزووتنەوەی ڕزگاریخواز و دیمۆکراتیکی خۆیەوە، بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان هێز بەکار دێنن، پێویستە پابەندی یاسای نێودەوڵەتیی جه‌نگ بن، تاوەکوو بەشێک لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازه‌كانی گەلی کورد دوچاری ئەو هەڵە کوشندەیه‌ نەبنەوە و، ببنە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وەکوو گرووپی تیرۆریستی هەژماریان بکات.
بەکورتی گرنگترین تایبەتمەندییه‌كانی ڕەشەکۆژی بەم شێوەی خوارەوەیە:
– پشتبەستن بە هەموو جۆرە توندوتیژییەک بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسیی دیاریکراو.
– تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگە و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێوان خەڵکدا.
دەبێ دان بەم ڕاستییه‌دا بنێین کە هەندێ لە وڵاتان زۆر بەئاسانی، هەر هەڵسوکەوتێكی نەیارانی خۆیان بە تیرۆر ناوزەد دەکەن. ئەم وتەی جان مورفی سەبارەت بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین زۆر تەواوە، چونکە هەر داواکارییه‌ک کە بەپێچەوانەی سیاسەتی داڕێژراوی ئەوانەوە بێت، هەرچەندە داواکاریی ڕەوای زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بێت، بە کارێکی تێکدەرانە ناوزەدی دەکەن و، زۆر جاریش دەیخەنە چوارچێوەی داواکاریی تیرۆریستانەوە. لە یاسای وڵاتانی ناچەکەدا هەر جۆرە هەنگاوێک کە یەکڕیزی و یەکپارچەیی و ئاسایش و سەروەریی ئەم وڵاتانە بخاتە مەترسییەوە، کارێکی تیرۆریستییە. بۆیە چالاکیی هەر حزب و گرووپێك، دەکەوێتە نێو چوارچێوەی بەربڵاوی ئەم ڕێسایەوە.
جیاکردنەوەی بەرگریی ڕەوا و تیرۆریزم
کاتێک زیاتر ئەستەم دەبێت کە کەسانی سڤیل و بێتاوان دەبنە قوربانی. ئەم کردەوەیه‌ هۆکارێکە کە بەرگریی ڕەوا بکەوێتە چوارچێوەی کاری تیرۆریستییەوە. دەستی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیش لە بەکارهێنانی هێز دژی دەوڵەتی داگیرکەر دەبەستێتەوە؛ چونکە بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و ماددەی دووەم لە بڵاوکراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکارهێنانی هێز دژی دەوڵەت یان سەرزەمینێك، بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێت. لەم دۆخەدا چۆن دەتوانین لە نێوان تیرۆریست و بەرگریی ڕەوادا جیاوازی بکەین؟ ئەم جیاکارییە، لەم جیاوازییانەی خوارەوە بەدەست دێت.
١- بەرگریی ڕەوای گەلان، خاوەنی ئامانجی شه‌رعییه‌ و لە هەوڵی دابینکردنی مافی یەکسانی و دادپەروەریدایە بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە و، تەنیا بۆ ئەم مەبەستە هەوڵ دەدات. لە کاتێکدا ڕەشەکۆژی هیچ بەرژەوەندییەکی کۆمەڵگە ڕەچاو ناکات و، ترساندنی هەموو دانیشتووانی کۆمەڵگە یەکێکە لە ئامانجەکانیان.
٢- کوشتن، یان هەر کردەوەیەکی توندوتیژ دژی کەسانی سڤیل، لە ڕوانگەی تیرۆریستانەوە قۆناغ و ئامرازێکی سەرەکییە بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسیی خۆیان. لە کاتێکدا لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکاندا هاووڵاتی و کەسانی سڤیل بە هیچ شێوەیەك ناکرێنە ئامانج.
٣ – تیرۆریست تەنیا ئەو کەسانە ناکاتە ئامانج کە ڕاستەوخۆ لەگەڵیاندا ده‌جه‌نگێ، بەڵکوو هەموو دانیشتووانی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە.
٤- گرووپە تیرۆریستییەکان لە کاتی چالاکیی تیرۆریستیدا، پابەندی هیچ جۆرە یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی نین.
لە ئاکام:
یاسای نێودەوڵەتی هەوڵی داوە، لە ڕێگەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازەوە لە نێوان ڕەشەکۆژی و بەرگریی ڕەوادا جیاوازی بکات؛ هەرچەندە ماددە و بڕگەکانی یاسای نێودەوڵەتی، لەم ڕوانگەوە شرۆڤەی جیاواز هەڵدەگرن. ئەوەی گرنگە، لەم یاسایەدا بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین لە بەرانبەر وڵاتانی ڕەگەزپەرستدا بەڕەوا دەزانێت. یاسا و ڕێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەم بابەتەیان دووپات کردۆتەوە و، بەفەرمیناساندنی بەرگریی ڕەوا لەم یاسایەدا، بە مانای پشتگیرییان بە مەبەستی کردەوەی تیرۆریستی نییە و، هەر لە بنەمادا ئەم دوو بابەتە جیا کراونەتەوە. بزووتنەوە ڕزگاریخوازه‌كانی گەلی کورد، پێویستە ئاگاداری ئەم ڕاستییە بن کە دوو ڕەگەزی سەرەکی، بوونیان هەیە، کە ڕەنگە خەباتی ڕەوای ئەوان، بگۆڕێت بۆ کردەوەی تیرۆریستی: یەکەم ئامانجی خەبات و دووەم شێوازی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانج. بۆیە دەکرێت خەباتی نەتەوە، یان بزووتنەوەیەک لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە ڕەوا بێت، بەڵام شێواز و ڕێگەی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانج ناپەسەند بێت و، ببێتە هۆی ئەوەی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، بگۆڕێت بۆ گرووپێک کە تاوانبارە بە کردەوەی توندوتیژی و، بکەوێتە خانەی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.
بۆیە هەموو گرووپ و بزووتنەوە ڕزگاریخوازه‌كانی گەلی کورد، ئەگەر دەیانەوێت مەشروعییەتیان هەبێت و بتوانن بەرگری لە خاک و هاووڵاتیی خۆیان بکەن و لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەهرەمەند بن، پێویستە پابەندی یاسای جه‌نگ بن و بە هیچ شێوەیەك کەسانی سڤیل نەکەنە ئامانج؛ چونکە سنووری نێوان بەرگریی ڕەوا و ڕەشەکۆژی لە یاسای نێودەوڵەتیدا، زۆر جار بە کوشتنی کەسێکی سڤیل تێکەڵ دەبێت. بەکورتی دەتوانین بڵێین، ڕەشەکۆژی بە هەر تێگەیشتن و ئاماژەیەك خاوەنی چەند تایبەتمەندیی سەرەکیی ڕوونە و هەوڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە، بە پێدانی ماف و ئمتیاز بە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان، ناچاریان بکات خۆیان لە گرووپە تیرۆریستییەکان جیا بکەنەوە و، پابەندی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو “ڕێککەوتننامەی جنێڤ”ی ١٩٤٩ بن.