بۆ چی هەموو جیهان گرنگی بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەدات؟

بۆ چی هەموو جیهان گرنگی بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەدات؟

✍ د. محەمەد حسەین زادە
بۆ چی بۆ هەموو جیهان گرنگە کێ دەچێتە کۆشکی سپی؟ یان بە واتایەک هۆکار چییە کە هەموو جیهان یان لانیکەم بەشێکی زۆر لە دەوڵەتان، ڕێبەران و خەڵکی جیهان گرنگی بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەدەن و بەدواداچوونی بۆ دەکەن و چاوەڕێی ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکانی دەمێنننەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێز و پێگەی ئەمریکا لە شانۆی سیاسەتی نیونەتەوەیی و چییەتی و تایبەتەمەندییەکانی هێزی ئەو وڵاتە و هەروەها چۆنییەتی بەکارهێنان و کەڵکوەرگرتن لەو هێزە لە ئاستی گشتی و جیهانیدا لە لایەن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە هەیە. واتە پێشگریمانە ئەوەیە کە هەموو جیهان لە ڕێژە و ڕادەی هیزی ئەمریکا لە بوارە جیاوازەکاندا ئاگادارە و گریمانە ئەوەیە کە چۆنییەتی بەکارهێنانی ئەو هێزە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانی زۆربەی وڵاتانی جیهان و تەنانەت زۆربەی دانیشتوانی جیهان دادەنێت. ئەوەش بابەتێکی سەرسووڕهێنەر نییە، چونکە لە ڕاستیدا سەرەڕای هەموو کێشە و گرفتەکانی ئەمریکا و سەرەڕای هەوڵی زلهێزەکانی تر بۆ پێکهێنانی هاوسەنگی لە بەرانبەر ئەمریکادا، هێشتا واشنتۆن خاوەن زیاترین ڕێژەی هێز و هەروەها بڕیاردەری سەرەکیی سیاسەتی جیهانییە. بە پێچەوانەی زۆربەی زلهێزانی جیهان کە هێشتا خاوەن بەرژەوەندی ناوچەیین، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا جیهانین. واشنتۆن لە زۆربەی ناوچە گرنگ و هەستیارەکانی جیهاندا هەندێ بەرژەوەندی بۆ خۆی پێناسە کردووە. چۆنییەتی و شێوازی سیاسەتکردن بۆ دابینکردنی ئەو بەرژەوەندیانە دەتوانێ لەسەر زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستی ئەمریکا و هەروەها وڵاتانی نەیار و دۆژمن و تەنانەت لەسەر وڵاتانی بێ لایەن کاریگەری دابنێت.
بۆیە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆ چی بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان گرنگە کێ دەبێتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا یان بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بۆ هەموو جیهان، پێویستە بزانین ناوەڕۆکی هێزی ئەمریکا چییە و تایبەتەمەندییەکانی ئەو هێزە کامانەن. من هەوڵ دەدەم سەرەتا بە کۆرتی ئاماژە بکەمە هەندێ لە توخم و فاکتەر و تایبەتەمەندییەکانی پێکهێنەری هیزی پێکهاتەیی (Structural Power) [هیزی ئابووریی، تەکنۆلۆژی، کلتووریی- ئایدۆلۆژی و هێزی سەربازی] ئەو وڵاتە و بەربڵاوبوونی ئەو هیزە لە گۆڕەپانی جیهانیدا. پاشان ئاماژە بەو خاڵە بکەم کە بۆ چی بۆ جیهان گرنگە چ کەسێک و بە چ تێڕوانین و بیرۆکەیەکەوە لە لایەن هاوڵاتیانی ئەمریکاوە ڕەوانەی کۆشکی سپی دەکرێت و دەسەڵاتی ێ دەسپێردرێت.
لە ڕووی ئابوورییەوە، سەرەڕای هەموو کێشە و گرفتەکانی ئەم ساڵانەی دوایی ئەمریکا و سەرەڕای ئەوەی پێدەچی هێزی ئابووری ئەو وڵاتە لە بەراورد لەگەڵ ڕابردووی خۆی [نەک لەگەڵ وڵاتانی تر] لە داکشاندایە و توانای کەمتری هەیە، بەڵام ئەمریکا هێشتا خاوەن گەورەترین ئابووری جیهانە. ئەمریکا زیاتر لە ٢١ تریلیۆن دۆلار بەرهەمهێنانی پۆختنەکراوی نیشتمانی/ نێوخۆیی (GDP) هەیە. ئەو ڕێژەیە نزیکەی ٢٤٪ی کۆی بەرهەمهێنانی جیهان پێک دێنێت و هاوسەنگە لەگەڵ ڕێژەی کۆی بەرهەمهێنانی نیشتمانی زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیهان. جێگای ئاماژەیە کە بەرهەمهێنانی نێوخۆیی وڵاتی چین کە لە [پاش یەکێتی ئەورووپا] لە پلەی سێیەمدایە کەمتر لە ١٥ تریلیۆن دۆلارە. هەروەها کۆی بەرهەمهێنانی ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا کەمترە لە ئەمریکا. جگە لەوە ئەمریکا گەورەترین هاوردەکاری کاڵا و دووەمین گەورە وڵاتی هەناردەکەری کاڵایە لە ئاستی جیهانیدا. ئەوە هەم بۆ وڵاتانی هەناردەکەر و هەم هاوردەکەری کاڵا زۆر گرنگە. واشنتۆن بە تەنیایی نزیکەی ١٩٪ی بودجەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دابین دەکات و ٤٦٪ی دەنگەکانی ئەو سندووقەی لەگەڵە. ئەو زلهیزە بە تەنیایی ٢٢٪ی بودجەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، واتە نزیکەی ١١ ملیارد دۆلار بودجەی ئەو ڕێکخراوە دابین دەکات. بەشێ لە پیداویستییەکانی ١٥ ڕێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بودجەیە دابین دەبێ، ئەوە لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە ١٢٠ وڵاتی جیهان پێکەوە کەمتر لە ١٪ بودجەی ئەو ڕێکخراوەیە دابین دەکەن. هەروەها ئەمریکا نزیکەی ٦٠٪ی بودجەی ڕێکخراوەی دەوڵەتانی قاڕەی ئەمریکا دەدات. بە کردەوە بەشێکی زۆر لە بازرگانی جیهان هێشتا بە دۆلار ئەنجام دەدرێت.
بە کۆرتی، سەرەڕای هەموو کێشە و گرفتەکان ئەمریکا هێشتا خاوەن گەورەترین ئابووری جیهانە و لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری جیهان هێشتا بەهێزترین و جێ متمانەترین پارە/ دراو، زیاترین ڕێژەی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی، زیاترین ڕێژەی سەرمایە و زیاترین یەکەی بازرگانی هەیە و خاوەن گەورەترین بازاری جیهانە. بەراوردکردنی ئابووری وڵاتانی جیهان نیشاندەری ئەوەیە واشنتۆن زیاتر لە هەموو وڵاتێک توانای کاریگەریدانان لەسەر سیستەم و هەروەها ڕەفتاری وڵاتانی تری هەیە. ئەمە هیزێک نییە کە بە ئاسانی پشتگوێ بخرێت.
لە ڕووی زانست، تەکنۆلۆژیا و پیشەسازییەوە، هیچ بوارێک نییە کە ئەمریکا ڕۆڵی تێدا نەبێت و کاریگەری دیار نەبێت و مۆری ئەو وڵاتەی لێ نەدرابێ. ئەمریکا پێشەنگی تەکنۆلۆژیای نوێ و مۆدێرنە. ڕێژەی بەرهەمە زانستییەکان و پێشکەوتنی لە بواری تەکنۆلۆژیا و هەروەها خاوەندارێتی ژێرخانەکانی کەرتی پیشەسازیی، لەگەڵ هیچ وڵاتێکی تردا بەراورد ناکرێت. زیاتر لە ٧٥٪ی سەرمایەگۆزاری بیۆتەکنۆلۆژیا لە لایەن ئەمریکاوە ئەنجام دەدرێت و زیاتر لە ٧٦٪ی داهاتی جیهانی ئەو تەکنۆلۆژیایە دەچێتە گیرفانی ئەمریکا. نزیکەی ٦٠٪ی کتێبی جیهان لەو وڵاتەدا لە چاپ دەدرێن. لە ڕووی سەردێڕی نوێی کتێبەوە ساڵانە پێگەی یەکەمی هەیە. بە پێی زانیارییەکان هەر ٤ خولەک کتێبێکی نوێ چاپ دەکرێ. نزیکەی ٣٪ی بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتە تەرخان دەکرێ بۆ بەشی خوێندنی باڵا، لە حاڵێکدا ئەو ڕێژەیە لە ئەورووپا نزیکەی ١٪ه. ئەمە جگە لەوەی ساڵانە زانکۆکان لە ڕێکخراوە ناحوکمییەکان هەندێ یارمەتی و پارەی بێ بەرانبەر وەردەگرن. لە ساڵی ٢٠٠٧دا، زانکۆکانی ئەمریکا نزیکەی ٣٠ ملیارد دۆلار پێشکەشی و دیارییان وەرگرتووە. بۆیە سەرسووڕهێنەر نییە زیاترین داهێنانی زانستی و بەرهەمی توێژینەوە و تەکنیکی لەو وڵاتەدا ئەنجام بدرێت. ئەمریکا لە ڕووی تەکنۆلۆژیا و پیشەسازییەوە مۆتۆری بەمۆدێرنکردنی جیهانە، بۆیە زۆر جار چەمکەکانی “بەجیهانیکردن” و “بەجیهانیبوون” تێکەڵ دەکرێن. ئەوە زێدەبێژی نییە کە دەوترێت وڵاتانی تر و تەنانەت ئەورووپا بۆ ئەوەی بگەنە ئەمریکا دەبێ ڕێگای ئەمریکا بپێون. زۆر دژوارە گرەو لەسەر کەمبوونەوەی خێرای هێزی ئاوا وڵاتێک لە ئاستی جیهانیدا بکرێت.
لە ڕوی هیزی نەرم/ ئایدۆلۆژیکییەوە ئەمریکا پەرەپێدەری هەندێ ئایدیایە کە لە ئاستی جیهانیدا گرنگییان پێ دەدرێ. ئازادی، دێموکراسی، بازار و بازرگانی ئازاد، مافی مرۆڤ، دەسەڵاتی یاسا، مافی ژنان، یاسای نیونەتەوەیی، هاوکاری، دادپەروەری، خۆشبژێوی، گەشە، ئاشتی و ئاسایش لە نموونەی ئەو ئایدیایانەن کە لە زۆربەی شوێنەکانی جیهاندا بە بایەخەوە چاویان لێ دەکرێ و بە کردەوە دەبینین لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا ڕەنگیان داوەتە و ئەمریکا لە شانۆی نێودەوڵەتیدا [وەک درووشم یان بە شێوەی ڕاستەقینە] کەڵکی لێ وەرگرتوون. هەر ئەوە زۆر جار ڕەوایی بە هێز و دەسەڵاتی واشنتۆن داوە، بۆیە زۆر جار دەبینین ڕەوایی ددراوە بە سیاسەت و تەنانەت دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی تر. ئاشکرایە لە چەند دەیەی ڕابردوودا دێموکراسی و بازاری ئازاد کە لە ئاستی جیهانیدا گرنگییان پێ دەدرا، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان دابین کردووە. ئەمانە پێکهێنەری بەشێ لە هیزی نەرمی ئەمریکان. ئەمە بۆ مانای ئەوەیە کە بەها و بایەخەکانی ئەمریکا لە جیهاندا داسەپاون و ئەوەش خولقێنەری هێزی نەرم بووە بۆ ئەو وڵاتە. هیزی نەرم ئەو دەرفەتەی بۆ ئەمریکا ڕەخساندووە ئەجیندای کار لە شانۆی نیونەتەوەییدا دیاری بکات. ئەمڕۆکە لە دیدی زۆرێک لە هاوڵاتیانی جیهانەوە نیۆیۆرک ناوەندی ئاستی کلتووری باڵایە و کلتووری ئەمریکایی لە زۆر شوێنی جیهاندا کڕیاری هەیە. لەم بوارەدا هیچ وڵاتێک لەگەڵ ئەمریکا بەراورد ناکرێت. مەک دۆناڵد، مایکرۆسافت، هالیڤود و هارڤارد نموونەی هیزی نەرمی ئەو وڵاتەن. جگە لەو نموونانە، لە ئاستی نیونەتەوەییشدا پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی ڕێکخراوە نیونەتەوەییەکان، بەشداریکردن لە چالاکییە مرۆڤدۆستانەکان، پەیوەندییە بەربڵاوە دیپلۆماتیکەکان، میوانداریکردن لە ڕێکخراوە و کۆنفڕانسە نیونەتەوەییەکان لە نموونەی هێزی نەرمی ئەمریکان. نموونەکانی تر بریتین لە فیلم و سەرگەرمی، مۆسیقا، مۆد، ڕەقس، خۆراکی ئەمریکایی، میدیا، ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، زانکۆکان و ناوەندەکانی بیر و هزر، ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ، ڕاکێشانی گەشتیار و هتد. ئەمانە ئەمریکایان کردووەتە نموونەیەکی بەرچاو لە جیهاندا. ئەو وڵاتە لە ڕووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی کاڵای کلتوورییەوە پیگەی یەکەمی لە جیهاندا هەیە. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئینتێرنێت و سینەما لە ئەمریکادان. ٧٢٪ی ناوەڕۆکی ئینتێرنێت لە ئەمریکا بەرهەم دێت، ئەوە لە حاڵێکدایە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکەوە ٣٪ی ئەو ڕێژەیە پێک دێنن. زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی نزیکەی ٤٣ وڵاتی جیهانە یان بەشیکی زۆر لە حەشیمەتی ئەو وڵاتانە بەو زمانە دەدوێن. ئەوە ئەو هەلەی بۆ ئەمریکا ڕەخساندووە بتوانێت بەرهەمە هونەری و کلتوورییەکانی خۆی بە جیهان بناسێنێت و جیهان بخاتە ژیر کاریگەری خۆیەوە. ئەمریکا سێیەمین بەرهەمهێنەری فیلم و دووەمین هەناردەکەری فیلم و بەرهەمی سینەماییە لە جیهاندا. ئەکتەرە ئەمریکییەکان و فیلمەکانی ئەو وڵاتە لە جیهاندا بەناوبانگن. ڕۆژنامەکانی ئەمریکا زیاترین کاریگەری لە جیهان دادەنێن و هەندێکیان نەک هەر لە ئەمریکا بەڵکو لە شوینەکانی تری جیهان چاپ دەکرێن. بۆ نموونە نیۆیۆرک تایمز لە ٢٧ وڵاتدا نووسینگەی هەیە و زیاتر لە ٦ ملیۆن کەس ڕۆژانە ئەو ڕۆژنامەیە دەخوێننەوە. ئەمریکا پاش وڵاتی هیند زیاترین ژمارەی زانکۆی هەیە، بەڵام لە ڕووی پیوەری زانستییەوە لە پێگەی یەکەمی جیهاندایە. زانکۆکانی هارڤارد، ستنفۆرد، کالیفۆرنیا، برینستۆن و شیکاگۆ لە ڕیزی باشترین زانکۆکانی جیهاندان. بیرمەندێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە ناوی “جۆزف جوف” دەڵێت “هەموو زانکۆکان پێکەوە ناتوانن هارڤارد یان ستنفۆرد شکست بدەن، چونکە ژمارەی زۆر ناتوانێ زاڵ بێ بەسەر کوالیتەی باشدا”. کەوابوو سەرنجڕاکێشی ئەمریکا بۆ جیهان نیشانەی هێزی نەرمی ئەمریکایە. ئەو هێزە بە جۆرێ جێگیر بووە کە سڕینەوە و جێگا گرتنەوەی لە کۆرت مەودادا کارێکی ئێجگار ئەستەمە.
لە ڕووی توانای سەربازییەوە، ئەمریکا زیاتر لە ٧٣٠ ملیارد دۆلار بودجەی سەربازی هەیە، واتە نزیکەی ٤٠٪ هەموو بودجەی سەربازی جیهان و نزیکەی ٣ ئەوەندەی بودجەی چین و ١٠ ئەوەندەی ڕووسیا. لە ڕاستیدا ئەگەر بودجەی ١٠ وڵاتی پاش ئەمریکا کۆ بکرێتەوە بە ئەندازەی بودجەی ئەمریکایە. لە وڵاتی یازدەهەمەوە کۆی بودجەی ٥٠ وڵات پێکەوە لەگەڵ بودجەی سەربازی ئەمریکادا هاوسەنگە. تەنیا بودجەی سەربازی ئەمریکا ١٠ بەرابەری هەوو بەرهەمهێنانی نێوخۆیی وڵاتێکی وەک ئێرانە. ئەمریکا خاوەن گەورەترین سوپا لە جیهاندا نییە بەڵام بەهیزترین سوپای هەیە. واشنتۆن نزیکەی یەک ملیۆن سەربازی لە چین کەمترە بەڵام لە ڕووی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووەوە ئەو دوو وڵاتە پێکەوە بەراورد ناکرێن. پێشەنگایەتی لە تەکنۆلۆژیای شەڕ و بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵی نوێی زەمینی، دەریایی و ئاسمانی و کەلوپەلی ڕاداری و شوێنگرتن لە ڕێگای دوورەوە و چەکی ورد و ئامانجپێک بووەتە هۆی ئەوەی ئەمریکا لە ماوەیەکی کۆرتدا بە کەمترین تێچوو لانیکەم لە شەڕە ناوچەییەکاندا سەرکەوێت. ئەمریکا خاوەن هێزیکی بەربڵاو و هەمەلایەنەیە و بنکە سەربازنییەکانی لە هەموو جیهاندا جێگیر کراون و هیزی سەربازی ئەو وڵاتە توانای جووڵەی گونجاوی لە هەموو جیهاندا هەیە. ئەمریکا زیاتر لە ٧٢٥ بنکەی سەربازی لە هەموو جیهاندا دامەزراندووە. هاوپەیمانێتی سەربازیی بەشیکە لە هیزی سەربازی ئەو وڵاتە. ڕێکخراوەی ناتۆ گەورەترین ڕێکخراوەی سەربازی جیهان بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا دامەزرا و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە. توانای ئامادەکردن و ڕەوانەکردنی هێز لە هیچ وڵاتێکدا بە ڕادەی ئەمریکا نییە. سەرەڕای ئەوە سوپای ئەمریکا بە خێرایی لە حاڵی نوێبوونەوەدایە. هیچ وڵاتێک ناتوانێ لە شەڕێکی ئاسایی لەگەڵ ئەمریکادا لایەنی سەرکەوتوو بێت. خاوەندارێتی ئەو ڕێژەیە لە هێز، ئەو توانایە بە ئەمریکا بەخشیوە لە هەموو قەیرانەکانی جیهاندا دەستێوەردان بکات و نیگەرانی تۆڵەکردنەوە نەبێت. کەوابوو واشنتۆن هێشتا هیزی باڵادەستی جیهانە. ئەم وڵاتە چ لە ڕوی بودجە و چ پراکتیکەوە لەگەڵ وڵاتانی تر بەراورد ناکرێ. بودجەی بەشی توێژینەی پەنتاگۆن نزیکەی ١٠٤ ملیارد دۆلارە، بۆیە هۆکارێک نابینرێت بۆ ئەوەی ئەو هێزە لە داهاتوویەکی نزیکدا تووشی گۆڕانێکی ئەوتۆ بێت. بە ڕاستی ئەگەر دوژمنان و ڕکابەرانی سەربازی ئەمریکا وڵاتانێکی وەک کوریای باکوور و کۆماری ئیسلامی بن، واشنتۆن چ پێویستییەکی بە دۆست هەیە؟.
ئەوانە تەنیا بەشێکن لە تواناکانی ئەمریکا و کۆی ئەو باسانە سەبارەت بە هیز و توانای ئەو وڵاتە نیشاندەری ئەوەن کە هیزی ئەو وڵاتە لەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری گۆڕەپانی نێونەتەوەیی زۆر سەرترە. ئەگەرچی ئەمە بە مانای هەوڵی وڵاتانی تر بۆ پێکهێنانی هاوسەنگی نییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە خاوەندارێتی ئەو ڕادەیە لە هێز دەبێتە هۆی بەربڵاوی بەرژەوەندییەکان. کەوابوو چۆنیەتی هەوڵدان بۆ دابینکردنی ئەو بەرژەوەندیانە دەتوانێ کاریگەری لەسەر زۆربەی وڵاتان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و ڕێبەران و تەنانەت دانیشوانی سەر گۆی زەوی دابنێت. بۆیە لە ڕوانگەی ئەوانەوە گرنگە چ کەسایەتییک و بە چ ڕوانگەیەکەوە فەرمانی جێبەجێکردن و کەڵکوەرگرتن لەو هێزە لە بوارە جیاوازەکان و هەروەها لە ئاستە جیاوازەکانی نیوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیدا دەدات.
بۆ نموونە بۆ بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوە زەبەلاحەکانی جیهان کە توشە و تفاقیان لە ئەمریکایە و لە بودجەی ئەو وڵاتە دەخۆن و هەروەها بۆ ڕێبەرانی زۆرێک لە وڵاتان کە ئەندامی ئەو ڕێکخراوانەن گرنگە بزانن ئایا سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوامی بەو یارمەتیانە دەدات یان نا؟ زۆر گرنگە لەوە ئاگادار بن ئایا سەرۆک کۆماری داهاتوو بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات یان بە پێچەوانەوە ئەو ڕێکخراوانە بە بیانووی جۆراوجۆر تووشی قەیران و نیگەرانی دەکات. بۆ زۆربەی وڵاتان و کۆمپانیاکانی جیهان گرنگە بزانن ئایا سەرۆک کۆماری ئەمریکا بڕوای بە بازرگانی ئازاد هەیە یان لەژێر کاریگەری بیرۆکەی مێرکانتیلیزم و ئابووری نەتەوەیی و بازرگانی داخراوتردایە. بۆ هەموو دانیشتوانی جیهان گرنگە بزانن ئایا کەسایەتییەک نزیک لە دێموکراتەکان دەسەڵاتی کۆشکی سپی بە دەستەوە دەگرێ کە یارمەتی پێکهێنانی گەورەترین ڕێککەوتننامەی کەشوهەوای جیهانی دەدات یان کەسایەتییەک نزیک لە کۆماریخوازەکان دێتە سەر دەسەڵات و لەو ڕێککەوتننامەیە دەکشیتەوە و لە بنەڕەتدا بڕوای بە گەرمبوونی زەویی و پیسی کەشوهەوا نییە. بۆ هەموو جیهان گرنگە بزانێ ئایا سەرۆک کۆماری ئەمریکا گرنگی بە ڕێککەوتننامەی دوو لایەنی دەدات یان چەند لایەنی یان لە بنەڕەتدا گرنگی بە هیچ جۆرە ڕێککەوتننامەیەک نادات. بۆ زلهێزانی جیهان گرنگە بزانن ئایا ئەمریکا هەوڵی دامەزراندنی جۆرێ لە سیستەمی دژە مووشەکی پێشکەوتوو دەدات کە بتوانێ مووشەکەکانی وڵاتانێکی وەک چین و ڕووسیا پووچەڵ بکاتەوە و جیهان بباتە نیو پێشبڕکێ لە بواری چەکوچۆڵدا یان تەنیا هەوڵی پووچەڵکردنەوەی مووشەکەکانی وڵاتانی شەڕانگێز وەک ئێران و کوریای باکوور دەدات. هەروەها بۆ هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان جێگای پرسیارە کە ئایا سەرۆک کۆماری داهاتوو بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات و پارێزگاری لە هاوپەیمانان دەکات و لە کاتی قەیراندا لەگەڵیان دەمێنێتەوە یان بەجێیان دێڵێت و دەیانخاتە مەترسییەوە؟ بۆ نەیاران و دۆژمنان و دژبەرانی جیهانی و ناوچەیی ئەمریکا گرنگە ئاگاداری ئەوە بن ئایا کەسایەتییەک مافی بڕیاردانی لە کۆشکی سپی پێ دەدرێت کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆژمنان پەنا بۆ گوشار و گەمارۆی ئابووری دەبات یان کەڵک لە هێزی سەربازی وەر دەگرێت یان بە پێچەوانەوە بۆ سڕینەوەی گرژییەکانی لەگەڵ دوژمنان بڕوای بە دیپلۆماسی و گفتوگۆ هەیە؟ بۆ زۆربەی وڵاتانی مۆسڵمان پرسیارە کە سەرۆک کۆماری داهاتووی ئەمریکا خوێندنەوەی بۆ پرسی تیرۆریزم و ئیسلام چۆنە و ئایا ئەوانە لێک جیا دەکاتەوە یان پێکەوەیان دەبەستێتەوە و ڕێگری لە هاتوچووی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەکات بۆ ئەمریکا. بۆ نوخبە و خوێندکارانی جیهان گرنگە کە ئایا سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئاسانکاری دەکات بۆ ڕاکێشانی خوێندکاران و نوخبەی وڵاتانی تر یان ئاستەنگ و گرفتیان بۆ درووست دەکات؟ بۆ هەموو جیهان گرنگە بزانێ ئەمریکا لە ڕێگای موسیقا و هونەر و فیلم و پەرەپێدان بە ئایدیا و بەها و بایەخەکانی خۆی جیهان داگیر دەکات یان لە ڕێگای فڕۆکە و فیشەکەوە؟ تەنانەت هەم بۆ زانایانی بواری تەندرووستی و هەم بۆ نەخۆشەکانی جیهان گرنگە کە بزانن ئایا ئەمریکا بودجەی ڕێکخراوەی تەندرووستی زیاد دەکات یان دەیبڕێت؟ بۆ هاووڵاتیانی ئەورووپا گرنگە کە بزانن ئایا سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەوڵی پاشەکشێکردن بەو هێزانە دەدات کە لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووەمەوە لە ئەورووپا جێگیری کردوون یان وەک ساڵانی پێشوو لەوێ دەیانهێڵێتەوە. لەوە گرنگتر بۆ بڕیاردەرانی سیاسی و سەربازیی ئەورووپا گرنگە لەوە ئاگادار بن کە ئایا سەرۆک کۆماری ئەمریکا گرنگی بە ڕێکخراوەی ناتۆ وەک گەورەترین زامنی دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەییان دەدات یان بە ڕێکخراوەیەکی دەزانێ کە کاتی بەسەر هاتووە و ئیتر گرنگی ساڵانی ڕابردووی نەماوە؟ بۆ هاوپەیمانان و بە تایبەت بۆ وڵاتانی ئەورووپا پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە کە ئایا دەسەڵاتداری داهاتووی کۆشکی سپی کە ڕێبەرایەتی جیهانی لە ئەستۆیە، ئەوان لە پرۆسەی بڕیاردان سەبارەت بە کاروباری جیهانی بەشدار دەکات یان بە پێچەوانەوە هیچ گرنگییەکیان پێ نادات و بە شێوەی تاکلایەنانە بڕیار دەدات. بە واتایەکی تر ئایا ئەمریکا ڕێبەرێکی ڕەوایە یان زلهیزێکی خۆسەپێن؟ هەروەها ئەو مەسەلەیە کە ئایا سەرۆک کۆماری ئەمریکا وەک “ڕکابەرێکی ستراتیژیک” دەڕوانێتە وڵاتێکی زلهێزی وەک چین یان وەک “شەریک/ هاوبەشێکی” ستراتیژیک بۆ هەموو وڵاتانی جیهان گرنگە، چونکە دەتوانێ کاریگەری لەسەر داڕشتن سیاسەت و چۆنییەتی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو دوو زلهێزە هەبێ.
کەوابوو هەموو ئەو پرسیارانە وا دەکەن هەموو وڵاتان و تەنانەت دانیشتوانی جیهان گرنگی بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بدەن و هەر چوار ساڵ جارێک چاوەڕێی ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنانە بن. سەرەڕای هەموو پێشبینییەکان سەبارەت بە کەمبوونەوە و داکشانی هێزی ئەمریکا لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر بەڵام پێش بینی ئەوە دەکرێ تا داهاتوویەکی نادیار پرۆسەی “چاوەڕوانی جیهان بۆ دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا” بەردەوام بێت.