ماهییەتی رێپێوانە ئێعترازییەکانی “ئابان”ی ٩٨ لە ڕوانگەیەکی چەپەوە چی بوون؟

✍ پەری سنە

ڕواڵەتی رووداوەکانی” ئابان “ی ساڵی پار ئاوا بوون:لە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە وەڵامی بڕیاری دەوڵەتی حەسەنی ڕوحانی بۆ بردنە سەری نرخی سووتەمەنی تا دوو هێندەی نرخی پێشوو، ناڕەزایەتی لە شارە گەورەکان دەستیان پێ کرد. زۆری پێ نەچوو خۆپیشاندانەکان لە نزیکەی ١٠٠ شار بە تایبەت لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ،لە ماوەی حەوتووی دواتر سەریان هەڵدا، لە هەمان کاتدا خۆپیشاندەران لە پرسی ئابوورییەوە، پرسەکەیان کردە گشتپرسییەک لە بارەی خودی ڕێژیم. ئێستا ئێرانییەکان ناوی ئەو ڕووداوەیان ناوە ناڕەزایەتییەکانی ئابان [خەزەڵوەر]، کە ناوی فارسیی ئەو مانگەیە کە ناڕەزایەتییەکان تێیدا ڕوویان دا.

ڕێژیمی ئیسلامی بە توندی ئەو ناڕەزایەتییانەی سەرکوت کرد، لەنێو هەنگاوەکان بۆ ئەو مەبەستە بڕینی ئینتەرنێت بوو کە بووە هۆی سنووردار کردنی ئاڵووێری زانیاریی لە نێوخۆ و هەروا بۆ دەرەوەی وڵات. لە ژێر پەردەی ئەو کارەدا، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێران بێ‌بەزەییانە و بە چەکی شەڕ هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران.

لە بارەی ڕێژەی کوژراوان خەبەر و ڕاپۆرتەکان زۆر جیاوازن بەڵام، مانگێک دوای خۆپیشاندانەکان ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز بڵاو بۆوە کە لەودا لە زمان کاربەدەستانی ئێرانی، کە ناویان نەدرکێندرابوو، ژمارەی کوژراوەکان ١٥٠٠ کەس نرخێنرابوو. لە هەمان ڕاپۆرتدا ئیددیعا کرابوو کە عەلی خامنەیی، لە بارەی خۆپیشاندانەکاندا گوتبووی، “کۆماری ئیسلامی لە مەترسی‌دایە. هەرچی پێویستە بۆ کۆتایی‌هێنان بە ناڕەزایەتییەکان بیکەن. ئێوە فەرمانی منتان لە لایە.”

وەک لە بەڵگەنامەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەر دەکەوێ، جگە لە کوشتنەکان، فەرمانی خامنەیی وێدەچێ بووبێتە هۆی تاقمێک تاوانی دیکە. بەشێک لەو تاوانانە ڕەشبگیریی خەڵک تا ٧٠٠٠ ئێرانی (لە نێویاندا ژن و منداڵ) دەگرێتەوە و بە هەمان شیوە ددانپێدانانی زۆرەملی کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی‌دا بڵاو بوونەوە. پسپۆڕانی دامەزراوەکانی داکۆکی لە دێموکڕاسی ددانپێدانانی زۆرەملی کە لەژێر ئەشکەنجە وەدەست دێن و لە تەلەفزیۆندا بڵاو دەکرێنەوە، وەک تاکتیکێکی درێژخایەنی کۆماری ئیسلامیی دەستنیشان دەکەن.

دەسەڵاتی بورژوا ئیسلامی گەندەڵ و سەراپا کۆنەپەرست کە زیاتر لە چل دەیەیە لەسەر سنگی کرێکاران و زەحمەتکێشان خۆی داکوتاوە، لە ڕێگەی دەزگا سەرکوتگەرەکانیەوە کوشتارگەیەکی وەڕێخست کە دەیانی کوشت و سەدانییشی بریندارکرد، وە لەگەڵ ئەوەشدا کە ھێشتا هەر بەردەوامە لە ڕشتنی خوێنی خۆپیشاندەران بەڵام نەیتوانیوە تۆمی ئەم ڕاپەڕینانە دابمرکێنێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەم خۆپێشاندانانە هەر بەردەوام بووە و ترس و دڵەڕاوکێشی دروستکردوە لە نێو ڕیزەکانی ڕژێمی ئیسلامی.

سەرھەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە لەم ساتە مێژووییەدا کە ھاوکات بوو لەگەڵ ڕاپەڕینی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان، بێکارکراوان و ھەژارکراوان، گەنجان و ژنان لە عێراق و لوبناندا کە ئامانجیان ڕووخاندنی ڕژێمە سیاسیە فەرمانڕەواکانی وڵاتەکانیان بوو، زۆر بە ڕاشکاوی نیشاندەری ئیرادەی سیاسی چینی كرێکاری زەحمەتکێش ، بێبەشکراوان و ئازادیخوازانی ئەم ووڵاتانە و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە بۆ ڕزگار بوون لە دەسەڵاتی ڕەوتە بورژوا – ئیسلامی و ڕژیمە داگیر کەر و کۆنەپرستەکان.ئەم خەباتەی کە جەماوەری ڕاپەڕیو لە ئێران و کوردستاندا سازدرا و ئەم هەستانە شۆڕشگێریەی دژ بە یەکێک لە دڕندەترین ڕژێمەکانی ئیسلامی سیاسی و گرنگترین پایەکانی لە ناوچەکەدا، ھەنگاوێکی مەزن بوو بۆ بەرەو پێشەوە لە ڕێڕەوی ڕووخاندنی هەموو ئەو ڕژێمە خوێنڕێژە دەسەڵاتدارەکان. کۆماری ئیسلامی  پاڵپشتی سەرەکی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و میلیشیا ملھوڕەکانیەتی بەسەر سەری خەڵکی سووریا و عێراقەوە و دوژمنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و گەنجانە لەو وڵاتانە و ناوچەکەدا. جا هەر بەرەو پێش چوونێکی ڕاپەڕین لە ھەر یەکێک لەو دوو وڵاتەدا، بێگومان بەرەوپێشچونیشە لەوی تریشیاندا.

ئەم دەسەڵاتە سەرکوتگەرانەی ئیسلامی سیاسی ، ھەژاری و بێکاری و نەبوونی یان بەسەر دەیان ملیون کەسدا سەپاندوە، کە بەبێ سەپاندنی کولەمەرگی ئابووری و سەرکوت و کوشتوکوشتار توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیان نیە. ئەم ڕژێمانە پارێزەرانی ئەوانەن کە نوقمی کۆنەپەرستین لە ڕژێمی سەرمایەداریدا، کە وەک سیستمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەیشتوەتە ڕێگەیەکی داخراو و ھەر ئێستا کاتی هەڵپێچانیەتی لە ڕێگەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرمایەداری ئیسلامی و بەدیھێنانی سۆشیالیزم و دێمۆکراسی لە ناوچەکەدا.

ڕووخاندنی ئەم ڕژێمانە مەحاڵە بەبێ ھاتنە مەیدانی چینی کرێکار و خەڵکانی زەحمەتکێش و ئازادیخواز بۆ ناو گۆڕەپانی ئەم جەنگە سیاسیە وەک چینێکی سەربەخۆ دژ بە دەسەڵات، و خستنەڕووی ئاڵتەرناتیڤی ئابووری و سیاسی خۆی بۆ کۆمەڵگە، ئەمەش ڕوونادات ئەگەر بزووتنەوەی چینی زەحمەتکێش ئاسۆی سۆشیالیستی و سیاسەتی دێمۆکراتیک نەگرێتەخۆی.ھاتنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازان لە لاوانی کچ و کوڕ بۆ ناو ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیە شۆڕشگێڕانەیە،حێزبە چەپەکان لە کوردستان و ئێران دەخاتە بەردەم ئەرکێکی گەورەوە، ئەرکی بینینی ڕۆڵی مێژوویی خۆیان کە بەھێز کردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی چین و جەماوەری زەحمەتکێشە بۆ ھەنگاونان بەرەو ڕووخاندنی ڕژێمی سەرمایەداری و دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانی و ڕزگار بوون لە چنگی ئەم ڕژێمە.دەبێ بزووتنەوەی چەپ و سووسیالیستی لە ئێران و کوردستان بە هەموو لایەنەکانییەوە ، لە کاتێکدا شانبەشانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و ژنان و گەنجانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی ڕاپەڕیو، خەبات دەکات وە لە ھەوڵی بێ ووچاندایە بە ھەموو توانایەکیەوە بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم ڕاپەڕینە و ھێنانەدی ئامانجەکانی، لەھەمان کاتیشدا لێبڕاوانە دەستی ھاوپشتی نێو نەتەوەیی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش لە ئێران دا ڕابکێشێت.

.