لە ساڵیادی راپەڕینی خەزەڵوەری ٩٨دا، دۆخی ژیانی خەڵک خراپتر بووە

لە ساڵیادی راپەڕینی خەزەڵوەری ٩٨دا، دۆخی ژیانی خەڵک خراپتر بووە

✍ سامان_ سنە

دابینکردنی بژیوی ژیان بووەتە یەکەم گرفتی بۆ خەڵکی کوردستان و ئێران. ناڕەزایی بەرانبەر بە ھەژاری و ژیانێکی نامرۆڤانە لە ئاستێکی بەریندا لە ناخی کۆمەڵگا لە ئارادایە. ئەم باروودۆخە تایبەت بە چینێک نیە و ھەموو چین و توێژەکانی خەڵک ھەر لە کرێکاران، پامۆستایان، پەرەستارەکان، بێکاران، خوێندکارەکان و تا باقی خەڵکی خەڵکی دەستکورت و رەش و رووتی کۆمەڵگای گرتووەتەوە.
ھەژاری ھەموو ژیانی خەڵکی تەنیوە، مریشک کیلۆیەک ٢٢ ھەزار تمەن و ھێلکە بووتە شانەیەک ٣٨ ھەزار تمەن و پەتاتە کیلۆیەک ٤ ھەزار تمەن. لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو نرخی گۆشت ١٠ ھەزار تمەن زیادی کردووە. گۆشتی مەڕ لە ٤٩ ھەزار تمەنەوە بووەتە ٦٠ ھەزار تمەن و گۆشتی رانی مەڕ لە ٦٣ ھەزار تمەنەوە بووەتە ٧٤ ھەزار تمەن.
حەقدەستی کارمەند و کرێکار بە ئیش و کاری ھەمیشەیی لە ساڵی ٩٤ بەرانبەر بە ٢ سکەی زێڕ بوو، بەڵام ئێستاکە بەرانبە بە نیو سکەی زێڕە.
خەڵک توانای کڕێنی موبایل و تەبلێت و کەرەستەی دیکەیان نیە. ئاستی داھات و خەرجی دابینکردنی سفرە رۆژانە بۆ خەڵک یەکجار جیاوازە. بێبەشبوون لە خوێندن بۆ منداڵان کە دەبێ بە شێوە ئۆنلاین درێژە بە خوێندن بدەن، مەترسیەکی جددیە.
شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٩٩ گرانترین ساڵ لە ٣٠ ساڵی رابردوو بووە.
ژیان و گوزەرانی خەڵک زۆر دژوار و ناخۆش بووە، بەڵام گرانی و گوشاری قەیرانی ماڵی کە لە سەر شانی خەڵک قورسایی ھەیە، ھیوا و ھۆمێدی خەباتی لێیان زەوت کردووە. کۆمەڵگای ئێران بە تین و تەوژمێکی بەرزەوە ئاوێتەی خەباتێکی ئاشکرا بۆ ژیانێکی باشترە. خەڵک دەیانھەوێ لە بەرانبەر ھێرشی بێ بەزەیانەی دەسەڵاتداران و خاوەن ھێزەکاندا بەرگریی لە خۆیان بکەن، ھێرش بکەن و خواست و داواکارییەکانی ژیانی خۆیان مسۆگەر بکەن.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا خەڵکی ئێران لە شێوەگەلێکی جۆراوجۆردا خەباتیان کردووە. پێشکەوتنی بەرچاویان ھەبووە. ئێستاکە میکانیزمی زیندوو مانەوە بووتە کلتوورێکی گشتی لە خەباتدا.
مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕازایی کرێکاران، مامۆستایان، پەرەستارەکان، خانەنشین کراوەکان و خوێندکاران ئەزموونی باش و بەکەڵکیان بەدەستھێناوە.
خەڵک دەزانن پێداویستیە مرۆیی و راستەقینەکانیان لێ زەوت کراوە. لە ماوەی ٩ مانگی رابردوو، کۆرۆنا گیانی ھەزار کەسی گرتووە. قەرەنتینەی بە بێ مەعیشەتیان ئەزموون کردووە. قەیرانی کۆرۆنا ژیانی ھەزاران کەسی لەنێو بردووە. خەڵک دەزانن حەقدەستەکانیان لە ژێر ھێڵی ھەژاریدایە و منداڵە خوێندەوارەکانیان ھیچ مەجالی کار رردن و دامەزراندنیان نیە. پۆل پۆل کرێکاران کارەکانیان لە دەست دەدەن، ناوەندە پیشەیی و کارگاکان دادەخرێن، مافی خانووبەرە و خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەوا و دەرمان و چارەسەریی پزیشکی تەنگی بە خەڵک ھەڵچنیوە، توانای کڕین رۆژ لە دوای رۆژ کەمتر دەبێت و بۆن و بەرام لە سفرەی خەڵک بڕاوە. خەڵک ئەم دەرد و ئازارانە دەچێژن و بۆ رزگاریی لە دەستی رژیمی کۆماری ئیسلامی چەندین جار ناڕەزایی جەماوەییان سازداوە. خەڵک ناڕەزایی بەرین و پتەوییان لە سەرماوەزی ٩٦، ساڵی ٩٧ و خەزەڵوەری ٩٨ لە دژی گرانی و ھەژاری ئەزموون کرد.
دۆخی ھەنووکەیی مەجالی خەباتێکی بێ وچان و نەپساوەی بۆ ژیانێکی لەبار و ئینسانی ھەموار کردووە.
دۆخێک ھاتووەتە ئاراوە کە گەشبینی و پشت بەستن بە خەبات و خۆڕاگریی جەماوەری و بڕوا بە ھێزی ناڕازایی دەربڕین پەرە گرتووە و ئەمەش دەسکەوتێکی گرن و پڕ بایەخە.
ھیچ کەسێک گومانی لەوەدا نیە کە دەسەڵات و ئابووریی سەرمایەداریی لە ئێران تووشی قەیرانێکی قووڵ بووە و کۆمەڵگای ئێران لە بەردەم گۆڕانکارییەکی بەرین و بنەڕەتی سیاسی دایە.