هۆکارەکانی کۆچی بە کۆمەڵی وەرزشوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

✍مانی مەلەک

کۆچی وەرزشوانانی لێهاتوو و ناسراو بابەتیک نییە کە تایبەت بە ئێران بێ و تەنیا لە ئێران وەرزشوانێک بۆ نموونە بە هۆکارێکی تایبەت داوای پەنابەری لە ولاتێکی ئەوروپی بکات بەڵکوو لە سەرجەم وڵاتان حالەتی لەو جۆرە رووی داوە بەڵام رێژە و ئاماری ئەو وەرزشوانانەی لە ئێرانەوە دەرۆن بۆ وڵاتانی دیکە و داوای مافی پەنابەری دەکەن لەچاو وڵاتانی دیکە یەکجار زۆرە بە تایبەتیش لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا زۆرترین وەرزشوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و داوای پەنابەریان کردووە ،  بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی ئەم خەسارە گەورەیە پێویستە بزانین بنەماکانی کاری سیستەمی فێدراسیۆنە وەرزشییەکانی ئێران چیە ، چۆن کار دەکەن و چۆن بەڕێوە دەچن ، ئەوەی کە روون و ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی لە سەر بنەمای دیکتاتۆری و ئیسلامی کار دەکا و لە سیستمێکی دیکتاتۆریشدا سەرجەم دامو دەزگاکانی وڵات کە بەشی وەرزشیش دەگرێتەوە یاساکانیان لە رووی ئایینەوە داندراون و بۆ وەرزشوانی ژن یاسایک هەیە و بۆ وەرزشوانی پیاو یاسایکی دیکە ئەوە لە بەشی یاسای ئایینی بەشێکی دیکەی یاساکان لە لایەن سیستەمی دیکتاتۆریەوە دادەنرێت و راستەوخۆ رێبەری کۆماری ئیسلامی واتە عەلی خامنەیی و ئۆرگانی نیزامی واتە سوپای پاسداران دەسەڵاتیان هەیە بە سەر سەرجەم بەشەکانی وەرزشی، بۆ نموونە تا ئێستا ڕێگەیان نەداوە وەرزشوانانێک کە لە ژێر ناوی ئێراندا لە یاریە نێودەوڵەتییەکان بەشداری دەکەن لەگەڵ وەرزشوانانی ئیسراییل بەرەوڕوو ببنەوە و هەر لەبەر ئەو بڕیارە سیاسییەی دەسەڵاتداران چەندین وەرزشوانی باش هەلی گەیشتن بە پلەی بەرزی جیهانییان لەکیس چووە و ئەو کارە بووەتەهحی بێبەشبوونی چەند بەشێکی وەرزشی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان.

کەسێک کە بە شێوەی بەردەوام وەرزش بکا تاکوو ببێتە وەرزشوانی حەرفەیی و وەرزش بکاتە پێشە و پێویستی بە چوار شتە یەکەم شوێنی راهێنان، دووەم خواردنی تایبەت ، سێیەم کاتی زۆری رۆژانە ، چوارەم پشتیوانی بەرپرسانی باڵای بەشی وەرزشی وڵات ، لە چوارچێوەی یاسای کۆماری ئیسلامیدا لە ئێران زۆربەی ئەو شوێنانەی کە بۆ مەبەستی راهێنانی وەرزشی بوونیان هەیە سەر بە کەرتی تایبەتن و بڕە پارەیک لە بەرامبەر راهێناندا وەردەگرن کە لە ئێستادا و بەو قەیرانە داراییە قوڵەی کە بەرۆکی بە خەڵکی ئێران گرتووە کەمتر کەسێک توانایی سوودوەرگرتن لەو شوێنانەی هەیە ، بەشەکەی دیکە کە تایبەتە بە کاری راهێنان و بە دەوڵەتی ناونراوە لە رووی پێداویستیەکانی وەرزشیەوە لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و بە هۆی زۆر بوونی رێژەی بەشداربووانەوە کوالیتی کاری بار هێنان و راهێنان تێدا زۆر نزمە. وەرزشی تایبەت پێویستی بە کاتێکی زۆری رۆژانەیە  واتە وەرزشوان وەکوو مرۆڤێکی ئاسایی ناتوانێت لە شوێنێک بەردەوام کار بکا و رۆژانە چەندین کاتژمێر تەرخان بکا بۆ کار کردن ، کە وا بوو بۆ دەس خستنی پێداویستیەکانی بۆ بژیوی ژیان پێویستی بە پشتوانەی ماڵیە ، سەرجەم وڵاتان بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی وەرزشوانانی پێشەیی برە بودجەیکیان دیاری کردووە بەڵام لە ئێران بە هۆیی گەندەڵی ماڵی و ئیداری لە ناو دام و دەزگاکانی بەشی وەرزشی وڵات ، پارەکە و پشتیوانییە ماڵییەکان ناگەنە دەست وەرزشوانان. نموونە هەیە وەرزشوانی زۆر بە ناو بانگ و ناسراو مەدالیایک کە بە هەدیە لە کێبرکێکان پێ بەخشراوەی بە هۆیی نەبوونی  فرۆشتووە و بەشێکی زۆری وەرزشوانانی زۆر سەرکەوتوو بە هۆیی خراپی باری داراییان وازیان هێناوە و ناچار بوون روو لە کاری دیکە بکەن. بەشێکی دیکەی کێشەکان تایبەتە بە ژنان و یاسای ئیسلامی کە تێکەڵ بە وەرزش کراوە ئەو ژنانەی کە وەرزشی فۆتباڵ ، والیباڵ ، بەسکێتباڵ دەکەن لە گەرمای هاویندا ناچار دەکرێن سەر و هەموو ئەندامەکانی جەستەیان  داپۆشن  ، ژنێکی مەلەوان بۆیی نیە وێنەکانی بڵاو بکاتەوە تەنانەت ئەگەر ببێتە قارەمانی جیهانیش تەنیا لە حاڵەتێکدا کە حیجابی کاملی ببێت بۆیی هەیە وێنە یان ڤیدیۆیی کێبڕکێکانی بڵاو بکاتەوە کە ئەویش مەحاڵە بکرێ ، تەنانەت ئەگەر برۆن بۆ کێبرکێ لەگەڵ وڵاتێکی دیکە کە یاسایی ئیسلامی نییە دەبێ حیجابی کامل بکەن هەر کەسێکیش لە یاساکان دەرچێت لەگەڵ گەرانەوەی بۆ ئێران دەسبەسەر دەکرێ و دەدرێتە دادگا. یەکێکی دیکە لە یاسا دژە ژنانەکەی کۆماری ئیسلامی رەزامەندی پیاوە بۆ بەشداری هاوسەرەکی لە کێبرکێکانی دەرەوەی وڵات ژنێکی وەرزشوان پێویستە نامەی فەرمی هاوسەرەکی پێ بێت لە کاتی چوونە دەرەوە لە وڵات ، هەوەها ئەگەر پیاوێک رازی نەبێ ژنەکەی وەرزش بکا بۆیی هەیە رێگری لێ بکات و یاسا و دادگاش پشتیوانی لێ دەکەن ، مەزهەب راستەوخۆ کاریگەری هەیە لە سەر مافی وەرزشوانانی ژن .

لەگەڵ هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوکی و هاتنەوەی گەمارۆکان باری ژیان و دارایی وەرزشوانان ئەوەندەی دیکە خراپ بوو. نەرخی هەڵاوسان بەردەوام لە هەڵکشاندایە و بەشێکی بەرچاوی وەرزشوانان ناچار بوون لە نێوان کارکردن بۆ بژیوی ژیان و وەرزشدا کارکردن هەڵبژێرن و هەموو ئەو هیوا و ئاواتانەی کە ساڵانێک زەحمەتیان بۆ کێشاوە بە هۆیی هەژاری و نەبوونیەوە بە خاک بسپێرن و وازبێنن لە وەرزش. وەرزش خزمەتێکی یەکجار زۆر بە کەلتوور ، پێشکەوتن و تەندرووستی کۆمەلگا دەکا. وەرزشوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زۆر جار تواناکانی خۆیان لە مەیدانە جیهانییەکاندا نیشان داوە بەڵام زۆر بە داخەوە لە ماوەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا هیچ بایەخێکیان پێ نەدارەوە و بەردەوام کۆسپ و تەگەرەیان هاتووەتە پێش. بە تایبەتی لە کوردستان  وەزارەتی ئێتڵاعات و سوپای تیرۆریستی پاسداران بە شێوەیکی سیستەماتیک و بەرنامە دارێژراو هەموو رێگایکیان گرتووەتە بەر کە کورد و بە تایبەتیش لاوان و مێر منداڵان بە جێگای وەرزش کردن توشی مادەی هۆشبەر بن بۆ ئەو مەبەستەش لە کوردستان رێگری لە کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان ناکەن و زۆریش ئاسانکاری دەکەن بۆ هەرزانی نەرخی مەواد و هاتنی بۆ کوردستان. کۆماری ئیسلامی نایەوێت لاوانی کوردستان و ئێران وەرزش بکەن و تەندرووست بن، ئامانجی ئەوەیە خەریکی گیرۆدەی مادەهۆشبەرەکان بن و تەنیا بیر لە دەس خستن و بەکار هێنانی بکەن. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئاماژەم پێ کرد وەرزش خزمەتێکی زۆر بە کۆمەڵگا دەگەینێت کۆمەڵگایک کە زۆربەی مرۆڤەکانی  وەرزشوان بوون  خاوەن لەشێکی سەلامەت و مێشکێکی سەلامەتن، واتە بیر دەکەنەوە و زوڵم و زۆریان بۆ قەبووڵ ناکرێت کە وابوو دەوڵەت ناتوانێت درێژە بە گەندەڵی و زوڵم و زۆر بدا ترسی سەرەکی کۆماری ئیسلامیش ئەوەیە کە کوردستان دەروازەی شۆرش و راپەڕینە لە ئێران سەرانی کۆماری ئیسلامی نایانەوێت کۆمەڵگا سالم و تەندرووست بێ. چوار دەیە بە وردی کاری لە سەر کردووە ئەوەش ئاکامەکیەتی کە تەمەنی بە کار هێنانی مادە هۆشبەرەکان گەییشتووە بە ١٢ ساڵ و بەرزترین رێژەی بە کار هێنەران ژنان و مێر منداڵانن لە هەر چوار کەس لە ئێران یەکێکیان گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکانە لە کۆمەڵگایکی ئاوادا هیچ رێگایک بۆ وەرزشوانانی وڵات جگە لە رۆیشتن بۆ ئەوروپا و داوایی مافی پەنابەری کردن نەماوەتەوە.