چارەسەرکردنی پرسی ژن لە کوردستان پێویستی بەخەباتێکی فێمیێنستی هەیە وتووێژێک لەسەر باروودۆخی ژنان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

✍ئامادەکردن: ژیلا ئەحمەدی

بە بۆنەی یادی ٨ی مارس وتووێژیکمان ئەنجام دا لەگەڵ دوو هاوڕێ کە خۆیان بە چالاکی فێمێنیستی پێناسەدەکەن، وتووێژەکە حەولیداوە پرسیارەکانی سەبارەت بە دووبەشی کوردستان بێت، بۆ باشوور کوردستان داوامان لە خاتوو هاوژین زیبا کرد کە وڵامدەرەوەی پرسیارەکانماان بێت و بۆ بەشی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هاوڕێ چیمەن جەوانروودی وڵامدەرەوەی پریارەکانمان بوو، سپاس بۆ هاوکاری هەردوو ئازیز

دواڕۆژ:  با پرسیارەکەم لەوەوە دەست پێبکەم پێناسەی ئێوە بۆ ژن  لە باشووری کوردستان چییە؟

هاوژین زیبا: دۆخی ژنی باشوور بەدەر نیە لە دۆخی  هەر ژنێکیتر لەم جیهانەدا ، لە دۆخی بێ ناسنامەیی، بێ شوناسی و نەبوونی سەربەخۆیی ڕاستەقینە ، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ولاتانی دیکە بە بەراورد لەگەڵ ئەو شوێنانەی کە ژن خەباتی تێدا دەکات خەباتێکی ڕاستەقینە وفکری ، ژن لە باشووری کوردستان لە ژێر کلتووری داب ونەریتی پیاوسالارانە و ئایین ونەبوونی یاساگەلێک کە بتوانێت بیپارێزێت لە دۆخی خراپدا ژیان دەکات و خۆتان دەزانن لە ماوەی ڕابردوو وەکوو هەڵمەتێك قڕکردنی ژلە باشووری کوردستان دەستی پێ کرد، لە ژێر ناوی شەرف ونامووس و بەهەر جۆرێک کە پیاوی خاونی عەقلییەتی پیاو سالاری ودەسەڵاتداری بۆی بکرێت ژن لە ناو ئەبات و یا خود ژن دەکات بە هۆکاری کوشتنی خۆی یان بەشتێنێک درووست دەکات بۆ ئەوەی کە ژن خۆی ، خۆی بکوژێت، بۆیە لە دۆخێکی خراپ دایە وبە گشتییش لە جیهان دا وایە بەڵام بە بەراورد لە هەر جێگەی تر کوردستان دۆخەکەی خراپ ترە ، بە واتایەکی تر ژنە کانی کوردستان باروودۆخیان خراپترە لە ژنانی لە وڵاتانی تر .

دواڕۆژ: لە سالانی رابردوو و بە تایبەت لە مانگەکانی پێشوو دیاردەی ژن کوژی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوە ئێوە ھۆکارەکەی بۆ چی دەزانن؟

هاوژین زیبا: ژن کوشتن هەر هەبووە لە کوردستان بەڵام ڕەنگە بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی میدیایی ویان  خود نەبوونی میدیاکان و دەست پێرانەگەیشتنی  ئێمە بە سۆشیال میدیا ڕەنگە ئاگامان لێی نەبووبێ، یان بە جۆرێک ئامارەکانی  ژن کوشتنەکان تۆمار نەکراون و نەکراون بە بابەتێکی دیاریکراو، ئەگەرنا ژن کوشتن هەر هەبووە لە کوردستان ، بەشێکی ئەمە ئەوەیە ئێمە ئێستە لە ڕێگەی سۆشیال میدیا کان زووتر ئەگەین بە  هەواڵەکان چۆنکە میدیا و دەزگا میدیاییەکان مەرگی ژن و لێدانی ژن وگریانی ژنیان کردووە بە کەرەستەی لایک وکۆمێنت  بۆ لای خۆیان ئەمە بەشێکی باسەکەیە بەشێکیشی دەگەرێتەوە بۆ هۆشیاربوونەوەی ژن بۆ خۆی زوڵم قەبوول ناکات و لە ئاکامدا ئەوەی تر تووندوتیژی بەرامبەر  دەکات ،هەرچەند ژن شۆرش دەکات بۆ ژیان بەڵام ئیتر لە هەردەستپێکی هەر چەشنە گۆڕانکارییەک ئەبێ  زۆرمان ببین  بە قوربانی ، بۆیە زۆرتربوونی حاڵەتەکانی ژن کوشتن و خۆکوشتنی ژنان پێم وابێت بەشێکی پەیوەندی بە ئاگاداربوونەوەی ژن خۆیەوە هەیە کە رازی نیە ، بەشێکیشی پەیوەندی بە زوودەست گەیشتنی ئێمە بە میدیاکان وهەواڵەکان و هەروەها بردنی کەیسەکانی توندووتیژی بۆ دادگاکان هەیە کە پێش تر ئەمانەمان نەبوو و لە ڕێگەی سوڵحی عەشایرییەوە کێشەکان چآرەسەر دەکران، ئێستە کەمێک گۆرانکاری کراوە کە ئێمە زیاتر ئاگامان لە ژن کوشتنەکان دەبێت .

دواڕۆژ:  ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی تا رادەیەک دێمۆکراتیکە و ئازادی ھەلبژاردن تێیدا ھەیە بەلام بۆ چی ژنان لەو ئازادییە ناتوانن کەلک وەرگرن و نوێنەرانی ژن لە خوکەکانی یەک لە پاش یەکی پارلمان کەم دەبیندرێن و ئەوانەی ھەشن زۆریان بە کۆتا ھاتوونەتە سەرکار؟

هاوژین زیبا: لە هەریمی کوردستاندا ژنان هەوڵ وماندووبوونی زۆریان کێشاوە، قوربانی زۆریان داوە لە پێناو ڕزگار بوونی نەتەوایەتی یان  خود خەباتی نەتەوایەتی  ، دەتوانین بڵێین خەباتی نەتەوایەتی جا ئەمە کەمتر یان خود شتێکی  جیاواز لە خەبات بۆ یەکسانی ڕەگەزی نییە ، بۆ ژن خەباتی نەتەوایەتی پێش ڕزگاربوونی خەباتی شەخسی یان خود شوناسی خۆی بووە و هەر ئەمش وای کردووە کە ژنەکان لە ناو خەبات وشۆرشەکان پێگەیەکی سەربەخۆیان بۆ خۆیان نەبووە و لەوێش پاشکۆی پیاوەکان بوون و پیاوەکان ژنەکانیان وەکوو پاشکۆی خۆیان سەیر  کردووە و هەمان ڕۆلی کۆمەڵایەتییان گیراوە، دایک بوون خۆشک بوون دڵدار بوون، هاوسەربوون،  بەم شێوازە بوون،  بۆیە کاتێکیش کە   خەباتی مەدەنی لە هەریمی کوردستان پاش ڕاپەرینی ٩١ دەستی پێی کرد ژنان دیسانەوە دەبن بە کەسێک کە پیاوەکان ڕۆل یان بۆ دیاری دەکەن، شوێنیان بۆ دیاری دەکەن و دەچنە ژێر ئەجیندای حیزبەکان وئێتر ئەو پۆستە ئیداریانە کە وەری دەگرن لە بە رنەخوێندەواری خۆیان ، نەخوێندنەوە و ئاگادارنەبوونی خۆیان لە شوناس و ڕەگەزی خۆیان ، ئاگادار نەبوون لە دوخی ژنان لە جیهان دا و خەباتی فمینیستی لە جیهان دا بۆیە ژنان دەکەونە ناو ئەو بێ ئاگاییە وەکوو زۆرێک لە پیاوەکان پرسە گرینگەکانیان لە بیر دەچێتەوە .

دواڕۆژ: ئێوە چالاکی بواری ژنان و مافەکانیانن لە باشووری کوردستان تا چ رادەیەک توانیوتانە بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی ھۆشیاری و تواناکانی ژنان کاریگەریتان ھەبێت؟

هاوژین زیبا: ئێمە وەکوو فمینیستی ڕۆشنگەری لە سەرەتای خەباتمانداین و بە هەموو شێوازێک هەوڵ ئەدەین رێگەی میدیا لە ڕێگەی سۆشیال میدیا لە ڕێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ وچالاکی مەیدانییە وە لە ڕێگەی نووسین لە ڕێگەی وەرگێران بە هەر جۆرێک لە توانامان هەیە ئەمانەوێت ژن لەو دۆخەی تیایەتی هۆشیار بێتەوە ، ئەبێ ژن بزانێت کە چۆن ئەژیت، ناسنامە ی ئەو ونە و پێویستە لە بەرامبەر ژن بوونی خۆی هۆشیار بێت و ئەمە هاوکارێکی زۆر باشە ، ئێمە ببین بە بزووتنەوەی بەرامبەر بە دەسەڵاتی ستەمکار و پیاوساڵاری و هێلی سوور دابنێین وبڵێین کە ئیتر بەسە ژن کووشتن، ئیتر بەسە بێ ڕێزی کردن، بەسە تووندوتێژی، لەسەرەتای  هەوڵەکانمانداین،

 

ئەمە ڕێگەیەکی دوور  و درێژە ، بێ گومانیش بێ هەوراز ونەشیو نیە بەڵام بەڵێنمانداوە کە بەردەوام بین .

دواڕۆژ:  کێشەی سەرەکی بۆ ئەو دۆخە مەترسیدارەی ژنان لە باشووری کوردستان ھەیانە چییە؟ یاسا یان کولتوور و نەریتی دژە ژن و پیاوسالارانە لە کوردستان؟ ئایا بە بروای ئێوە ژنان بۆخۆیان بەشێکن لە ئامرازی سەرکوتی خۆیان؟ چۆن دەتواندرێ ئەو دۆخە چاکتر بکرێت؟

هاوژین زیبا: هەموو ئەوکێشانەوا کە هەن  لە کوردستانە لە پیاو سالاری ئاو دەخون وپیاو ساڵاری هۆکاری سەرەکییە ، پیاو ساڵاریش مێژوویەکی دوورو دڕێژتری هەیە لە ئایینەکان و لە حۆکمرانی و دەولەت و ڕێکخراو وحیزبەکانیش ، کاتیێک هەموو ئەو دەزگایانەی کە لە بیری پیاوسالارانە شێوەیان گرتووە و کاری خۆیان دەکەن بەشێکن لە بەرهەم هێنەرەوەی فیکری پیاوسالاری چە بە خێزان چە بە حیزب وچە بە ڕێکخراوەی  وچە بە حوکمرانی ودەولەت وهەرجۆرێکی تری پێکەوەیی بوون و ڕیکخستن لە ناو کۆمەڵگادا دەتوانین بلین ئەم ڕێکخستنێکی دووبارە بەرهەمهێنەرەوەی پیاوسالاریە لە ناو کۆمەڵگادا و  نەبوونی ژنان لە پاڵیدا و یان خود بێ مەتمانەیی ژن بە بابەتەکانی تایبەت بە خۆی ، تێنگەیشتنی خۆی لە پرسی خۆی و درووست نەبوونی بزووتنەوەیەک کە خەباتی فێمنیستی ژن بکات ونەبوونی تیوری فێمینیستی لە ناو خەباتی ژن بە هۆکاری سەرەکی دەزانین و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانە بۆ بەردەوامی  ئەو کێشە وگرفت و ژن کووژی و تووندوتێژیانە کە بەرامبەر بەژن وڕەگەزی ژن  دەکرێت ، بەڵێ ژنانیش بۆ خۆیان بە جۆرێک دەکەونە داوی ئەو نەریتە پیاو ساڵاریە کە خۆیان بەرهەمهێنەری ئەو تووندوتێژیانەن بۆ خۆیان ، بەلام کاری فێمینیزم و فەلسەفەی فێمینیزم هەمیشە لە هەوڵی ئەویە کە ئەم خۆبوونەوە بە ژن بە خۆی بناسێنێت و هەر ئەم خۆبوونەوەی ژنیش کە بەڵێ من ژنم، بەلێ من بەهێزم من تێروانینی خۆم هەیە، تایبەتمەندی خۆم هەیە، بەلێ من ڕقم لە هاوڕەگەزی خۆم نییە، ئەمانە ئەم بوارانەن کە دەبێ کاری تێدا بکرێت تاکوو ببێت بە بزووتنەوەیەکی بەهێزی فێمینیستی و فێمینیزم ، کە چی ئیتر کەس نەتوانێ بێتە ئەو سنوورەی کە خۆت بۆ ئەوی تری دیاری دەکەی وهێلە سوورەکان خۆت بۆ خۆتی دیاری دەکەی

 

دواڕۆژ: باروودۆخی ژنان لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

چیمەن جەوانروودی: هەر لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی ، و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هەمووی سیاسەتەکانی ئەو سیستەمە بە ئاراستەیەکی  دژە ژن خۆی پێناسە کردوە، هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری وتەکنۆلۆژیکەکان، بیری فێمینیستی وگەشەی ئەم بیرۆکەیە کە بە بڕوای کۆمەڵگای سوننەتی وئایینی ، بیرو فیکری فێمینیزم بێ ئەخلاقی وبێ دینی ژن ئەژمار کرا. ئەگەرچی پوتانسیلی ژنانی ئازا و بەتوانا وڕۆشەنبیر زۆربوون بەڵام هاتنی سیستەمێکی ئایینی لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالار و سوننەتی دا توانیان تا ڕادەیەکی زۆر بەربەست بن بۆ بزووتنەوەیەکی ژنانە بۆ یەکسانی خوازی وئازادی خوازی ژن ، هەرچەن ژنان توانیان لە بەرامبەر ئەم ئاستەنگانە بە ڕێکخستنی گرووپ ودەستەگەلی چالاک و بەتوانا بە شێوەی نهێنی خەبات بکەن وخۆیان لەو بارودۆخە تا رادەیەک ڕزگار بکەن ، کلتوری چەق بەستووی کۆمەڵگای پیاوسالار ، شەری ئابووری زۆر بەربەستی بۆ ژنان داناوە وبە کەڵک وەرگرتن لە یاسای دژە ژن وەک یاسای بنەماڵە ، مافی تەلاق، مافی هاوسەرگیری و…تا ڕادەیەکی زۆر لە بەرامبەر ئەو بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی و  گشت گیر پێش بەم بزووتنەوەیە بگرن.

دواڕۆژ: ئێمە لە شۆڕشی مەشرووتە تا هەنووکە دەبینین کە ژنان بەشێکی سەرەکین لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بەلام وەک بزووتنەوەیەکی قائم بە ذات و سەربەخۆ ژنان بۆ دەستبەرکردنی مافەکانی تایبەت بە خۆیان زۆر چالاک نەبوون ، ئێوە ئەگەر ئەوەتان قەبوولە هۆکارکەی بۆ چی دەگەرێتەوە؟

چیمەن جەوانروودی: یەکەم کۆمەڵگای سوننەتی وئاینیی ڕێگر بوە، دووهەم ، ژنان هێشتا بەو مەتمانە بەخۆییەی پێویست بۆ رێکخستنی بزووتنەوەیەکی چالاک لە بواری کۆمەڵایەتی وسیاسی نەگەیشتوون .

سێهەم: حکومەت ودەسەڵات پیاوسالارانە بوە وهەموو کات لە بەشداری ژنان لە سیاسەتدا ترساون و ڕێگربوون .

چوارەم : هەموو کات سیاست لە لایەن پیاوانەوە داڕێژراوە و ژن خۆی نەیتوانیەوە بەڕادەیەکی زۆر خۆی تێدا ببینێتەوە ، سیاسەت لە ٥ هەزار ساڵ دەسەڵاتی سیستەمی پیاوسالارانە و لە پەراویزخستنی ژن هەوڵی داوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوە  کە ژن لە کلیشەیەک کە لە لایەن پیاوانەوە داڕێژراوە خۆی ببینێتەوە و ژنان هێشتا بە مەتمانەبەخۆیی پێویست بۆ ڕێکخستنی بزووتنەوەیەکی کارادا نەیان توانیوە سەربەخۆ چالاکی کۆمەڵایەتی وسیاسی نەگیشتوون .

دواڕۆژ: دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبینن ئایا لەگەل ئەوەی کە کوردستان وەک وڵاتێکی کۆلۆنیکراو و لە ژێر سێبەری داگیرکەری و زۆڵم وزۆر ئایا ئەوەی تا ئەوڕۆ ژنان کردوویانە دەتوانی دڵخۆشکەربێت ؟

چیمەن جەوانروودی: بە لە بەرچاو گرتنی پیشکەوتنی تکنۆلۆژی و پیشەسازی و گەشەی سیاسی و ئابووری و هەروەها لە سەردەمی گلۆبالیزاسیۆن لە جیهاندا و کەڵک وەرگرتن لە فەزای مەجازی لە دوورکەوتووترین وڵاتانی جیهان باروودۆخی ژنانیش گۆرانکاری زۆری بە خۆیەوە بینیوە، ئەم گۆران کارییە لە سەر ئەندێشە و هزری ژنانیش تا ڕادەیەک کاریگەری هەبوە . کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش و بارودۆخی ژنانی کورد بە لەبەرچاوگرتنی هێژموونی کۆماری ئیسلامی لەسەر ژنانی ئیران و یاسا و ریسا و کلتوری پیاوسالار لە ئێران گۆڕانی فیکر وئەندیشە ژن گەرایی و حزووری ژنان لە هەموو بەستێنەکانی  کۆمەڵگادا ئەم گۆڕانەی بە خۆیەوە دیوە جیاواز لەمانە خەباتی ٤٣ ساڵەی کورد بە تایبەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات خۆی هۆکارێکی ترە بۆ گۆڕانی باروودۆخی ژنان لە کوردستان بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات.بەڵام بەم گۆرانە و تەحولاتە ئاستی هۆشیاری ژنی کورد تا رادەیەک دلخۆش کەرە .من پێم وابێت پێویست بوو ژنی کورد زۆرتر لە باری ئەندیشەی سیاسی وخۆناسی دا بارودۆخی باشتر بوایە .دلخۆشکەرە لە لایەکەوە هیچ کلتوور ویاسا وڕێسایەک ناتوانێت لەمە زیاتر ژن  لە ماڵەوە بهێلێت وژن ڕۆژ بۆ ڕۆژ گوڕانکاری زیاتر لە ئەندیشەی دا دەبینێت .