لەبەرچی ڕۆژی بیست و شەشی ڕێبەندان خەباتی کۆمەڵە ئاشکرا کرا؟

سۆران محەمەدی، دەروونناس

دیارە دەمودەستترین وەڵامێک کە بەم پرسیارە دەدرێتەوە ئەوەیە کە ئەو ڕۆژە وەکوو ڕێکەوتی گیانبەختکردنی هاوڕێ محەمەدحسێنی کەریمیە لە شاری سەقز، کاتێک کاک محەمەدحسێن کەریمی لە ناو بنکەی پۆلیسدا تەقەی لێکرا، بە سەختی بریندار بوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و دوای چوار ڕۆژ لە ٢٦ ڕێبەندانی ١٣٥٧ گیانی لەدەست دا. بە گیانبەختکردنی محەمەدحسێن کەریمی، کۆمەڵە کە تا ئەو کاتە نۆ ساڵ بوو بە نهێنی خەباتی دەکرد، وەکوو بەرز ڕاگرتنی یادی ئەو، چالاکییەکانی خۆی ئاشکرا کرد و ڕۆژی ٢٦ ڕێبەندانیان بە ڕۆژی کۆمەڵە نێوزەد کرا.

بەڵام ئەمە هەمووی ئەو شتە نییە کە دەبێ بیزانین، هۆکاری تر لە ئارادا بووە کە پێویستی ئاشکرا کردنی چالاکیی کۆمەڵە دەردەخەن، ئەگەر ئێمە ڕۆ بچینە ناو ڕووداوەکانی پێش دیاریکردنی ئەم ڕۆژە، سۆنگەی سەرەکی ئەو بڕیارەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.

بۆ وڵامی ئەو پرسیارە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ فاکتەرەکانی ڕووخانی رژیمی شا و پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە لایەکەوە دەسەڵاتی پاشایەتی بە زوڵم و زۆری لە ڕادە بەدەر تەنگی بە خەڵک هەڵچنیبوو و زیاتری ئازادی‌خوازان یان تیرباران کرابوون یان لە بەنددا بوون و زەبر و زۆر و ستەم لەسەر نەتەوە مافخوراوەکان بە تایبەت نەتەوەی کورد لەو پەڕی خۆیدا بوو. لە لایەکی دیکەوە باروودۆخی ساڵەکانی حەفتای زایینی و ئاگاداری خەڵک لە مەڕ شەڕی ڤیەتنام و شۆڕشی ١٩٦٨ ورەی بە جەماوەر بەخشیبوو کە ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەری جنایەتەکانی ڕژیمی پاشایەتی دەرببڕێ. هەروەها لەو سەردەمەدا لەبەر ئەوەی مارکسیزم دەستی خستبووە سەر هەندێک چەمکی سروشتی و مرۆیی وەکوو بەرابەری و یەکسانیخوازی و دژە هەژاری، بۆیە بزووتنەوەی چەپ بە شێوەیەکی گشتگیر لەناو جەماوەردا جێگری و جێگەی هیوایان بوو.

بەڵام ترسی ئۆردوگای سەرمایەداری ئەوە بوو کە پێی وابوو ئەگەر لایەنی چەپ وەکوو هێزی سەرەکیی شۆرش بناسرێت، بەرچاوە کە دەسەڵاتیی دوای شۆڕش دەگرنە دەست و بۆ هەمیشە سەرمایەی ئێرانیان لە دەست دەچێت. بۆیە دەبینین لە ساڵەکانی بەرەو کۆتایی شۆڕش، خومەینی وەکوو ڕێبەری شۆڕشی گەلانی ئێران زەق دەکرێتەوە و لە ڕادیۆ بی‌بی‌سی و دیکەی میدیاکان کە سەر بە بەرەی سەرمایەداری بوون خومەینی وەکوو نوێنەری ئیسلام و خاوەنی ڕاستەقینەی شۆڕش دەناسێنن.

ئەمە لە کاتێکدایە بۆ نموونە هەر لە کوردستان، رێکخراوەی کۆمەڵە لە ٩ ساڵ پێش ڕووخانی ڕژیمی شاوە بەنهێنی چالاکی دەکرد و لەو ماوەیەدا توانیبووی لە گوند و شارەکانی کوردستان و هەندێک لە ناوەندە پیشەسازی و ئەکادیمییەکانی ئێراندا ڕەخنە بکات و ببێتە ڕێکخراوێکی تاڕادەیەک یەکگرتوو.

بەڵام کە شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت بە خێرایی هەموو ناوەندەکانی دەسەڵات لە لایەن ئیسلامیەکانەوە زەوت کرا و خومەینی و ئەوانەی دەوریاندابوو هەر زوو سرووشت و ناخی خۆیان دەرخست و خەڵک بۆیان دەرکەوت کە ئەمەیش هەمان شایه جا به جێی تاج، مێزەرەی لەسەرە!

لەو سەردەمەدا و بە پێی لێکدانەوەی ئەندامانی کۆمەڵە کە هێشتا ڕێکخراوێکی نهێنی بوو، شۆڕش نەگەییشتبووە ئەنجام و ئەو ئامانجەی کە بۆیان دانابوو وەدی نەهاتبوو، بۆیە لەو بۆشاییەی دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی کەلکیان وەرگرت و بە دەرفەتیان زانی کە چالاکی خۆیان ئاشکرا بکەن. بە ڕای من ویستیان بەم ئاشکرا کردنە ڕایبگەیێنن کە شەمەندەفەری شۆڕش ڕەنگە دەسەڵاتی پاشایەتی تێپەڕاندبێ  بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە شوێنی مەبەست کە لە مافە ڕەواکانی خەڵک و نەتەوەی کورددا خۆی دەبینێتەوە.

ئەوان وەک ڕۆزا لۆکزامبۆرگ بیریان دەکردەوە کە پێیوابوو هەرگا ئەو شەمەندەفەرە نەتوانێ بە خێرایی بە سەرەوژووری مێژوودا تێپەڕێ لە لایەن هێزی کۆنەپەرستیەوە بەرەو خوار دەگەڕێنرێتەوە و نە تەنیا سەرنشینەکانی (واتە شۆڕشگێڕان) بەڵكوو هەموو ئەو کەسانەی کە ویستوویانە دەسپێکی ئەو شۆڕشە بکەن لە لایەن هێزی ئیرتیجاعەوە دەکوژرێن و ئیعدام دەکرێن. ئەندامانی نهێنی کۆمەڵە زۆر وشیارانە بەم ئاڵووگۆڕەیان زانی و زۆر بە وریایی دیتیان کە خەریکە ئامانجە سەرەکیەکانی شۆڕش بە لاڕێدا دەچێ و رژیم خەریکی ئەستاندنەوەی دەسکەوتەکان و هێرش بۆسەر کوردستانە، ئەوان بە قەولی ڤاڵتەر بەنیامین دەیانزانی؛ “فاشیسم ئاکامی شکانی شۆڕشە“. بۆیە دەستیان لە چالاکی سازمانی بە شێوەی نهێنی هەڵگرت و لە ڕۆژی بیست و شەشی ڕێبەندان بانگەوازی دەسپێکی خەباتی ئاشکرایان بە ناوی کۆمەڵەوە دەرکرد.

کۆمەڵەیەک کە بۆ هەموو چەوساوەکان و زەحمەتکێشان دامەزرا و پشتیوانی لە جەماوەر دەکرد و بەرامبەری هەموو چەشنە بیرێکی دوگم و کۆنەپەرستانەدا ڕاوەستابوو، هەر لەو ڕۆژەوە تێکۆشەرانە هەوڵیان دا کە بەر بە فرەخوازی و زێدەڕۆیی دەسەڵاتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی کە بە ناحەق شۆڕشی گەلانی ئێرانی زەوت کردبوو بگرێ و تا وەدیهاتن و سەرکەوتنی شۆرشی ڕاستەقینە وچان نەدەن. ڕەنگە گرنگترین خاڵ لە میراتی بزووتنەوەی چریکی، دووبارە پێناسەکردنەوەی سیاسەتی چەپ بوو لەو قۆناغەی دوای شۆڕشدا کە کۆمەڵە لە ئەستۆی گرتبوو.

پێم وایە ئەمڕۆ دەبێت بەرز ڕابگیرێت و بەرز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە نە تەنیا لەبەر ئەوەی کە ڕۆژی کۆمەڵەیە بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە ئێمە پێداچونەوەیەکمان ببێت بە سەر ئەو ڕێبازەدا کە پێکهاتەی کۆمەڵە  چیە و چۆن بتوانین بەردەوام بین لە وەرگرتنی مافە ڕەواکانی خۆمان لە پێناوی ئەو ئامانجەی کە کۆمەڵە بنیاتی ناوە. بۆیە من لەم ڕۆژەدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی هەرمان “حەمەحسەین کەریمی” و پیرۆزبایی ڕۆژی ئاشکراکردنی چالاکی کۆمەڵە، دیسانەوە پێداگری ئەکەم بە ڕەچاوکردنی ئارمانجەکانی کۆمەڵە و ئەو مەبەستانەی کە کۆمەڵە لەو پێناوەدا خەریکە خەباتی بۆ ئەکات.