وەبەرهەم هێناوەنەی توندوتیژی دژی ژنان

✍ بێگەرد ساڵح

 

توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان هەمیشه لاچاوی شینەوەبوو و ددانی شکاو و لووتی خوێناوی نییە. توندوتیژی ئەو دڵەڕاوکێیه کە لە دەروونی ژندایە و وا بیر دەکاتەوە کە دەبێ: کزتر بێ، قەڵەوتر بێ، دەلالتر بێ، خۆشحاڵتر بێ، سەلارتر بێ، کابانتر بێ، ئاقڵتر بێ..

توندوتیژی ئەو شتەیە کە لە ژندا نییە و بیر دەکاتەوە دەبێ ببێ، توندوتیژی ئەو دەمامکەیە کە ژن لە ڕوخساری دەدا هەتاکوو خۆی نەبێ،  هەتا بۆ پیاو تەواو بێ.

لەم ماوەیەدا کە ڕژیمی ئێران هێرشی بردە سەر هەرێمی کوردستان و بە شوێن وڵامەهێرشی پاکستان و کوژرانی چەند فەرماندی پاسدار لە هێرشەکانی ئیسڕائیلدا، ڕژیم لە جیاتی دۆڕاندنەکانی بژمێرێ، خەرێکی ژماردنی بەناو سەرکەوتنەکانی بە سەر ژندایە، بۆ نموونە پولیسی شاری قوم پایەتەختی ئاینیی حکوومەتی ئێران، ڕایگەیاند، ٧٤ هەزار کورتەپەیامی ئاگادارکردنەوە لەسەر حیجاب، ٥٣ هه‌زار دەنگدان و ٢٠ هەزار کەسیان قوڵبەست کردووە… بەره‌ی شەڕەکانیان لێرەیە: جەستەی ژن

توندوتیژی و ڕەفتاری توندوتیژانە، هەرچەندە لە پەیوەندی نێوان کەسەکاندا زیاتر خۆی دەردەخا و لە یەکەم نیگادا بە مەسئەلەیەکی تاکەکەسی دادەنرێت، بەڵام وەک کردارەکانی دیکەی مرۆڤ، ڕەگ و ڕیشەی لەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەدا هەیە کە مرۆڤەکان تێیدا پەروەردە دەبن.  توندوتیژیی پێکهاتەیی کاتێک ڕوودەدات کە چینێکی کۆمەڵگا بەهۆی دامەزراوەکان، یاساکان یان پێکهاتە گشتییەکانی دیکەی کۆمەڵگا زیانیان پێ بگات. ئەم زیانە دەتوانێت توندوتیژی ڕاستەوخۆ یان نایەکسانی بێت لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کە ئەو ڕەگەزە کۆمەڵایەتییە لە دەرفەتەکانی نێو کۆمەڵگا بێبەش دەکات.

  • پێکهاتە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکان کە نایەکسانی جێندەری ساز دەکەن و بەرەوپێش دەبەن و بەرهەم دەهێننەوە، ڕۆڵیان هەیە لە توندوتیژی دژی ژنان.
  • پێکهاتەی سیاسی بە پێناسەی ژن و ئەو سنووردارکردنانەی کە بۆ ڕۆڵی ژنان و بەشداریی ژنان لە دەسەڵاتی سیاسیدا دانراون، ڕۆڵیان لە توندوتیژیدا هەیە.
  • ئەو سیستمە یاساییەی کە لە پێکهاتەی سیاسی و کولتوورییەوە سەریهەڵدا و بووە هۆی نایەکسانی نێوان ژن و پیاو، یەکێکە لە هۆکارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان.
  • پێکهاتەی ئابووری – کە سامان و دەسەڵات لە دەستی ژنان دوور دەخاتەوە و کەرامەتی کۆمەڵایەتی و بەهای کۆمەڵایەتی ژنان کەمدەکاتەوە و بە کۆیلەی ماڵەوە کورتیان دەکاتەوە – بەشدارە لە دروستکردنی توندوتیژی.
  • ئەو پێکهاتە کولتووری و مێژووییەی کە هەڵاواردنی ڕەگەزی لە جیلێکەوە بۆ جیلێکی تر دەگوازێتەوە، هۆکاری توندوتیژییە بەرامبەر بە ژنان.

لە ڕاستیدا کارلێکی هەموو ئەم پێکهاتە جیاوازانە دۆخێک دروست دەکات کە دەبێتە هۆی نایەکسانی جێندەری و چەوسانەوەی ژنان و بەرەوڕووی توندوتیژییان دەکاتەوە.

جا لەبەر ئەوەی ژنان لە جەغزێکی بنەماڵەیی تایبەتدا سنووردار کراون، توندوتیژی بەرامبەریان بە بابەتێکی تایبەت و کێشەیەک لە بواری پەیوەندیی نێوان کەسەکاندا دادەنرێت و دەیگەڕێننەوە بۆ تایبەتمەندییە سروشتییەکانی مرۆڤ؛  بەڵام کاتێک لەم تێڕوانینە سنووردار و کوێرانەی جێندەر تێدەپەڕین و لە ڕوانگەیەکی فراوانتر و گەورەترەوە سەیری مەسەلەکە دەکەین، ڕاستییەکە ڕوون دەبێتەوە کە ئەو توندوتیژییەی کە ژنان تووشی دەبن، لە دەرەوەی تایبەتمەندییە سروشتی و تاکەکەسییەکانە و پاڕادایم و سەرمەشقێکی ڕەگەزیی هەیە، و ئەم سەرمەقشە بەرهەمی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانە و پاشخانی مێژوویی و کولتووریی لە پشتیەوەیە.  کرداری مرۆڤ لە بۆشاییدا ڕوونادات و ئەمانەش ئەو پێکهاتانەن کە ڕەفتاری مرۆڤەکان لە قاڵب دەدەن، بۆیە توندوتیژی دژی ژنان بە گشتی بەرهەمی سیاسەتی قەبە و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە.

ئەم سیاسەتە قەبە کە لە سەرەوە باسم کرد ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێ لە بەرهەمهێنانەوە و بەردەوامکردنی توندوتیژی دژی ژنان. ئەو سیاسەتە قەبەی کە لەسەر ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوەی پیاوسالاری دامەزراوە و ئاسانکاری بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەکات.  یاسا مەدەنییەکان بەتەواوی دژی ژنانن و پیاوان وەک خاوەن و خودای دەسەڵات بەسەر ژندا دەناسێنن، کە دەتوانن بڕیار لەسەر ژیان و مردنیان بدەن، هەر بۆیە دەکرێ بڵێین یاساکان بەستێنی توندوتیژییان بۆ ئەو مەبەستە دابین کردووە. زاڵ بوونی پیاوان بەسەر ژناندا، ملکەچبوونی زۆرەملێی ژنان بۆ خواستی پیاوان، هاوسەرگیری منداڵان، فرەژنی، مافی سەرپەرشتیکردنی  منداڵان و جیابوونەوە لەو مافانەن کە تاک‌لایەنە بە پیاوان دراون.  لە ڕاستیدا ئەم دەسەڵاتە ڕەهایە کە یاسا بە پیاوی داوە، جۆرێکە لە مۆڵەتدان بە توندوتیژی دژی ژنان.  لە لایەکی دیکەشەوە بەربەستی جۆراوجۆر لەبەردەم بەشداریی ئابووری ژناندا دانراوە، ژنانیش بە گشتی بۆ بژێوی ژیانیان ناچارن پشت بە پیاوان ببەستن، جا باوک بێت یان هوسەر، ئەم پشتبەستنە نەخوازراوە ئابوورییە وا دەکات ژنان زیاتر بەرەوڕووی توندوتیژی ببنەوە.

لە ئێران ئەو زەمینە کولتوورییەی کە دەبێتە هۆی توندوتیژی دژ بە ژنان، بە ڕوونی هەژموونی سیستەمێکی باوک/پیاوسالارییە، کە تایبەتمەندییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی٣ی کۆمەڵگەی ئێرانە و ڕەگ و ڕیشەی لە هەموو پێکهاتە و کاروباری کۆمەڵایەتیدا هەیە و بەپێی هەلومەرجەکان نوێ دەکرێتەوە.  ئەم کولتوورە ژن بە کەم و لاواز دەزانێت و کۆنترۆڵکردنی هەموو لایەنەکانی ژیانی به مافی پیاو و بە پێویستییەکی نەگۆڕ پێناسه دەکات.  ژنەکە بچووک دەکرێتەوە بۆ بوونەوەرێکی تەنیا سێکسی و لە مرۆڤ بوونی دەسڕێتەوە.  بەم شێوەیە توندوتیژی دژی ژنان لەم کولتوورەدا ئاسایی و ڕەوا بووە.

بەرچاوە بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە جگە لە‌ خەبات و تێکۆشان بۆ گۆڕینی ئەو سیستەمە نادادپەروەریه کە لە ڕووی سیاسەتە قەبه‌کانی ئێرانەوە ڕۆ چووەتە ناو کۆمەڵگا، پێویستی بە ئاگادار کردنەوەی ژنانە سەبارەت بە پێگە و مافەکانی خۆیان، دیارە ئەم فەرهەنگ‌سازییه درێژ دەخایەنێت، بەڵام ئێستا بە ڕوونی نیشانەکانی ئەو وریایی و چاوکراوییە لە ژنانی ڕۆژهەڵات دا و دوای شۆڕشی ژن‌ ژیان ئازادی دەبینین و پێویستە لە مه‌ڕ ئەم بابەتە چالاکانی بواری ژنان زیاتر بدوێن و هەوڵی زیاتر بدەن بۆ بنیاتنانی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە خەباتی یەکسانیخوازانە و هەوڵ لە بواری ژناندا.