کورتەیەک سەبارەت بە حوکمی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد

چوار زیندانیی سیاسیی کورد

✍ سۆران محەمەدی، دەروونناس

 

“گەورەترین زوڵم و ستەم ئەو زوڵمەیە کە لەژێر یاسا و بەناوی دادپەروەرییەوە دەکرێت”.  (مۆنتێسکیۆ)

 

لە کۆماری ئیسلامیدا دادگا بە شێوەی ” کانگۆرۆ”یی بەڕێوەدەچێ، چونکە بەرپرسانی قەزایی بۆ دەستەبەرکردنی “بەرژەوەندی نیزام” وەک کانگۆرۆ بەسەر بەڵگە و شاهیدەکاندا قەڵەمباز دەدەن و دادگاییکردنی دادپەروەرانە پشتگوێ دەخەن.

لە ڕاستیدا دەسەڵاتی‌دادوەری “پێش‌دادگاییکردن” لەسەر تاوانبارکردن یان بێتاوانی کەسەکان بڕیار دەدەن و ئامانجی دادگاییکردنەکە جگە لە پڕوپاگەندە ، تۆقاندن یان تۆڵەسەندنەوە هیچ شتێکی دیکە نییە.

لە ئەڵمانیای نازیش هەمان شت بوو. هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە ساڵی ١٩٩٨دا یاسایەک لەم وڵاتە دەرچوو کە رێی خۆش دەکرد بۆ لێخۆشبوون لە سزادراوانی دادگاکانی ئەڵمانی نازی و گەڕاندنەوەی کەرامەتیان؛ چونکە یاساکانی ئەڵمانیای نازی “دژایەتی بیرۆکە سەرەتاییەکانی دادپەروەری بوون”.

گەڕاندنەوەی کەرامەت، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە بەشێک لە پرۆسەی دادگاییکردن لە ئێرانی سبەینێدا، گەڕاندنەوەی کەرامەتی سزادراوانی فاشیزمی ئایینی بەبێ دادگایە.

هەنووکە دەبینین کە لە سەر هەمان شێوازی قەڵەمباز و بێ دادگایی کردن، موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، چوار بەندکراوی سیاسی کوردیان بە تاوانی ساختەی سیخوڕی بۆ ئیسڕائیل! حوکمی ناڕەوایان بەسەردا سەپاندوون و گیانیان مەترسیی زۆری لەسەرە.

دیارە هەر وا کە لە سەرەوە وتم ئامانجی ئەم شێوە بەناو دادگایی کردنە، سێ شتە کە لەم حوکمەشدا بەرچاون؛

پڕوپاگەندە : وەک چۆن پشیله کە مەترسی لە سەر بێ پف ئەکاتە خۆی، دوای بزووتنەوەی ژن‌ ژیان ئازادی، ڕژیمی ئێران بەم شێوە لە بەرانبەری ئەو هەمووە مەترسیە کە لەم ماوەیەدا لەسەریەتی دەیەوێ بە دوژمنانی پیشان بدان کە دەسەڵاتێکی بەهێز ۆ سەقامگیرە!

تۆقاندن : دوای هێرشی ٧ ئۆکتۆبر و (شکەستی قورسی حەماس کە لە تاقمە تیرۆریستییەکانی سەر بە حکوومەتی ئێرانە) ئەو حوکمەیان بۆ بەردەنگی ئیسرائیل و ترساندنی دەربڕیوە بەو مانای کە هێشتا هێزی بەربەرەکانێیان هەیە!

تۆڵەسەندنەوە : دوای ئەوەی لە ڕێگای دەوڵەتی عێراقەوە بڕیاری کشانەوە لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات دەرکرا، ڕژیم دیتی کە نەوەکوو خەبات ڕانەوەستاوە، بەڵکوو پێشمەرگە بە ورەی بەهێزتر خەریکی تێکۆشانە، ئەم حوکمە ناڕەوایه بۆ تۆڵەسەندنەوە لە بەرخودانی گەلی کوردە.

 

پشتیوانی لەو چوار بەندکراوە سیاسیه ئەرکی سەر شانی هەر مرۆڤێکە

#نا_بۆ_ئێعدام