دیداری نێوان پارتی ئازادیی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

ئەمڕۆ ٦ی رەشەمەی ٢٧٢٣ک، شاندێکی پارتی ئازادیی کوردستان بە سەرپەرشتیی بەڕێز حسەین یەزدانپەنا سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی کرد و لەلایان شاندێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە بە سەرپەرشتیی بەڕێز رەزا کەعبی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە گەرمیی پێشوازییان لێ کرا.

گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سیاسیی جیهان و ناوچەکە، کوردستان بە گشتیی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتیی، ئاڵوگۆڕ، هەڕەشە و دەرفەتەکان بەشێکی سەرەکیی دیدارەکەبوون.

لەم دیدارەدا هەردوولا وێڕای جەخت کردنەوەیان لەسەر پێویستیی هاودەنگی و پێکهێنانی چوارچێوە یان رێککەوتنێک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنەکانی رۆژهەڵات لە دەوری یەک ، هەروەها هاوهەڵوێستی پارتەکانی رۆژهەڵات بەرانبەر دۆخە هەنووکەییەکانی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لە باشووری کوردستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

کۆبوونەوەکە بە پێداگرتنەوە لەسەر تێکۆشان بۆ ئازادیی کوردستان و ملنەدان بە پیلانگێڕی و ھێرش و فشارەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و شانازیی بە خۆڕاگریی و کۆڵنەدانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان . کۆتایی هات.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان – پارتی ئازادیی کوردستان