بە بۆنەی هەشتی مارسەوە و ڕۆڵی گرینگی پەروەردە

Equality

بە بۆنەی هەشتی مارسەوە و ڕۆڵی گرینگی پەروەردە
بێگەرد ساڵح
دیارە لە سه‌ر تەوەری پەروەردە زۆر قسه کراوە و منیش نامهەوێ شتی دووپاتە بڵێمەوە، بەڵام ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە ژنان ڕۆڵی گرینگ لە پەروەردە و بارهێنانی نەوەی داهاتوو دەگێڕن، دەزانین کە زانستی پەروەردە باسێکی زۆر بەرفراوانە کە ناکرێ لە یەک یادداشتدا قسەی لە سه‌ر بکرێت، لێ بەداخەوە کۆمەڵگای ئێمە هێشتا خەریکە کچ وا بار دەهێنێ کە خزمەتکاری (پیاو، مێرد، باوک، کوڕ و برا) بێت، واتە ئەو بیرە باوک/پیاوسالاریه وا چووەتە قووڵایی بیر خەڵکەوە کە تەنانەت خودی دایکەکان (خوازراو یان نەخوازراو) کچان بۆ ئەو مەبەستە گەورە دەکەن، بۆیە دەمەوێ باس لە سێ چەمکی زۆر گرینگی پەروەردە بکەم کە پێموایه بە لەم باروودۆخەی هەنووکەدا پێویستییەکی گرینکە کە دەبێ زۆرتر هەوڵی بۆ بدرێ و هەست ئەکەم زۆر لەو بوارەدا کەمتەرخەمی کراوە و ئەگەر بمانهەوێ منداڵانی داهاتوو بە بڕوابەخۆبوونەوە بەرەوڕووی کێشەکانی کۆمەڵگا ببنەوە و شانسێکی زیاتریان هەبێ بۆ ئەوەی مافی خۆیان وەرگرن، سەرنجدان بەم سێ چەمکە دەتوانێ گرینگ بێت:

١- توانای (نا) گوتن
٢- فێرکاریی کارامەیی زایه‌ندی
٣- کارامەیی ویستخوازی

١- هەر لە کۆرپەییەوە منداڵان فێر دەکرێن کە به هیچ کەس وڵامی (نا) نەداتەوە، کە خاڵۆ و مامە وتی وەرە باوەشم و پێی خۆش نەبوو بە زۆر دەینێرین، کە پێی خۆش نەبوو کەس ماچی بکات، بە زۆر ماچی لێ دەستێنین، کە پێی خۆش نەبوو پەرداخێک ئاو بۆ ئێمە بێنێت، بە زۆر پێی دەهێنین و…هتد. بەم چەشنە یه‌کەم هەنگاوەکانی سەربەخۆیی منداڵان دەبڕین، چون فێری دەکەین بۆ هەر شتێک بڵێت (باش) و کارامەیی (نا) گوتنی لێ زەوت دەکەین، منداڵێک کە ئەو کارامەییەی نەبێ، کە گەورە بوو بۆ هیچ داخوازییەک ناتوانێ وڵامی نەرێنی بداتەوە چون لە منداڵیدا فێر نەکراوە و ویستی سەربەخۆیی لەلا نامێنێت.

۲- کاتێ منداڵ فێری ئەوە نەبێ کە خۆی بڕیاردەری جەستەی خۆیە و کەس بۆی نییە بە بێ ئیجازەی ئەو دەست لە جەستەی بدات، منداڵ ناتوانێ خۆی بەرانبەر کەسانێک کە هەوڵ دەدەن دەست لە جەستە و شوێنە هەستیارەکانی لەشی بدەن، بپارێزێ. ئەو کەسانەی کە دەستیان لە پەروەردەی مناڵدا هەیە دەبێ ڕاشکاوانە مناڵەکان فێری ئەوە بکەن ئەگەر کەسێک ویستی ئەو سنوورانە ببەزێنێ دەبێ لەگەڵ دایک و باوک و کەسانی جێگەی بڕوایان قسە بکەن. هەروەها گرینگە کە مناڵان بزانن ئەگەر کەسێک ئەو سنوورانەی بەزاند ئەوە ئەو کەسەیە کە خراپە و تاوانبارە و مناڵ خۆی بە تاوانبار نەزانێ بۆئەوەی بوێرێ باسی لێبکا. دیاره ڕژیم زۆر بە فێرکاری کارامەیی زایەندی قەڵس بوو و بە فەرمانی خودی خامنەیی ڕێگەی ئەو چەشنە فێرکارییەیان قەدەغە کرد.

۳- کاتێ کە منداڵ به هەر چەشنە ڕەفتار و کرداری کەسانی دەوروبەری ڕازی بێ، ئیتر بۆی گرینگ نییه کە مافی لە ژیاندا چیه و ئەو شتانەی کە وەک مرۆڤێکی ئازاد دەبێ داوای بکات، وەک دیاردەیەکی ئاسایی لێیان ئەڕوانێ. ئەمە ئەبێتە هۆکاری ئەوەی کە وەک کۆیلەیەک بیر بکاتەوە و قەت داوای مافی خۆی نەکات. منداڵ بۆ ئەوەی بتوانێ لە داهاتوویدا ملکەچی هەموو کەس و هەموو ئەو شتانەی لە ژیانیدا ڕوودەدەن نەبێ پێویستە فێر بکرێ کە داوای ئەو شتانە بکا کە بە حەقی خۆی دەزانێ و بە کەم ڕازی نەبێ هەر بۆیە فێرکردنی کارامەیی (ویستخوازی) زۆر گرینگە و لە ئەنجامدا وا دەکا منداڵەکان کە گەورەبوون ببنە کەسانێکی تێکۆشەر و مافخواز.

ئاشکرایه بۆ پراکتیکە کردنی پەروەرە، کەڵک وەرگرتن لە کەسانی پسپۆڕ وەک دەروونناس و ڕاوێژکاری پەروەردە سوودی تایبەتی دەبێ.
بەهیوای هەبوونی نەوەیەکی ویستخواز و سەربەخۆ.