بە بۆنەی ١٤ مارس، ساڵڕۆژی مەرگی مارکسەوە

ئاوڕێک له دەروونناسی مارکسیستی و درمی ئەرێنی دیتن

سۆران محەمەدی – دەروونناس

لە سەدەی بیستی زایینی کاتێ ئەندرۆ کارێنگی و ناپێلئۆن هیل ١٠ یاسای “سەرکەوتن”یان بنیات نا و دواتر مارتن سێلیگمان لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا بە هەندێ گۆڕانکارییەوە لە ئامریکا پەرەی بە (ئەرێنی‌گەرایی) دا، لەسەر بنەمای خاڵە ئەرێنییەکان و پشتگوێخستنی بەشە نەرێنییەکان و نادادپەروەرییەکان دامەزرابوو، ئەم ڕوانگە ئامانجی ئەوە بوو بەردەنگەکەی بە سامان و سەرکەوتن بگەیەنێت. شێوازێکی بیرکردنەوە بۆ پاساوی نایەکسانی لە دونیادا بەو لێکدانەوەیەی کە ئەگەر مرۆڤ نەیتوانیبێت سەروەت و سامان بەدەستبهێنێت و خەریکی نوقمبوونە لە ناو تاڵاوی هەژاریدا، تاوانبار ئەو هەلومەرجە ئابووری – سیاسییە نییە کە کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات، بەڵکو ئەوە ناکارامەیی تاکەکان بۆ خۆیانە کە ناتوانن بگەنە لوتکەی سەرکەوتن، مانای ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی کە قوربانی بارودۆخی نایەکسانی کۆمەڵگان وەکوو تۆمەتبار دەناسرێن. بۆچوونێک کە خزمەت بە چینی باڵادەست دەکات و ڕەهەندە قووڵەکانی پرسەکان پشتگوێ دەخات و بە واتایەکی تر بە ئەرێنی‌بینییەکی ژەهراوی، تەنها ئەنجامەکەی قەڵەوکردنی چینی دەسەڵاتدارە، کە بۆخۆیان هۆکاری نایەکسانی و کۆمەڵگەی چینایەتین، ئەم ڕێبازە نوێیە لە ڕاستیدا بە پێچەوانەی ڕێبازی دەروونشیکاری و پێکهاتەگەرایی بیر دەکاتەوە. دەروونشیکاریی پێمان دەڵێت کە هەموو کردارەکانمان لە ژێر کاریگەری نائاگاییماندایە و ڕێبازی پێکهاتەگەراییش جەخت لەوە دەکات کە مرۆڤ ڕاستەوخۆ لە ژێر کاریگەری فاکتەرە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییەکاندایە و دەڵێت ئێمە بە تایبەتی لە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتە شاردراو و نەشاردراوەکانداین.

لە کاتێکدا دەروونناسی ئەرێنی‌دیتن ئاوڕ لە ڕابردوو و ژینگەی تاک ناداتەوە، وەک ئەوەی تاک نە ڕابردووی هەبووە و نە لە کۆمەڵگادا بووبێت و دابڕاو لە جیهانی دەرەوەی خۆی بێ. ئەم لقە نوێیەی دەروونناسی کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕێبازێکی زانستییە، ئامانجی پشتگوێخستنی بەشێکی گرینگی ژیانە. بێ گومان ئەم ڕێبازە بە هیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی زانست و میتۆدی زانستیدا نییە، تەنانەت ئەگەر ئیدیعایەکی لەو شێوەیەی هەبێت، ناگونجێت. پیموایە ئایدئۆلۆژییەک کە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن و سەروەت و سامان باس لە دەبێ و نەبێکان دەکات زۆرتر لە بەشی ئەخلاق و حیکمەتدا جێی دەبێتەوە نەک زانستی دەروونناسی.

لە ڕاستیدا وشەی “سەرکەوتن” چەمکێکی دەروونناسانە نییە، دەروونناسی ئەرکێکی دیاریکراوی هەیە و ئەویش ڕوونکردنەوەی کردارە دەروونییەکانە. بەڵام ئەم شێوازە بیرکردنەوە زیاتر لە شیعرە حەماسیەکانی پێش جەنگ دەچێت کە بۆ پاڵنەری و ورە بەخشینی جەنگاوەرەکان بەکار دەهێنرا.

لە ڕاستیدا پەژارە و کەسەر دەروازەیەکە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری و گەشەسەندن لە ژیاندا. ئەو ڕوانگە کە ژیان بەبێ مردن و خەم دەبینێت، قسرە و شکستی هێناوە. نیگایەک کە خەم و مەرگ دەشارێتەوە لە ڕاستیدا ژیان دەشارێتەوە، بەڵام ئایا بەڕاستی شتێ وا دەکرێت؟ ئایا دەکرێت ڕوانگەیەکی تاکگەرایی نێوی سەرکەوتنی لێ بنرێت؟ لەم ڕووەوە مارکس دەڵێ: “مومکین نییە کەسێک زاڵ بێت و کەسێکی دیکە ملکەچ نەبێت، مومکین نییە هەندێک کەس سەرکەوتوو ببن و لە بەرانبەردا هەندێ کەسی دیکە شکست نەهێنن”. هەروەها ئادۆرنۆ پێی وایە: “کاتێک کۆشکی شارستانیەتێک دەبینیت بیر لەوە بکەرەوە کە چەندە خوێن ڕژاوە بۆ لەسەریەک‌دانرانی هەریەکێک لەم خشتانە”.

ئەم بۆچوونەی سەرمایەداری گەورەترین درۆیە کە دەرخواردی کۆمەڵگای دەدات بەو پێیەی کە هەموان دەرەتانی سەرکەوتن و زەنگین بوونیان لەم هەلوومەرجەدا هەیە، بەس تەنیا مەرجی ئەوەیە کە گرنگیی بە لایەنە ئەرێنییەکانی ژیان بدەن. بەڵام بەڕاستی ئەگەری سەرکەوتن بۆ ئەو منداڵەی کە لە سەرمای زستان و لە ژێر فیشەکی سپادا خەریکی کۆڵبەرییە و یان بەر تەقەی داگیرکەران دەکەوێ یان لە سەرما ڕەق دەبێتەوە چۆن دەست دەکەوێ؟ دەرفەتی سەرکەوتن بۆ ئەو منداڵەی بەلوچستان چییە کە بۆ بەدەستهێنانی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان وەک ئاو، هەندێکجار لە گۆمئاوەکاندا دەبێتە خۆراکی تیمساحەکان.

هەندێک جار وتاربێژانی ئەنگێزە و پاڵنەریی و سەرکردەکانی ئەم پیشە و زانستە ساختەیە وا لە قاو دەدەن کە بۆ نموونە فڵانە کسێک لە باشووری ئەفریقا سەرەڕای چەندین سەختی و نەهامەتی سەرکەوتوو بووە! وەڵامی ئەم وتە گاڵتەجاڕانەیە ئەوەیە، پێش هەموو شتێک، زۆربەی ئەو کەسایەتییە ناودارانە، بە پێچەوانەی باوەڕی باو، بەهۆی هەبوونی واسیتەکاری و ئیمتیازەوە، گەیشتوونەتە ئەو جۆرە پۆستانە و دووهەمیش، ناتوانرێت حوکمێکی گشتی بدرێ لەسەر بنەمای چەند نموونەیەک، لە ڕاستیدا یەک نموونە هەموو شتەکە نایسەلمێنێت و ئاوارتە نابێتە بنەمای بڕیاری زانستی. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەم هەڵوێستە ڕێک ئەوەیە کە چینی باڵادەست پێویستی پێیەتی، هەڵوێستێک کە دەڵێت “ئەگەر نەتتوانی نزمترین ئاستی ژیان بۆ خۆت دابین بکەیت، هۆکارەکەی لاوازیی خۆتە نەک ناوەرۆکی سەرمایەداری” کە بنەماکەی چەوساندنەوەی مرۆڤەکانە. بەداخەوە بەرهەمی ئەم چەشنە جیهانبینیە جگە لە درووست کردنی مرۆڤێکی خۆپەرست و دابڕاو لە باروودۆخی کۆمەڵگاکەی هیچی دیکە نییە، مرۆڤێک کە بۆ بە دەست هێنانی مافی خۆی خەبات ناکات و دەبێتە خزمەتکاری سیستەمی سەرمایەداری و چینی باڵادەست و بێ‌ئەوەی بە خۆی بزانێ دەبێتە وەبەرهەم هێنەری ستەمکاری و هاودەستی چینی دەسەڵاتدار. ئەم ڕێبازە جگە لە پەروەردەکردنی بوونەوەری خۆپەرست و خۆویست، تووشی دڵەڕاوکێی هەمیشەییشیان دەکات، لەبەر ئەوەی کە بەردەوام لەگەڵ خۆیان و مێشکیاندا خەریکی شەڕن چونکە پێویستە بەردەوام بیرکردنەوەیەکی ئەرێنییان سەبارەت بە ڕوداوەکان هەبێ هەتا تووشی خەمۆکی و ماتەم نەبن!

خاڵێکی دیکەی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەگەر مرۆڤ بەم تێڕوانینە بە هیوا و خەونەکانیشی بگات، دەکرێ پێی بگوترێ سەرکەوتوو؟ ئەگەر کەسێکی تر بدۆڕێت تاکوو من بە جۆرێک بتوانم بیچەوسێنمەوە و سەرکەوم ئەوسا چلۆن سەرکەوتوو بووم؟ سەرکەوتن لە مانای ڕاستەقینەی خۆیدا چاکەی بەکۆمەڵ و ڕزگاری گەلە. ئەگەر سەرکەوتن بە مانای شکستی چینی ژێردەست و هاوبەشیی چینی باندەست بێت، ئەوا دەبێ بڵێین ئەمە جگە لە سەرشۆڕی هیچی دیکە نییە.

مارکس له یەکێک له بەرهەمه سەرەتاییەکانیدا دەڵێت ئەگەر دەروونناسی دەیهەوێ ببێته زانستێکی مانادار، دەبێت فێری خوێندنەوەی “مێژووی پیشه‌سازی ماددی” بێت، که “هێزه بناغەییەکانی مرۆڤ” له خۆ دەگرێت و بۆ خۆی وێنایەکی هاوپێچکراوی دەروونناسی مرۆڤه.

گۆڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان مرۆڤەکان، سەرچاوەی دەستپێشخەری گۆڕینی مرۆڤایەتییە، ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان گۆڕانکاری بەسەردا هات، بیرۆکە و پێوەرەکانی ڕەفتار و پێداویستی و سەلیقەش لەگەڵ ئەواندا دەگۆڕدێت. وەک لە لێکۆڵینەوە دەروونناسیەکاندا دەرکەوتووە، کەسایەتیی مرۆڤ لە بنەڕەتدا لە ژێر کاریگەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەبێت (واتە ئەو سیستەمەی کە بەشێکە لێی) و لە قۆناغی منداڵییەوە بیچم دەگرێ. مارکس دەڵێت: “پەیوەندی من لەگەڵ دەوروبەرەکەم هۆشیاریی منە”.  گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە گشتیەتی سیستەمی ئەم پەیوەندیانەدا کە مرۆڤ بەشێکە لەوان، بە ناچاری دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هۆشیاریدا، هەروەها بە شوێن ئەوەدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە تەواوی ڕەفتاری مرۆڤدا. مارکس بەم شێوەیە باسی دەکات: “تەنها لە کۆمەڵگادایە [پێکەوە لەگەڵ ئەوانی تردا] کە هەریەک لە تاکەکان ئامرازی پەروەردەی کارامەییەکانی لە هەموو ئاراستەکاندا بەدەست دەهێنێت”، بۆیە تەنها لە کۆمەڵگەدا ئازادیی تاکەکەسی مومکینە. هەر وەک ئەنگڵس ڕایگەیاندووە؛ “کەسایەتی تاکەکەسیش وەک هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەبێت ئەم قەڵەمبازە لە چەمکی پێویستییەوە بۆ بەستێنی ئازادی بە ئەنجام بگەیەنێت”.