ئەوان شۆڕشی خۆیان لە ناو دەستەکانیاندایە: پێویستە نەوەی نوێ بناسین….

داهاتووی کۆمەڵگەی کوردی لە دەستی نەوەیەکە کە بە هیچ شێوەیەک وەک ئەوانەی پێشووتری خۆی نییە. بۆ تێگەیشتن لە ڕێگای داهاتوو، دەبێت تایبەتمەندییەکانی ئەم نەوە نوێیە، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان کە شێوەیان پێداوە، و پردی گواستنەوەی نێوان نەریت و نوێگەری تاوتوێ بکەین. جیاوازییەکانی نێوان بەهاکان، هەڵسوکەوتەکان، و تێڕوانینی جیهانی ئەم نەوەیە و ئەوانەی پێشووتر زۆر گەورەن. بۆ مامەڵەکردن بە شێوەیەکی کاریگەر لەگەڵیاندا، دەبێت سەرەتا لەوان تێبگەین.
پاشخانی کۆمەڵایەتی: نەریت و سنووردارێتییەکانی
بۆ چەندین نەوە، کۆمەڵگەی کوردی بە نەریت، پیاوسالاری (پاتریارکی)، و کەمی (نەبوونی) پێناسە کرا. خێزانەکان زۆرجار گەورە بوون، سەرچاوەکان سنووردار و منداڵان لەناو پێکهاتەی تونددا پەروەردە دەکران کە جەختی لە گوێڕایەڵی و گونجان دەکردەوە. نەوەی نەریتی لەژێر دەسەڵاتی توند، ئازادییەکی سنووردار و فشارە کۆمەڵایەتییەکاندا گەورە بوون کە بواری کەمیان بۆ گەشەکردنی تاکەکەسی یان دەربڕینی خۆ دەهێشتەوە.
ئەم سنووردارێتییانە شێوەی کەسایەتی، بیرکردنەوە، و دەرفەتەکانی نەوەکانی پێشووتریان دادەڕشتەوە. زۆرجار تاکایەتی کپ دەکرا؛ ژیانی تایبەت زۆر کەم بوو؛ ڕۆڵی منداڵان بەپێی پێویستی پێناسە دەکرا نەک بەپێی هەڵبژاردەی کەسی. ئازادی، دەربڕینی خۆ، و بیرکردنەوەی سەربەخۆ بگرە بارێکی نەرێنی هەبوو.
نەوەی وەرچەرخان: “نەوەی سووتاو”
لە نێوان نەریت و لاوی نوێدا، نەوەی وەرچەرخان یان گواستنەوە دەوەستێت، کە هەندێک جار پێیان دەوترێت “نەوەی سووتاو”. ئەوان لەلایەن نەوەی نەریتییەوە پەروەردە کران بەڵام ڕێگەیان دۆزییەوە بۆ فراوانکردن لە دەرەوەی ئەو سنوورانەی بۆیان داڕێژرابوو. ئەوان لەژێر فشاری جەنگ، فشاری ئابووری، و کۆنترۆڵی پیاوسالاریدا ژیان، بەڵام خوێندەوارتر، هۆشیارتر، و تا ڕادەیەک کراوەتر بوون بە بەراورد لەگەڵ دایک و باوکەکانیان.
ئەم نەوەیە دەیانزانی ئەو شێوازەی کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا سنووردارکەر و نادادپەروەرانە بوو، نەیتوانی بگاتە لوتکەی توانای خۆی، بەڵام وزەی خۆی تەرخان کرد بۆ دڵنیابوون لەوەی کە منداڵەکانیان ئەو دەرفەتانەیان هەبێت کە خۆی نەیبوو. هەوڵیاندا سووڕی نەریت بشکێنن، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی نەوەیەک کە ئازادی، گرنگیپێدان، و بواری زیاتریان بۆ گەشەکردن هەبوو. ڕۆڵی ئەوان لە پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان نەریت و نوێگەریدا پڕبایەخ و گۆڕانکاریخواز بوو — ناتەواو بوو بەڵام بگرە شاکارێک بوو .
نەوەی نوێ: پەروەردەکراو بۆ گەشەکردن
ئەو نەوەیەی کە لەلایەن ئەم نەوەی وەرچەرخانەوە پەروەردە کران، چوونە ژینگەیەکی زۆر جیاوازەوە. خێزانەکان بچووکتر بوون، بە برا و خوشکی کەمترەوە بۆ ڕکابەریکردن لەسەر سەرنج و سەرچاوەکان. دایک و باوکان وزە و گرنگیپێدان و ڕێنمایی خۆیان لەسەر منداڵەکانیان چڕ کردەوە، کە بارودۆخێکیان بۆ گەشەکردن و خۆ-ڕاهێنان دروست کرد.
ژیانی تایبەت و سەربەخۆیی (ئۆتۆنۆمی): ئەو گەنجەی کە لە ئێستەدا پێگەیشتووە هەمان مندالی ئەو دایک و باوکانەن کە توانیان زنجیری نەریتی کۆن بشکێنن. ئەوان هەر لە منداڵیەوەڕا ژووری تایبەت، کەلوپەلی تایبەت، و مافی بڕیاردانی تایبەتیان هەبوو. ڕێز لە ژیانی تایبەتان دەگیرا، کە متمانە بەخۆبوون، سنوورە کەسییەکان و سەربەخۆییانی پەرەپێدا. ئەوان وەک ئەندامی تەواوی خێزان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا، لە بڕیارداندا بەشدار دەکران، و وەک تاکێک بە بەهاوە دەناسران. بە گەورەبوون بەبێ هەستکردن بە تاوان یان شەرمەزاری لە بوون و لە جەستەی خۆیانان، پەیوەندییەکی تەندروستتریان پەرەپێدا، لەوانە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر، و تێگەیشتنێکی باشتر بۆ ناسنامەی خۆیان. دەستڕاگەیشتن بە فێربوون و بە سەرچاوە جیهانیەکان، حەزی لێکۆڵینەوە، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و تێڕامان لە وجود و خولیاکانی خۆیانی لەواندا چاند.
ئەوان کەمتر لە هەموو ڕابرددوانیان هاواریان بەسەردا کرا، کەمتر کەسایەتیان بریندار کرا کەمتر تووشی لێدان و ترۆما بوون. ئەوان فێر بوون سنووریان دەبێت بپارێزرێت و ڕێزیان لە کەسایەتیان دەبێت بگیرێت.
سەربەخۆیی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە: ئەم نەوە نوێیە پلەیەکی بەرزی سەربەخۆیی لە بیرکردنەوە و کەسایەتیدا نیشان دەدەن. ئەوان حەزی لێکۆڵینەوە و پرسیارگەری، و بیرێکی هۆشیاریان هەیە. بە پێچەوانەی دایک و باوکەکانیان، ئەوان ڕاهێنراو نین بۆ قبوڵکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی کوێرانە یان پابەندبوون بە نەریتە کۆنەکان تەنها لەبەر ئەوەی بە میرات گەیشتوون. ئەوان هەڵدەسەنگێنن، گومان دەخەنە سەر، و هەڵدەبژێرن بە پشتبەستن بە تێگەیشتن، نەک گوێڕایەڵی.
ئەم سەربەخۆییە ڕێگەیان پێدەدات کە ڕێسا زیانبەخشەکان ڕەتبکەنەوە و بەهاکانی ئازادی، خواستی کەسی، و دەربڕینی خۆیان لەباوەش بگرن. ئەوان لە بنەڕەتدا شۆڕشگێڕن – نەک بە واتای ئاژاوە، بەڵکو بەوەی کە پرسیار لەسەر سیستەمی دامەزراو بکەن و چوارچێوەی کۆمەڵایەتی نوێ دروست بکەن.
نەوەی دیجیتاڵ و هۆشیاری جیهانی
یەکێک لە تایبەتمەندییە پێناسەکارەکانی دیکەی ئەم نەوەیە، تێکەڵبوونیانە لەگەڵ تەکنەلۆجیادا. لە کاتێکدا نەوەی وەرچەرخان لە تەمەنێکی سەروتردا ئینتەرنێت و ئامرازە دیجیتاڵییەکانیان هاتنە نێو ژیانیەوە، بەڵام نەوەی نوێ لە جیهانێکی دیجیتاڵی و پەیوەندیداردا گەورە بوو. ئەمە لە بنەڕەتدا شێوە و توانای چارەسەرکردنی کێشە، لێهاتوویی کۆمەڵایەتی، و تێڕوانینی جیهانیانی لە ئەساسەوە جیاواز کردووە. مێکانیزمی بە کۆمەڵایەتی بوون و پەیوەندی کردن لەواندا جیاوازە لە پێشینیانی خۆیان. سۆشیال میدیا و تۆڕە جیهانییەکان ئەوان بە هاوتەمەنەکانیان لە سەرانسەری جیهانەوە دەبەستێتەوە، کە بەرکەوتنێک بۆ بیرۆکە، کەلتوور، و سیستەمەکانی ئازادی هەمەچەشن دابین دەکات. ئەم پەیوەندییانە سەربەخۆیی، هۆشیاری، و توانای ڕێکخستنی بەکۆمەڵیان بەهێز دەکات. ئەو سنووردارێتییانەی کە جارێک نەوەکانی پێشووتریان دەستبەسەر کردبوو — وەک جیاکاری توندی ڕەگەزی یان نەریتە ناوخۆییەکان — کاریگەری کەمتریان لەسەر ئەم نەوەیە هەیە، کە وایان لێدەکات خۆڕاگرتر، خۆگونجێنرتر و جیهانیتر بن.
ئەم نەوەیە لە هەر نەوەیەکی پێشووتری خۆی قووڵتر لە ئازادی تێدەگەن، بە هۆی ئەوەی کە کەمتر لەگەڵ کۆت و بەندی فیزیکی و ڕۆحیدا ژیاون. ناتوانرێت بە نەریتە کۆنەکان، زۆرلێ کردن، یان پێکهاتە دەسەڵاتدارەکان حوکم بدرێن. پەروەردەیان و پەیوەندیان لەگەڵ ڕەوتی جیهانیدا، وای لێکردوون کەسانی پشت بە خۆبەستوو، پڕمتمانە و هۆشیار بن.
لە کاتێکدا بێ ئیراد نین، زۆر زیاتر توانای گەشتکردن بە ژیاندا بە سەربەخۆیی و بڕیاردانی ڕەخنەگرانەیان هەیە. ئەوان بەرهەمی هەمووی وزە و ئارەزووی نەوەی پێش خۆیانن، داهاتووی ئەم نەتەوە لە دەستی ئەواندایە. بۆیە کۆمەڵگا دەبێت لێیان تێگەیشتنی بۆیان هەبێت، متمانەیان پێبکات و ڕێزیان لێبگرێت نەک هەوڵ بدرێت بە شێوەیەکی کوێرانە کۆنترۆڵ بکرێن یان رەت بکرێنەوە.
توانای شۆڕشگێڕیی ئەم نەوەیە زۆر گەورەیە. ئەوان دەتوانن نەریتە کۆنەکان بخەنە ژێر پرسیار، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە داهێنان بکەن، و بەهاکانی کۆمەڵگا لە بنەڕەتەوە پێناسە بکەنەوە. سەربەخۆیی و هۆشیارییان وایان لێدەکات ببنە هێزێک کە ناتوانرێت لەلایەن سیستەمە پیاوسالارییەکان، دینیەکان یان نەریتییەکانەوە سنووردار بکرێن.
بۆ ئەوەی کۆمەڵگە داهاتووی گەشاوەی هەبێت، دەبێت تواناکانی ئەم نەوەیە بناسێت و پشتگیری گەشەکردنیان بکات. ئەوان پێویستیان بە ڕێنماییە، بەڵام نەک کۆنترۆڵ؛ پێویستیان بە تێگەیشتنە، بەڵام نەک دەسەڵاتخوازانە. ئەوان ئەندازیارانی داهاتوون، توانای دروستکردنی کۆمەڵگەیەکیان هەیە کە لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی، زانیاری، و دەرفەت بێت.
