کوردستان، ترپەی دڵی هەموو شۆرشەکان…

0

دواڕۆژ

چەن ساڵێکە بەدوای یەکدا بزووتنەوەگەڵێکی مەزن لە ناو قووڵایی شەقامەکانی ئێراندا هاتوونەتە ئاراوە کە هەر کامیان بەدوای خوێدا کۆمەڵێک ئالووگۆری جیددی درووستکردوە کە بە گشتی باس لە بەهێز بوون و گشتگیر بوونی رەوتێکی رادیکاڵ لەناو قوڵایی دڵی کۆمەڵگای ئێراندا دەکات. گەشەی وشیاری و چینایەتی و سیاسی و لادان لە باوەڕە کۆنەکان، ئەو هەنگاوانەن کە بەرهەمی ئەو دۆخەن. ئەم بزووتنەوانە ئەگەرچی نەیاتوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە چۆک دابێنن بەڵام توانیان قۆناغی خەبات و تێکۆشان بە ئاراستەیەکی تردا بەرن. جۆش و خرۆشی پێبدەن و گیانێکی تازەی پێببەخشن و شۆڕش بەرنەوە سەر رێچکەی خۆی. ئاخێزەکان وەک هەورە بروسکە لە ئاسمانێکی ساماڵەوە هاتن. هەزاران رۆڵەى تووڕە بۆ ناڕەزایی دەربڕین شەقامەکانی ئێرانیان داگیر کرد. ئەوان خوازیاری روخانی ڕژمێک بوون کە دەسەڵاتدارێتی ئەو نەیتوانیبوو ببێتە مۆدێلێکی سەرنجڕاکێش بۆیان. ئەو دەسەڵاتە گەلێک قەیرانی قووڵی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بۆ هێنابوون. کەواتە دەبوو لەدژی رابوەستن. ئاخێزەکان و مانگرتن و خرۆشانەکان کە هەرکامیان دەخووڵقان، بەکردەوە هاوسەنگی هێزیان لە گۆرپانی سیاسی کۆمەڵگای ئێراندا دەگۆڕی و بەستێنێکی گونجاویان بۆ گەشەی خەباتی ناڕازیان لە دەسەڵات دەخوڵقاند. بەستێنێک کە تا بە ئەمڕۆش ترس و لەرزی لە ئەگەری دووپات بوونەوەی وەها ڕووداوگەڵێک، خستۆتە جەستەی ڕژیمەوە.

رووداوەکانی کۆتاییەکانی وەرزی پاییزی سالی ١٣٩٨ی هەتاوی، ئەو ڕۆژە پرشنگدارانەن  لە خەباتی کۆمەڵانی ڕەنجدیتووی ئێران كه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی سێ قاتەی نرخی بێنزین وه‌ك چه‌خماخه‌یه‌ك ئاگری ناڕه‌زایه‌تی و تووڕه‌یی پنگ خواردووی خه‌ڵكی لە تەواوی ئێراندا گه‌شانده‌وه و بەرەو خەباتێکی یەکگرتوانە بەدژی دڵڕەشەکانی تاران پاڵپێوەنان. لەماوەی ٤٦ ساڵی رابردودا گەڵێک ڕووداوی لە چەشنی مانگی خەزەڵوەری سالی ١٣٩٨ی لە ئێراندا ڕوویان داوە. بەڵام ڕوداوەکانی مانگی خەزەڵوەر، خەباتی ڕەوای کۆمەڵانی بێبەشی ئێرانی خستە قۆناغێکی تایبەت و دیاریکراو. ڕووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر ڕووداوگەلێكی له‌ناكاو نه‌بوون، به‌ڵكوو له‌ڕاستیدا، درێژه‌ی خۆڕسكی ئاخێزی مانگی بەفرانباری سالی ١٣٩٦ی هەتاویدا بوون.

مانگی خەزەڵوەر کە دەکرێ بە مانگی شۆڕشی خەڵکی برسی لە ئێران ناوزەد بکرێ، هاوسەنگی هێزی بە قازانجی بەرەی شۆڕش لە ناو دڵی شەقامەکانی ئێراندا گۆڕی و کۆمەڵێک دەرس و ئەزموونی بە نرخی لەگەڵ خۆی هێنا کە زۆرمان وەبیر شۆڕشی کۆمەڵانی وەگیان هاتووی گەڵانی ئێران، لە رێبەندانی سالی ١٣٥٧ دەخاتەوە. 

ئەوەی ڕاستی بێ خاڵی بەهێزی ئەم ئاخێزە، گەشانەوەی بزوتنەوەیەکی سیاسی بەرین بە پانتایی هەموو ئێران بوو کە لە کورت ماوەدا توانی بێبەشانی شار و لاوانی بێکار و لەبیرکراو، لە ناخی خۆیدا ڕێک بخات و دەنگی پەنگ خواردووی ئەوان بکاتە دروشمی شۆڕشگێڕانەی بزوتنەوەکەی و جەستەی دەسەڵات بکاتە ئامانج. لە لایەکی تریشەوە كه‌ش و هه‌وای زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێران، چ له‌ ناو بەرەی خه‌ڵك و چ له‌ ناو بەرەی کۆماری ئیسلامیی دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو كه‌ بۆ جارێكی دیكه‌ كۆمه‌ڵگا پاش ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦ خرۆشاوه‌ته‌وه‌ و لە وەستان نەکەوتووە. 

 ئێستا دوای تێپەڕ بوونی ٦ ساڵ لەم ئاخێزە ئێمە شاهیدی پیلانێکی قێزەونی تری دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیانین بۆ گران کردنی سەر لە نوێی نرخی بنزین. کۆماری ئیسلامیی بە کردەوە هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە گرفتاری قەیرانی چەند لایەنەی ئابووری و کۆمەڵایەتییە. ئاخێزە کۆمەڵایەتییەکان ڕوویان لە هەڵکشان کردۆتەوە. ئەم هەڵکشانانە دەتوانن چەخماغەی دووپات بوونەوەی دەنگی ناڕازی سەر شەقام بن. ئەمرۆ بێکاری و گرانی لەوپەڕی خۆیدایە. لە وەها بارودۆخێکدا کۆماری ئیسلامیی و دەوڵەتی پزیشکیان لە پیلانێکی قێزەووندا بەتەمای بردنەسەری نرخی بێنزینن تا بەم شێوە و ڕاستەوخۆ قەیرانەکانیان بگوازنەوە بۆ سەر شان و باهۆی خەڵک.

ئەمجارەش کۆماری ئیسلامیی دەیهەوێ بەگران کردنی نرخی سووتەمەنی هێرش بکاتە سەر بژێوی خەڵک. لە مانگی خەزەڵوەردا، خەڵک تەحەمووڵیان نەکرد و شەقامیان بۆ دەربڕینی ویست و داخوازی و بەربەرەکانییە لە دژی وەها کردەوەیەکی دەوڵەت، هەڵبژارد. هێرشی ئەمجارەش دەتوانێ چەخماخەی شۆڕشێکی تر و ئاخێزێکی تر لێبدات و ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی تازە لە خەبات و خۆڕاگریی. ڕوخانی ڕژیم پێویستێکی هەنوکەیە و جه‌ماوه‌ریش نیازیان به‌ پێداویستییه‌كانی ڕووخاندن هه‌یه. بۆ ئەم مەبەستەش یەکییەتی و هاودەنگی و هاو خەباتی، داخوازییەکی حاشاهەڵنەگرە و دەتوانێ کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕژیم بێنێ. هەلێکی زێرین و بارودۆخێکی باش بۆ پەرەپێدانی خەباتی جەماوەر لە ئارادایە بە تایبەتی ئێمە لە کوردستان ئەم خەباتە بە ڕوونی دەبینین و ئاراستەکەشی دڵخۆشکەرە. بەهێزکردنی ئەو خەباتە کارێکی بەنرخە و ئەرکێکە لە سەر شانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز.

ئەم خەباتانە نەک هەر بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خەڵک پێویستن، بەڵکوو پێویستێکی هەنوکەیین بۆ گەشەپێدانی وشیاری چینایەتی و ڕێکخراوبوونی زیاتری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. هەوڵدان بۆ شکڵ پێدانی جموجۆڵی نوێ لە ناو هەموو بزووتنەوەکاندا بە تایبەتی بزووتنەوەی ژنان و کرێکاران و گرێدانیان بە یەکتر دەتوانی لە کورتماوەدا کاریگەری قورسی خۆی بەسەر رووداوەکاندا دابنێ. بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان کە بە دەستکەوتە کۆمەڵایەتییە درەوشاوەکانی کە هەیەتی، ئاسۆیەکی نوێی بەڕووی سەرجەم کۆمەڵگەی ئێراندا کردۆتەوە، دەتوانێ وەک هەمیشە ئاوێنەی باڵانوێن بێ. ئەو خاڵانەی کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا هەموویان دەتوان ڕێنیشاندەربن و ببنە هۆی پێکهێنانی ئاڵترناتیڤێکی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی بۆ داهاتووی کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *