یاسای ئیسلام و لە سێدارەدانی منداڵان….
زیاتر لە ( ٦٠٠ ) منداڵ لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا لە ئێران لە سێدارە دراون.
تاوانبارانی کۆماری ئیسلامیی لە درێژەی تاوانەکانی خۆێاندا لە ماوەی ئەم ٤٦ سالەدا تەنانەت ڕەحمیان بە منداڵانیش نەکرد.لە چەندین روداوی جۆراوجۆردا و لە ئاکامی هێرشی درەندانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیی لەوانە سوپای پاسداران و ئەرتەش بۆ ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان و زۆر شۆینی تر کە ببوونە مەیدانی نارەازایەتی کۆمەڵانی خەڵک دژی ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامیی ، گۆمی خۆێنیان وەرێ خست و دەستیان بە کوشتاری خەڵکی بێتاوان کرد . لەم هێرشانەدا منداڵان لە ڕیزی یەکەمین قوربانیان دابوون . ڵایەنە دڵتەزێنەکانی شۆرشی کۆمەڵانی خەڵک لە کوردستان و کوشتار و ئاوارەیەکان و روداوەکانی تورکەمەن سەحراو، پیڵانگێری کۆماری ئیسلامیی لە نێوان نەتەوەکانی کورد و ئازەری و فارس و خەڵکی وەگیان هاتووی بەلوچێستان و هەروەها دانیشتوانی عەرەب زمانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران، سەلمێنەری ئەو ڕاستیانەن کە منداڵان لە ئێران بوونە قوربانی ڕەشترین دەسەڵاتی سەردەم بە سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی. تاوانەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی تەنیا تایبەت بەو روداوە دیاریکراوانە نییە و بەڵکوو بەند و بەساتی سێدارە منداڵانی لە ئێرانیشدا گرتەوە و ڕەحمی بەوانیش نەکردوو تا بە ئیستاش منداڵان لە ڕیزی یەکمی تاوانەکانی ئەم ڕژیمە دان.
منداڵان لە وڵاتی ئێران بێبەرین لە دونیای منداڵی. ئەگەر خۆمان لەباسی ژیانی پڕ لە چەرمەسەری منداڵان و لاوان و تازەلاوان لە ئێران لادەین و تەنیا باس لە سەزای تاوانی ئەوان بکەین دەبێ بڵێن کە منداڵان لە ئێران وەک گەورەکان دونیایان ئاڵۆزە و لە دادگاکان هەروەک گەورەکان سەزا دەدرێن ولە زیندانەکانیش شکەنجە دەکرێن و بە مانگ دەخڕێنە زیندانە تاکەکەسییەکانەوە.
گەرچی تا پێش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی سەزای لە سێدارەدان بۆ مناڵان تا ڕادەیەک قەدەغەبوو بەڵام بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئەم یاسایە گۆڕانکاری بەسەردا هاتوو منداڵانیش دەبوو دادگایی و زیندانی بکرێن و ئەوانیش سەزا بدرێن تا بەم شێوە خەڵک لە هەموو چین و تؤێژەکانی کۆمەڵگا چاوترسێن بکڕین.
لە سێدارەدانی تازەلاوانی ژێر ١٨ ساڵ کە لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا باوە، جەنایەتێکی چەند بەرابەر تاوانکارانەیە. لە مافە ناسراوەکانی نێونەتەوەییدا، منداڵ کەسێکە کە تەمەنی لەژێر ١٨ ساڵیدا بێت، بەڵام لەیاساکانی کۆماری ئیسلامیدا کە ڕیشەی لە شەریعەتی ئیسلامدایە، کچانی تەمەن ٩ ساڵە و کوڕانی تەمەن ١٥ ساڵی وەک باڵغ بە ئەژمار دێن و بە شێوەی یاسایی سەرجەم ئەو سزایانە دەیانگرێتەوە کە بۆ گەورە ساڵان دەردەکرێن.
لە سێدارە درانی مناڵان هەر لە یەکەمین برێارە دژی ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە دژی بەهاییەکان لە ئێران دەسپێدەکات و بە لە سیدارەدانی سێ تازەلاوی بەهاییەکان، کوشتنی مناڵان لە ڕێگای سێدارەوە تۆمار دەکرێ. پاشان لە پاڵ دەسپێکردنی شەپۆلی لە سێدارەدانی نەیارانی سیاسی لە جۆزەردانی سالی ١٣٦٠ منداڵان و تازەلاوان و هەروەها منداڵانێک کە هێشتا لە دایک نەببوون، بە دەستی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ژیانیان لێ تاریک دەبێ و لەسێدارە دەدرێن. سەزای دەرکردنی سێدارە دژی مناڵان بۆ ساتێکیش نەوەستاو تا بە ئەمرۆ کە رێژەی منداڵانی لە سیدارەدراو دەگاتە ( ٦٠٠) کەس هەروا درێژەی هەیە.
لەسێدارەدان ئامرازێکی سیاسی ژەنگ گرتوو لەدەست سەرانی کۆماری ئیسلامیدا.
رژیمی کۆماری ئیسلامیی هێندێک جار لە رووی تۆڵە ستاندنەوە و هێندێک جار بۆ ئەوەی توانایی خۆی بەڕووی خەڵکی بێدیفاعدا بکێشێ، ژمارەیەک لە منداڵانی خەڵک مەحکوم بە مەرگ دەکات و دەیانکوژێت.
لەسێدارەدانی زیندانیانی ئاسایی و سیاسی لە زیندانەکاندا، ئیجرای مەراسمی ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە، قامچی لێدان لەبەرچاوی هەمووانەوە، توندکردنەوەی گوشار بۆ سەر هەڵسووڕاوانی بزوتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکان، دەرکردنی سزای زیندانی درێژماوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی چالاکی ئاشکرا و تەنانەت قانونیدا کاریان دەکرد، لەوانە هەڵسووڕاوانی کرێکاری، رۆژنامەنووسان و چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ، ئەمانە بەگشتی ئاڵقەکانی زنجیرێکی بەیەکەوە پەیوەستن کە ئامانجی کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵگەی لەحاڵی هەڵچوون و ئاخێزدایە بە زەبری زۆر و سەرکوت. رژیمی کۆماری ئیسلامیی لەسەرەتای حاکمیەتیەوە ئەوەی زانیووە کە ناتوانێ وڵامدەرەوەی ئەو نیازانە بێت کە کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بێبەش و زۆرلێکراوی ئێران شۆڕشیان بۆ وڕێخست و نیزامی پاشایەتیان بۆ رووخاند. کۆماری ئیسلامیی دەیزانی کە ناتوانێ ئەم خەڵکە راپەڕێوە بە وەعدە و بهڵێن و فریو و نەیڕەنگ بگێڕێتەوە بۆ ماڵهکانیان. کەوایە دەبوو بە لادانی نەیارانی سیاسی و بە پێكهێنانی كهش و ههوای ترس و وەحشەت لە رێگای زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامەوە، خۆی لەم کابووسە رزگار بکات. رژیم لە هەموو ماوەی دهسهڵاتیدا هەر کاتێک هەستی بە مەترسی ئاخێز و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی وەگیان هاتوو کردبێت، دەستی داوەتە کوشتار و ئێعدام کردن. بۆی گرینگ نییە کە چ کەسانێک دەبنە قوربانی درێژەی دهسهڵاتهكهی. هەزاران مەحکوم بە ئێعدامی تاوانه ئاساییهكان چەندین ساڵ لە زیندانەکاندا، لە كهش و ههوای وەحەشەتی مەرگدا چاوەڕێ راگرتووە تا هەر کاتێک ئامانجی سیاسی رژیم ویستی بیانباتە پای داری ئێعدام. مێژووی حەیاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران پڕە لەمجۆرە جەنایەتانە. کۆماری ئیسلامیی بۆ درێژەدان بە حەیاتی خۆی، روو دەکاتە تەنیا بژاردەیەکی کە لەبەر دەستیدایە، واتە سەرکوت و جەنایەت.
بەڵام کۆماری ئیسلامیی دەبێ بزانێ کە بە ئیجرای ئەمجۆرە حوکمە جەنایەتکارانە، نەک هەر ئەوپەڕی قین و تووڕەیی خەڵک هەڵدەخرێنێ، بەڵکوو نەفرەتی گشتی کۆمەڵگەی ئێرانیش بە نسیبی خۆی دەکات.
بۆ رزگار کردنی گیانی ئینسانە ئازادیخوازەکان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی، هیچ رێگا چارەیەک بێجگە لە قووڵ کردنەوە و پەرەپێدان بە خەباتی جەماوەری خەڵک نییە.