یارانە و دۆخی ئابووریی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان
سەیران مستەفازادە
سەرەتای هاتنی شتێک بە ناوی یارانە، خەڵک دڵخۆش بوون بەوەی کە رژیم یارمەتی کەسانی هەژار و بێدەرەتان دەکات و ئەو بڕە پارەیە دەتوانێ بڕێک لە کێشەکانیان کەم بکاتەوە، بەڵام دواتر کە سیاسەتی رژیم روون بوەوە و بۆ خەڵکی کوردستان دەرکەوت کە ئەو بڕە پارەی کە رژیم وەک یارانە بە خەڵکی دەدات، نە تەنیا بۆ یارمەتی ئەوان نییە، بەڵکوو ئەوانی چەند قات زیاتر تووشی کێشە و گرفتی جیاجیا کردوەتەوە و هەر لە سەرەتادا رژیم بە زیاد کردنی پارەی برق و ئاو و گاز نیشانیدا کە دوو بەرابەر ئەو پارەیە لە خەڵک وەردەگرێتەوە.
بە پێی وتەی زۆرینەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی سەرۆک کۆماریی “ئەحمەدی نژاد”دا بە هەر کەس ٤٥٥٠٠ تمەن وەک یارانە دەدرا، بەڵام بە هۆی هەڵاوسان و گرانی و زیادکردنی پارەی ئاو و برق و گازکە تا ئێستا لانیکەم دە قات زیادی کردوە، رژیم دە قات زیاتر پارەی لە خەڵک وەرگرتوەتەوە و یارانە نە تەنیا یارمەتی خەڵک نەدا بەڵکوو بە پێچەوانەوە زیانی زۆری بە ژێرخانی ئابووری بنەماڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گەیاند. ئەو دۆخەش وایکردووە کە شیرازەی بەشێکی بەرچاو لە بنەماڵەکان لە بەر یەک هەڵبوەشێتەوە و رێژەی جیابوونەوەی ژن و مێرد لە یەکتر لە ماوەی دە ساڵی رابردوو لانیکەم لە سەدا ٢٥ زیادی کردوە کە ئەو رێژەیە زۆر زۆرە و هەروەها هەڵاوسان چەند قات زیادی کردووە و ئەگەر تا دوێکە پارەی برق ٨ هەزار تمەن بوو، ئێستا ئەو رێژە بووە بە ٨٠ تا ١٠٠ هەزار تمەن.
بە پێی بڕیاری رژیم، یارمەتی خەڵک ٤٥٥٠٠ تمەنە کە بە بەراورد لەگەڵ دۆلار تەنها ٢ دۆلارە و ئەوەش نە تەنیا ناتوانێت یارمەتی خەڵک بدات بەڵکوو خەڵکی تووشی گرفتی زۆر کردوە و خەڵک چاوەڕوانی چاکسازین لەو پرۆژەدا. بەڵام کێ دەبێ ئەو چاکسازییە ئەنجام بدات، رژیمی ئیسلامی سیاسەتێک پەیڕەو دەکات کە نە تەنیا یارمەتی خەڵکی خۆی نەداوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، خەڵکی بە گشتیی رووت کردۆتەوە و ئەو پارەی کە دەبێ لە ناوخۆی ئێران خەرج بکرێت، لە جێگەگەڵی دیکە و بۆ مەرامی سیاسی و تیرۆر لە ناوچەکە و جیهاندا خەرجی دەکات و بۆ مانەوەی خۆی گوێ بە هیچ شتێک نادات.
رژیم بە دەس تێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و دروست کردنی بەرنامەی ناوکی خۆی دەیەوێت شەڕ لە ناو خاکی خۆی دوور بخاتەوە، بەڵام ئێمە بینیمان کە چۆن دەزگا سیخوڕیەکانی ئیسراییل بە ئاسانی توانیان بچنە ناو تان و پۆی شوێنە ناوەکیەکانی رژیم و تەنانەت لە ئێستادا هیچ کام لە دەزگا سیخوری و ئیتلاعاتیەکانی رژیم بۆ خودی رژیم ئەمن نین و وێرانکردنی بەشێک لە “نەتەنز” لەلایەن رژیمی ئیسرائیلەوە، کە رژیم سەرمایەگوزاری زۆری تێدا کردوە، نیشاندەری ئەوەیە کە ئەو رژیمە نە تەنها نەیتوانیوە لە دەرەوەی خۆی جێگە و پێگەیەکی قایم و پتەوی هەبێت، ئێستا لە ناوخۆدا و لە ناو هێزەکانی خۆشیدا تووشی کێشە بووە و شەڕ هاتۆتە ناو ماڵی خۆی و ئەوەش نیشان دەدات کە رژیم لە هەموو پرۆژەکانی خۆی شکەستی خواردوە و ئەو پارەی کە دەبوا لە ناوخۆ خەرجی بکردایەت و خەڵکی خۆی پێ پۆشتە و پەرداخت بکردایەت، ئەوا هەموو ئەو پارانەی لە وڵاتانی ناوچەکە خەرج کرد و خەڵکی خۆی برسیی راگرتووە و کوردستانیش تایبەتیتر تووشی هەژاریی و بێکاریی کردووە و رژیم بە شێوەی سیستماتیک رزقی خەڵکی بڕیوە و ئەمڕۆ سفرەی خەڵک لە ئێران و بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان خاڵییە و هەر ئەمانەش بوونەتە هۆی لە ناوچوونی ژێرخانی ئابووری و بە دەیان کارگە لە کوردستان داخراون و بە دەیانی دیکەش لە حاڵەتی داخستندان و بە هەزاران کەس بێکار بوون و رژیم راستە شتێک وەک یارانە بە خەڵک دەدات بەڵام لە بەرانبەردا رژیم پووڵی ئاو و برق و گازی چەند قات زیاتر کردوە و خەڵک دەڵێن پێدانی ئەو پارەیە بە پێی رێژەی هەڵاوسان هەر هیچ نییە و ئێمە توانای پەرداخت کردنی پارەی قەبزی ئاو، برق و گازمان نییە و هەڵاوسان دەقات بەرز بۆتەوە، بەڵام یارانە هەر ئەو بڕە پارەیە و هیچ زیادی نەکردوە و هیچ شتێک نەگۆڕاوە و ئەوەش وای لە ژیانی خەڵک کردووە کە تووشی کێشەی جدیی بن.
زۆرینەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر ئەو باوەرەن کە رژیمی ئیسلامی بە شێوەی سیستماتیک و دەس ئەنقەست گوشار دەخاتە سەر خەڵک و دەیەوێ بە برسی راگرتن و موعتاد کردنی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان ریگەی بیرکردنەوە و راپەڕین لە جەماوەر بگرێت. جێگەی ئاماژەیە دوای زیاتر لە یەک دەیە کە یارانە بە خەڵک دەدرێت، هاووڵاتیان ناتوانن بەو بڕە پارەیە تەنانەت قەبزی برقی خۆیان بدەن.