کوردوستان ، ٤٢ ساڵ خەبات و بەرخۆدان وتەیەک بە بۆنەی ١٢ی خاکەڵێوە، ڕۆژی خۆداسپاندنی کۆماری ئیسڵامی بە سەر ئێران و کوردستاندا

✍عەزیز ئاجیکەند

جه‌ماوه‌ری ئێران، به‌ هیوای گەیشتن به‌ ئازادی و به‌هره‌مه‌ند بوون له‌ ژیانێكی ئینسانی و باشتر، دژبه‌ ڕژیمی پاشایەتی ڕاپه‌ڕین و شه‌پۆله‌كانی شۆڕش سه‌رتاسه‌ری ئێرانی داگرت و بەم جۆرە ماشێنی ده‌وڵه‌تیی ڕژیمی په‌هله‌وی  لە ئاکامی ئەو ڕاپەرینەدا كه‌وته‌ به‌ر هێرشی  جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو و تێكشكا و هه‌ر ئه‌وه‌ش ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی كۆتایی به‌ ته‌مه‌نی ڕژیمی پاشایه‌تی له‌ ئێران هێنا.

خومەینی ڕێبه‌ری ڕه‌وتی ئیسلامی له‌ شۆڕشی ١٣٥٧ ڕۆژی ١٢ی مانگی ڕێبه‌ندان، له‌ ته‌بعیده‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه بۆ ئێران.  هاوکات لەگەڵ گەرانەوەی خومەینی، دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانانی بە تەواوەتی بە سەر ئێراندا زاڵ بوون. ئامریکاو هاوپەیمانانی بە باشی دەیانزانی کە ئێران بەرەو ئاقارێکی نادیار دەروات و بۆێە پێویست بوو لە بیری چارەسەرێکی تایبەتدا بن کە بەرژەوەندییەکانی ئەوان دابین بکات. ئەوەی راستی بی تەمەنی ڕژیمی شا بۆ ئەوان تەواو بووبوو و ڕژیمەکەی چیدیکە بۆیان جێی متمانە نەبوو.

دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانانی لە ڕۆژئاوا پێویستیان به‌ سه‌نگه‌ربه‌ندییه‌كی نوێ بوو له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ترسیی چوونه‌ده‌روه‌ی ئێران له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پشتێنە ئه‌منییه‌تیه‌ی كه‌ پێشتر به‌ ده‌وری یه‌كیه‌تیی سۆفییه‌تیان دا كێشابوویان. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا ‌ له‌مێژ بوو له‌ ماهییه‌تی ماددی و له‌ بیروڕا و ئه‌ندێشه‌ی ڕەوتی ئیسلامیی ئۆپۆزیسیۆنی شادا، پۆتانسیه‌ل و توانای گونجاوی بۆ بوون به‌ قه‌ڵایه‌كی دژه‌ كۆمۆنیستی ده‌بینی. ڕاوێژكارانی ئه‌مریكایی شا و ده‌ربار، هەوڵیان دەدا بە بەوە ڕازییان بکەن کە لە بەرانبەر ڕێبەرانی ئەو ڕەوتە ئیسلامییەدا ڕه‌وشتی نه‌رم و هێمنانه‌ بەکار بێنن و ” شا ” ش  گوێ‌ڕایه‌ڵی ڕاوێژی ئه‌وان بوو. له‌ وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌ ئۆرووپاییه‌كانى له‌كۆنفرانسى “گوادولۆپ”دا، ڕژیمى شا و داهاتووی ئێرانیان تاوتوێ كرد. ئه‌وان له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌ كۆى ده‌نگ ئه‌وه‌یان په‌سند كرد كه‌ چیتر پێویست ناكات پشتگیرى ڕژیمى شا و ده‌ربار بكه‌ن و له‌ لایه‌كى دیکەوە‌ بڕیاریاندا پێداویستییه‌كانى كۆنتڕۆڵی شۆڕش، بۆ ڕه‌وتى ئیسلامى دابین بكه‌ن.  له‌ ڕاستیدا كۆنفرانسى “گوادولۆپ” چاره‌نووسى ڕژیمى شاى دیاری كرد و هه‌وڵ و چالاكییه‌كانى وڵاته ڕۆژئاواییه‌كانى بۆ دانانى خومه‌ینى له‌ جیاتی شا، ها‌وئاهه‌نگ كرد. ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا نیگه‌رانى ئه‌وه‌ بوون كه‌ ده‌خاڵه‌تگه‌ریی چاوه‌ڕوان نه‌كراوى ئه‌رته‌ش باروودۆخه‌كه‌ له‌ كۆنتڕۆڵ به‌رێته‌ ده‌ر و ئێران تووشی ناسه‌قامگیریه‌كی دێژماوه‌ بكات. له‌ ڕوانگه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ وه‌ها باروودۆخێك، سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئێران بكه‌وێته‌ داوێنى یه‌كیه‌تیى سۆڤیه‌ته‌وه‌.  له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا  ” هایزێر ” وه‌ك ژنراڵێكى خاوه‌ن ئه‌زموون، كه‌ نفووزێكى زۆرى له‌ ناو گه‌وره‌ فه‌رمانده‌كانى ئه‌رته‌شى شادا هه‌بوو و له‌ هه‌مان كاتدا سیاسه‌تمه‌دارێكى لێهاتوو بوو، به‌ مه‌به‌ستى پێشگرتن له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ جووڵەیەکی نەخوازراو و کوودەتایەک له‌ لایه‌ن ئه‌ره‌ته‌شه‌وه‌ و به‌ ئامانجى ئاماده‌كردنى بارودۆخه‌كه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتداریەتیى خومه‌ینى ره‌وانه‌ى ئێران كرا. ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌رته‌ش ڕێگه‌خۆشكه‌ری به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ئیسلامییه‌كان بێت تا ئه‌وانیش بتوانن به‌ وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى، شه‌پۆله‌كانى شۆڕش كونتروڵ بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ ته‌نیا به‌شێك له‌و ستراتێژیه‌ بوو کە ئەوان ڕەچاویان کردبوو، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی کە بۆ ئەوان زۆر گرنگ بوو ، جێخستن و داسه‌پاندنى خومه‌ینى وه‌ك ئاڵترناتیڤى رژێمى پاشایه‌تی به‌ سه‌ر بیروڕاى گشتى خه‌ڵكى ئێراندا بوو.

دیارە به‌ ڕووخانی شا و یارمەتییە دەرەکییەکان کە تارادەیەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردن، ئامانجه‌كه‌ی خومەینی تاڕادەیەکی زۆر  وه‌دی هاتبوو، كه‌وابوو ده‌بوایه‌ مه‌شخه‌ڵه‌كانی شۆڕش خامۆش بكات. به‌ڵام وه‌دی هاتنی ئه‌م ئامانجه‌ش ئامرازی تایبه‌ت به‌خۆی پێویست بوو. خومه‌ینی، ستراتێژیی خۆی بۆ خامۆش كردنی مه‌شخه‌ڵه‌كانی شۆڕش، هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنا. فریوكاریی خومه‌ینی و په‌رده‌پۆشی نیازیی ڕاسته‌قینه‌ی له‌ بیروڕای گشتیی كۆمه‌ڵگا، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی پێدا تا خۆی بۆ سه‌ركوتی نیهایی و یه‌كجاریی  شۆڕش ئاماده‌ بكات.

گرنگترین شت  بۆ خومەینی ئەوە بوو کە لە سەرەتاوە کارێک بکات کە دەستی دەخاڵەتی دەرەکی لە ناوخۆی ئێران کەم کاتەوە تا بە سەرێشەیەکی کەمتر بەرەو شەڕی نەیارانی بروات و پێگەی دەسڵاتی خۆی لە ئێران قایمتر کات.  خومەینی و هاوبیرانی باشیان دەزانی کە لە گۆشە و کەناری ئێران خەڵکان و ناڕازیانێک هەن کە ئەو و دەسەڵاتەکەیان ناوێ و خوازیاری هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی سکۆڵار و خەڵکین. خومەینی خۆی دژی دیمۆکراسی و ئازادی بوو کەواتە دەبوو کەش هەوایەک لە ئێران زاڵ بکات کە ڕێگە بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی بکاتەوە.

بۆ ئەم مەبەستە بێدادگا ئیسلامییەکان یەکەم جەلەسەکانی خۆیان لە تاران دەستپێکرد. تیغی قینی جەلادە بە دەسەڵات گەیشتووەکان بە ئامانجی سەپاندنی كه‌ش و هه‌وای ترس و وەحشەت لە سەرجەم کۆمەڵگادا و پته‌وکردنی بناغەکانی ڕژیمێک کە خەریکی بنیاتنانی بوون، كه‌وته‌ كار. یەکەم سەرکوت و یەکەم ئێعدامەکان لە ٢٦ی مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ دەستیان پێکرد. خومەینی راستەخۆ فەرمانی کوشتاری دەرکرد و سادق خه‌ڵخاڵی وەک یەکەم قازی شەرعی ڕژیمی ئیسلامی، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئەم فەرمانە دیاری کرا. بەزویی دەرکەوت کە ئامانجی بەهیچ شێوەیەک به‌ڕێوه‌بردنی دادپەروەری دەرحەق بە نەیارانی شۆڕش و کەسانی سەربە ڕژیمی پێشوو نەبوو. بەڵکوو خومەینی دەیهه‌ویست خەڵکێک کە پێشبینی دەکرد گوێ بە فه‌رمانەکانی نادەن و دەبنە کۆسپی سەر رێگای سەقامگیریی ڕژیمه‌ ئیسلامیەکەی، لەناوبەرێ یان چاوترسێنان بکات. بەم شێوەیە بەناو دادگا ئیسلامیەکان، لە سەرتاسەری وڵاتدا پێکهاتن، کوشتارەکان دەستیان پیکردوو بەشێکی زۆری وڵات میلیتاریزە کرا.

ئەمجار خومەینی پێویستی بەوە بوو لە کردەوەیەکی فریوکارانە و نوومایشێکی ساختە دا ، کار بۆ مەشروعییەت پێدانی زیاتری خۆی بکات و دەسەڵاتی سەرەرۆیانەی خۆی بە سەر هەموو ئێراندا بکێشێ. بۆ ئەم مەبەستە باسی ڕێفراندۆم و گشتپرسیی هێنایە گۆڕ کە تێدا خەڵک دەبوو دەنێ ئەرێ یان نا بە دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە باتی عکوومەتی پاشایەتی بدەن.

ئەگەر چی هێشتا دوو مانگێک بەسەر ڕاپەرینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە دژی ڕژیمەکەی مەحەمەد رەزا شادا تێپەر نەبوو، بەڵام ڕۆژی ١٢ی خاکەڵێوە وەک ڕۆژی ” گشت پرسی لە خەڵکی ئێران ” دیاری کرا .

بەمجۆر و لە نومایشێکی ساختەی لەم چەشنە دەستبەسەرا گرانی شۆڕشی خەڵکی ئێران بە ڕێبەری جەڵادێکی ڵە چەشنی خومەینی، خورافە و سەرکوتی خۆیان بەسەر ئەم وڵاتەدا رەسمیەت پێدا. ئێتر لەم ڕۆژەوە ، ١٢ی خاکەلێوە ، وەک ڕۆژیکی نەحس و نەفرەت لێکراو لە لایەن ئازادیخوازان و نەیارانی کۆماری ئیسڵامییەوە سەیر دەکرێ.

ڕاستییەکەی ئەوە بوو کە ، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ، هێشتا بەتەواوەتی ناوەرۆکی ڕاستەقینە و بیروبۆچوونی کۆنەپەرستانە و دژی خەڵکی و ئامانجی قیزەونی داگیرکەری شۆڕشیان نەناسیبوو. هەربۆیە دارودەستەی خومەینی بۆ بەڕیوەبردنی وەها شانۆگەرێک زۆر بەپەڵە بوون. ئەوان بە باشی دەیانزانی ئەگەر خەڵک دەرفەتی هەبێت بە چاوی کراوە سەبارەت بە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی ئیسلامیی داوەری بکات، ئاکامی ریفراندۆمەکە ئەو جۆرە نابێت کە خومەینی و دارودەستەکەی مەبەستیان بوو. کاربەدەستانی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی بەهرەمەند لە ئیمکاناتێک کە دەستیان کەوتبوو وە بە کەڵک وەرگرتن لەو تریبونانەی کە لە ئیختیاریاندا بوو وە بە پشت بەستن بە سوننەتە مەزهەبیەکانی باو لەنێو خەڵکدا، ئاکامی بەناو راپرسییەکەیان بە قازانج و بەناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاند و بەمجۆرە  کۆماری ئیسڵامیی لەدایک بوو و ڵەو ڕۆژە بەدواوە زۆر بێشەرمانە دەسڵاتی سەرەرۆیانەی خۆیان سەقامگیر کرد و پەرەیپێدا.

پێویستە بوترێ کە ڵەم ڕۆژەدا و لەنیوان کۆمەڵانی خەڵکدا ،خەڵکانێکش بوون کە بەناچاری و هه‌ندێکیشیان لە رووی تەوەهومەوە دەنگی ” ئەرێ” یان  هەڵدەبژارد و دەیانخستە سندوقی دەنگدانەوە. هەڵبەت لەوکاتەشدا ئەو دەستەیە لە خەڵک ناوەرۆکی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی مەزهەبی و بەهێز بوونی کۆنەپەرستانیان بەرابەر لەگەڵ دەسەڵاتی سەرۆیانە و دیکتاتۆڕی پادشایەتی دەزانێ، نەک هەر ئەم ریفڕاندۆمەیان تەحریم کرد بەلکوو تا ئەو جێگایەی لە توانایانیشدا بوو، داوایان لە جەماوەری خەڵک کرد بەشداری تێدا نەکەن. کە بێگومان خەڵکیکوردستان ڵە رێزی ئەو بەشە ڵە کۆمەڵانی خەڵکی ئێڕاندا بوون کە بە” نا ” بەشداریان ڵەم ڕاپرسێیەدا کردوو کەوتنە بەرەی دژی کۆماری ئیسڵامی.

کوردستان ، تەمەنێک لە خەبات و تێکۆشان و خۆڕاگری

کوردوستان هەر لەسەرەتای بە دەسەڵات گەیشتینی کۆماری ئیسڵامییەوە بەدەنگی دلێری خۆی، “نا” ی بە کۆماری ئیسڵامی وت و لەو ڕۆژە بەو ڵاوە کوردستان ئیتر بوو بە مەکۆی شۆڕش و بەرخۆدان و چەقلی چاوی داگیرکەران .لەناو خەڵکی کوردستاندا کۆمەڵێک کەسایەتی خۆشناو و هێزو ڵایەنی سیاسی بوون کە هەر لە سەرەتاوە باوەریان بە کۆماری ئیسڵامی و دەسەڵاتەکەی نەکردوو لە بزووتنەوەیەک دژی حکوومەتی دیکتاتۆریی ئیسلامیی تازە بەدەسەڵات گەیشتوودا بەشداریان کرد و تا بە ئەمرۆش کوردستانیان بۆ داگیرکەران کردۆتە دۆزەخ.

لە نێو ئەو کەسایتیە خۆشناوانەدا کە لە پێشەوەی جوڵانەوەی بەرحەقی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا دەبیندرێن، مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسێنی جێگەیەکی دیاری هەیە. مامۆستا شیخ عیزەدین لە پەیامی خۆێدا لە ڕۆژی ١٢ی خاکەڵێوەدا  روو بە خەڵکی کوردستان وتی :وێڕای پشتیوانی کردن لە داوای بەرحەقی خەڵکی بەش مەینەتی ئێران، لە بەر ئەوەی کە ناوەرۆکی کۆماری ئیسڵامی ڕوون و ئاشکرا نییە و سیاسەتی کۆماری ئیسڵامیی لە پەیوەند لەگەڵ مافی دیاری کردنی چارەنووس و پرسی کورد و مەسئەلەی خودموختاریی کوردستان، ناڕوون و گوماناوییە ، لە رێفراندۆمی ” ئەرێ یا نا ” بەشداری ناکەم و خەڵکیش لەو پەیوەندیەدا ئازادن چۆن بریار دەدەن.

کۆمەڵە، کە تازە هەڵسووڕانی ئاشکرای خۆی دەسپێکردبوو و لەماوەیەکی کەم دا جێگە و پێگەی خۆی لەناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا کردبووەوە، لە ڕاستییدا پێشەنگی ئەو خەباتە لە دژی کۆماری ئیسڵامی بوو. کۆمەڵە یەکەم هێز لە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستان بوو کە  زۆر زوو هاتە مەیدانی دژایەتی لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی نوێ و بە ئاشکراو بە بێ دوودڵی و ڕاستگۆێانە ، کۆماری ئیسڵامی بە ڕژیمێکی دژی خەڵکی و سەرەڕۆ و پێشڵکاری مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان، پێناسە کرد و ڕایگەیاند کە ئێمە وەک کۆمەڵە لەو رێفراندۆمەدا بەشداری ناکەین. دوابەدوای بریارەکەی کۆمەڵە ، حەوت رێکخراو و تەشەکووڵ و کۆر و کۆمەڵی سیاسی دیکەش ڕایانگەیاند کە لەو رێفراندۆمەدا بەشداری ناکەن. ناوی ئەو حەت رێکخراوو کۆروکۆمەڵە سیاسیە بریتین لە:

جەمعییەتی دیفاع لە ئازادی و شۆڕشی کوردستان (سنە)، یەکییەتی خوازیارانی مافی گەڵی کوردی ئێران (مەریوان) ، جەمعییەتی زەحمەتکێشان و پشتیوانیی مافەکانی گەڵی کورد (بۆکان) ، ناوەندی هاوبەشی هێزەدیمۆکراتیکەکان (مەهاباد) ، جەمعییەتی خەباتگێرانی رێگای ئازادی و مافی گەڵی کورد (بانە) و جەمعییەتی ڕێگای ڕزگاریی زەحمەتکێشان (مەهاباد). ئەم کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیانە ، بە ئاشکرا لەسەر نادیمۆکراتیک بوونی  ریفراندۆمەکە جەختیان کردەوە و بە ئاشکرا ڕایان گەیاند کە گومان لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسڵامی دەرحەق بە ماف و ویستەکانی گەڵی کوردا هەیە و ئەم ڕژیمە ناتوانی دۆستی گەڵی کورد بیت .

بەم شێوەیە بەشێکی هەرە بەرچاوی خەڵکی کوردستان لە ئەو بەناو ڕیفراندۆمەدا بەشدارییان نەکرد و بەو شێوەیە ” نا” یان بە ڕژیمی کۆماری ئیسڵامی وت و لەبەرەی دژی ئەو ڕژیمەدا ڕاوەستان. ئەم ڕاوەستان و بەشداری نکردن لە ڕێفراندۆمەدا، بەمانای شکڵ گرتنی خەباتێکی هەمەڵایەنەی خەڵکی کوردستان دژی ڕژیمێکی خۆین مژی وەک کوماری ئیسڵامییئێران بوو. ئەم ڕۆژانە ڵەراستیدا وەبیرهێنەرەوەی یەکەم ڕۆژەکانی ڕەت کرانەوەی مافی هەڵبژاردن لە دیاری کردنی مافی چارەی خۆنوسین و یەکەم ڕۆژی سەقامگیر بوونی دەسەڵاتی جەهل و خورافە و یەکەم ڕۆژی شکڵ گرتنی دەسەڵاتیکەکە هەم کۆنەپەرستانە و هەم سەرەرۆیانەیە. کوردوستان هەر لە یەکەمین ڕۆژەکانی بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسڵامی بوو بەمیدانی خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز. کۆماری ئیسلامی بۆ ئەستاندنەوەی دەستکەوتەکانی راپەڕینی ٥٧ لە کوردستان و هەروەها دوای هەڵوێستی شۆڕشگێرانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ڵە ڕاپرسیی ١٢ی خاکەڵێوەدا، پیلانی هێرشێکی هەمەلایەنەی نیزامی بە دژی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داڕەشت. بەڵام ئامانجی ڕژیم تەنیا زاڵ بوونی نیزامی بەسەر جوگرافیای کوردستان نەبوو بەڵکو زاڵ بوون بوو بەسەر ئیرادەی شۆڕشگێڕانەیاندا لە رێگای پەرەدان بە خورافە پەرستیەوە. ڕژیم هاوتەریب لەگەڵ داگیرکردنی نیزامیی کوردستان بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی هێرشێکی فەرهەنگی رێکخراویشی داڕەشت و هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێی کرد. ئامرازەکانی ئەم هێرشە بریتین بوون لە: سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی کوردستان، ناوەندی گەورەی ئیسلامی ڕۆژئاوای وڵات، ئیدارەی گشتی ئیرشادی ئیسلامی کوردستان، کانونی فەرهەنگی تەربیەتی مزگەوتەکان، کانونە فەرهەنگی هونەریەکانی مزگەوت، کانونی پەروەرشی فکری ئیسلامی منداڵان لە کوردستان، ئیمام جومعە بەکرێگیراوەکان، شوڕای ئیقامەی نوێژ، ناوەندی بەناو ئیسلاحی فەرهەنگی سەربە ناوەندە دەوڵەتییەکان و سپای پاسداران و بەسیج لە کوردستان و دەیان ئەنجومەنی مەزهەبیی دیکە. هەموو ئەم ناوەندانە بۆ بەرەپێش بردنی چالاکیەکانیان لە پشتیوانی هەمە لایەنەی ماڵیی دەوڵەت و سپای پاسداران بەهرەمەند بوون. لە ئاکامی فەعالیەتی ئەم ناوەندانەدا لە چوار دەیەی ڕابردودا هەزاران مزگەوت، تەکیە و حسێنییە لە شار و دێهاتەکانی کوردستان دروست کراون و حەوزەکانی بەناو عیلمیەی دینی بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیان سەندووە. لەم بارودۆخەدا و لە ٤٢ ساڵی ڕابردوودا هەموو جۆرە چالاکییەکی فەرهەنگی پێشڕەو و موتەرەقی لەژێر ناوی هەڕەشە بۆسەر ئەمنیەتی نەتەوەیی قەدەغە کراوە. ڕۆژنامە و نەشریەی سەربەخۆ و پێشڕەو ئیجازەی بڵاو بوونەوەیان نییە.

ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوە، ئەگەر بۆ کۆماری ئیسلامی ڕۆژی دەستپێکی چلودووهەمین ساڵە لە حاکمیەتی نیزامی سەرمایەداری ئیسلامی، بۆ جەماوەری خەڵک ساڵڕۆژی راگەیاندنی کۆتایی دەور و نەخشی جەماوەری خەڵکە لە شۆڕشێکی شکۆداردا و ساڵڕۆژی دەستپێکی ڕژیمێکی کۆنەپەرست و ساڵڕۆژی تەمەنێک سەرکوت و سووکایەتی و تەحەمول کردنی هەژاری و برسیەتی و دەستپێکی زەوتکرانی سەرەتایی ترین ئازادییە فەردی و کۆمەڵایەتیەکانە.

رق و تورەیی کاربەدەستانی کۆماری ئیسڵامیی لە خەڵکی کوردستان

ڕووداوەکان وەک خۆێان دەدوێن :

له‌ كۆتایی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٣٥٧ و له‌ ده‌سپێكی مانگی گوڵانی ١٣٥٨، له‌ شاره‌كانی مه‌هاباد و سنه‌، به‌ ده‌ستووری فه‌رمانده‌ی پادگانه‌كانی ژێر فه‌رمانی ڕژیمی نوێ، خه‌ڵكییان دایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌، له‌ مه‌هاباد ٢٠ كه‌س به‌هۆی ته‌قه‌ی ئه‌م هێزانه‌ و له‌ شاری سنه‌ش نزیك به‌ ٢٠٠ كه‌س به‌هۆی تۆپباران، گیانیان له‌ده‌ست دا.

هه‌ر ئه‌و كات ڕژیم توانیبووی به‌شێك له‌ كۆنه‌په‌ره‌ستانی ناوچه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ خۆی بخات و بە دژی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان تەیاریان بکات. چه‌كدار كردنی فێئۆدال و عه‌شایر و ڕێكخستنیان له‌ ته‌شكیلاتێكی كۆنه‌په‌رستانه‌ له‌ ژێر ناوی ” شورای عەشایری کوردستان “بە‌هێزكردنی جه‌ریانی ئیسلامی به‌ ڕێبه‌ریی ئه‌حمه‌د مۆفتی زاده‌ له‌ شاری سنه‌، له‌ زومره‌ی ئه‌و هه‌وڵ و چاڵاکیانەدابوو کە کۆماری ئیسڵامیی بەدژی خەڵکی کوردستان ئەنجامی دان. ڕۆژی ٣١ی گوڵانی ١٣٥٨ شه‌ڕی نێوان خه‌ڵكی تورك و كوردییان له‌ شاری نه‌غه‌ده‌ هه‌ڵگیرساند و ژماره‌یه‌ك پاسداریان به‌ فه‌رمانی مه‌لا حه‌سه‌نیی كۆنه‌په‌رست، بۆ كوشتن و تاڵانی خه‌ڵك ڕه‌وانه‌ كرد. هه‌روه‌ها پاسدارانی كۆماری ئیسلامی، له‌ ڕۆژی ٢٣ی مانگی پووشپه‌ڕ له‌ شاری مه‌ریوان خه‌ڵكییان دایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ٢٤ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و ٤٠ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون. هاوكات له‌ شاری سنه‌ش به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم چه‌ند كه‌سی دیكه‌ گیانیان به‌خت كرد. هێرش بۆ سه‌ر كوردستان له‌ ٢٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٥٨له‌ ڕاستیدا به‌شێك له‌ پڕۆسه‌ی سه‌ركوت كردنی شۆڕشی ئێران بوو. ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌ یه‌كه‌م ساته‌كانی به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ڕه‌وتی ئیسلامی، له‌ ده‌ستووری كاریان دابوو. به‌رله‌ هێرشی ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٥٧ بۆسه‌ر كوردستان، خوێندكارانی زانكۆكانیان سه‌ركوت و بزووتنه‌وه‌ی توركه‌مه‌ن سه‌حرایان خه‌ڵتانی خوێن و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی خووزستانیان سه‌ركوت كرد. كرێكارانی به‌نده‌ر ئه‌نزه‌لییان له‌ ئیسفه‌هان دایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌. به‌ڵام كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ركوت كردن له‌ كوردستان، پێویستی به‌ ئاماده‌كاریه‌كی زیاتر بوو. هه‌ر بۆیه‌ هێرش بۆسه‌ر كوردستان له‌چاو هێرش بۆسه‌ر ده‌ستكه‌وتی به‌شه‌كانی دیكه‌ی خه‌ڵكی ئێران، بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌دوا كه‌وت.

سه‌ره‌نجام له‌ درێژه‌ی ئه‌م جه‌نایه‌تانه‌دا، هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا، ڕۆژی ٢٨ی گه‌لاوێژ هێرشی نیزامی بۆسه‌ر كوردستان ده‌ستیپێكرد. هێزه‌كانی ڕژیم له‌ دوو میحوه‌ری ورمێ و كامیارانه‌وه‌ په‌لاماریان هێنا بۆسه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان. هه‌ر ئه‌‌و كات كۆمه‌ڵه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یانییه‌یه‌ك له‌ ژێر ناوی ” گه‌لی كورد له‌ كوانووی تاقیكردنه‌وه‌دا “بانگه‌وازی خه‌ڵكی كوردستانیان كرد بۆ موقاومه‌تێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ دژی ڕژیمی ئیسلامی. له وڵام به‌م بانگه‌وازه‌دا خه‌بات و خۆڕاگرییه‌كی كه‌م وێنه‌ له‌ كوردستان كه‌وته‌ ڕێ. ئه‌گه‌رچی موقاومه‌ت له‌ هه‌موو به‌ره‌كاندا گیانفیدایانه‌‌ بوو، به‌ڵام له‌ یه‌كه‌م‌ هه‌نگاودا، ڕژیم توانیی به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ هێزی ئاسمانی و تۆپخانه‌، كوردستان داگیربکا‌. زۆری نه‌خایاند كه كۆماری ئیسلامیی‌ وه‌ك ڕژیمێكی داگیركه‌ر و بێگانه‌، كه‌وته‌ به‌ر هێرشی به‌ربڵاوی هێزی پێشمه‌رگه‌ و هاوكات خۆپیشاندانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌ شاره‌كان ده‌ستیپێكرد و دوای تێپه‌ڕینی ٣ مانگ، هاوسه‌نگیی هێز به‌ قازانجی خه‌ڵك گۆڕا و ڕژیمی ‌ ناچار به‌ پاشه‌كشه‌ و ئاگربه‌س و هاتنه‌ سه‌ر مێزی وتووێژ، كرد.

گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ڕێكخراوه‌ سیاسییه‌كان بۆ شاره‌كان و پێشوازیی شكۆداری خه‌ڵك و په‌ره‌سه‌ندنی چالاكیی سیاسی و پێكهاتنی شورا و ڕێكخراوه‌كان و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتداریەتیی خه‌ڵك به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی، شكستی به‌ هێرشی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ٢٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ٥٨ی ڕژیم هێنا و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستانی برده‌ قۆناخێكی دیكه‌ له‌ خه‌بات و خۆڕاگری. خه‌ڵك به‌ تایبه‌ت لاوان، نوێترین شێوه‌كانی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگایان به‌كار هێنا و له‌ زۆر شوێنی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی سالم و دیمۆكراتێك كۆمه‌ڵگایان ئیداره ده‌كرد. ئه‌منییه‌تی گه‌ڕه‌كه‌كان به‌ یارمه‌تیی خه‌ڵك دابین ده‌كرا. بڵاوكردنه‌وه‌ی خۆراك و  باقی پێداویستیه‌كانی دیكه‌یان ڕێكخست. خزمه‌تگوزاریی پزیشكی و ده‌رمانی ده‌ستی به‌كار كرده‌وه‌. مه‌دره‌سه‌ و ئیداره‌كانیان كرده‌وه‌‌ و كێشه‌ و گرفتی خه‌ڵكییان چاره‌سه‌ر ده‌كرد و ئه‌خلاق و هه‌ڵسووكه‌وتی ئینسانی له‌ هه‌موو بوارێكدا په‌ره‌ی پێده‌درا.

له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ ٦ مانگدا كه‌ كۆماری ئیسلامی خه‌ریكی ئاماده‌كاریی و خۆڕێكخستن بۆ هێرشێكی دیكه‌ بوو، كۆمه‌ڵه‌ سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌سته‌كانی سه‌ر ڕێگای،  هه‌وڵی ده‌دا بیر و ڕای گشتیی له‌ كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌لامارێكی چاوڕوانکراوی دیكه‌ی ڕژیم، ئاماده‌ بكات. كۆماری ئیسلامی له‌ وتووێژێكی ڕاستەقینە له‌گه‌ڵ ” هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان” خۆی ده‌دزێوه‌ و به‌ مانۆڕی فریوكارانه‌ له‌ هه‌وڵی وه‌رگرتنی ده‌رفه‌تی زیاتر دابوو. سه‌ره‌نجام كاتێك ڕژیم ئاماده‌كاریه‌كانی كامڵ بوو، ڕێكه‌وتنی ئاگربه‌ستی نایه‌ ژێر پێ و له‌ مانگی خاكه‌لێوه‌ی ١٣٥٩ هێرشی دووباره‌ی خۆی بۆسه‌ر كوردستان، ئه‌مجاره‌یان له‌ میحوه‌ری كامیاران سنەوە دەسپێکرد. موقاومه‌تی خه‌ڵكی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی كۆماری ئیسلامیدا هه‌ڵگری گه‌لێك ده‌رس و ده‌ستكه‌وته‌ كه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆش سه‌رمایه‌ی به‌نرخی كۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌ خه‌باتێك كه‌ بۆ وه‌دی هێنانی ئامانجه‌كانی، به‌ره‌وڕوویه‌تی.

بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ په‌نا شكڵه‌ جۆراوجۆره‌كانی خه‌بات و موقاومه‌ت، خاوه‌نی گه‌لێك ئه‌زموونی به‌نرخه‌ له‌ بوار مانگرتنی سیاسیی گشتییه‌وه‌. ١٥ی جۆزه‌ردانی ١٣٦١،كۆچی مێژوویی خه‌ڵكی مه‌ریوان  و ڕێپێوانی خه‌ڵكی باقی شاره‌كان بۆ‌ پشتیوانی له‌وان و مانگرتنه‌ شكۆدارەکانی  ١٦ی گه‌لاوێژی ١٣٨٤، ٢٣ی گوڵانی ١٣٨٩، ٢٢ی خه‌رمانانی ١٣٩٦، ئه‌مانه‌ له‌ زومره‌ی ڕۆژه‌ گرینگه‌كانی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانن. له‌م ڕۆژانه‌دا شایه‌دی نموونه‌گه‌لێكی به‌رچاو له‌ ئه‌زموونی مانگرتنی سیاسیی گشتی له‌ كوردستانی شۆڕشگیرین.

بەهاری ئەمساڵ ٤٢ ساڵ بەسەر خۆراگریی خەلکی کوردستان تێپەردەبێ. هێماکانی ئەم خۆڕاگریە لە بەڕیوەچوونی مەڕاسمی نەورۆز و چوارشەممە سووری، مەڕاسمی جێژن و شادی و ڕەشبەڵک لەم بۆنانەدا و لەگەڵ هەموو سەرکەوتنێک لە باقی بەشەکانی کوردستان، دیفاع لە هونەر و ئەدەبیاتی مقاومەت و نیشاندانی هۆگری بۆ سرودە شۆڕشگێڕانەکاندا  و هەروەها ڵە مانگرتنە یەک لە دوای یەکەکانی جەماوەری شۆڕشگێری کوردستاندا خۆی دەنوێنێ.

ئەمرۆ خەڵکیکوردستان داواکاری ڕووخاندنی ئەم ڕژیمەن و لە خەباتی ڕۆژانەی خۆیاندا لە هەولی خولقاندنی زەمینەکانی  شۆڕشێکدان کە کۆتایی بە عومری پر لە جینایەتی دەوڵەتێک بینن کە ٤٢ ساڵە ژیانی لێکردون بە دۆزەخ.  لە ڕۆژی دامەزرانی حکومەتی جەنایەت، خەڵەتاندن و وێرانیی کۆماری ئیسلامیدا جێی خۆیەتی ڕێز لە یادی ئەو ژن و پیاوە ئازادیخوازانە بگرین کە لە خەبات بۆ بەرگرتن لە بەهێز بوونی ئەم دێوەزمە دژی ئینسانیەدا و دەستەبەر بوونی ئامانجە ڕاستەقینەکانی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵک، لە مەیدانی نەبەرد دا یان لە زیندانەکاندا گیانیان فیدا کرد.