لاوان هێزی بزوێنەری شۆڕشەکانی کوردستان…

وشیاری و عەقلیەتی سیاسی لە نێو لاوانی کوردستان بەردەوام هێمای خەبات بووە، شەوقی لاوی لەگەڵ هەستی ئازایەتی بووەتە خەباتی بەردەوام کە بەشێ لە ژیانی لاوانی کوردستان بووە. بوێری حاشاهەڵنەگەر کە لاوانی هان داوە هەمیشە و بوێرانە لە ڕیزی خەبات بن، لاوان بە هەموو چین و توێژەکان لە زانکۆ بگرە تا قوتابخانە، کرێکار و کوڵبەر بەژن و پیاو لە سەفی ئەوەڵی بزووتنەوەی کوردستان بەشدار بوونە، هەموو کاتێ لە لایەن کۆماری ئیسڵامی خەباتی لاوانی کوردستان بە توندووتێژی کێشراوە بەڵام هیچ کات ماندوو نەبوون و بەردەوام وەکوو هێزێ توانا سونەتەکانیان شکاندووە و بەپێچەوانەی هاتنی ڕووبار جووڵاندنەوەیان هەبووە و پێشەنگی بزووتنەوە بوون.
ئەگەر ئاوڕێک بدەین بە ڕابردوو، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆمەڵە لە کوردستان بەشێ لە لاوان تێگەیشتوو و ڕۆشنبیر وەکوو کاک فوئاد و هاورێیەکانی لەتەمەنی لاوی کاتێ لە زانکۆی تاران دەرسیان دەخوێند، گەیشتن بەو ئاستە کە دامەزرێنەری حیزبێ بن کە هەتا ئێستاش هەر لە دڵی خەڵکی کوردستان جێگە و پێگەی خۆی هەیە، دواتریش کە کۆماری ئیسڵامی کوردستانی بە تۆپ و تانک داگیرکرد بەڵام هەر لاوانی شۆڕشگێر خەباتیان دەکرد. لەساڵەکانی ١٣٦٠سەدان لاوی شۆڕشگێر وخەباتکار بەدەست کۆماری ئیسڵامی گیانیان بەخت کرد، تیرباران کران و زۆربەیان لە زیندانە ترسناکەکان کۆماری ئیسڵامی لە ژێر ئەشکنجە گیانیان بەخت کرد و لە سێدارە دران، دوای کۆتایی هێنانی شەڕی عێراق و ئێران لاوان بە شێوازێ تر خۆیان جێگیر و بۆژەن کردەوە. هەرچەند لە زۆربەی شوێنەکان بەتایبەت کوردستان زەبروزۆر و سەرکوتی توند حاکم بوو، تا ئەوەی کە وردە وردە تکنولوژیا، موبایل و ئینترنت ڕێگەی نوێی بۆ لاوان کردەوە، توانیان خەباتی خۆیان بە شێوازێ تر دەست پێ بکەن. لە ساڵی ١٣٧٨ یەکەمین خۆپێشاندان لەسەر شەقامەکان دوای شۆڕشی ١٣٥٧ سەریگرت، ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی لاوانی زانکۆ بوو لەتاران بە هۆی کێشەی کوی زانکو بەشێ زۆر لە خوێندکاران دەستبەسەر کران بەڵام دواتر لە کوردستان بەشێوازێ تر بوو، لەشارەکانی سنە، مەهاباد، سەقز، مەریوان، بۆکان و بانە زۆربەی لاوان لە زانکۆکان و لاوانی قوتابی و هەموو چین وتوێژێک بەشدار بوون ودرۆشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆریان دا. کۆماری ئیسڵامی بە گازی فرمێسکێن، تەقەی ڕاستەوخۆ خەڵکی زۆریان کۆشت و دەستبەسەر کرد بەشێکیشی بێ سەروشوێن بوو. ئەمانە نیشاندەرەوەی ئەوەیە کە هەستی لاوانی کوردستان چەندە بەرزە. دواتر دەیبینین کە چەندە جوانیش لە ساڵی ١٣٨٨چۆن هەڵوێست دەگرن و بەرانبەر بزووتنەوەی سەوز کە سەردەمی هەڵبژاردن بوو لە نێوان ئەحمەدی نیژاد و میرحسین موسوی و مێهدی کرووبی و بێدەنگ ئەبن و خۆێان ناخەنە ناو شۆڕشێکی لادەر و ڕیفۆرمخواز چونکە لاوانی کۆردستان ڕۆشنبیرتر و ئازاتر لەوە بوون کە فرێوی ئەو باڵماسکەی رژیمە بخۆن و دەیان زانی چییان بۆ کوردستان ئەوێت، لاوانی کوردستان کە ساڵانێ لە ژێر دەستی داگیرکەر بوون و خواستەکانیان جیاوازتر بوو ئەوان هیوای ئازادی، دیموکراسی، سکۆلار، یەکسانی ژن و پیاو و مافی نەتەوەی خۆیان دەویست کە لە بەفرانباری ٩٦ خۆی نیشان دا یەکێ تر لەخۆپێشاندانە بەهێزەکان کە لاوانی کوردستان تێدا بەشدار بوون بەهۆی گرانی، بیکاری و گەندەڵی خەڵک ژیانیان دژوار بوو و دووبارە بەهێزتر هاتنە سەرشەقامەکان و دەستیان کرد بە خۆپێشاندان. لەشارەکانی سنە، مەریوان، سەقز، بانە و مەهاباد خەڵک شەقامەکانیان گرت، هاوکات لەگەڵ شارەکانی دیکەی ئێران، و درۆشمی نان، کار، ئازادییان دا، هەرچەند سەرکوت و بایکوت لە کوردستان زیاتر لە شارەکانیی دیکە بوو. لاوان بەتایبەت خوێندکاران، کرێکاران، قوتابیان و بێکاران لەسەفی یەکەمی ئەم ناڕەزایەتیە بوون و بەرامبەری هەژاری و هەڵاواردنی چینایەتی و ڕەگەزی هاتنە مەیدان. ناڕەزایەتی بەفرانباری ١٣٩٦ هەتاوی کە لە ٧ی بەفرانبار لە شاری مەشهەد بەهۆی گرانی دەستی پێی کرد و کێشرا بە ١٦٠ شاری ئێران و تا ١٩ی بەفرانبار درێژەی هەبوو کۆماری ئیسڵامی بە دڕەندەترین شێوە هێرشی کردە سەر خەڵک و لە کوردستان حکومت نیزامی دانا خەڵکی زۆر کوژران و دەستبەسەربوو. لاوان ئەو هێزە بەقوەتە بەهەموو سەرکووتە جارێتر خۆیان بە شێوازێ تر سازمان دا و ئەم جار لە خه زەڵوەری ١٣٩٨ خڕۆشانەوە، کاتی کۆماری ئیسڵامی جارێ تر جەختی خستە سەرخەڵک و بەنزینی سێ بەرابەر گرانتر ڕاگەیاند خەڵک بەتایبەت لە ناوچە هەژار و بەشخوراو وەکوو کوردستان، کرماشان، خوزستان، سیستان و بلوچستان دەستیان دا بە خۆپێشاندان و هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕ، لەشارەکانی کوردستان وەکوو سنە، مەریوان، سەق، بانە، مەهاباد، بۆکان و کامیاران ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیە چەند ڕۆژی خایاند. لاوان بەتایبەت خوێندکاران، کرێکاران، کوڵبەران، قوتابیان و بێکاڕان یەکەمین دەستەی خۆپێشاندەران بوو. زۆربەی ناڕەزاتییەکان لە مەیدانەکانی شار بوو و هەروەها لاوان لە ڕێگەی موبایل و دونیای مەجازی فیلم و وێنەکانیان بڵاو دەکرد. کۆماری ئێسڵامی بۆ ئەوەی بەرگری بکات لە بڵاوکردنەوەی جەنایەتەکانی، ئینترنتی داخست. لاوان لە سەر شەقامەکان بە ئاگردانی تایە و داخستنی شەقامەکان ناڕەزایەتی خۆیان دەڕبری. سەرکوت و تەقەی ڕاستەوخۆ لە کوردستان زۆرتر بوو، سەدان کەس کوژران و بریندار بوون و یا لە زیندانەکان کۆماری ئیسڵامی دەستبەسەر کران، لەم خۆپێشاندانە ژنانیش وردە وردە لە خۆپێشاندانەکان سەرشەقام لەگەڵ پیاوان هاتنە مەیدان. به پێی سەرژمێری ڕێکخراوی نێونەتەوەی ئێران، کە لە ٢٩ی سەرماوەز بڵاوی کردەوە و ناڕەزایەتی خەزەڵوەری١٣٩٨ی لە ڕۆژی ٢٥تا ٢٨ ، نزیکەی ٣٢٤ کەس کوژران و دە هەزار کەسیش دەستبەسەر کران.
ئەم ڕووباری شۆڕشە هەر دەڕوات بێ تڕس و دڵەڕاوکی، لاوان کە پێشەنگی ئەم بزووتنەوەن و لە شۆڕشی ژینا دەسەڵاتی کۆماری ئیسڵامی دەلەرزێنن کە ئیتر نەیتوانی لەسەر لاقی بمێنێت. کاتێ ژینا(مەهسا)ئەمینی کچی ٢٢ساڵەی خەڵکی شاری سەقز بە دەسبەسەری گەشتی ئیرشاد چووە کۆما و گیانی بەخت کرد و لە ٢٦ی خەرمانان تەرمەکەی گوازراوە بۆ قەبرستانی ئایچی شاری سەقز، لاوانی کوردستان بەهێزتر لەجاران لە مەراسمی ناشتنی بەشدار بوون و پەیمانیان تازە کرد کە تا ئاخەرین دڵۆپی خۆێنیان ڕانەوەستا ن تا تووڵەی ژینا بگرنەوە لە کۆماری ئیسڵامی داگیرکەر و بوو بە خۆپێشاندان و شۆڕشێ بەرین کە تەواو دونیای گرتەوە و دڕۆشمی ژن ، ژیان ، ئازادی لەتەواوی شارەکانی کوردستان ئەبیسترا و کێشرا بە هەموو شارەکانی ئێران. لاوان لە هەموو شارەکان بە داخستنی شەقامەکان و هەڵکردنی ئاگر و درۆشم دان تا چوار مانگ شەقامەکانیان بەجێی نەهێشت، ئەمجار لاوان بەشێوازێ تر خۆیان ڕێکخست و لە هەموو گرینگ تر بوونی بێ وێنەی ژنان لەپەنای پیاوان بوو لەم شۆڕشە. لاوان بەنووسین لەسەر دیوارەکان، ڕەسم و وێنەی گرافیکی، خوێندنی گۆرانی ناڕەزایەتی خۆیان پیشان دا، لەهەموو شوێنێ وێنە ژینا کێشرا و بوو بە سەرسەری ئازادی کۆماری ئیسڵامی ئەم جار بە تووندترین شێوە خەڵکی سەرکوت کرد لە هەموو چەشنێ کەرەسەی شەڕ وەکوو تانک، تۆپ و هەلیکوپتەر کڵکی گرت، خەڵکی ڕاستەوخۆ دا بەر فیشەک لە منداڵ و میرمنداڵ گەورە و بچووکی دا بە کۆشتن تا شۆڕشی ژینا بوەستێنێ. بەپێی سەرژمێری کۆمیتەی ڕاستی دۆزی ڕێکخراوی نێونەتەوەی لە٢٦ی خەرمانان تا ٢٠ بەفرانباری ١٤٠١هەتاوی(٢٠٢٢زایینی) زیاتر لە هەزار و سەد کەس کوژران کە٧٤منداڵی ژێرتەمەن ١٨ساڵی تێدا بووو هەروەها ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسڵامی لە هەموو ئامرازی ئەشکنجە وەکوو دەستدڕێژی و قەتڵ کەڵکی وەرگرتووە، کۆماری ئیسڵامی هەوڵی دا زەریای خوێنی ڕێک بخات، بەڵام نەیتوانی ئەم شۆڕشە سەرکووت بکات و هێشتا هەر دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژینا بەجێ ماوە و لە سەربەرگی زێڕینی مێژوو دەنووسرێت.
