کارەساتی یاسایی….

پەسەندکردنی “یاسای زیادکردنی سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی و وڵاتانی دوژمن لە دژی ئاسایش و بەرژەوەندی نەتەوەیی” جارێکی دیکە نیشانی دا کە لە کۆماری ئیسلامیدا چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی پرەنسیپێکی یاسایی نییە، بەڵکو چەکێکی بەتاڵە کە دەسەڵاتی سیاسی بۆ سەرکوتکردنی هەر جۆرە ناڕەزایەتی و چالاکیەکی مەدەنی، کلتووری، میدیایی و تەنانەت ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بەکاری دەهێنێت. یاساکە کە بە ڕواڵەت بەرەنگاربوونەوەی “سیخوڕی” داڕێژراوە، لە ڕاستیدا پڕە لە قسەی ناڕوون و حوکمی توندڕەو و زەوتکردنی دەسەڵات لە دادگاکان و توندکردنەوەی سزای لەسێدارەدان و فراوانکردنی بازنەی “تاوانبارکردن” لە هەموو چینەکانیدا؛ تا ئەو ڕادەیەی کە نە لە بەرژەوەندی ئاسایشی وڵاتدایە و نە بچووکترین پابەندبوونی بە ستانداردەکانی مافی مرۆڤ و دادگاییکردنی دادپەروەرانە هەیە.
ئەم یاسایە بە ڕواڵەت پەیوەستە بە شەڕ و هەڕەشە دەرەکیەکانەوە، بەڵام پێکهاتە و زمانەکەی زیاتر هاوشێوەی ئەو یاسایانەن کە بۆ فراوانکردنی کۆنترۆڵی ناوخۆیی نووسراون. کاتێک سزای لەسێدارەدان بۆ هەموو جۆرەکانی زانیاری، میدیا، ئەلیکترۆنی، چالاکییە کولتوورییەکان و تەنانەت بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن وەک ئینتەرنێتی ماهوارەیی لەبەرچاو دەگیرێت، ئیتر باسەکە لەسەر “سیخوڕی” نییە؛ بەڵکوو پێناسەکردنەوەی شارۆمەند وەک تۆمەتبارێکی هەمیشەییە.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی قورسی لەسێدارەدان بووەتەوە و شارەزایانی مافی مرۆڤ لەم ڕەوتە هۆشدارییان داوە. بەڵام دەرکردنی ئەم یاسایە نەک هەر ئەم نیگەرانیانە کەم نەکردەوە، بەڵکو نیشانی دا کە ئامانج بەدامەزراوەییکردن و بە یاساییکردنی ئەم ڕێگایە. تەنانەت پارێزەرانی ناوخۆیی بەرامبەر بە پانتایی بەرفراوانی تاوانبارکردن و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەڵام پڕۆسەی یاسادانان لە ئێران لە مێژە ملکەچی پێوەرە زانستی و یاساییەکان نەبووە، بەڵکو کەوتۆتە ژێر “ئیرادەی سیاسی”.
هەر لە یەکەم مادەی یاساکەدا دووجار سزای لەسێدارەدان بۆ “کردەوەی ئۆپەراسیۆن” و “چالاکی هەواڵگری” بەبێ هیچ جیاوازییەکی ورد و دیاری کردنی ئاست سەپێنراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ پێناسەیەک بۆ “کردەوەی ئۆپەراسیۆن” دیاری نەکراوە کە نموونەکان بە شێوەیەکی ڕوون و سنووردار بناسرێتەوە؛ تەنیا دەستەواژەی گشتی وەک “بەرهەمهێنانی ترس و دڵەڕاوکێ” یان “تێکدانی ژێرخانەکان” پێشکەش دەکرێن کە لە سیستەمی قەزایی ئێراندا هەمیشە بە شێوەیەکی بەرفراوان و بە زیانی تۆمەتبار لێکدراوەتەوە. کاتێک دادگای ئینقلاب – دامەزراوەیەک کە بە پێشێلکردنی بنەماکانی ڕێکاری یاسایی ناسراوە – دەسەڵاتی دادوەری بێت، ئەم ناڕوونییانە دەبنە ئامرازێک بۆ دەرکردنی سزای قورس لە ئاستێکی بەرفراوان.
لە ماددەی دووهەمدا، تەنانەت “یارمەتی ناڕاستەوخۆ”ش بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە هۆی لەسێدارەدان ئەگەر “ببێتە هۆی بەهێزبوون یان شەرعییەتدان”. کوا سنووری نێوان ئەم چەمکانە؟ چی بە “شەرعییەتدان” دادەنرێت؟ کەس نازانێت. بەڵام ئەزموون سەلماندوویەتی کە لە سیستەمی قەزایی ئێراندا پێناسەی “دوژمن”، “دوژمنایەتی”، “پڕوپاگەندە دژی نیزام”، “هاوکاری” و “ئاسایشی نەتەوەیی” نەک بە بنەمای یاسایی بەڵکو بە قازانجی سیاسی دیاری دەکرێت؛ و ئێستا یاساکە بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە “دەسەڵاتی دیاریکردنی دەوڵەت و گروپە دوژمنەکان” ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە؛ واتە دامەزراوەیەکی ئەمنی کە بە تەواوی نادادپەروەرانەیە و بە هیچ جۆرێک وڵام دەرەوە نییە.
جگە لەوەش، مادەی سێ چالاکیی تەکنیکی، ئەلیکترۆنی، تەکنەلۆژی و تەنانەت ئامێرە بچووکەکانی فڕین تا فراوانترین ئاست کۆدەکاتەوە و هەموویان سزای قورس و تەنانەت لەسێدارەدانیش دەخاتە پاڵی. ئەم قەبارەیە لە چەمکە تێکەڵاوەکان- لە چەکی کیمیاییەوە تا کوادکۆپتەر- بە وردی نیشانەی یاسای ناتایبەتمەند و ئەمنییە. یاسا دەبێت چەمکەکان جیاواز بکات، نەک هەموو شتێک بخاتە ناو یەک سەبەتەوە و یەک ڕستە بۆ هەمووان دیاری بکات.
مادەی چوارەم بە فەرمی دەچێتە ناو کایەی چالاکیی میدیایی و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکەوە، کە تەنانەت “ڕەنگدانەوەی زیانە دەستکردەکان”، “بەرهەمهێنان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست”، ناردنی وێنە، ڤیدیۆ، یان هەر ناوەڕۆکێک بۆ “تۆرە بیانییەکان” یان “میدیای دوژمن”- ئەو چەمکانە کە وەزارەتی ئیتلاعات دەبێت هەر شەش مانگ جارێک لیستێک بڵاوبکاتەوە- هەموویان سزای توندی هەیە، لە زیندانی پلە سێ تا دەگاتە دەرکردنی هەمیشەیی لە کار. هیچ یاسایەکی مۆدێرن و مرۆڤدۆستانە چالاکیی میدیایی لە ژێر ناوی ئاسایشی نەتەوەیی دانانێت. بەڵام لێرەدا میدیا و سیخوڕی یەکسان کراون؛ و ئەمەش گۆڕینی میدیایە بۆ تاوانێکی ئەمنی کە لە بنەڕەتدا دژایەتی بنەمای ئازادی ڕادەربڕین لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا دەکات.
لەبیرمان نەچێت کە “مرۆڤ میدیا”_انسان رسانە_ زاراوەیەکی ناڕوون و نایاسایی و پێناسە نەکراوە؛ بەو مانایەی کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەر چالاکوانێکی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسێک، چالاکوانێکی سۆشیال میدیا، یان تەنانەت بەکارهێنەرێکی ئاسایی دەتوانێت بکەوێتە ژێر ئەم پۆلە. ئەم ئاستە لە تاوانبارکردنی ناوەڕۆک مەترسیدارترین جۆری هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی.
مادەی پێنجەم ڕوون و شۆککەرە: بەکارهێنانی ستارلینک و ئامێرە هاوشێوەکانی بە تاوان دەزانرێت. واتە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی ئازاد لەلایەن خەڵکەوە- ئێستا وەک مافێکی بنەڕەتی لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا دیاری کراوە- سزای زیندانیکردنە. ئەم یاسایە بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنێت کە حکومەت کێشەی نەک تەنیا لەگەڵ ناڕازییەکان، بەڵکو لەگەڵ خودی “پەیوەندی ئازاد” هەیە. لەو شوێنانەی کە ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد وەک هەڕەشە پێناسە دەکرێت، لە ڕاستیدا “شارۆمەندی ئازاد” بە هەڕەشە دادەنرێت.
مادەی شەشەم ڕێگە بە بەرزبوونەوەی سزا سێ پلە لە بارودۆخی شەڕ و ئەمنی دەدات؛ لە کاتێکدا “دۆخی ئاسایش” چەمکێکی شناوەرە کە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ڕایدەگەینێت. دیسانەوە، دامەزراوە نادادپەروەری و ناشەفافەکان.
لە کۆتاییدا مادەی هەشت پرۆسەی دادوەریش سنووردار دەکات: کەمکردنەوەی وادەی یاسایی، ڕێگەدان بە ڕاگرتنی کاتی تا کۆتایی لێکۆڵینەوە لە هەموو قۆناغەکاندا، هەروەها ڕێگەدان بە دادگا بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان. ئەمانە پێکەوە بە شێوەیەکی کاریگەر مافی بەرگری و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافی ئازادی لە دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە هەڵدەوەشێنێتەوە. دادگای شۆڕش کە لە ئێستاوە کەمترین پێوەرەکانی ڕێکاری یاسایی بەدی ناهێنێت، بەم یاسایە دەسەڵاتی فراوانتر بەدەست دەهێنێت.
یاسایەکی لەو جۆرە لە هەر سیستەمێکی یاسایی مۆدێرن دا بەرگری لێناکرێت. نە لە ڕووی دەقەوە، نە لە ڕووی پێکهاتەوە، نە لە ڕووی فەلسەفەی یاسای تاوانەوە. یاسا پێویستە بە وردی تاوانەکە پێناسە بکات و سزاکە بە پێ تاوان دیاری بکات و مافەکانی تۆمەتبار مسۆگەر بکات؛ بەڵام ئەم یاسایە نەک هەر بە کەمترین ئاست پابەند نییە، بەڵکو بە فەرمی بووەتە ئامرازێک بۆ شەرعییەتدان بە سەرکوتکردن و فراوانکردنی سزای لەسێدارەدان و کۆنترۆڵکردنی میدیا و سنووردارکردنی ئازادییەکانی پەیوەندیکردن.
جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بەم شێوەی ئێستای، سێ قەیرانی بنەڕەتی دروست دەکات- ناڕوونی لە پێناسەکاندا، سزای زیادەڕۆیی و تێکدانی پرۆسەی یاسایی. ئەم سێ شکستە کاتێک یەکدەگرنەوە، “ئاسایشی نەتەوەیی” لە چەمکێکی یاساییەوە دەگۆڕن بۆ ئامرازێکی سەرکوتکردن؛ یەکێک کە نە سەقامگیری دەهێنێت و نە متمانەی گشتی، بەڵکو کۆمەڵگا بەرەو خۆسانسۆری و بێدەنگی پێکهاتەیی دەبات. ئەزموونی وڵاتانی وەک کۆریای باکور و هەروەها سەردەمە توندڕەوەکانی قەزایی لە ئێراندا نیشانیان داوە کە کاتێک یاسا پەیڕەوی دەسەڵات دەکات ، ئەنجامی کۆتایی ئەمنییەتی نییە- بەڵکو چەقبەستوویی سیاسی و ستەمی یاساییە.
چارەسەرەکە ڕوونە: دووبارە نووسینەوەی بڕگە ناڕوونەکان، نەهێشتنی سزای نەگونجاو، بە تایبەت سزای لەسێدارەدان و گەڕاندنەوەی دادگایی کردن بۆ ڕێگای یاسایی و چاودێریکراو. بەبێ ئەم چاکسازیانە، ئەم یاسایە نەک هەر لە خزمەتکردنی ئەرکێکی ئەمنیدا شکست دەهێنێت، بەڵکو خۆی دەبێتە سەرچاوەی ناسەقامگیری.
لە کۆتاییدا یاسایەک کە بە ناڕوونی و زیادەڕۆییەوە بنووسرێت، نە پارێزەری ئاسایشە و نە گەرەنتی شەرعییەتی؛ بەڵکو ڕێگایەکە بەرەو دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو نەخشانەی کە جیهانی ئەمڕۆ بە نیشانەی داڕمانی سیستەمی یاسایی دەزانێت نەک نیشانەی دەسەڵات.
