ئەسپەکان لە سەرەولێژی یەکتر گاز دەگرن…

0

دواڕۆژ

“مەسعود پزشکیان” دەڵێت؛ خامنەیی کۆڵەکەی وڵاتە و لە شەڕی دوانزە ڕۆژە، مەترسی ئەوە لە ئارادا بوو ئەگەر خامنەیی شتێکی لێبهاتبایەت شەڕی ناوخۆ یا کێشمەکێشی نێو باڵەکانی ڕژیم دروست دەبوو. ئەم وتانە جێگەی تێڕامان و نیشاندەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆدا تووشی کێشە و قەیرانی جدییە. “پزشکیان” لەسەر ئەو باوەڕەیە کە مان و هەبوونی خامنەیی بۆ نەهێشتنی ناکۆکی نێوان باڵەکانی کۆماری ئیسلامی زۆر گرنگە و ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە لە شەڕی ١٢ ڕۆژە بە لێدانی خامنەیی لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەگەری شەڕی ناوخۆ زۆر بوو.

لە درێژەی وتەکانیدا پزشکیان وتیشی ئێمە هێشتا فێری شێوەی گفتگۆ کردن لەگەڵ یەکتر نەبووین، زۆر بە ئاسانی هێرش دەکەینە سەر یەک و کەرامەتی تاک دەڕوخێنین، بەڵام ئەوەی گرنگە لای ئێمە کەسێک هەیە لە ئاکامدا پێمان بڵێت کە چی بکەین یا چی نەکەین. 

لە ڕاستییدا خامنەیی ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە ڕاگرتن و پاراستنی ڕژیم لە تاران و نەبوون یا نەمانی بە هەر شێوەیەک کارەساتێکی گەورە بۆ ئەم ڕژیمە دەخوڵقێنێت، هەرچەن مەرگی خامنەیی بە مانای نەمان یا ڕووخانی ئەو ڕژیمە نییە و نابێ وا بیر بکەینەوە بە نەمانی خامنەیی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێدێت، بەڵام مردنی خامنەیی دەتوانێ ببێتە هۆی ڕاپەڕینی جەماوەریی و داڕمانی خێراتری ڕژیم، مەرگی خامنەیی دەبێتە هۆی ئەوەی کە چەقەڵەکانی ناو ڕژیم بکەونە گیانی یەک و لەو ناوەدا ئەگەری زۆرە سپا و ئەرتەش لە بەرانبەر یەک بوەستن و شەڕێکی خوێناوی لە نێوانیدا دروست ببێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئیسلامی ئێران و بەیتی ڕێبەری لە ماوەی ٤٧ ساڵ لە دەسەڵاتی نگریسی خۆیدا ژێرخانی ئابووری ئێرانیان بە گشتی لە ناو بردووە و ڕووخاندویەتی. بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئێرانیان بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتووە و لە وەها دۆخێکدا کە خەڵکی ئێران نان و ئاویان نییە ڕژیم زیاتر لە یەک میلیارد دۆلار یارمەتی حزبوڵڵای لوبنانیان داوە، ئەمە جێگە لە سەرکوت و ئەشکەنجە و ئێعدامی ئازادیخوازانە؛ هەر بۆیە خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێران دەیانەوێ ئەو ڕژیمە بە گشتی نەمێنێت و داوای نەمانی ڕژیمی ئیسلامی بە هەموو تان و پۆکانیەوە لە ئێران دەکەن.

ئەو وتانەی “مەسعود پزشکیان” نیشاندەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆیدا توشی کێشەی جدی بۆ جێنشینی خامنەییە. ئەمە کاتێ بە جوانی دەرکەوت کە فیلمی زەماوەندی کچی “شەمخانی” بڵاو کرایەوە و پیشانیدا کە کێشەکان لە ناو کۆماری ئیسلامی جدیین و دەیانەوێ یەک سەرکوت و بێدەنگ بکەن و لە وازهێنانی “شەمخانی” یا وەلانانی، باڵەکەی تری نێو دەسەڵات بەهێز دەبێت و شەڕی چەقەڵەکان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات لە ئێران دەستی پێکردووە. لێرەدا ئەو پرسیارەش دێتە ئاراوە کە ئایا باڵەکانی ڕژیم کودتا دەکەن دژی خامنەیی؟ دۆخی ناوخۆی باڵەکانی ڕژیم چوەتە قۆناغێکی دیکەوە و هەموو ئەگەرێک لە ئارادایە، لەلایکی دیکەوە کێشەیەکی جدی دیکە کە بەرۆکی بەرپرسانی ڕژیمی گرتووە قەیرانی ئاو و کارەبایە و ئەوەش ڕژیمی توشی کێشەی جدیی کردوەتەوە و بەرپرسانی باڵای ڕژیم یەک لە دوای یەک لێدوانی جیاواز دەدەن، لە حاڵێکا بەرپرسانی ڕژیم ناتوانن کێشەی ئاو و کارەبا چارەسەر بکەن، رژیم دە میلیاردها دۆلار پولی خەڵک دەنێرێت بۆ گرۆپە نیابەتیەکانی لە ناوچە و تەنها بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی ئێراق سەدان هەزار دۆلار خەرج کردووە و هەموو سەدەکانی ئێران یا وشک بون یا خەریکە وشک دەبن و ئەمەش کارەساتێکی گەورە لە ئێران دەخولقێنێت.

لە لایەکی دیکە کۆماری ئیسلامی تووشی قەیرانی جدییە لەگەڵ ڕۆژئاوا و ڕۆژانە ئەمریکا سزای قورس بە سەر بەرپرسان و دامودەزگاکانی ڕژیمدا دەسەپێنێت و بۆ ئەم مەبەستەش “پزشکیان” دەڵێت بڕیار نییە هەر شتێکتان ویست بە سەر ئێمەدا بیسەپێنن و ئێمە گوێڕایەڵ بین. بەشێک لە بەرپرسانی ڕژیم باس لە دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا دەکەن و بەشێکی دیکەش وەک بنەماخوازەکان کە ئێستە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتیان لە ئێران بە دەستەوەیە دژی ئەوەن و دەڵێن ئێمە باج نادەین و واز لە پیتاندنی ئۆرانیوم و بەرنامەی موشەکی و درۆنی خۆمان ناهێنین و هەر لە سیاسەتی دەرەوەی ڕژیمیش ئەوە بە جوانی دەردەکەوێت کە کێشەی ناو باڵەکانی ڕژیم تا چ ئاستێک زۆرە و تەنانەت لە سیاسەتی دەرەوەش یەک دەنگ نین، بەڵام کۆتا قسە، خامنەیی دەیبڕێتەوە و هەموو کێشەکان دەگەڕێتەوە بۆ خامنەیی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *