ڕەگمان بە جەستەی خاکدا ڕۆچووە….

0

بڵاوکردنەوەی فایلی دەنگیی ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی ئەمڕۆی پژاک، کاردانەوە و قسەوباسی زۆری لێکەوتووەتەوە و ژمارەیەک لە حیزبەکان هەڵوێستی فەرمیی خۆیان لە ئاستی دربڕیوە، ئەمەش مەجلیسی پژاکی ناچار به بڵاوکردنەوەی بەناو ڕوونکردنەوەیەک کردووە که به پێچەوانەی ئیدعای ڕاگەیاندنەکە، هیچ خزمەتێک به یەکڕیزیی و تەبایی ناکات و له ڕاستیدا نه ڕوونکردنەوە، بەڵکوو  دەبوو ئەو قسانە له لایەن پژاکەوە ڕەت و مەحکووم بکرابا (که ئێستایش درەنگ نەبووە) و له لایەن ساحێب دەنگەکە واتە ئەمیر کەریمیەوە داوای لێبوردن بکرێت.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان  هەر لە دەسپێکی ئاشکرا بوونی ئەم فایلە دەنگییەوە، لەگەڵ بەرپرسانی پژاک پێوەندیی گرت و داوای ڕوونکردەوەی لێیان کرد و هەروەها بۆ کەم کردنەوەی زیانەکانی ئەو شێوە لە چەواشە کردنەی مێژوو لە ژوورێکی کڵاب هاوسدا بە بەشداریی سەدان کەس لە تێکۆشەرانی نوێ و دێرینی کوردستان، وێڕای بەرگری لە مێژووی پڕ لە شانازی کۆمەڵە تیشکمان خستە سەر زیانەکانی ئەم جۆرە گوتارانە و داوامان لە پژاک کرد و چاوەڕوان بووین کە ڕوونکردنەوەیەک بدات و تێیایدا ئەو بۆچوونانە ڕەت بکاتەوە و ئەو کەلێنەی کە ئەو فایلە دەنگییە لە نێوان هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا پێکیهێناوە، چاک بکرێتەوە، بەڵام مەخابن لە ڕوونکردنەوەکەی پژاکدا وەڵامی ئەو پێویستییەی نەدایەوە و بە شێوەیەک ئەوانەی ڕابردووی دووپات کردەوە، هەر بۆیە بە پێویستمان زانی لێرەوە دیسان هەڵوێستی خۆمان بۆ خەڵکی کوردستان دەر ببڕین.

هەڵوێستی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وەکوو یەکێک لە حیزبەکانی خاوەنی ئەو مێژووە کە هێرشی ناڕەوای کراوەتە سەر، بەرانبەر ئەو فایلە و ڕاگەیاندنی مەجلیسی پژاک لەم خاڵانەدا چڕ دەبێتەوە:

١. ڕەخنەی توند لە زانیاریی هەڵە و چەواشەکارییە مێژووییەکان سەبارەت بە کۆمەڵە وەکوو حیزبێکی شۆڕشگێڕ، نۆرم شکێن، چەپ و پێشکەوتوو و دەور و نەخشی حاشالێنەکراوی لە کوردستان. ڕچەشکێنیی و نوێخوازیی و بوێریی کۆمەڵە لە هەوڵ بۆ چارەسەری پێشکەوتووانەی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان، چوونە شەڕی دواکەوتوویی و پیاوسالاریی و بەستێن سازکردن بۆ هاتنە مەیدانی بەرینتری ژنانی شۆڕشگێڕ لە هەموو مەیدانەکانی خەباتدا، هەوڵ بۆ گۆڕینی سیستەمی ناعادڵانە و نایەکسان، دانانی بناغەی خەباتی مەدەنیی جەماوەریی، ناسینی ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە و هەڵوێستی ڕوون بەرانبەری، پشتیوانی کردن لە شۆڕشی کوردستان لە هەموو بەشەکانی، دەرهێنانی سیاسەت لە پاوانی چینێکی تایبەت و کردنی بە ئەمری جەماوەر، پەروەردە کردنی پێشمەرگەی هاوخەم و هاوپشتی خەڵک کە بەدرێژایی مێژووی چالاکییان جێی متمانە و ڕێز و خۆشەویستیی جەماوەر بوون و دانانی بناغەی کولتوورێکی ئەڤانگارد و پێشکەوتوو لە کۆمەڵگە و خەباتی سیاسیی و پێشمەرگانەدا بەشی جیانەکراوەی پێناسەی کۆمەڵەن.

 ٢. ئەو فایلە دەنگییە لەبەر ئەوەی زمانێکی سێکسیستی و باوک/پیاوسالارانەی تێدا بەکار براوە، لەگەڵ ئاستی سیاسیی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناتەبایە و جێگەی ڕەخنەی توندە. 

٣. ڕەخنە لە شێوازێک لە حیزبایەتی و کولتووری خوڵقاوی لەو شێوازە کە لەو فایلەدا زەق و بەرچاوە و بەداخەوە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا نموونەی کەم نییە. کە تێدا هێرشی ناڕەوا و دوژمنکارانە و هەوڵ بۆ نکۆڵی لێکردن و سڕینەوەی لایەنی بەرانبەر جێگەی ڕەخنەی گرتووەتەوە و ڕێگەی لە دیالۆگێکی بنیاتنەر گرتووە. ئەم کولتوورە لە شەڕی ناوخۆیی و لە دابڕانەکانی نێو حیزبەکاندا گەیشتووەتە باڵاترین ئاست واتە دەست بردن بۆ چەک و هەوڵ بۆ سڕینەوەی فیزیکیی لایەنی بەرانبەر یان هاوڕێیانی پێشوو. خۆ بە تاکە لایەنی بەرحەق و ڕەوا زانین و خۆ بە تاکە حیزب یان تاکە بیری درووست زانین تەنانەت لە دواڕۆژی ڕزگاری لە داگیرکاریش،  بەرەو دیکتاتۆریمان دەبا.  

٤. ئەو شێوازە لە قسەکردن لە سەر حیزبەکانی دیکە کاریگەریی نەرێنیی لە سەر ڕای گشتیی کوردستان هەیە و هاوکاریی حیزبەکان دەخاتە مەترسییەوە و هیوای یەکگرتوویی حیزبەکان لای خەڵکی کوردستان لاواز دەکات و بڕوای خەڵکی کوردستان بە داهاتوویەکی هێمن و پێشکەوتووانە پاش کۆماری ئیسلامی کە لە سەر بنەمای پلۆرالیزم و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی وڵات دامەزرابێ، کز دەکات و لە زەرەری بزووتنەوەی کوردستانە.

٥. ڕاگەیاندنەکەی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان سەرەڕای ئەوەی پێداگری لە سەر هاوکاریی و کاری هاوبەشی ئەم پارتە لەگەڵ باقی حیزب و لایەنە کوردستانیەکان لە ساڵانی دوایی و چالاکیی خۆی دەکا، هەنگاوێکی ئەرێنی و بەرەوپێشە، بەڵام ئەو هەنگاوە کورت و بچووکە و لە قەدەر خەسارەکانی ئەو قسانەدا نییە. ڕوونکردنەوە و ڕاگەیاندن لە سەر شتی وا دەبێ هاوسەنگ و لە قەبارەی هەڵەکەدا بێت و بتوانێ ئەو خەسارانەی خولقاندوویەتی دانیان پێدا بنێت و هەوڵی قەرەبووکردنەوەیان بدات.

پژاک بۆ ئەوەی پابەند بوونی خۆی بە پەیوەندیی لە سەر بنەمای متمانە و ڕێز و دوور لە خۆسەپاندن و ئەوەی دی سڕینەوە بسەلمێنێ، پێویستە بوێرانە و ئاشکرا ڕەخنە لەو قسانە بگرێ و ڕاشکاوانە ڕایبگەینێت کە ئەو شێوازە لە ڕوانین و ئەو جۆرە چەواشەکارییە مێژوویی و سیاسییانە ناکاتە بنەمای پەیوەندیی و کاری هاوبەش. 

٦. ئەو کەسانەی بە زمانێکی سیاسی و ئەوڕۆیی ڕەخنەیان لەو قسانە و ڕاگەیاندنەکەی پژاک گرتووە، پشتیوانی ڕۆحی پێکەوە ژیان و دابینکردنی بەستێنی هاوکارین و لە سۆنگەی بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە ڕوانیویانەتە بابەتەکەوە. هێرشی تاکەکەسی و بەکارهێنانی هەمان شێوە و زمانی بەکارهاتوو لەو فایلەدا بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵی یان بەرگری لە ناوەرۆکی ئەو فایلە بە شێوەیەکی دەمارگرژانە و هەستەکی و بێ لێکدانەوەی سیاسی و تەنها لە ڕوانگە و بە چاوی حیزبییەوە، هیچ خزمەتێک بە بزووتنەوە و نیشتمان ناکا و گرژیی و ئاڵۆزیی زیاتر دروست دەکا و لە دۆخی هەستیاری ئەمڕۆدا بزووتنەوەی کوردستان هەرچێ زیاتر پرشوبڵاو و لاواز دەکات. 

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هیوادارە و هەوڵ بۆ ئەوە دەدات هەموو لایەنێکی بەرپرس و هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەزموون وەرگرتن لە ئەو ڕووداوە تاڵانەی لە ساڵانی ڕابردوودا خەساری گەورەی لە بزووتنەوەی کوردستان داوە و هیچ قازانجێکی تەنانەت بۆ حیزبەکانیش نەبووە، بەرژەوەندیی خەڵکی چەوساوەی کوردستان لە سەرەوەی بەرژەوەندیی حیزبی دانێن. کوردستان ڕەنگاوڕەنگە و وەکوو هەموو وڵاتێکی دیکە مەیل و ویستی جیاوازی تێدایە و هەر لایەن و حیزبێک تەنها دەتوانێ بەشێک لەو ویستانە نوێنەرایەتی بکات و بێگومان دەورانی تاکە حیزب و دەنگی سیاسی بوون بەسەرچووە و تەنها هاوکاریی و هاوپشتیی و یەک گوتاریی دەتوانێ دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی کوردستان بپارێزێ و پەرەیان پێبدات و بزووتنەوەکە بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتن ببات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *