گوڵبژێرێک لە ژیان و خەباتی کادرو پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە و سیمای ناسروای ناو بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستان ،هاوڕێی گیانبەختکردو کاک سولەێمانی تیکانتەپە….!

ئێمە ئەمرۆ لاپەرەکانی ژیانی مرۆڤێک هەڵدەدەینەوەو باس لەژیان وخەباتی کەسێک دەکەین کەهەموو ژیانی کورتی خۆی پێشکەش بە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان کرد. ئەمرۆ ئێمە بەنیازین سەفەرێک بۆ ناوچەی بۆکان بکەین و بۆ ساتێک لەو ناوچەیە ئارام بگرین و یادێک بکەین لە مرۆڤێکی شۆرشگێری ئەم دەڤەرە. مرۆڤێک کە زەحمەتکێشانی ئەو ناوچەیە دەیان و سەدان بیرەوەری شیرینیان لێی هەیە .
ئەمرۆ ئێمە لاپەرەی ژیانی سیاسی مرۆڤێک هەلدەدەینەوە کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی«جەمعیەتی دیفاع لە مافی زحمەتکێشان»لە شاری بۆکان بوو. گەرەکمانە بۆچەن ساتێک باسی ئەندامی بەڕێوەبەری شوڕای خۆێندکارانی زانکۆکانی تاران و یەکێک لە زیندانیە خۆراگرەکانی زیندانەکانی سەردەمی دەسەڵاتی ساواک و جێگەی متمانەی هاوبەندیەکانی ناو ئەو زیندانیانە بکەین . گەرەکمانە باسی لە خۆبردوویی و شۆرشگێری نوێنەری کرێکارانی کارخانەی دۆڕاڵ لەتاران بکەین و کۆمەڵێک بیرەوەری شیرینی مانگرتنەکانی کرێکارانی ئەو سەردەم وەبیر هاڤاڵانی رۆژانی سەختی ئەو سەردەم بێنینەوە.
سەفەرە سەفەر !
سەفەربۆ ناڵەشکێنەو بۆکانی ئاشقی مەم و زین و جێژوانێک لەبابەقەتاری دەستەخوشکی ئازادی
ئەمرۆ بە شوێن هەنگاوەکانی یاددا رێ ئەکەین، بە شوێن جێ پێەکانی شۆرە سواری یاخی لە شەوەزەنگ دەرۆینە پێش و دەسکەنەی رۆحی ماندووی نیشتمان دەکەین. وا بەرێوەین پۆل پۆل دەمانهەوێ دەسلەملانی عاشقانی سەوداسەری کووچەوکۆڵانی تەندراو بە سۆزی گۆرانیەکانی “حەسەن زیرەک” بین و خۆمان ئاوێتەی بای شەماڵی ناڵەشکێنە بکەین .
هاوڕێ سولەیمانی تیکان تەپە شۆڕشگێڕی خۆشەویست و لێهاتوو لە ساڵی ١٣٢٩هەتاوی لە گوندی “تیکان تەپە”ی ناوچەی بۆکان لە دایک بوو، دەورەی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد تەواو کردو بۆ درێژەپێدان بە خوێندن چووە زانکۆی عیلم و سەنعەت لە شاری تاران، ڕووداوەکانی کوردستانی عێراق و فەزای سیاسی ساڵەکانی ١٣٥٦و ١٣٥٧ی هەتاوی لە شاری تاران ئەوی هێنایە ناو کۆڕی خەباتی سیاسیەوە. کاک سولەیمان بە هۆی جەسارەت و لێبڕاوەیەوە زۆر زوو بووە یەکێک لە ڕێبەرانی خەباتی خوێندکاران لە زانکۆی عیلم و سەنعەت و تا کاتی گەڕانەوەی بۆ کوردستان دەوری بەرچاوی لە خەباتی چڕوپڕی خوێندکاران دژ بە ڕژیمی شا لەو سەردەمەدا گێرا.
لە دوایین مانگەکانی دەسەڵاتی ڕژیمی شا ، کاک سولەیمان گەڕایەوە بۆ کوردستان و لە یەکەم خۆپیشاندانی جەماوەری لە شاری مەهاباد وەک کادرێکی وشیاری کۆمەڵەبەشداری چاڵاکانەی کرد. هاوڕێ سولەیمان ئیتر لە نێو خەڵکی شاری مەهابادا وەک هەڵسوراوو کادرو سازماندەرێکی کۆمەڵە دەناسراو جێگەی متمانەی خەڵکی شۆرشگێری شاری مەهاباد و ئاوایەکانی دەوروبەری بوو.
دوای ماوەیەکی کورت ناوەندی هەڵسووڕانی لە مەهابادەوە گوازرایەوە بەرەو شاری بۆکان و بوو بە یەکێک لە سازماندەران و بەڕێوەبەرانی «جەمعیەتی دیفاع لە مافی زحمەتکێشان»لە بۆکان . هاورێ سولەیمان لەم مەیدانە لە خەباتیشدا گەلێک هەلسوراولە نێو جەماوەری خەڵکدا گەڵێک خۆشەویست و لەبەردڵان بوو. بەهاری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لەسەر پێشنیاری کۆمەڵە رووی لە شاری سنە کرد و ئەو جار چاڵاکتر لەجاران لە نێو خەڵکی شۆرشگێری شاری سنە دەستی بە کاری وشیاری دەرانە کرد و وەک پێشمەرگەیەک و کادرێکی لێهاتووی کۆمەڵە ئەرک و کاری پێسپێردراوی خۆی دەبردە پێشەوە.
لە نەورۆزی خوێناوی شاری سنەدا، کاک سولەیمان جەسارەتی کەم وێنەی لە خۆی نواند و یەکێک لەو هەڵسووڕاوانە بوو کە شوێنی گەلێک دیار بوو . بە داخەوە لە دوایین ساتەکانی کۆتایی ساڵدا لە ڕێکەوتی ٢٩ی مانگی ڕەشەممەی سالی ١٣٥٩ دوای خوڵقاندنی اارەمانییەتێکی بێ وێنە گیانی ئزیزی بەخت کرد و بەم جۆرە چووە ناو ریزی گیانبەختکردوانی ناو ریزەکانی کۆمەڵەوە .
بیرناچێتەوە گیانی بەخت کرد.
هاوڕێ سولەیمان سیمایەکی خۆشەویستی خەڵکی ناوچەی بۆکان وزۆربەی ناوچەکانی تری کوردستان و کۆمەڵە بوو . هەربۆیە بە گیانبەختکردنی هەم کۆمەڵەو هەم خەڵکی تێکۆشەری کوردستان ، یەکێک لەباشترین رۆڵەکانی خۆیان لەدەستدا . یادی ئازیزی هاوڕێ سولیمان سیمای خۆشەویستی ناو ریزەکانی کۆمەڵە بەرزو بەڕێز و ڕێگای سووری تا سەرکەوتن درێژەی هەیە.
هاوڕێ سولەیمان گیان ڕاستە دڵەگەورەکەت لەسەنگەری چیاکانی کوردوستاندا لە لێدان کەوت، بەڵام خۆشەویستیت و لێهاتوویت و قارەمانەتیت ئێستاش لەئاپوڕەی جەماوەردا پەنگ دەخواتەوەو وێردی سەرزمانی هەژاران و چەوساوەکانی کوردستانە ..
یادت بەخێر یادت بەخێر…
تێبینی …
ئەم ژیاننامەیە لە ڵاپەرەی فەیسبووکی کاک جەعفەر تیکانتەپە وەر گیراوە…