کۆماری ئیسلامی بەرەو هەڵدێر دەڕوا
ئەسعەد دوروودی
لە هەفتەی ڕابردوودا نامەی ١٠٢ کەس کە وەکوو چالاکانی سیاسی و مەدەنی ناویان براوە، ڕوو لە شوورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسێکی گەرمی ناوەندە سیاسییەکانی ئێران بووە و لێکدانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتووەتەوە.
لەو نامەیەدا داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی ڕێفراندۆمەوە، یارمەتیی خەڵکی دانیشتووی ئەو وڵاتە بدرێ. یەکێک لەو کەسانەی کە ئەو نامەیەیان واژۆ کردووە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا وتوویەتی: “ڕژیم ناکارامەیی خۆ لە بەڕێوەبردنی ئابووری وڵات، کاروباری ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی نیشانداوە. خەڵکی ئێران ئەم حکوومەتەیان ناوێ و داواکارییە یاساییەکانی خەڵک بە گوللە وڵام دەدەنەوە. بۆیە کاتێک دەسەڵاتێک سەرکوتکار و ناکارامەیە و خەڵک نایانەوێ، ڕێگەیەکی دیکە بێجگە داوای یارمەتی لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان نامێنێتەوە.”
چەند پرسیارێک کە بڵاو بوونەوەی ئەو نامە سەرئاوەڵەیە لەگەڵ خۆی دەیهێنێ ئەمانەن، ئەو نامەیە و ئەو داواکارییە چەندە مومکینە و شانسی جێبەجێبوونی هەیە؟ یان ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان چەندە بۆی هەیە و دەتوانێ یان دەیەوێ ڕێفراندۆمێک بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی یەکێک لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە بەڕێوەبەرێ؟ دەسەڵاتە سیاسی و نیزامییە بەهێزەکانی جیهان ئەو ڕێفراندۆمە چەند بە قازانجی خۆیان و لە بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی خۆیاندا دەزانن؟ بەڵام پرسیاری سەرەکی و تا ڕادەیەکی زۆر چارەنووسساز ئەوەیە ئایا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی ئیدۆئۆلۆژیکی ئیسلامیی وەکوو حکوومەتی ئێران ئامادەیە مل بە ڕیفراندۆمێک بدا؟ ڕێفراندۆمێک کە دڵنیایە تێدا سەرناکەوێ و دەزانێ ڕێژەی ناڕازیان ئەوندە زۆرە کە بەئەگەری زۆر جێگەی دەنگی ئەرێ و نەی ساڵی ١٣٥٨ دەگۆڕدرێ و خەڵکێک کە ئەو سەردەمە لە بەر ئەوەی ناوەرۆکی دەسەڵاتی نوێیان نەدەزانی دەنگیان بە دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا ئەمڕۆ و پاش زیاتر لە ٤ دەیە جینایەت و سەرکوت و بێمافی و دۆخی نالەباری ئابووری و زەوت کرانی ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکانیان چیدیکە ئامادە نابن دەسەڵاتێکی وا قەبووڵ بکە.
ئەوانەی ئەم نامەیان نووسیوە بەشی زۆریان لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتین و ساڵانێکی زۆر بەتایبەتی لە دەیەی ٧٠ی هەتاوی بەملاوە هەڵی زۆریاندا کۆماری ئیسلامی تا ڕادەیەک بگۆڕن و ڕواڵەتێکی لێ بنوێنن کە لای بیروڕای گشتیی جیهانی پەسەند بێ و سووپاپی ئیتمینانێک دروست بکەن کە بەر بە تەقینەوەی تووڕەیی خەڵک و ژێروژووکردنی تاج و تەخت و دەسەڵاتی ڕژیم بگرێ. هەر ئەمەش بووە هۆی درێژبوونەوەی تەمەنی حکوومەت و بەلاڕێداچوونی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و دوورکەوتنەوەیان لە خواست و ویستی ڕاستەقینەی جەماوەر.
کۆماری ئیسلامیی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی هەزاران تاوان و جینایەتی کردووە کە لە مێژوودا ئەگەر بێوێنە نەبن کەموێنەن. لە کوردستان ئیعدامی بە کۆمەڵ و بێ هیچ دادگا و یاسایەک، کوشتاری بەرینی خەڵک بۆ نموونە لە قاڕنێ و قەڵاتان، هێرشی نیزامی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی بۆ نموونە لە بەرگریی قارەمانانەی خەڵک لە شەڕی ٢٤ ڕۆژەی سنە، کوشتاری بێڕحمانەی خەڵکی ناڕازی بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆ لە سەر شەقامەکان، دروست کردنی دەستە و تاقمی تیرۆریستی لە عێراق و سوورییە و تەنانەت وڵاتانی ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی کە دەیان تاوانیان کرد و لە ئاکامی کارە تیرۆریستییەکانیاندا بە هەزاران ئینسانی بێتاوان گیانیان لەدەستدا و بریندار و ئاوارە بوون. کۆماری ئیسلامی تەنانەت دەستی لە کوشتن، زیندانی کردن و بێسەروشوێنکردنی ژمارەیەک لە کەسە دیار و ناسراوەکانی خودی دەسەڵاتیش نەپاراستووە و لە شەڕی ناوخۆی دەسەڵاتدا کە تەنها لە سەر چۆنیەتیی پاراستنی حکوومەت بووە بە سەدان کەسی کردووەتە قوربانی. ئایا دەسەڵاتێکی ئاوا ئامادەیە چارەنووسی خۆی بداتە دەستی جەماوەرێ کە لە هەموو دەرفەتێک بۆ دەربڕینی بێزاری و ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر بەو حکوومەتە کەڵک وەردەگرن؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بە ئەگەری زۆر نا یە.
ئەو نامەیە نووسەرانی هەر کەسانێک بن و بە هەر مەبەستێک ئەو نامەیان نووسیبێ چەن ڕاستییەکی ئاشکرا کرد
١. کۆماری ئیسلامی تا دێت مەشرووعییەتی لای خەڵک کەمتر دەبێ و بنەماکانی لاوازتر دەبن و ئەو حەبلولمەتینەی جاران یارانی حکوومەت دەستیان پێوە دەگرت ڕزیوە و خۆشیان بڕوایان پێی نییە. ٢. خەڵکی کوردستان هەڵوێستێکی ڕەوا و دوروستیان لە بەشداری نەکردن لە دەنگدانی ساڵی ١٣٥٨ بە کۆماری ئیسلامیدا نواند و ئەگەر خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئێران هەمان هەڵوێستیان بنواندایە، دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ نەیاندەتوانی شۆڕشی گەڵان زەوت بکەن و دەسەڵاتێکی دژە خەڵکیی پێ دامەزرێنن. ٣. حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت ئیسڵاحخوازە حکوومەتییەکان و کەسە نزیکەکانی دەسەڵات دەزانن بۆ پاراستنی ئەو حکوومەتە هیچیان لەدەست نایە و کۆماری ئیسلامی بەرەو کۆتایی دەڕوا ٤. ترسی هەموو دەسەڵات و دەسەڵاتداران بە هەموو لایەنەکانیەوە لە ڕاپەڕینی جەماوەری و ئاخێزی هەژاران و چەوساوەکان ئەوەندە زۆرە ناشاردرێتەوە و ترسی مەرگی خستووەتە گیانیان.