شەپۆلی ملیونی بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردن

✍ڕەزا کەعبی

 

١- کەمتر له دوو مانگ به هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری له ئێران ماوە. شەپۆلێکی به هێزی جەماوەری له ڕێدایە تا ئەم شانو کۆن و فێڵبازانەی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئەمجارە له ئاستێکی بەرینی دەیان میلیونی بایکۆت بکات و جارێکی دیکە به دونیای بسلمێنی که کۆماری ئیسلامی نە تەنیا هیچ پێگەیەکی نەماوە که لە گەڵ نەفرین و بێزاری بەرینی جەماوەری ڕووبەڕووە.

٢-ئەم شەپۆلە بەرینە کوتوپڕ و یەکشەوە سەری هەڵنەداوە، ڕەوتی بایکۆت له هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی تا هاتوە به هێزتر، جەماوەریتر و کاراتر دەرکەوتوە. له زۆرێک له هەڵبژاردنەکان جەماوەر له ڕێگاگەلی جۆراجۆر نیشانیان داوە که لەم رژیمە بێزارن. به نەچون بۆ دەنگدان، به دەنگنەدانی ئاشکارا به نوێنەری ویلایەتی فەقیی و خامنەیی، به نووسینی ناوێکی نەناسراوە و زۆر ڕێگای دیکە نیشانیان داوە که هەڵبژاردن له کۆماری ئیسلامی شانوگەرییەکی قیزەونە که تەنیا له قامووسی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان ئەوەشێتەوە. بەلام ڕەوتی بایکۆتی به ئاشکارا له هەموو هەڵبژاردنەکان تا هاتوە بەرینتر بوە که دەتۆانین بڵێین له ئاخرین هەڵبژاردن تا دە میلیون کەس گەیشتوە.

٣-ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی له گەڵ داڕمانێکی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەخلاقی رووبەرووە. نەداری و فەقیری دەیان میلیون بنەماڵەی تووشی دژوارترین ساڵەکانی ژیانیان کردووە. هیچ کات مەودای نێۆان فەقر و سەروەت بەم ڕادە دور له یەک و زۆر نەبوە. بێکاری، تێکچونی بنەماڵەکان و کۆمەڵگا، لەش فرۆشی منداڵان، کارتون خەوەی له شەقامەکان، گۆرخەویی له گۆڕستانەکان، بڵاوبوونەوەی شەو ڕۆژی دەیان هەزار منداڵ له سەر شەقامەکان، گەڕان بۆ پەیداکردنی خۆاردمەنی له ناو زبڵدانەکان بۆتە کارێکی ئاسایی که هیچ ڕێبوارێک به دیتنی سڵ ناکا. هێڵی هەژاری زیاتر له نیوەی دانیشتۆانی ژێر دەسەلاتی رژیمی داگرتوە. ئەمە له کاتێکدایە گەندەڵی، دزی، به تاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵات له لایەن کاربەدەستانی بالای نیزام بۆتە دیاردەیەکی ڕۆژانە و ئاسایی و بێشەرمانە. سەدان میلیارد دولاری بەرپرسان له بانکەکانی جیهان له سەر یەک کەڵەکە بوە و هەزارن هەزار کاربەدەستی گەورە و بچووکی رژیم بۆ دوای رووخاندنی له وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان جێگایان بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان خۆش کردوە. ئەمە له کاتێکدایە که هەموو داهاتی کۆمەڵگا یا سەرفی پڕۆژە و بەرنامەکانی ناوەکی، نیزامی، پاراستنی پێگەو و مانەوەی هێزەکانی له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یا سەرفی دەیان گرووپ و تاقمی چەکدار له ناوچەکە دەکرێ.

٤-له چەند ساڵی رابردوو و به تایبەت له شۆرشە مەزنەکەی زستانی ١٣٩٦ که بە جۆرێک کۆماری ئیسلامی کیش و مات کرد تا ئەمرۆ کۆمەڵگای ئێران چەندین هەنگاوی گەورەی له مەسیری تێکشکاندنی یەکجاری رژیم هەڵگرتوە. چەندین شۆرشی مەزن و هەزاران مانگرتن و ڕێپێوان کۆماری ئیسلامی له گەڵ به هێزترین ناڕەزایەتی و بەرخۆدان و بێزاری و نەفرینی جەماوەری رووبەڕوو کردوەتەوە. لێدوانەکانی خامنەیی، چاوپێکەوتنەکانی سەرانی سوپای پاسداران و ئەرتەش و بەرپرسە بالاکانی ئەمنییەتی رژیم نەیانتۆانی حاشا لەو ڕاستیە بکەن کە ئەو شۆرشانە لەرزەی خستە ناو دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و به هێزترین مەترسی له سەر دەسەڵاتی رژیم له سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە بوو.

٥_هەر لەم ساڵانە کۆماری ئیسلامی له ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست وێڕای تەرخانکردنی هەزینەی زەبەلاحی مرۆیی و مادی، پاشەکشەی پێکراوە. له عێراق و لوبنان بزووتنەوەیەکی جەماوەری بەرین له دژی دەسەڵات و دەستێوەردانەکانی هاتە ئاراوە. له سوریە پاش دەیان میلیارد دولار هەزینە و پاش به کوشتدانی بەشێکی بەرچاو لە فەرماندەکانی، جێگا و بەشێکی دیاری دوای شەڕ پێنەبڕاوە. له سوریە کەمتر شەوێک هەیە که هێزەکانی سەر به کۆماری ئیسلامی نەکەونە بەر هێرش و پەلاماری ئیسراییل و تا ئیسە نەیتوانیوە بۆ یەکجاریش وڵامدانەوەی بێت. له عێراق که دەسەڵاتی سەرەکی به کۆماری ئیسلامی و لاینگرانی بو، له ناوەندە سیاسی و مەزهەبییەکانی لە بەغدا و نەجەف و کەربلا کەوتە بەر شەپۆلی ناڕاەزایەتی جەماوەری.

٦-چەندین رووداوی گرینگ لەم سالانە ڕەزیلی و داماویی و ریسوایی کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستانی له ناوخۆ و دەرەوە زۆرتر کرد. ئەم رژیمە که تا ئیسە دەیان و سەدان میلیارد دولاری بۆ بەرنامەی ناوەکی هەزینە کردووە چەندین جار له لایەن ئیسراییلەوە ناوەندە ناوەکییەکانی له ناوەڕاستی ئێران بومباران، تەقێنراوە و تووشی کەلێن و زەبری گەورە کرا و رژیمیش دەستەوەسانە. له ناوەڕاستی تاران ئارشیویی بەرنامەکانی ناوەکی دزراوە که دواتر له لایەن سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل خسترا بە دیدی میدیاکانی جیهان و لە نەتەوە یەکگرتوەکانیش نمایش درا. پسپۆری سەرەکی ناوەکی رژیم له تاران و به ڕۆژی ڕۆشن تێرۆر دەکری و فیلمەکەی بڵاو دەبێتەوە. قاسمی سلێمانی له ناوەندی پێگەی رژیم له ڕۆژهەڵاتی ناوەراست له فرۆکەخانەی بەغدا لەت لەت دەبێ. لێدانی فروکەی ئۆکراینی بە مووشەک له ئاسمانی تاران و جەنایەتی گەورەی کوشتنی دەیان گەشتیار ناو و ناوبانگی جەنایتکارانەی ئەم رژیمەی زۆرتر زڕاند.

٧-ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هیج کات وەک ئەم قۆناغە و ئەم ساڵانە نەکەوتۆتە بەر شەپۆلی به هێزی شۆڕش و ناڕەزایەتی جەماوەری له ناوخو له لایک و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زڕاندنی ناو و ناوبانگی سووک و دزیو و تاوانباری به تیرۆر و ئێعدام و رفاندن له لایکی دیکە. ئەم ڕاستییانە و ئەم هەلومەرجە که کۆماری ئیسلامی بۆ کۆمەڵگایەکی ٨٠ میلیونی خولقاندوویەتی، ئەم رژیمەی له بەرامبەر بەرینترین ناڕەزایەتی و نەفرەت و بێزاری جەماوەری دەورانی دەسەلاتی خۆی داناوە. ئەم راستییانە شیرازە و نەزمی نیزامی به تەواوی شێۆاندوە، دووبەرەکایەتی ناویانی زۆر قووڵتر کردوە، نەیارانی یەکتر لەقاو دەدەن، پەروەندیان بۆ ساز ئەکەن و هەرچی بکرێ مەحاکمە و زیندانیان ئەکەن. له بەردەم هەڵبژاردنی ئەمجارەش کێشە و ململانێی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی له ئالۆزترین دەورانی خۆیدایە. وەک چۆن هەڵبژاردنی پێشوی مەجلسیان به تەواوی موهەندسی کرد و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانیان کردە دیپلومات و به کردەوە مەجلسیشیان کردە نیزامی و پادگان. هەموو دەنگۆکان ئەوە دەسەلمێنن که سەرۆک کۆماریش دەبێتە پاسدارخانە و موڵگێکی نیزامی.

٨-شانوی هەڵبژاردن له کۆماری ئیسلامی که به ریفراندومێکی نا دێمۆکراتیکی ١٢ ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ دەستی پێکرد، ئەگەرچی هەوڵیان داوە هەمیشە زۆرترین جەماوەر له سەر سندووقەکان ئامادە بن، هیچ کات نیشان له ئیرادە و خواستی کۆمەڵانی خەڵک نەبوە و نەیان شاردۆەتەوە که حوکم حوکمی ویلاتی فەقییە و دەنگی خەڵک له نیزامی ئیسلامی بایەخی نیە.

٩-له شانوی ئەمجارە هەڵبژاردن که کەمتر له دوو مانگی ماوە، هەموو هەلوومەرج بۆ بایکوتی جەماوەری، میلیونی و به هێز ئامادەیە. هەر بۆیە خامنەیی که به باشی هەستی کردووە که هێزی بایکۆت و نەچوون بۆ سەر سندووقەکان زۆر له سالانی پێشو به هێزترە ، هەر له پەیامی نەرۆزییەکەیەوە کەوتۆەتە خۆ که شانوی هەڵبژاردن گەرم بکا. عاجزانە هوشداری دەدا که ئەگەر موخالفی منیشن بۆ پاراستنی نیزام بچن بۆ دەنگدان. واتای قسەی خامنەیی ئەوەیە ئێوە که ئێمە که یەکترمان قەبووڵ نییە و ڕەنگە کێشەش مان بێت بەڵام هەموو لە کەشتییەک داین و بە نوقم بوونی ئەم کەشتییە هەموو پێکەوە تێدادەچین و ئەمنییەت و بوونی ئێمە وێرای ناکۆکییەکان لە گرەوی  پاراستنی  و مانەوەی نیزام دایە.

١٠-تەکلیف و چارەنووسی رژیم و هەڵبژاردن له کوردستان ئاشکرایە. کوردستان هەر لە  ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ تا ئەمرۆ چ به بایکوت و چ به بەرخۆدانە ٤٠ ساڵەکەی و مانگرتنەکانی ئەم ساڵانە نیشانیداوە که کۆماری ئیسلامی له کوردستان نە تەنیا هیچ پێگەیەکی نییە که ڕێگای نەداوە ئەم رژیمە گوڵمێخی خۆیی داکوتێ.

بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە کوردستان و ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستان دەتۆانن چ بۆ کۆکردنەوەی جەماوەری بەرین لە کوردستان چ بۆ بەرینترکردنی بایکۆتی گشتی له ئێران و سازدانی هاوپەیمانی تایبەت بەم هەڵبژاردنە ڕۆڵی گەورە، کاریگەر و بەرچاو ببین.

له نوسینەکانی دوایی زۆرتر له سەر ڕۆڵی کوردستان و ناوەندی هاوکاری دەوەستین و شرۆڤەی ئەکەین.