ئێسراییل چۆکی بە کۆماری ئیسلامی هێناوە (بە دوا چوونی هەواڵێک)

✍ئاژوان -کرماشان

هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی شەری سارد و دەس بە یەخەی ئێران و ئێسراییل دەستی پێکرد. ئیسراییل پێشتر و لە کاتی دەسەڵاتی پەهلەوی وەک یەکێک لە پشتیوانانی ڕژیمی پاشایەتی ئێران دەناسرا و وەک دەوڵەتێکی دۆست چاویان لە یەک دەکرد. کۆماری ئیسلامی تەنانەت دوای وەلانانی شەڕ لە لایەن گرووپە فەلەستینیەکان و واژۆ کردنی پەیمانی ئاشتی بە هۆکاری ئایدۆلۆژیکی و بۆ بەرژەوەندنی سیاسی خۆی نەیویست ئەو دژایەتییە وەلانێ و ئێستا  ڕاستەوخۆ لە شەڕێک لە گەڵ ئەو وڵاتەیە. جاران بە نیابەتی و بە هۆی حێزبۆڵا و حەماس شەڕی دەکرد بەڵام دوای ڕووداوەکانی سووریە و شەڕ لە وڵاتە لە نزیکەوە خۆی تووشی ئەو شەڕە کردووە و تا ئێستا بە دەیان جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی و بە دەیان کەسیان لێ کۆژراوە. ئێسراییل کە ئێرانی ئەتۆمی وەک  “هێڵی سوور”ی خۆی ئەزانێ تا ئێستە چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ناوەندە ئەتۆمیەکانی و چەندین پسپۆڕی ئەتۆمی ئێرانی کۆشتووە.

دوایین هەواڵەکان لە حەوتووی ڕابردوو دا ئاشكرایانكردووه‌، به‌رپرسانی‌ ئه‌مه‌ریكایی و ئیسرائیلی ته‌ئكیدیان لهسەر ئە‌وه ‌كردوه‌ته‌وه‌، كه‌ ڕووداوی هێرشكردنی‌ ئەلیکترۆنی و تەقینەوە لە سه‌ر ناوەندی پیتاندنی ئۆرانیۆمی نه‌تەنز کە بووە هۆی پەکخستنی دابەشکردنی کارەبا بۆ وێستگه‌كه‌، ئیسرائیلی‌ له‌ پشت بووه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ده‌ڵێن، بۆیان دەرکەوتوو ئه‌و كه‌سه‌ی هۆکاری ئەو ڕووداوە بووە کێیە.

ئه‌و زیانانه‌ی‌ به‌ر ناوەندی نەتەنز‌ كه‌وتوون، توانای‌ ئێران له‌سه‌ر پیتاندنی ئۆرانیۆم سنووردار ده‌كەن و كاتی ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ش به‌ رێكه‌وت نه‌بووه‌. لە لایەکی دیکەوە میدیاكانی ئێران له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵگریی ئه‌و وڵاته‌وه‌ باسیان له‌وه‌كرد، بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسەی دەستی لە ئەو تەقینەوە و دروستکردنی گرفت لە بەشێ کارەبای ناوەندی نەتەنزدا بوو کێیە و هەوڵەکان بۆ گرتنی دەستیانپێکردووە. ڕادیۆی ئیسرائیل لە زاری ھەندێك سەرچاوەی ھەواڵگرییەوە به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئاشكرا بكات، ڕایگەیاند کە دەزگای مۆساد دەستی لە ڕووداوەكەی دامه‌زراوه‌ی ئەتۆمی ئێراندا هەیە.

هەروەها بەھرۆز كەمالوەندی، وتەبێژی‌ رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ڕژیمی ئێران، ئاشکرایکرد، تۆڕی دابەشكردنی كارەبا لە دامەزراوەی نەتەنز لە بەرەبەیانی رۆژی‌ یەكشەممە تووشی رووداوێك بووە بەبێ ئه‌وه‌ی‌ ھیچ زیانی گیانی و تیشكدانه‌وه‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌. سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانیش، عەلی ئەكبەری ساڵحی باسی له‌وه ‌كردووە، ڕووداوه‌كه‌ دەستێكی لە پشت بووە. هاوكات به‌ “حەرەکەتێکی قیزەون و تیرۆری ئەتۆمیی سەركۆنەكراو” وه‌سفیكرد. وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئیسرائیل لە پشت هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز بووە و وتی، بە زیاتر پەرەدان بە توانا ئەتۆمییەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان دەدەینەوە.

میدیاکانی ئێرانیش لە حەوتەی ڕابردوودا بڵاویانکردەوە، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دانیشتنێكی تایبەتدا لەگەڵ لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، رایگەیاندووە ئیسرائیل چەندین جار ڕاشکاوانە رایگەیاندووە هەرگیز ڕێگە نادات سزاکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن و ئێستاش بە کردنە ئامانجی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز ئەوان باوەڕیان وایە کە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران لەناودەچن و بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون.

لەبارەی پەرەدان بە ئامێرەکانی بنکەکە زەریف وتی: “دەبێت ئیسرائیل ئەوە بزانێت کە ئێران بە زیاتر پەرەدان بە توانا ئەتۆمییەکانی، وەڵامی هێرشەکە دەداتەوە”.

رۆژی یەکشەممە لەکاتی کارپێکردنی چەند سانتیفیوژێکی نوێ لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنزی ئێران، کێشە بۆ سیستەمی کارەبایی بنکەکە دروستبوو، ئێران سەرەتا وتی ڕووداوێک لە بنکەکە ڕوویداوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت هێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتەسەر بنکەکە.

نیویۆرک تایمز دەڵێت هێرشەکە زیانی بە سیستەمی ناوخۆیی بنکەکە گەیاندووە، کە وزە دەداتە ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەهۆیەوە لانی کەم پرۆسەی پیتاندنیی یۆرانیۆم 9 مانگ دوادەخات.

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێوارەخوانێک لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکانی وڵاتەکەی هێرشی کردە سەر ئێران، وتی، “شەڕی ئێران و گرووپە چەکدارییەکانی سەربە ئێران و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ئەركێکی گەورەیە”.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش داوە: “زۆر ئەستەمە بتوانین قسە لەسەر ئەو سەرکەوتنانە بکەین کە لە ئیسرائیل بەدەستمان هێناون. جاران هێندە بێ دەسەڵات بووین وێنەی نەبوو؛ ئێستاش بووینەتە زلهێزێکی جیهان.”

رۆژی شەممە ١٠ی مانگی ئاپریلی ٢٠٢١ بە بڕیاری حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران تێستی سانتریفوژ لە جۆری  IR-9، کە جۆرێکی زۆر پێشکەوتووی سانتریفوژە و هەروەها ناوەندی مۆنتاژی نەوەی نوێی سانتریفوژ دەستی پێکرد و گازی یۆرانیۆم “uf6″خراوەتە ناو ئامێرەكانی سەنتەرفیۆژ لە پێگەی نەتەنز. ئەمانە هەمووی نیشانەی ئەوەیە کە ڕژیمی مەلاکان ناتوانێ بەرگری لە خۆی بکات و ئێسراییل تا ئەتوانێ لە ناو خۆی وڵات و لە سووریە، لۆبنان و عێراق لە هێزەکانی سپای قودس و گرووپەکانی سەر بە ئێران دەدات و بە کەیفی خۆی لێیان دەکۆژیت و دڵنیایە ئێران ناوێرێ وڵامی بداتەوە. هۆکاری ئەم بە چۆک دا هاتنەی ئێران چییە لە ئایەندە ڕوونتر دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ مەشروعییەتی نەماوە و شەڕێک ئەتوانێ بە یەکجاری لە ڕێشە دەری بێنێت. هەروەها ئەمە پەیامێکیشە بۆ دەسەڵاتی تازەی ئەمریکا و ئەوروپاش پێش ئەوەی کە جارێکی دیکە ئەمریکا بگەڕێتەوە نێو پەیمانی “بەرجام”.

کۆماری ئێسلامی چۆکی بۆ هەموو زل هێز و دەسەڵات دارانی جیهان داداوە و خەریکی فرۆشتنی هەموو خاک و کانزا و سامانەکان خەڵک و وڵاتە و تەنیا لە بەرانبەر خەڵکی بێ دەرەتانی خۆی بەهێزە، ئەگینا لە هیچ شەڕیک لەم ٤٠ ساڵەی دەسەڵاتی سەر نەکەوتووە و هەمیشە دۆڕاندوویەتی.