نەخشی چالاکوانانی ژن و میدیا لە نەمانی توندوتیژیدا

✍پەری.م ـ سنە

لە کۆمەڵگەی نادیمۆکراتیک و لە دواوەڕاگیراوی وەک وڵاتی ئێمە ئەگەر وردبینەوە دەبین و دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە توندوتیژی دژی تاکە کەم دەسەڵاتەکانی کۆمەڵگا وەک مناڵان و ژنان بەردەوام لەزیادبووندایە‌. لێکۆڵەرێکی دەروونناسی لەو بارەوە دەڵێ: لەكۆمەڵگەدا سەرجەم توندوتیژییەكانی دژی ژنان یەك جۆر كۆیان دەكاتەوە، ئەویش توندوتیژی دەروونییە. چالاکێکی ژنانیش دەڵێت، ئەوان تەنها دەتوانن ژنان هۆشیار بكەنەوە و بەمافەكانیان ئاشنایان بكەن، بەڵام ناتوانن بەربە توندوتیژی بگرن. توندوتیژی دژی ژنان لەڕووی دروونییەوە لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا توندوتیژییەکی شاراوەیە، دەکرێ بوترێت بەربڵاوترین شێوەی توندوتیژیشە و شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن رێگەچارەی دروستی بۆ دانەنراوە. هۆكارەكانی توندوتیژی دژی ژنان لە ڕوانگە زۆر لە پسپۆڕانەوە لەچوار فۆرمدا ڕوودەدن، توندوتیژی دەروونی‌، كۆمەڵایەتی، جەستەیی‌ و سێكسی.

ئەوی جێگەی سەرنجە سەرجەم جۆرەكانی توندوتیژی یەك جۆر كۆیان دەكاتەوە ئەویش توندوتیژی دەروونییە، ئەویش بەداخەوە كۆمەڵگەی ئێمە تا ئێستا بەشێوەیەكی دروست بیری لەم جۆرەیان نەكردۆتەوە، هەروەها ڕێگەچارەی دروستیشی بۆ دانەنراوە. دکتۆر ف.ی لە میانەی پرسیارێک لە وڵام بۆ هەواڵنێری نهێنیی دواڕۆژ باسی لەوە كرد: كاتێك توندوتیژی دژی ژنێك ئەنجامدەدرێت یاخود دەكوژرێت، پێویستە سەرجەم كۆمەڵگە كۆدەنگ بن لەسەر سزادانی ئەنجامدەری ئەو كارە، بەداخیشەوە یاساكانی کۆماری ئیسلامی دژی ئەو كەسانەی توندوتیژییەكەیان ئەنجامداوە مەتاتین، یاخود بەجۆرێك لەجۆرەكان نەیتوانیەوە سزایەكی توندی كەسی ئەنجامدەر بدات، ئەوەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژی دژی ژنان. بارە كۆمەڵایەتی ‌و خێزانییەكەش ڕۆڵی خۆی هەیە بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ ئەوەشدا پەروەدە دەتوانێ ڕۆڵێكی گرنگ ببینێت لە كەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بۆیە پێویستە لەقۆناغەكانی خوێندندا منداڵان ‌و خوێندكاران وا پەروەردەبكەن لەداهاتوودا دژی ژنانی کۆمەڵگا بە گشتی توندوتیژی نەنوێنن و ئەو مافە بە خۆیان نەدەن کە بەرانبەر بە دایک، خوشک، هاوسەر، خزم یان ژنانی دیکەی ناو کۆمەڵگا توندوتیژ بن. ئەو شارەزایەی بواری چارەسەری كاریی دەروونی ئەوەشی خستەڕوو،” زۆرجار میدیا کە لە ژێر دەسەڵاتی ئایینی دژە ژندایە، بەهۆی ئەو پەیامانەی لەبواری ژنان بڵاویكردوەتەوە هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەردەوام بێتو تەنانەت پەرەبستێنی”. سەبارەت بەڕۆڵی ئەنجۆمەن و چالاکەکانی بواری ژنان كە تاچەند توانیویانە خزمەت بە پرسی ژنان بكەن، بەتایبەت كەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، م.یووسفی کە چالاکوانێکی مەدەنی بواری مافەکانی ژنانە و کارمەندی ڕێکخراوێکی دەوڵەتییە لە سنە تایبەت بە دواڕۆژ وتی: ”ئێمە تەنها دەتوانین ژنان هۆشیاربكەینەوە لەڕێگەی ئەو خول ‌و كۆڕ و سیمینارانەی بەڕێوەمان بردوون، كە چۆن بتوانن پارێزگاری لەخۆیان بكەن ‌و بتوانن ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە، کە بە داخەو لەم ڕۆژانەی نەخۆشی کۆرۆنا بۆمان ناکرێ ڕاستەوخۆ سمینار بگرین. هەروەها بەشێکی كۆمەڵایەتیشمان هەیە بەردەوام بەدواداچوون  بۆ كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەكەن، كاتێك ژنێك لای ئێمە سكاڵایەك تۆماردەكات، ئەوا لیژنەكەمان بەدواداچوونی بۆدەكات ‌و چەند جارێك لەگەڵ كەسوكاری دادەنیشێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكەی، ئەگەر هەر چارەسەر نەكرا ئەوا پارێزەرمان هەیە و بێ بەرامبەر بەرگری لەكەیسەكەی دەكات”. دەربارەی بەردەوامبوونی توندوتیژی دژی ژنان، ئەو ئاماژەی بەوەكرد، “بوونی توندوتیژی دژی ژنان پەیوەندیی بە ئاستی پێشكەوتنی كۆمەڵگەوە هەیە و لە هەموو كۆمەڵگاكانیشدا توندوتیژی هەیە، بەڵام لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە دەگۆڕێت بۆیە ئەوان تەنها دەتوانن ژنان هۆشیاربكەنەوە”. ئەو چالاکەی بواری مافی ژنان وتی:”چالاکانی بواری ژنان تەنها بەشێوازێكی ڕواڵەتی كاریان لەسەرپرسی ژنان كردووە و نەیانتوانیەوە کارێکی گرنگ‌ و چالاکییەکی بەرچاو نکەن کە ژنان لەقۆناغێكەوە بباتە قۆناغێكی دیكە و ببێتە هۆی گۆڕانكاریی گرنگ، بۆیە داوا دەكەم ڕێكخراوەكانی بواری ئافرەتان لەنێوخۆیاندا میتینگ بكەن ‌و كاری هاوبەش بكەن بۆئەوەی پێكەوە بەرنامەو پلانێك دابنێن بەو هیوایە کە ئاستی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان و بەتایبەتی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بێتەوە و دڵی خەڵکی یەکسانیخواز و ژنانی زوڵملێکراو خۆش بکا.” میدیای ڕەسمی و دەوڵەتی ڕۆڵێكی خراپی گێراوە لەپرسی ژناندا و پەروەردەیەک کە لە ڕێگەی خوێندنگەکان و دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکوومەتی ئێران چووەتە ناو خەڵک دژی مافەکانی ژنان بووە و  نەبووەتە هۆی ئەوەی دایکان و باوکان ببنە خاوەن ڕۆشنبیرییەک لە بابەتی مافەکانی ژنانەوە کە لە ئاکامدا هەم کوڕانی ئەو ژن و پیاوانە نەبن بە جەللاد و ستەمکار و پێشێلکاری مافی ژنان و هەم کچانی ئەو کەسانەش لە هیچ کەس تەنانەت باوک و براشی قەبووڵ نەکەن کە مافیان بخوا و زوڵمیان لێبکا و بەرانبەریان توندوتیژی بنوێنێ.