ڕووخانی ئەسەد، داڕمانی مێحوەری مەقاومەت…!

هێرشی ٧ی ئۆکتوبری ٢٠٢٣ی کۆماری ئیسلامی له ڕێگای حەماس و حیزبوڵڵاوە و هاوکاریی سووریە بۆ سەر ئیسرائیل و کاردانەوەی توند و ڕووخێنەری ئیسرائیل، حەماس و حیزبوڵڵای وێران کرد و ڕووخانی ڕژیمی ئەسەدیشی لێکەوتەوە، مێحوەری مەقاومەتی دەستکردی ڕژیمی تاران که دەیان ساڵ کاری بۆ کرد و دەیان میلیارد دۆلار و هێزێکی گەورەی سەربازیی و سپای پاسدارانی بۆ تەرخان کرا بوو، تووشی داڕمانی جیددی کرد و ئەگەری هەستانەوە و کاراکردنەوەی بردۆتە ژێر پرسیار.
بۆ كورد و ئەزموونەكەی لە رۆژئاوای كوردستان هەم دەرفەتی نوێ خولقاوە و هەم مەترسییەكانیش هێشتا هەڕەشەی جیددین. هەر وەک دیتمان زۆر زوو كەوتنە بەر هێرش. کورد لە رۆژئاوا بەردەوام بەرەنگاری هێزە تێرۆریستییەکانی داعش و هێرشی سپای تورکیە بۆتەوە و گەلێک قوربانی داوە. بێگومان ئەوان سەلماندیان کە دەتوانن پارێزەری دەسکەوتەکانی خەڵک بن و شایستەی دەسەڵات و کیانێکی سەربەخۆن لە رۆژئاوای کوردستاندا.
ئەگەر ساڵی ٢٠٠٣ ڕووخانی ڕژیمی بەعس لە عێراق، دەرفەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ڕەخساند تا زیاتر لە ناوچەکە دەس ئاوەڵا بێ بۆ پەرەدان بە پیلان و پرۆژەکانی، نەمانی ئەسەد و لاواز بوونی حەماس و حیزبوڵڵا، بەرتەسکبوونەوە و تەریک کەوتنەوەی کۆماری ئیسلامی لێدەکەوێتەوە و چیتر توانای مانۆڕ و بەکارهێنانی هێزە پرۆکسییەکانی نەماوە. بە گوێرەی سەرجەم ڕووداو و پێشهاتەكان لە یەك ساڵی ڕابردوو و بەدیاریكراوی، پاش حەوتی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ گۆڕانكارییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێرایی دەڕوات و كۆی ئاماژەكانیش دەرخەری ئەو راستییەن كە كۆماری ئیسلامی هیچ كات تا ئەم ڕادەیە لە ئاستی ناوخۆیی و لە ئاستی ناوچەكە لاواز نەبووە و ئەگەری ڕووخانی زیاتر لە هەمیشە هەست پێدەكرێ.
بەم بۆنەوە ئەركی قورستر و بەرپرسایەتی زیاتر دەكەوێتە سەر شانی هێز و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. خوێندنەوەی دۆخی ئێستاكە دەرخەری ئەو راستیەیە كە ئۆپۆزیسیۆنی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێویستە زیاتر لەهەمیشە هەوڵەكانی لە رێگەی دیالۆگێكی ڕاشكاوانە و بە هاوكاری تێكۆشەران و كەسایەتیی و دەستەبژێری كۆمەڵگە لە پێناو خۆئامادەكردن بۆ ئەگەری هەر جۆرە ڕووداوێك، بخاتە گەڕ. ئێمە وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشان دووپاتی ئەکەینەوە بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک و هەنگاوی کردەیی لەمبارەوە ئامادەین.
دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی
١١ی دێسامبێری ٢٠٢٤ی زایینی