ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەی یەکەمی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد

یەکەمین کۆنگرەی «ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد» لە ڕێکەوتی 10/خه‌رمانان/1400  به‌رامبه‌ر به ۴ی سپتامبری 2021 له ماوه‌ی یەک ڕۆژ کۆبوونەوەی پڕاوپڕ، کە لە دوو بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات کە لە ڕێگای تۆڕی ئینتێرنێتەوە بە یەکەوە گرێدرابوون، بە بەشداری ئەندامان و میوانانی ڕێکخراوەکە، بەڕێوە چوو.

هاوڕێ پڕشنگ محەممەدی پێشکەشکاری کۆنگرە وێڕای بەخێرهاتن لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد و ئامادەکاری کۆنگرەوە، سڵاو و ڕێز و حۆرمەتی کۆنگرەی پێشکەش کرد بە هەموو ئەو ژنانەی کە هەر ئێستاکە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، تێدەکۆشن بۆ ڕزگار بوون و هەروەها هەموو ئەو ژنانەی لە ناوخۆی کوردستان سەرەڕای فشار و زەخت و زۆرێکی زۆر کە بە سەریانەوە هەیە لە خەبات بۆ مافی یەکسان کۆڵ نادەن.

کۆنگرە بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانبەختکردووانی ڕێگەی ڕزگاری و یەکسانی مرۆڤ، دەستی پێکردوو و بە سرودی «ژنانی تێکۆشەر» بێدەنگیەکە شکێنرا.

هاوڕێ ئارێز محەمەدی لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەریی «ڕێکخراوی ئاسۆی ئاسۆی ژنی کورد» وە، قسە و باسێکی سەبارت بە

بار و دوخی  ژنان و هەڵاواردنی ڕەگەزی، بێ مافی ژنان لە کۆمەڵگاکان و کولتوورو سیستەمە جیاوازەکان بە گشتیی کرد.

هەروەها جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە بە هۆی زاڵبوون و دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیی و کولتوور و سوننەتە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگا  بەستراو و دیکتاتۆرییەکان، بار و دۆخی ژنان بە چەند قات خرابترە و سەرکوت و بێ مافی و توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەگەلێکی زۆر ئاشکراو و پەت بچڕاو لە ئارادایە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی کرد بە خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی ژنان لە دژی ئەم سەرکوت و بێ مافیە و ئەم ڕاستیە کە ئێستا ئیتر ئاستی وشیاری ژنان بە گشتی زۆر چۆتە سەرەوە و بە تایبەتی ژنانی کورد لە هەموو پارچەکان و لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکاندا، دەور و نەخشی خۆیان، نیشان داوە. لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە خەبات بۆ یەکسانیی ژن و پیاو تەنیا ئەرکی ژنان نیە و بەڵکوو پیاوانیش بە هەمان شێوە دەبێ لەم خەباتەدا، چالاک بن.

بڕگەیەکی تری کۆنگرەکە تەرخان کرابوو بە وتاری ھاوڕێ عومەری ئێلخانیزادە، ھاوڕێ عومەر لە سەرەتای وتارەکەیدا وێرای پیرۆزبایی لە لایەن خۆی و کومیتەی ناوەندییەوە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە ، جەختی لەوە کردەوە کە کار کردن لە بواری ژناندا ڕابردوویەکی دوور و درێژی ھەیە و ھەڵسووکەوتی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، کۆمەڵە ڕێکخراوەیەک بووە کە بابەتی ژن و یەکسانی لە ھەموو بوارەکاندا ھێناوەتە گوڕێ، ئەلانیشی لەگەڵ بێت کۆمەڵە لەسەر ئەو ڕێبازەیە و یەکسانیخوازە ، بەڵام ئێمە لە دەورەیەکی تایبەتیداین کە بە ڕادەیەک لەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتیانە کە کۆمەڵە لە کوردستاندا دایدەنا دوورکەوتووینەتەوە، ھەموو شتێک لە ڕوانگەی حیزبییەوە بینین، تاراوگە نشین بوون کە لەو نێوانەدا پیاوان زۆرتر توانیویانە دەور بگێرن دەتوانن لەو ھۆکارگەلە بن کە بە بڕوای من بواری کار بۆ ژنان لە کۆمەڵەدا تا ڕادەیەک لاواز بکات، ئەوەی ڕۆشنە ئەوەیە کە کۆمەڵە ڕوانگەی لە بواری ھزری بۆ پرسی ژن نەگۆڕدراوە بەڵام لە باری کردەیی ئەو کارانەی کۆمەڵە بۆ ژن کردوویەتی ھاوسەنگ نییە لەگەڵ ئەو ئامانجانەی وا کۆمەڵە لە سەرەتاوە بۆخۆی دیاری کردبوو.

ھاوڕێ عومەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە بە حیزبی کردنی پرسی ژن بووەتە ھۆکارێک کە پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمەڵگادا لاواز بێت، لە درێژەدا ھاوڕێ عومەر جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی ئەو رێکخراوەیە تەنیا نابێت لە چوارچێوەی ئوردووگا قەتیس بکرێت و دەبێ ڕوانگەی روو بە دەرێوە پەرە پێبدات ھاوکات بەو ئەندازەیەش لە ناو حیزبدا دەبێ گرنگی پێبدرێت.

ھاورێ عومەر لە درێژەی وتەکانی پێوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنانی لە کوردستانی ڕۆژھەڵات زۆر بە گرینگ وەسف کرد و لەو پێوەندییەدا جەختی لەوە کردەوە کە نابێت قاڵبێکی ئیدئۆلۆژیک لە جۆری پێوەندییەکان لەگەڵ ناوخۆ بدرێت، دەبێت ئاسۆی ژنی کورد لەگەڵ چالاکوانانی ناو کوردستان و چالاکانی ژنان لە ڕۆژھەڵات یەکبگرێتەوە و ئاشت بێتەوە و بەستێنی کارەکانمان دەبێت بەرینە ناوخۆ.

ھاوڕێ عومەر لە کۆتایی قسەکانیدا وێرای دەسخۆشی لە ئەندامانی بەرێوەبەری دەورەی پێشووی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد بۆ کار و چالاکییەکانیان پیرۆزبایی

 

گرتنی کۆنگرەی یەکەمی رێکخراوی ئاسۆی ژنی کوردی کرد و ئاواتی سەرکەوتنی بۆ کردن.

تەوەرێکی دیکەی کۆنگرەکە تەرخان کرابوو بە ڕاپۆرتی چالاکییەکانی ئاسۆی ژنی کورد لە کوردستان و دەروەی وڵات کە ھاوڕێیان ئارێز موحەمەدی و سنوور حەنیفی پوور لەو بارەیەوە ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد و  هەروەها ڕاپۆرتی داراییش لە لایەن هاورێ پڕشنگ محەممەدی پێشکەش کرا.

 

بڕگەی دواتری کۆنگرەکە تەرخان کرابوو بە قسە و باسی ئەندامانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە کە تێیدا بەشێکی زۆرێ ئەندامان قسە و باس و رەخنە و پێشنیارەکانی خۆیان خستە بەر دەم ئامادەبوانی کۆنگرەکە.

پەسەندکردنی بەیاننامەی پێشنیارکراو بەشێکی تری بەرنامەی کاری کۆنگرە بوو، پاش ئاڵووگۆری بیر و بۆچوونی ھاوڕێیان و قسە و باسێکی چر و پڕ بەیاننامەی پێشنیارکراو کەوتە بەر دەنگی ھاوڕێیانی بەشداربوو و پەسەندکرا.

بڕگەی کۆتایی کۆنگرەکە تەرخانکرابوو بە ھەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی بەرێوەبەری ئاسۆی ژنی کورد کە لە ئاکامدا ٧ کەس لە ئەندامان بە دەنگی بەشداربوان وەک دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی ئاسۆی ژنی کورد ھەڵبژێردران.

 

ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد

٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی

١١ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی