دۆخی ژنان لە ئەفغانستانی تالباندا

✍ژیلا ئەحمەدی

ئاڵۆزی لە ئەفغانستان یا سەردەمی ڕەشی دەسەڵاتدارەتی تالبان وگۆشاری زۆرتر بۆ سەرژنانی ئەم وڵاتە وەبیرهێنانەوەی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیە لە ئێران دایە لە سالی ١٩٨٠ زایینی. ئەو دەسەڵاتانە کە لە هەر دوووڵاتی ناوچەکە پر لە ئازار وئەشکنجەن بۆ ژنان. دەسەڵاتی ئایینی ئیسلام  ئاکامی دەبێتە دەسەڵاتهایەکی دژ بە ژن دژ بە مرۆڤ و پێچراو بە تانوپۆی دەمارگیری و زێدەڕۆی. ژنان قوربانیانی سەرەکیی حکوومەتی تالبانن، ژنانی ئەفغان وەکوو نێوەی کۆمەڵگای ئەفغانستان دەکەونە گۆشاری توندوتێژی ونابەرابەری وکوێلەتی تالبان و ئازار وئەشکنجە دەبینن ولە سەرەتایی ترین مافەکانیان بێ بەش دەبن. ژنانی ئەفغان کە چەن ساڵێک دوور لە چاوی تالبان سەرەڕای گوشارەکان و دۆخی نالەباری کولتوری و ئایینی لە ئەفغانستان هەوڵیان بۆ گەشەکردن دەدا و دەیانەویست دوور لە زێدەڕۆی ، نەزانی ، نائاگایی و بڕوا خوڕافاتییەکان و دوور لە پۆشەری بورقەع ژیانێکی ئارامیان هەبێ دووبارە بە داگیر کاری تالبان بۆ سەر ئەفغانستان ترس و دڵەراوەکی لە دڵیاندا زیادی کردووە و تاولەرز کەتووە گیانی ژنانی ئەفغان. هەر لە ئەوەلین کاتی داگیر کردنی شاربەشاری ئەفغانستان بە دەست تالبان ژنان تووشی سام وخۆفی کۆمەڵایەتی بوون چۆنکە تالبان بە تووندوتیژترین شێوە دەستی بە سەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەفغانستاندا گرت هەموو ژنەکانی لە کار و چالاکیی کۆمەڵایەتی دوور خستەوە. تالبان پێش هەر شتێک دوژمنی ژیانی ژنانە کە پێشتریش بە کردەوە ئەمەی نیشان داوە لە سالی ١٩٩٦ تا ٢٠٠١ کە بۆ ئەوەلین جار تالبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان بەدەستەوە گرت ژنانی وەکوو کوێلە خستە ژووری ماڵەکان ودرگاکانی بەسەریاندا داخست. ئەو ئازار وئەشکنجە هێشتا هەر لە دڵی ژنان ئەم وڵاتە ماوەتەو وەکوو برینەکی قوول خۆی نیشان ئەدات. پێش تالبان ژنان لە سالی ١٩٦٤ توانیان مافی ژنان لە ئەفغانستان بە رەسمی رابگەینن بەڵام هاتنە سەر کاری ئەم رژیمە تەواوی مافی مرۆڤ بە تایبەت ژنانی خستە پەراوێز و پێشیلی کرد بەڵام سالی ٢٠٠١ دوای نەمانی دەسەڵاتی تالبان، هەندێک لە مافەکانی ژنان لە دەسەڵاتی کۆماری ئەفغانستان دانراو و بوو بەیاسا ، ئێستە کە بۆ دووهەمین جار حوزووری تالبان وەکوو هێزێکی ئیدۆئۆلۆژیکی زێدەڕۆ و پاوانخواز بووتە هۆکاری نیگرانی زۆربەی ژنانی ئەفغان. بەم بوونەوە لەو ماوەیە کە تالبان هەوڵی ئەدا شار بە شار ئەفغانستان داگیر بکات ٤٠ وڵات لە بەیانیەکی هاوبەشدا داوایان لەو کەسانە کە لە ئەفغانستان خاون هێز ودەسەڵاتن کرد کە مافی ژنان بپارێزن و هەروەها لە بەشێ لەم بەیانیە هاتووە ” ئیمە وەکوو بەشێک لە کۆمەڵگای جیهانی حازرین بە ناردنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە یارمەتیی ژنانی ئەفغان بکەین و پشتیوانیان لێ بکەین وخاترجەمیان بکەین کە دەنگیان لە جیهان دا دەبیسترێ. لە یەکێ لە کانالەکانی تلگرامی لە هەرات هاتووە کە گرووپی تالبان فەرمانی جیهادی زۆرە مڵی یان داوە بە ناوی زەواجی زۆرمڵی  و بە پێی هەوالەکانی  کە لە ناوچەی ناوەندی وباکووری ئەفغانستان بڵاو بووەتەوە، بە روونی نیشانی داوە کە تالبان بە شی زۆر لە ژنانی  وکچانی ناچار بە هاوسەریەتیی چەکدارەکانی کردووە. ئەوەیکە جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە جارێکی دیکە ژنانی ئەفغان بکەونە سووچی ماڵەکان و لە خوێندەواری ، کار  و ئەرکی کۆمەڵایەتی دوربخرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە بۆ ٢٠ ساڵ لەمەوپێش کە لە سووچی ماڵەکان وژوورەکان زیندانی کرابوون. لە دەورەی پێشووی دەسەڵاتی تالبان ژنان لە خوێندن بێبەشکرابوون  و تەنانەت مافی ئەوەیان نەبووە بە تەنیای بڕونە دەرەوە لە ماڵەوە و دەبوایی پیاوێکیان لەگەڵ بواێت. هەروەها یاسای سەنگسار ، برینی دەست ولاق و ئیعدامی سەحرایی بەردەوام بوو.

ئەوەی جێگەی مەترسی هەیە یاسای ئایینی کۆنەی تالبان بەرامبەر ژنانە، کۆمەڵێک “دەبێ” و “نابێ” کە ژیان بۆ ژنان تاڵ دەکات، بەشێ لە خەڵک و دەوڵەتان دەڵێن کە تالبان گوڕاوە و تالبانی چەند دەیە ڕابردوو نییە، بەڵام بڕواکردن بەو قسانە ئاسان نییە چۆنکە ئایدیولوژیا تالبان هەرئەوەی پێشووە و گۆرانی بەسەردا نەهاتووە، دەتوانین بلین مێژوو دووپات بووتەوە و ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ڕاپەڕینی گەلان لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کردی خەریکە دیسان لە ئەفغانستان ڕوودەدا. کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەرلە سەرتای هاتنە سەرکاری دەستی بە دژایەتیی ژنان کرد و سەرکوت ، ئیعدام و بەرگرتن بە چالاکیی کۆمەڵایەتیی ژنان یەکێک لە کارە سەرەکییەکانین بوو. کۆماری ئیسلامیش کاتی خۆی سەدان ژنی خەباتکاری تیرباران کرد تەنها لەبەر ئەوەی تەلیمی یاسای دواکەوتووانەی ئەوان نەبوون. حکوومەتی ئێران ژنانی لە هەموو بوارەکانی وەکوو سیاسەت ، وەرزش ، مۆزیک ، کۆمەڵایەتی و هەموو شتی تر دوور خستەوە. ئێستەش هەر ئەو بارۆدۆخە بۆ ژنانی ئەفغان روو ئەدات. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە ئاسانی وڵاتی ئەفغانستانیان بۆ تالیبان بەجێهێشت و زۆربەی خەڵک و بەتایبەت ژنان لە ئاکامی ئەو بڕیارەدا تووشی ئازار و گوشار بوون. مینا رەزای تاجر لەم بوارە وەکوو ژنێکی ئەفغانی دەڵی : ” ئەوەی کە ئەمرۆ ژنان بەدەستیان هێنا ، داهاتی هەژدە سال موبارزە و خەباتی ژنانە ، ژنان لەکاتی تالبان کەوتنە گوشەی ماڵەکان ، مافی خوێندن وکاریان نەبوو و مەحکووم بە کوێلەتی بوون ، سالیانێ درێژەی هەبوو تا ژنان بکەونە سەرپێی و بتوانن بڕوا بە خۆیان بەدەست بێننەوە، دەرس بخوێنن ، کاربکەن و مافیان هەبێت، بەڵام ئێستە من نیگرانی ئەوم کە ئیتر ژنان نتوانن کاربکەن، بە ئاسانی بۆ سەفەر بڕون و رۆژی بێ و درگای کافەکەم دابخەن و بێژن مافی کارکردنم نیە “. ئەمە قسە زۆربەی ژنانی ئەفغانە ، هەزاران ژن لەم ١٨ سالە دوور لە چاو تالبان توانیانە گەشە بکەن لە بواری سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، وەرزشی ، مۆزیک  وزۆرچتی تر چالاک بن و ئێستە داهاتووی ژنان ناڕوون و تاریکە. ژنان لە ئەفغانستان نیگرانی ئەوەن کە بەدەستی تالبان ببن بە کوێلە و هەموو داخوازیەکانیان ژێر پێی بخرێت و هەروەها تووندوتێژی سەبارەت بە ژنان زیاد بکات کە ئەمە مەترسێکی گەورەیە بۆ ژنانی ئەفغانستان.