پرسیاری چاوەڕوانان
پرسیاری چاوەڕوانان
فەرەیدوون ئەرشەدی
تابەکەی تێلی ئەم سنوورە ڕاژەنین
هەر بڵێین وەرنەوە؟
قەڵەم و کتێبان خنکاون،
سێدارە لە باڵای تەمەنمان بەرزترە .
رێگاکان تەماوین
کۆڵانان پڕاوپڕ لە دێۆ و دێوەزمە،
شەقامان خوێنین و نیشتمان تاسەبار .
شەو نیە مۆتەکەی تازیە
بەردەرگای ماڵێکمان لێ نەگرێ،
رۆژ نیە تەرمێکی ئاواتمان
نەدەینە سەر شانی سەبووری خۆماندا و
لە دڵ و چاومان دا نەینێژین .
چوار دەوری ژیانمان مێزەرپێچ،
ئاسۆمان عەباپۆش،
مردنمان هێند سادە و پڕ دەردە
لە ڕەگی گەردنمان ناسک و نزیکتر .
بەس نیە ئەم گشتە ئەشکەنجە و سووتانە؟
خۆ ئێوە ڕێبواری ڕێچکەکەی هەتاو بوون،
قەرار بوو یەکەمین مزگێننی سەفەرتان
ڕابوون بێ و ڕاوەستان!
لەو دەشتی گەرمێنە وەرنە سەر زیناری ئیرادە،
بڕوانن سکاڵای دووریتان گەیشتوەتە ئەو پەڕی سووتان و
ئێوە هەر لە جوغزی بەڵێن دا سەرگەردان!
وڵات خۆ سەرانسەر دەشتێکی نێرگزە
لە مەیلی پێشوازی چاوتان دا،
بەو هەموو ئەزموونە رەنگین و
بەم گشتە چاویلکەی تازەوە
برژانی برێشکەی هیوامان نابینن؟
گەر ئێوەن دەزانن کلیلی دەروازەی رزگاری
لە خانی چەندەمی ژیانا دانراوە،
مەهێڵن سیماتان لە چاوی منداڵ و
چیرۆکی چارەنووس سازەکان بزر بێت .
گەر ئێوەن دەزانن کولەکەی رۆحی دێو چۆن دەشکێ،
بە کانیی سەردەم دا رۆ بچن،
خۆڵی ئەو پێدەشتە لە چاوتان راماڵن،
ئەستێران موحتاجی بریسکەی چاوتانن .
ئەو دەستە پڕ نان و پڕ ئاوە هەڵبڕن
وەرزەکان تامەزرۆی بەرهەمی دەستتانن .
گەر ئێوەن نوێنەری بەهاران،
دار و ئاو پرتووکان، ببارن!
رێگاکان بە برووسکەی هەنگاوتان ڕادەبن
هەستنەوە .
قەرار بوو باخی ئەم رێچکەیە لە شاخدا بەر بگرێ و
سەمەری بێتەوە ناو حەوشەی ماڵەکان .
بەڵێن بوو تا دوایین هەناسە
هەورازی خەبات و شاڕێیانی رزگاری بپێون.
نەک تەنیا بە یادی قاسپەکەی کوێستانی رابردوو بخوێنن .
لە ناخی ئاگر و خوێنەوە
قوڕگێکی هەتاورەنگ، سروودی راوەستان دەخوێنێ .
دەستێکی داهێنەر دوایین دروشـی نەوەیەک دەنووسێ :
تابەکەی تێلی ئەم سنوورە راژەنین
هەر بڵێین وەرنەوە!؟