شیرین کافی
شیرین کافی

زمانی دایک
تەنها ووشە نییە،
ئەو دەنگە بەسۆزەیە
کە دایک لە شەوە
تاریک و خامۆشەکاندا
لایلایەی بۆ دەکردم.
یەکەم ووشە
هاتە سەر زاروو زمانم،
بە زمانی دایک
درکانم.
یەکەم چیرۆک
کە لە گوێمدا زرینگایەوە،
بە زمانی شیرینی دایک بوو،
لە زاری داپیرەمەوە.
بە زمانی دایک
گریام،
پێکەنیم،
گڕ و گاڵم کرد؛
بە هەمان زمان
فێری بەرگری بووم
کاتێک ژیان
ووشەی ترسی فێرکردم . بەزمانی دایک بەرگریم کرد
زمانی دایک
ڕەگ و ڕیشەی منە،
ئەگەر ببڕدرێت لەڕەگەوە
سەزە.
ئەگەر زمانی دایک لەیاد بکەین،
وەک ئەوەیە
ناوی خۆمان لەیاد بکەین،
دەبین بە مرۆڤێکی
بێ ڕوخسار.
زمانی دایک
دەنگی شاخە،
ئاواتە هیوایە،
لە هەر ووشەیەکدا
کەوتن و هەستانەوەی تێدایە.
بێ زمانی دایک
ناتوانین خۆمان بناسێنین،
ناسنامە بێ زمانی دایک
وەک جەستەیەکی بێ دڵە.
زمانی دایک دەپارێزم
بۆ ئەو زارۆکانەی
کە لە دایک نەبوون،
بۆ ئەوەی بزانن کێن
و لە کێوە هاتوون.
تا دوایین هەناسەم،
تا دوایین ووشە،
بە زمانی شیرینی دایک
دەدوێم.
زمانی دایک
هەناسەمە،
من بێ هەناسە
ناژیم. شیرین کافی 20/2/26

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *