ئاخۆ ناوەندی ئێران بە ئێمە دێموکراتیزە دەکرێ؟

بەشێ لە چالاکانی سیاسی پێداگرن بۆ ئەوەی بزووتنەوەی کوردستان پردێکی پەیوەندیی پتەو و مانادار لەگەڵ ناوەندی جوغرافیای ئێران بە ڕێکخراو و خەڵکەوە دامەزرێنێ -کە زۆریش باشە ئەگەر جێبەجی بێت- بەڵام ئەم پرسە هاوشێوەی ڕۆژاوا و ئەزموونی تاڵی بیرۆکەی “برایەتیی گەلان” و داڕمانی دیواری متمانە لە عێراقی بەفیدراڵکراو، قورس، ئاڵۆز و لێڵە.
لانی کەم تا ئێستە ئێمە جگە لە دوو ڕەوتی ئیسلامی سیاسی-شیعی و پاوشاخوازی، هیچ لایەنێکی سیاسیی پێکهاتوو و گەشەکردوو لە ناوەڕاستی جوغرافیای ئێران ناناسین کە خاوەن پێگە بێ و جەماوەرێکی بەدەور خۆیدا کۆ کردبێتەوە و چالاکیی لە خۆی نواندبێ. واتە مەودایەکی یەکجار دوور لە نێوان فەرهەنگی سیاسیی ئەو بەشە لە جوغرافیای ئێران و دێموکراسیخوازی هەیە کە ئەمەش خۆی دەرخەری پاشخانی دیکتاتۆری لەو دەڤەرە. پاشخانێ کە ڕەگەکەی لە پەیوەندیی سیاسی و کۆمەلایەتیی ڕابردوویە. لە کۆندا لەو ناوچە پاوشا خاوەنی مال و گیانی خەڵک بووە و بە وتەی کەسانێ وەک هومایوون کاتووزیان کەمئاوی، وای کردووە کە بۆ دەستخستنی سەرچاوەکان، کۆمەڵگە چاولەدەستی هێزی دەسەڵاتدار بێ و سەربەخۆیی ئابووریی خۆی لەدەست بدات. هەروەها دەسەڵاتێ وەکوو سەفەوییەکان بە زەبری شمشێر ئایینی بە خەڵک گۆڕیوە. جگە لەمانە تەنانەت تاکی پاوشا هەستی بە پارێزراوبوون لەوێ نەکردووە و گۆڕینی دەسەلات پێڕەوەیی لە هیچ ڕێسایەکی تایبەت نەکردووە و هەر کەس و لایەنێ شمشێری بەبڕشتتر بووە، بووەتە خاوەن دەسەلاتی ڕەها و هەموو دژبەرانی کەلەلا و شاربەدەر کردووە. هەچ گومان نییە لەوەی کە پەراوێزی ئێرانیش لە پریشکی ئەم سەرەڕۆیی و ڕەهایی دەسەڵاتەی بەر کەوتووە؛ بەڵام بە هەر هۆیەک -لەوانە دووری لە ناوەند و جیاوازیی سروشت و سەرچاوەی ئاو و هتد- توانیویە حوکمڕانیی خۆجێیی جیاواز دروست بکات کە لانی کەم دەرفەتی ژیانێکی نیمچەسەربەخۆ بە خەڵکی ژێردەسەڵاتی بدات. هەر جۆر بێ، بۆماوە مێژووییەکانی کورد وای کردووە کە بتوانێ لە زەلکاوی ڕۆژهەلاتی ناوەراستی گیرۆدەی قەیرانی ڕەوایی، توندوتیژی، دەمارگرژی و شۆڤینیزمدا، ڕێکخراوی تایبەتی خۆی دروست بکات کە سەرەرای گشت کەموکۆڕییەکانی _کە باسکردنی لەم واترە ناگونجێ- ببێتە کۆڵەکەی ڕاگری لە جیهانی مودێڕندا. ڕێکخراوگەلێ کە لانیکەم پلان و پێڕەوی نووسراویان هەیە و بە جێگەی دابەزاندنی پرسی سیاسەت بۆ “باش و خراببووونی” تاکەکان، هێشتا بڕوامەندن بە ئەسڵی مشتومڕ و دیالۆگ بۆ بەرەوپێشبردنی خواستەکان لە گۆڕەپانی سیاسەتدا.
شکستی مودلی لەمەوبەری حوکمڕانیی کوردەکان لە سووریە لەژێر ناوی “ناوچەی باشوور و ڕۆژهەلاتی سووریە” وای کرد کە جارێکی تر کورد بیر لەوە بکاتەوە کە چ ڕێگەیە لەم ولاتانە بگرێتە بەر تا سەقامگیری و ژیان جێگەی هەڕەشە و کوشتوبڕ بگرێتەوە و خۆی پێکهاتەکانی تر پێکەوەژیانێکی ئینسانی دەست پی بکەن. کاتێ خێڵە عەرەبەکان وازیان لە هاوپەیمانیی کورد هێنا و پێشوازییان لە هیزی ئەحمەد شەرع کرد، ئەو ڕاستییە جارێ تر سەلمێندرا کە ئەوە تیۆری -برایەتیی گەلان- نییە کە دەبێ بکرێتە ڕاستی، بەڵکوو ئەوە ڕاستییەکانە کە دەبێ بیردۆزی تایبەتی بۆ دابڕێژرێ. ئەزموونی عێراقی ٢٠٠٣ بەم لاوەش ئەوەمان پێ دەڵێ کە “عێراقی ئیشتراکی” نەیتوانی وەلامدەری پێویستییەکان بێ. کاتێ مووسڵی سوننە هێشتا بەهۆی تۆمەتباربوونی بە پشتگیریی سەدام، لەژێر قامچیی تۆڵەی شیعەی عێراقدا بوو، داعش بێ هیچ بەرگرییەک دەستی نایە قوڕگی و بەغداد بەجێی ڕزگارکردنی، بە فوتوا حەشدی شەعبیی پێک دەهێنا تا نەجەف نەکەوێتە دەست داعشی لکێندراو بە سوننە، دەرکەوت کە وڵاتی عێراق لە ناوێکی سەر کاغەز تێناپەڕێ و مردوویی لەدایک بووە. بە هەمان شێوە وەختێ کورد شەڕی داعشی کرد، بوودجەی لێ برا، ئەوە ئیتر گومانی نەهێشتەوە لە نوقمبوونی عێراقی پۆست سەدام لە زەلکاوی دەمارگرژی و دژەئەویتربوون.
بەم پێیە، دەبێ بزانین لەگەڵ ئەوەی -بە دروستی- پێداگر بین لەسەر پرەنسیپە دێموکراتیکەکان وەکوو پێکەوەهەڵکردن و گفتوگۆ، بەڵام بیرمان بێ کە دێموکراتیزاسیۆن ئەرکی کورد نییە؛ بەڵکوو جۆرێکە لە بەرپرسایەتی و مەرج نییە بۆ بەدیهاتنی، خۆی قوربانی بکات. لە ڕاستیدا ئێرانی ژێرچەپۆکی کۆماری ئیسلامی هەر ئەوەندە لە پێکەوەژیان تێ دەگات کە پاوشایەتیخوازەکان لێی تێ دەگەن ئەوەی جیهانی ئەمڕۆ بەرێوە دەبات “بەرژەوەندیی گشتیی” (نەتەوەیی)یی لەسەر بنەمای دێموکراسییە و کورد دەبێ لەپێشدا بزانێ کە ئەگەر ستراتیژیی دێموکراسیخوازییە، ئەوە دەبێ لە ناو خۆیەوە دەست پێ بکات نەک بەپێچەوانەوە “داوای دێموکراسی” بکات و وابزانێ لەو ڕێگەیەوە دەکری ئەوانتر بە قەناعەت بگەیەنێ کە دێموکراتیکبوون بەرهەمی باشی دەبێ! چونکە بەپێی واقیعی سیاسی، پرسی مانەوە (بقا) و ئەمنییەت گرینگتر لە بەها گەردوونییەکانە.
بۆیە ئێمە لە پێشدا ببین بە خاوەن هێزێ کە لەژێر چەتری نوێنەرایەتییەکی ڕەوا ق دێموکراتیک بمانپارێزی؛ ئەجار بۆ ئەوەی پێکەوەژیان ئەزموون بکەین دەستی دۆستایەتی بۆ گەلانی تر درێژ بکەین. لای نووسەری ئەم دێڕانە پێداگریی لەسەر دێموکراتیزاسیۆنی ئێران، پێشمەرجی گەرەک و ئەو پێشمەرجەش هیچ نییە جگە لە یەکلاییکردنەوە پرسی ناوخۆیی لەڕێگەی ڕەوا و دێموکراتیک. بۆیە جارێ تر ئێمە دەبێ پێداچوونەوەی جیددی بکەین بە نوێنەرایتیی گەلی کورد و دروستکردنی مەرجەعێکی بەرز کە پۆتانسییەلی گلێرکردنەوەی جەماوەری بێ لەنیوخۆی کوردستاندا و تا کاتی گەیشتن بەو ئامانجە، دروشمی دەرەکی، هەنگاوێ بۆ ئێمە و ئەوانی تریش بەرەو دێموکراتیزاسیۆنی ئێران و ناوچە ناپێوێ.
