هاوڕێ ڕەزای کەعبی، سکرتێری گشتی کۆمەڵە، بۆ ڕۆژی کۆمەڵە دەدوێ!
کۆمەڵە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە وەک رەوتێکی پێشکەوتووی سۆسیالیستی و چەپی کوردستانیی هاتە مەیدانی خەباتی سیاسی و دەیان نۆرم و سوننەتی نوێی لە کۆمەڵگای کوردستان جێخست. ئەم حیزبە لە کاتێکدا دەرکەوتنی خۆی وەک حیزبێکی پێشەنگی کوردستانی نیشاندا، کە شەپۆلی دواکەوتووانەی ئیسلامی سیاسی لە ئێران جڵەوی دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت. لە کاتێکدا کە لە تاران بە داخەوە کۆمەڵانێکی بەرین، خۆیان لەگەڵ رەوتی دواکەوتوویی رێک دەخست، کۆمەڵە لە حاڵی جێخستنی سێکۆلاریزم بوو، لە کاتێکدا کە لە تاران حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژناندا دەدرا، لە کوردستان کۆمەڵە پاڵپشت و رێکخەری ژنان بوو بۆ ئازادی و یەکسانیی و پێکهێنانی رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان، لە کاتێکدا کە خومەینی فەرمانی جیهادی لە دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد، کۆمەڵە ئەو شانازیە گەورەی بۆ ماوەتەوە کە بێ راڕایی و دوودڵی لە نووسراوەی بەناوبانگی خۆی ( خلق کورد در بوتە آزمایش) بڕیاری وەستانەوە و موقاومەتی گەلی کوردی دەرکرد و بەمشێوە کوردستان یەکپارچە و یەکدەنگ دژی رژیمی داگیرکەر چوونە سەنگەری بەرگریی.
هاوکات کۆمەڵە بە شێوەیەکی تەواو مانادار سیاسەت و بەشداریی جەماوەری لە چارەنووسی خۆیان کردە نۆرمێکی جێکەوتوو، واتە لەو سەردەمە نوێیەدا پێچەوانەی نۆرمەکانی پێشوو، خەڵک تەنیا کەرەسەیەک نەبوو کە لە دوورەوە چاوەڕێی بڕیار بێت، بەڵکوو کۆمەڵە سیاسەتی کردە پرسێکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، دیارە لە سیاسەتدا ئەساسەن خەڵک دەبێ بەشدار بێ ، بەڵام ئەوەی کۆمەڵە رچەی تێدا شکاند، بەشداریی جەماوەر بوو بە بیرو ئەندێشەی خۆیانەوە و کاریگەریان لەسەر بڕیارە چارەنووسسازەکان، رێک وەک ئەو حەرەکەتی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان بۆ دەرەوەی شار و بەشداری خودی خەڵک لە بڕیارەکان کە بە ئیبتکاری کۆمەڵە و کاک فۆئاد چووە پێشەوە.
هەندێجار باس لەوە دەکرێ کە بیرو ئەندێشەی کۆمەڵە، نابێ لە چوارچێوەی حیزبی قەتیس بکرێتەوە و من ئەمە بە بابەتێکی پۆزەتیڤ بۆ کۆمەڵە دەبینم، چونکە هەموو ئەو پرسە گرینگانەی کۆمەڵە لە سەردەمی خۆیدا ورووژاندی و خەباتی بۆ کرد لە بەراورد لەگەڵ گۆڕانەکانی ئەو سەردەم و بەدەسەڵات گەیشتنی یەکێک لە دواکەوتووترین رژیمەکانی سەردەم واتە کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەکە، زۆر پێشکەوتووانە، رادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە بوون کە زۆرێک لەو پرسانە لە راستیدا بایەخگەلی جیهانین و کۆمەڵگای پێشکەوتووی مۆدێرن لەسەر ئەوانە بونیات نراوە. لە مافی کرێکاران، پرسی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، بابەتی سێکۆلاریزم و دێمۆکراسی و ئازادیی تاک، ئەو فاکتۆرانە بوون کە کۆمەڵە لەسەر بێچمی گرت و گەشەی کرد، ئەگەر بۆ هەندێک لەو بابەتانە لەو سەردەمەدا، کۆمەڵە بەرەورووی جۆرێک رەخنە کرابێتەوە، بەڵام گەشەی رووناکبیریی لە کوردستانی ئەم سەردەمە، کە بە تایبەتی لە شۆڕشی ژینا گەیشتە لووتکەی خۆی، زۆرینەی راستیی رێباز و ئەجێندای رێبازی کۆمەڵەی دەرخست وە بۆ ئەم بابەتە دەبێ هەموو ئەوانەی رۆژێک لە رۆژان لە ریزەکانی کۆمەڵەدا چالاکیان کردووە، شانازیی بە خۆیان و خەباتەکەیانەوە بکەن، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ و ئەو پێگەیشتووییەی لە کوردستان دەبینرێ، رۆڵ و دەست و پەنجەی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵەی پێوە دیارە.
کەواتە لەم سۆنگەیەوەو بە پشت بەستن بەم مێژووە پرشنگدارە، ئێمە وەک کۆمەڵە پێداگرتر لە جاران خۆمان بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو ئەرکەی مێژوو لەسەر شانی یەک بە یەکی ئێمەی داناوە بەڵێندارتر دەکەین، وە روو بە هەموو تێکۆشەران و خەباتکارانی نەسرەوتووی ئەم رێبازە دەڵێین، ئێوە خاوەنی ئەم حیزبەو دەسکەوتە بە نرخەکانین.
ئەگەر ئەمڕۆ کۆمەڵە حیزبێکی جەماوەری و شوێندانەرەو هێشتا پاش زیاتر لە چوار دەیە و وێڕای دەیان کێشە و قەیران کە بۆی هاتووەتە پێش، هێشتا خەڵکی کوردستان بە دەم بانگەوازیەوە دێن، ئەوە بەشێکی گرینگی بەرهەمی خەباتی بێوچانی ئێوەیە کە بە درێژایی چەندین ساڵ سەنگەرەکانی رێبازی کۆمەڵەتان بە گیانبازی خۆتان ئاوەدان و گەشاوە هێشتەوە.
بەڕێزان ئەگەر تا رادەیەک لەو مێژووە و رووداوەکانی دوور بکەوینەوە هەموومان ئاگادارین و رۆژانە رووداوەکانی جیهان و بە تایبەت ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینین. من لێرە نامەوێ لێکدانەوەی دوورودرێژ بۆ ئەوە بکەم کە هۆکارەکان چین و بۆچی ئەم رووداوانە هاتوونەتە ئاراوە، بەڵکوو ئەوەی من لێرەدا بە گرینگی دەبینم و رەنگە پرسیاری زۆرێک لە ئێمەومانان بێ ئەوەیە کە لە بارودۆخێکی ئاوادا کە کۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریدایە ئێمە وەک کورد وە وەک حیزبەکانی کوردستان دەبێ چی بکەین و چۆن خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەگەرەکانی داهاتوو؟
رژیمی کۆماری ئیسلامی درەنگ یا زوو بە هەر جۆرێک بێ و هەر سیناریۆیەک بێتە ئاراوە، نیهایەتەن بە هێزی بزووتنەوەی جەماوەریی دەبێ بڕوات، وە بە خۆشحاڵیەوە ناوەرۆکی ئەو رژیمە دڕندەیە لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ هەموو کەس دەرکەوتووە. ئەگەر چەندین ساڵ پێش کورد تاکە دەنگی وەستانەوە دژی ئەو رژیمە بوو، بەڵام ئێستا ئەگەرچی زۆر درەنگ ئەمە روویدا، بەڵام حەقیقەتی هەڵوێستی شۆڕشی کوردستان لە دژی ئەو رژیمە بۆ هەموو لایەک دەرکەوت وە ئەمە شانازیەکی گەورەیە بۆ نەتەوەیەک کە بوێرانە و هەر لە یەکەم بەناو رێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی بڕیاری بایکۆت و وەستانەوەی دا.
رژیمی کۆماری ئیسلامیی ئەمڕۆ لە ئاستی ناوخۆیی و لە بواری سیاسی مەشرووعیەتی خۆی بە تەواوی لەدەستداوە و لە ئاستی دەرەکیش وەک رژیمێکی تەریککەوتووی لاواز هیچ ئێعتبارێکی نێودەوڵەتی بۆ نەماوەتەوە تەنانەت دۆستەکانیشی ئامادە نین بۆ دەربازبوونی لەو قەیرانە یارمەتی بکەن.
بەڵام لە دۆخێکی ئاوادا ئایا تا ئێستا و بە پێی ئەو گۆڕانانەی هاتوونەتە پێشەوە، جەماوەری خەڵک و بە تایبەت چاودێرانی سیاسی لە ئامادەیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دۆخی ئێستا رازین؟ دڵنیام زۆرێک لە ئێوەو مانان وەڵامتان نایە وە ئەمە ئەڵبەتە لە خۆیدا نیشانەی ئەو بەرپرسیارەتیەیە کە لەسەر شانی حیزبەکانی کوردستان کەوتووە.
بەڕێزان یەک دوو دەیەی رابردوو وە ئەو رووداوانەی کە لە کوردستان هاتنە پێشەوە، لە مانگرتنە گشتیە چەند ملیۆنیەکانەوە بگرە تا خۆپیشاندانە بەربڵاوە جەماوەریەکان، پەیامێکی گەورە و روون بۆ ئێمە وەک حیزبە کوردستانیەکانی پێ بوو، ئەویش پەیامی یەکگرتوویی بوو، وە ئەم یەکگرتووییە لە راستیدا واتای یەکگرتوویی ریزەکانی خەڵکی کوردستان بوو کە لە چەندین نموونەی ئاوا گەورەدا ئەو پەیامە مێژووییەیان بۆ ئێمە بەڕێکرد.
ئێمە دەزانین کە هەر حیزبەو رۆئیا و ستراتژیی خۆی لە شۆڕشی کوردستان دەباتە پێشەوە وە ئەمە ئەڵبەتە لەگەڵ ناوەرۆکی دێمۆکراسی تەبایەو هیچ ناکۆکیەکی نیە، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی رەخنەیە چەند پرسێکە کە پێویستە ئاماژەیەکی کورتی پێ بکەین.
لێرەدا پێمخۆشە پوختەو ناوەرۆکی روانینی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانتان عەرز بکەم کە لە بابەت ئەو پرسە گرینگە چۆن دەڕوانین.
ئێمە لە سەرەتا ئەوە دەزانین کە رێژەی حیزبەکان لە کوردستان لە بەراورد لەگەڵ چل ساڵ لەوەپێش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و رێژەیەکی زیاتری حیزبەکان پێکهاتوون و هاتونەتە مەیدانی خەباتی سیاسی لە کوردستان، کە نەک نابێ لێی نیگەران بین بەڵکوو دەبێ وەک پێوانەیەک بۆ کۆمەڵگایەکی دێمۆکراتیک و فرەچەشن چاوی لێبکەین وە بوونی حیزبە جۆراوجۆرەکان نیگەرانمان نەکات، بەڵکوو بوونی حیزب لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان رێگەی داسەپاندن و دیکتاتۆریی کوێر دەکاتەوە، کەواتە ئەمە بە هەل بزانین نەک بە مەترسی.
بەڵام لە هەمانکاتدا ئەوەی جێگەی مەترسی و نیگەرانیە، هەوڵی تاک لایەنەیە بۆ,: خۆ بە نوێنەری هەموو کوردزانین لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵدانی تاک حیزبی بۆ بەشداری لە ئاڵترناتیڤگەلی سەرتاسەریی لە ئێرانێک کە لانیکەم تا ئێستا وەک ئۆپۆزیسیۆن، زۆر ناتەبا و پرش و بڵاون. گرینگی ئەو باسە لێرەدا ئەوەیە کە بڵێم هیچ حیزبێک بە تەنیا ناتوانێ بەشداریی لە ئالترناتیڤی سەرتاسەریی بکات و سەرکەوێ بە بێ ئەوەی پێشتر لە کوردستان یەکگرتوویەک پێک نەهاتبێ.
ئازیزان ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەرانبەر بەشداریی لە ئاڵترناتیڤی ئێرانی و سەرتاسەریی، بانگەوازی ئاڵترناتیڤی کوردستانیی دەکەین. تەنیا کاتێک ئێمە دەتوانین لە گۆڕانکاریەکانی داهاتوو رۆڵمان هەبێ کە توانیبێتمان یەکگرتووییەکی پتەومان لە کوردستان پێک هێنابێ وە ئەگەریش رۆژێک لە رۆژان لەگەڵ ناوەند، پێویستیی دیالۆگ هاتە پێشەوە، با کورد یەک زمان و یەک سیاسەت و یەک نوێنەری هەبێت.
بەڵام وێڕای ئەوەی هەر حیزبەو لای خۆیەوە ئەم جۆرە لە بانگەواز دەکات، ئەزموونی کردەیی هەندێ لایەن پێمان دەڵێ، کە حیزب هەیە، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە دەچێتە ناو کۆمەڵێک هاوپەیمانی و رێککەوتن بە ناوی کوردەوە، کە نەک هیچ بەرژەوەند و قازانجێکی تێدا نیە، بەڵکوو خەبات و خۆڕاگری گەلی کورد کە لە درێژایی چەندین دەیە بەرهەم هاتووە، لاواز و بێ بایەخ دەکات، بۆیە ئەو جۆرە هەوڵانەی کە جۆرج تاون و دەرکەوتنی مەنشووری مەهسا نموونەیەکی زیندووی ئەو کردەوانەن، نەک قازانج و بەرژەوەندی خەباتی مێژوویی گەلی کوردی تێدا نیە، بەڵکوو دابەزاندنی خواستە رەواکانی نەتەوەیەکی خەباتکاری مێژووییە بۆ ئاستی کەمایەتی و هەندێ وردە بەشداریی سیاسی لە ناوەند، وە ئێمە هیوادارین کە ئەو رووداوە دەرسێکی لێوەرگیرابێت و دووپات نەکرێتەوە.
ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین و داوکارین کە لە قۆناغی یەکەمدا ئاڵترناتیڤێکی کوردستانیی پێک بێت و تێیدا، هەموو حیزبەکان وێڕای ئەوەی دونیابینی جیاوازمان هەیە، لەسەر چەند خاڵێکی گرینگ لە پێوەند لەگەڵ داهاتووی کوردستان بگەینە رێککەوتن. بەڵام ئەڵبەتە باسکردن لەم بابەتانە ئێوەی بەڕێز لە هەموو لایەنەکانی دەبیستن، بەڵام هاوکات پرسیار دەکەن ئەی بۆ پێک نایەت و هۆکار و بەربەستەکانیان چین.
من پێموایە چالاکانی سیاسی و چاودێران و رووناکبیرانی کوردستان بە گشتی لەمبارەوە ئەرکێکی گەورەتر لە هەمیشە دەکەوێتە سەر شانیان بۆ ئەوەی بەشداریەکی ئەکتیڤ و چالاکیان لەمبارەوە هەبێت. بەشداری و چاودێریی ئەوان بە دڵنیاییەوە بە ئەنجام گەیاندنی ئەو ئەرکە ئاسانتر دەکات، بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بەشداریی چینی رووناکبیر و چاودێر لەسەر ئەم پرسە بە گرینگ دەزانین، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا پەنجەی رەخنە بۆ ئەو لایەنە رابکێشێ کە مەیلی بەو رێککەوتنە نیە و دەیەوێ تاک لایەنە خاوەن بڕیار بێت، یان ئەوەیکە مەودای نێو وتە و کرداری وەک ئێرە و ئاسمان لێک دووربن.
بەڕێزان ئەگەر وێنەیەکی گەورەتری ئەم رووداوانەی ئێستا بێنینە بەرچاوی خۆمان، دڵنیام لە بیرو زەینی زۆرێک لە ئێمەومانان کە ئەڵبەتە دوور لە راستیش نیە، ئەوەیە کە کورد ئێستاشی لەگەڵ بێ، دۆست و پشتیوانی نیە، رەنگە گۆڕانەکانی داهاتوو بە جێگەی ئەوەی دەرفەتمان بۆ بخولقێنێ مەترسیشمان لەسەر درووست بکەن. ئەمە یەکێک لەو ئەگەرانەیە کە بیرو زەینی تاکی کوردی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە کە ئایا ئەگەر هاتوو بۆ وێنە رژیمی ئێران رووخا، ئایا بۆ کورد دەرفەت دەڕەخسێ یا مەترسی. وەڵام بەم پرسیارە ئەڵبەتە دوو بەشە کە بەشێکی لە ئیرادەی ئێمە بەدەرە، واتە زلهێزەکان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان دەتوانن جۆرێک ئاراستەی گۆڕانکاریەکان بکەن، کە کورد تێیدا رەنج بە خەسار بێ ، وە ئەوانیش هیچ خۆیان بە بەرپرس نابینن بەرانبەر ئەوەی بەسەرماندا دێ، بەڵام بەشێکی لە دەست ئیرادەی خۆمانە ئەویش بوونی یەکگرتوویی ناوخۆ و پلانێکی تۆکمەیە.
ئەگەر ئێمە خۆمان بۆ ئەو گۆڕانە ئامادە بکەین دڵنیام لە هەر ئاڵوگۆڕێکدا کە بێتە پێشەوە، کوردستان و خەڵکی کورد لە رۆژهەڵات رووی ئارامی و گەشاوەیی دەبینن کە تێیدا هەموومان براوەین. ئەگەر بەو جۆرەی گەلی کورد و دڵسۆزانی ئەم بزووتنەوە داوا دەکەن بجووڵینەوە هەم لە ئاڵوگۆڕەکاندا رۆڵی بەرجەستەمان دەبێ، هەمیش پرسی کورد دەبەینە قۆناغێکی سەرترەوە و دڵنیام ترووسکەی رووناکیی زیاتر بەرەوڕوومان دەکرێتەوە و پێمان وایە جیهانی دەرەوەش ئەو کاتە حیساب لەسەر شۆڕشەکەمان دەکەن کە لانیکەم وەک یەکەیەکی هاوبەش لەگەڵیان بچینە گفتوگۆ و دیالۆگ.
بەڕێزان هەموومان دەبینین کە لە ماوەی رابردوودا هەندێ میدیای ئێرانیی بە شێوەیەکی تەواو سیستماتیک لە هەوڵی داسەپاندنی کوڕی کۆنە دیکتاتۆری رووخاوی پێشووی پەهلەوین، کە وەک ئاڵترناتیڤ بەسەر ئەم شۆڕشەدا دایسەپێنن. ئێمە دەزانین کە میدیا رۆڵێکی بەرچاوی لە درووستکردنی کاراکتێرەکاندا هەیە، کە نادرووست نیە بڵێین خودی خومەینی بە جۆرێک بەرهەمی گەورەکردنەوەیەکی میدیایی بوو کە دواتر هەموومان دیتمان چ کارەساتێکی لێ دەرهات. لەهەرحاڵ ئێمە لێرە بە ئاشکرا وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نەک بەرەی پەهلەوی بە ئالترناتیڤ نازانین، بەڵکوو بە دوژمنێکی مێژوویی خەڵکی کوردستان کە لە ژێر تیشکی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و رەگەزپەرستی نەتەوەیی، هەم ئەزموونی کۆماری کوردستانیان دووچاری داڕمان کردوو سەرکردەکانیان بە شێوەیەکی دڕندانە لە سێدارەدان، هەمیش زۆرێک لە تێکۆشەرانی چەپ و ئازادیخواز و دێمۆکرات، لە زیندانەکانی ئەو رژیمە گولەباران و ئەشکەنجە یان بەرەوڕووی زیندانی درێژماوە کرانەوە، کەواتە هەوڵی هەر لایەنێک بۆ شۆردنەوەی تاوانی رژیمی پەهلەوی و قبووڵکردنی وەک سەرمایە و ئاڵترناتیڤی داهاتوو، بە زیانی شۆڕشی خەڵکی کوردستان و خەباتەکەی دەزانین.
پێویستە خەڵکی کوردستان هەر لە خۆی و سەڵماس تا ئیلام و کرماشان ئەو راستیە بزانن کە بەرەی پەهلەوی نەک دۆست بەڵکوو دوژمنێکی مێژوویی گەلی کوردە و نابێ رێگە بە هیچ لایەنێک بدرێ کە بە ناوی کوردەوە نزیکایەتی لەگەڵ ئەو بەرەیە بکات، چونکوو لە راستیدا ئەوان پێگەیەکیان لە ناوخۆ نییە و ئەزموونی پێشووشیان پڕە لە تاوانکاریی و جینایەت دژی ئازادیخوازان و سەرکوتی هەر دەنگێکی ناڕازی.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وەک ئەوەی بە تایبەتی لە کۆنگرەی 14ی خۆیدا پێداگریی لەسەر کردووە و بە سیاسەتێکی درووستی زانیوە، داوا دەکەین کە هەموو لایەنەکانی نێو بزووتنەوەی کوردستان، لەسەر بنەمای مافی دیاریکردنی چارەنووس لە پێوەند بە پرسی کورد و لە ئاستی ناوخۆی ئێران بەرانبەر بە لایەنە ئێرانیەکان و لە ئاستی جیهانیش بەرانبەر بە دەوڵەتان، رێکبکەون بۆ ئەوەی بە پشت بەستن بەم پرسە کە یاساییەکی نێودەوڵەتیە، بتوانین هەم لە ئاستی نێو خۆی کوردستاندا بگەینە جۆرێک رێککەوتن،
هەمیش لە ئاستی دەرەوە وەک داواکاریەکی رەوای گەلێکی مێژوویی و خەباتکار، خۆمان دەربخەین.
بەمجۆرە ئێمە پێمانوایە کە دەتوانین لە داهاتوودا رۆڵی مێژوویی و ئەرێنی خۆمان لە گۆڕانکاریەکانی داهاتوو بگێڕین.
