١٦ی سەرماوەز ، رۆژی دەسپێکی خەباتێکی نۆێ لە بزووتنەوەی خۆێندکاری…!
دوارۆژ
بە چاوخشاندنێکی کورت بەسەر بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێراندا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم بزووتنەوە خۆڕسکە بە بەردەوامی لە ناوەندی گۆڕانکارییە گرینگەکانی کۆمەڵگای ئێراندا ڕۆڵی بەرچاوی بووە و قوربانی داوەو شەقامەکانی بە خوێنی سووری خۆی، سوور هەڵگێڕاوە. لە تەواوی سەردەمی دەسەڵاتی ڕژیمی پاشایەتی و ئیسلامیدا، بوونی ئەم بزووتنەوەیە قورسایی خۆی بووەو کاریگەری خۆی لەسەر ڕەوتی رووداوەکان داناوە.
فەزای سیاسیی زانکۆکان بەردەوام دژ بە ڕژیمە دیکتاتۆرەکان بووە. کاتێک باس لە زانکۆ دەکەین دەزانین کەبوونی لاوان لەم ناوەندە گرنگە بەمانای دەستپێکی وشیاری و خەباتی ئەوان بەدژی ڕژیمە دەسەڵاتدارەکانی سەردەمە. لە١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٣٢ی هەتاویدا، ڕژیمی دیکتاتۆری پەهلەوی هێرشێکی دڕندانەی بۆسەر زانکۆی تاران دەسپێکرد و سەدان خوێندکاریان دەستگیر و بریندار کرد و لە زانکۆی فەنی سێ خوێندکار بە ناوەکانی (مستەفا بۆزۆرگ نیا و ئەحمەد قەندچی و مێهدی شەریعەت ڕەزەوی)یان بە شێوێکی ناجوامێرانە خەڵتانی خوێن کرد و لە مافی ژیانکردن بێ بەشیان کردن و بەم شێوەیە ڕژانی دڵۆپەخوێنەکان لە جەستەی ئەم سێ خوێندکارە، لە رۆژی ١٦ی سەرماوەز بۆ هەتاهەتایە بوو بە ڕەمزی خەبات و تێکۆشان. لەدوای رژانی ئەم سێ دڵۆپە خوێنە کە تا بەئەمرۆژ لەڕژاندایە، بزووتنەوەی خوێندکاری ناوەندێکی گرینگی خەبات بەدژی دیکتاتۆرییە. بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران بەهۆی بەردەوامی و مانەوەی و چاڵاک بوون لە هەموو سەردەمە جیاوازەکاندا، بۆتە بەشێک لە هزری گشتی کۆمەڵگا. هێزی بزوێنەر بووەو وەک رەوتێکی چاڵاک و ژیر هیچ دەسەڵاتێک چ لە ئێستا و چ لە رابردوودا نەیتوانیوە ڕوح و ناوەرۆکی ئەم هێزە بزوێنەرە لەنێو ببات. ڕۆڵی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران تا بە ئێستەش دەرخەری ئەم ڕاستییە کە کاریگەریی ئەم بزووتنەوەیە وێرای بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تر لە ناخی کۆمەڵگەدا زۆر بەرجەستەیە. بزووتنەوەی خوێندکاری وێڕای پرش و بڵاویەکەشی و نەبوونی ڕێبەرێکی تۆکمە بەڵام لەو هێزە چاڵاکانە دێتە ئەژمار کە بە هاودەنگی لەگەڵ سەرجەم بزووتنەوەکانی دیکە دەیهەوێ و دەخوازێ ماف و ئازادییەکان وەدی بێنێ و کۆمەڵگەیەکی سێکۆلار، ئازاد و دێموکراتیک بکاتە ئامانجی وەدیهاتنی.
هەوڵەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری بەرامبەر بە دیکتاتۆری و روخاندنی دەسەڵاتی بۆ ساتێکیش لە وەستان نەکەوتوو لەدوای بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیش چاڵاکییەکانی خۆی سەر لە نوێ دەستپێکردەوە. هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی رەوتی ئیسلامیی، هێرشەکان بۆ سەر زانکۆکانی ئێران دەستیان پێکرد. ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو دژایەتیی بەرینی خوێندکارانی بۆ تەحەمول نەکرا و لە مانگی گوڵانی ١٣٥٩دا لەژێرناوی “شۆرشی فەرهەنگی” هێرشی کردە سەر گشت زانکۆکانی ئێران و سەدان خوێندکاری کوشت و بریندار کرد و بۆ چەند ساڵ زانکۆکانی داخست. لەماوەی “شۆرشی فەرهەنگی”دا هەزاران مامۆستا و خوێندکار دەرکران و ژمارەیەکی زۆریشیان دەستگیر و ئەشکەنجە کران و کوژران.
ساڵانێکی زۆر دواتر سەرەڕای هەموو ئەو هەوراز و نشێوانەی کە بزووتنەوەی خوێندکاری نایە پشت سەر رووداوەکانی ١٨ی پوشپەری ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی جارێکی تر لە بزووتنەوەی خوێندکاریدا دەبنە خاڵی وەرچەرخانی گرنگ و بەهێز و مێژوویەکی تر تۆمار دەکەن. ئەو رۆژە شاری تاران بوو بە مهیدانی بهرهوڕو بووونهوهی خوێندكاران و خهڵكی ناڕازی لەگهڵ هێزهكانی سهرتاپا چهكداری رژیمی كۆماری ئیسلامیی . ئەو رۆژە بوو کە بەناوی بزووتنەوەی ٥ رۆژەی روداوەکانی “کووی زانکۆ”ی تاران ناوزەد کرا. لە ڕاستیدا ١٨ی پوشپەر لە ئەدەبیاتی رژیمی کۆماری ئیسلامیی و لە زمان بەرپرسانییەوە وەک رۆژیکی ڕەش ناوزەد دەکرێ کە تێیدا تاقمێکی ئاژاوەگێڕ لە پیڵانێکی تایبەتدا بە مەبەستی تێکدانی بارودۆخی وڵات دێنە سەرشەقامەکان . بەڵام بە پێچەوانەوە لە ئەدەبیاتی سیاسی نەیارانی کۆماری ئیسلامیی و لە زمان بەشدارانی ئەو روداوانە، ئەو رۆژە واتا ١٨ی مانگی پوشپەری ساڵی ١٣٧٨هەتاوی وەک ئاخێزێکی تایبەتی کۆمەڵانی خەڵک بە دژی دامودەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی و هەروەها وەک خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ و بەهێز لە بزووتنەوەی خۆیندکاری لە ئێران چاوی ڵێدەکرێ. لە ڕاستیدا لەدوای مـــانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی دا ئەمە یەکەم جار بوو کە خۆپیشاندانێکی لەو چەشنە و لەم ئاستەدا لەلایەن لاوان و خەڵکی ناڕازییەوە لە شاری تاران بەشەکانی تر روی دابوو. کۆمەڵگای ئێران لە میانەی ساڵەکانی دەیەی هەفتای هەتاویدا چبووە ناو بارودۆخێکی تایبەتی و تازەوە .
باردۆخێک کە پێداگری لە سەر گوتاری چاکسازی و ئالوگۆر لە کۆمەڵگای ئێراندا دەکرد و لە ناو بزووتنەوەی خوێندکاری و بزوتنەوەکانی تری ناو کۆمەڵگا کە بەدەس دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیە وەتەنگ هاتبوون، جموجۆلێکی تایبەتی خستبووە ئاراوە. روداوهكانی ئهو رۆژانه کە لە ١٨ی پوشپەڕەوە دەستی پیکردو تا درەنگانی شەوی ٢٣ی پوشپەر دڕێژەی کێشا، به هێرشی پاسداران و لیباس شهخسیهكان بۆ “كووی زانکۆ”ی تاران دهستی پێكرد. له ئاكامی هێرشی شهوانهی هێزهكانی رژیم بۆ سهر خوێندكاران ژمارهیهك گیانیان بهخت كرد و ژمارهیهكی زۆریش بریندار بوون. ئهم روداوه لهگهڵ دژه كردهوهی خوێندكاران له گشت زانكۆكانی ئێران بهرهڕو بووهوه و شاری تارانیش بووه مهیدانی خهباتێكی پر شور و شهوق له دژی رژیمی ئیسلامیی. بێگومان له ماوهی چهندین دهیهی ڕابردوودا بە تایبەتی بەدوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی، بزووتنهوهی خوێندكاری وهك یهكێك له بزووتنهوه كۆمهڵایهتیهكان و یهكێك له سهنگهرهكانی بەرخۆدان له جهریانی كێشمهكێشی سیاسی و چینایهتی و شۆڕش و دژه شۆڕش، چالاكانه دهركهوتووه. ئهگهر له سهردهمی ڕژیمی ستهمكاری پاشایهتیدا، خوێندكاران دهور و نهخشێكی بهرچاویان له ناڕهزایهتی جهماوهری ئهوكات و پاشان له پێكهێنان و دامهزرانی گرووپ و ڕێكخراوه چهپ و شۆرشگێرەکاندا بوو و بهرهو دیفاع له شۆرشی زەحمەتکێشان و بێبەشانی کۆمەڵگا ههنگاویان ههڵێناوه، دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایهتی و له كاتێكدا كه كێشمهكێشێكی قووڵ لهسهر چۆنیهتیی درێژهی شۆڕش له ئارا دابوو، زانكۆ بوو به یهكێك له سهنگهرهكانی شۆڕش و بوو به شوێنێك كه هێزی سیاسیی جۆراوجۆر له بهرامبهر یهكتردا ڕیزیان دهبهست. ڕهوتی خۆسهقامگیر كردنی دژه شۆڕشی ئیسلامیی لهوانه لهسهر بهستێنی سهركوتی ههمه لایهنهی بزووتنهوهی ڕادیكاڵی خوێندكاران ئهنجام درا.
لهگهڵ وهڕێكهوتنی هەر ئاخێزیک و هەر جموجۆلێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای ئێران لە ماوەی ساڵەکانی پێش ١٣٧٨ی هەتاویدا، زاڵ بوونی گوتاری جۆراوجۆری حكوومهتی بهسهر كهش و ههوای سیاسیی ئێران و تێپهڕبوونی بزووتنهوه كۆمهڵایهتی و ناڕهزایهتیهكان لهو چوارچێوانهی كه کاربەدەستانی حكوومهتی له خهبات دژبه باروودۆخی زاڵ بە سەر کۆمەڵگای ئێران نابوویانه بهردهم ئهم بزووتنهوانه، ڕیزبهندی سیاسیی زاڵ بهسهر بزووتنهوهی خوێندكاریش، هەر جارەی بە پێی پێویست گۆڕانكاریی بهسهردا دەهات. لهژێر كاریگهریی ئهم گۆڕانكاریهدا ڕۆڵی هێژمۆنیكی ڕێكخراوهكانی سهر به حكوومهت له ناو زانكۆكاندا بهشێوهیهكی بهرچاو لاواز بۆوه و بهستێنی گونجاوتری بۆ گهشهی مهیلی ڕادیكال له ناو بزووتنهوهی خوێندكاری دا خوڵقاند.
ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا یاد لە ١٦ی سەرماوەز دەکەین کە دوو ساڵ بەسەر شۆرشی مەزنی ژن ژیان ئازادیدا تێپەڕیوە. بزووتنەوەی خوێندکاری لە ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ لە حاڵێکدا کە کوردستانی شۆڕشگێڕ گوڕوتینی ناڕەزایەتی و خەبات دژبە کوشتنی بە ئانقەستی ژینا دایگرتبوو، لەئاستێکی کەم وێنەدا هاتە مەیدان و بە دروشمی “مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر”، “ئێمە هەموومان ژینای کوردستانین” زانکۆیان کردە مەیدانی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەدژی گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی. بزووتنەوەی خوێندکاری لەماوەی مانگەکانی ڕابردووشدا یەکێک لە پارێزەر و پشتیوانانی سەرەکی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ژینا و بەرخۆدان بەرامبەر بە سیاسەتی دژەژن و هێرشی بەرنامەڕێژیکراوی ڕژیمی ئیسلامیی بۆسەر زانکۆکان بووە.
لە هەلومەرجی ئێستادا، بزووتنەوەی خوێندکاری وەک یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە، پێویستە داخوازیی گەڵاڵەکراوی ناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بە ڕادیکاڵترین شێوە نوێنەرایەتی بکات. بزووتنەوەی خوێندکاری بەهۆی پێکهاتەیەک کە هەیەتی بەشێوەی سرووشتی توانای ئەوەی هەیە ببێتە ناوەندێک بۆ یەکگرتووی بەهێزی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ناو کۆمەڵگا دژبە گوشاری بێسنووری ئابووری، دژبە بێ مافیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، دژبە بەربەستی کلتووری و سیاسی دژ بە گوشارەکانی سەر ژنان و حیجابی زۆرە ملی. واتە ئەوانەی وا شەقامیان کردووەتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئیسلامیی دەتوانن داخوازی و خواستەکانیان یەک بخەن و لەژێر گوتارێکی هاوبەشدا ڕێکی بخەن و بەرەو پێش بچن بۆ روخانی دەسەڵاتی ئیسلامیی. ئەگەر ئەمرۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی خوێندکاران و بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی کرێکاران دیاردەیەکی کۆمەڵگەی مۆدیڕن و سەردەمن کە واتە پێویستە هەوڵ بدرێ ئەم بزووتنەوانە بە یەکەوە بلکێندرێن و لە ژێر یەک چەتردا بەرەو ئاسۆی روونی رزگاری هەنگاو بنێن و دژی سێدارەو کوشت و بڕ و زیندانیانی سیاسی و شەڕخوازی دەسەڵاتدارانی ئێران دەنگ هەڵبڕن و دەنگی رزگاری خوازی خۆیان لە نێو دڵی شەقامدا هاوار بکەن .