وچانێک ،کەڵامێک…

ئاڵای سوور

کۆماری ئیسلامیی تا دێ لە ناوخۆی وڵات زیاتر ریسوا دەبێ ولە دەروەش دۆراوتر لە جاران . ڕۆژ بەرۆژ کێشەوگرفتە ناوخۆیەکان پەرەدەستێن و و گرفتە دەرەکیەکانیش ئەو پەری قورسایی خۆیان  نیشان دەدەن. لاواز بوون لە دەسەڵات و ناهۆمێد بوون بە چارەسەر کردن،کۆماری ئیسلامیی بەکردەوە بەرەو لێواری بەربوونەوە پاڵ پێوەناوە. خامنەیی هەموو هەوڵی خۆی چڕ کردۆتەوە تا پشیلە ئاسا سیاسەتی چڕنۆک وەشاندن بکاتە پیشە. لە دەرەوەی سنورەکان خۆی و هاوپەیمانە تێڕۆریستەکانی کەوتونەتە بەر زەبر و پەلامار. سەنگەر بە سەنگەر لێاندەدرێ و بە سەختی دەکەونە بەر پەڵامار. خامنەیی تەنیا هەرەشە وگورەشەی بۆ ماوەتەوە و بە هەرەشە کردن دەیهەوێ قەرەبوی شکستەکانی بکاتەوە. لە ناوەوەش ناڕەزایەتی گشتیی بێداد دەکا و خەڵک هەم بە دەست سیاسەتی شەرخوازانەی خامنەیی وهەم لەبەر بێ ئەنوایی ئابوری لە ژیان جاڕز بوون و, چاوەڕوان دەکرێ شەپۆلی توڕەیی و ناڕەزایی سەرکێشتر لە جاران سەرهەڵبداتەوەو ئەمجار تەخت و بەختیان بکاتە ئامانج.کوردستانی پێشەنگ و بزووتنەوەکەی و کۆماری ئیسلامیی مێژوێکی پڕاوپڕ لە ناکۆکییان پێکەوە هەیە.ئەو ڕەوتەی کە دەستی بەسەر شۆڕشی ئێراندا گرت و هێرشی کردە سەر کوردستان بۆ هەستاندنەوەی دەسکەوتەکانی شۆڕش ، لە لایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستانەوە بە “نا”و  بە “چەک” وەڵامی پێدرایەوە.لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوو جەماوەری شۆرشگێری کوردستان “شەقامیان” کردۆتە بەرچاوترین و شکۆدارترین بوارەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی. شەقام بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان ساحەی گۆڕانکاری لە خوارەوە و هیوا بە داهاتووییەکی باشترە بۆ لە گۆرنانی سیستمی قێزەونی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیی

بە درێژایی مێژوو شەقام و دەنگی شەقامبەردەوام قەڵغانی ڕووبەڕوو بوونەوەی دوو بەرەی زەحمتکێش و چەوسێنەر بووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەبەرانبەر شەقامی بە هێزی کوردیدا هەموو چەشنە چەک، سەرکوت و جینایەتێکی بەکار هێناوەو، کوردستانیش هەموو هونەرەکانی بەرخۆدان، ڕاوەستاوی و ئازایەتی لە خۆی نواندوە و بۆتە مەکۆی سیکۆلاریسم، پێشکەوتویی، خەباتی مەدەنی، کاری هاوبەش و پێکەوەیی. ڕژێم باش لەو پاشخانەی نێوانی لەگەڵ کوردستان تێگەیشتووەو، بۆیە لە هەموو تەمەنی نگریسیدا هەر هەڵچونێکی ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانە لە ئێران سەری هەڵدابێ یان مەترسییەک بۆ ڕژێم هاتبێتە پێش، یەکەم هێرشی بۆ سەرکوتی کوردستان بووە. چونکوو کوردستان خاوەنی شێواز و ئاڵترناتیوی دێمۆکراتیک و بە پێشەنگی خەبات بۆ مافی نەتەوەیی دەناسرێ. زۆرترین سێدارەکان لە کوردستانن، زۆرترین تەقەی سەر سنورەکانی سینگی کۆڵبەرانی کورد دەپێکێ، زیندانەکان پڕن لە شۆرشگێرانی کورد. هەڵاواردنی ئابوری و بێگەشە راگرتنی ئەو مەڵبەندە، میلیتاریزمی شار و دێ و ڕاوەدونان و گرتنی ئەو دواییانەی دەیان چالاکوانی مەدەنی لە شارەکانی کوردستان ئاماژەن بۆ تەنگاوبوونی رژێم و قورسایی کوردستان لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتودا. قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامیی رۆژ لەگەڵ ڕۆژ کەڵەکە دەبن و کاربەدستان زەلیل و دەستەوەستان داماون و ناتوانن بۆ هیچکام له قەیرانەکان و ئاستەنگەکانیان ڕێگا چارە یەک بدۆزنەوە، هەر بۆیە چ له ناوخۆ و چ له دەرەوە سەرپۆش دەخەنە سەر کێشەکان. له ناوخۆ هەول ئەدەن کێشەکان له بەر چاوی کۆمەڵگا دوور بخەنەوەو حاشای لێبکەن و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئینکاری بکەن، یان خۆ به زۆری سەرکوت و جەنایەت و هەرەشەو گورەشەی لە سێدارەدان و داسپاندنی هەژاری و بێدەرەتانیێکی بێ وێنە قەیرانەکان تێپەڕێنن. لە دەرەوەش کۆماری ئیسلامیی هەر ڕۆژێک قەیرانێکی بۆ درووست دەبێ، تووشی گەماروی دیپلوماسی بوە و وڵاتان خستویانەتە لاوەوە. کۆماری ئیسلامیی رۆژ له گەڵ رۆژ زۆرتر قەوارە و هێز وتوانایی و کارایی خۆی وەک دەوڵەت ودەسەڵاتێکی خۆداسەپێنەر لەدەدات. مەیدانەکانی مانۆڕی دیپلوماسی رژیم تا هاتووە بەرتەسکتر بۆتەوە. کۆماری ئیسلامیی هەر له سەرەتاوە به سیاسەتی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی و به هەڵخراندنی دوژمنایەتی مەزهەبی ویستی گوشار بخاتە سەر وڵاتانی ناوچەکە. له ئورووپاش به هەناردەکردنی تێرۆریسمی دەوڵەتی به تەمای وەرگرتنی ئیمتیاز بوو که بۆ ساڵانێک به سیاستی دیاڵۆگی ڕەخنەگرانەی ئورووپا مەودای پەیدا کرد. له دە ساڵی ڕابردووش له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست له کێشەی زلهێزەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە توانی مەیدانێکی مانۆڕی گەورە بۆ خۆی دەستەبەر بکات بەڵام هەر ئەم مەیدانە مانۆڕە گەورە بۆتە خاڵی لاوازی و ناتوانی خۆیی لێدەرباز بکات.کۆماری ئیسلامیی تا دێ ریسوایی و نەهامەتی زۆرتر ڕوی تێدەکات و گرێپوچکەکانی ئابوری، پێوەندی دەرەکی، قەیرانی ناوخۆیی و داڕمانی سەنعەت و سامانی لێ ئاڵۆزتر دەبێ. سیاسەتی چنگ و ددان دەرخستن چ لە دەرەوە و چ لە ناوەوە، نەک هەر نەجاتی نادات، بەڵکوو لەگەڵ تەنگژەی زۆرتر بەرەوڕوی دەکات. بۆیە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئێستادا دەرفەت و هەلی گرینگی لەپێشە و ئەرکی سەرشانمانە بە باشی و وشیاری کەڵکی لێوەرگرین. پێک هێنانی دۆخێک بۆ زاڵ کردنی یەک گوتاریی لەناو بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستاندا ، ئەرکی سەر شانی هەموو تێکۆشەرانی ئەورۆی خەباتی کوردستانە بە دژی کۆماری ئیسلامیی. ئەگەر بمانهەوێ یەک گوتاری لە گشت کوردستاندا ببێتە وتارێکی زاڵ و هێژمۆنیک، هێزە بابەتی و ماددییەکەی لە شەقامی کوردستانەو شەقام خوازیاری یەکییەتی و هاودەنگی هێزەسیاسییەکانن. گۆڕینی هاوسەنگیی هێزی جەماوەر بە قازانج بەرەی شۆرش، لە ورەو خەبات و هێزی جەماوەری نارازی کوردستاندایە. پێویستە دەرفەتەکان بقۆزینەوەو دەستی ئاشتی بەرەو کۆمەڵگای خۆمان ڕاکێشین و پێویستە شەقام زیندووترو پڕگوڕوتین ترڕابگرین و لە گەڵ جەماوەری خۆمان سەنگەرەکانی شۆرش ئاوەدانتر کەینەوە…