هەوڵی چینی زەحمەتکێش بۆ هێنانەگۆڕی داخوازییەکانیان!

✍ع.دامون-مەریوان

کۆمەڵانی زەحمەتکێش و بنه‌ماڵه‌کان له‌ ئێران له‌ مێژساڵه‌ به‌رده‌وام به‌ که‌می هێنانی بودجه‌ راهاتوون و به‌ کۆڵه‌ مه‌رگی له‌ گه‌ڵی ده‌ژین، که‌می بودجه‌ به‌و مانایه‌ی خه‌رجی مانگانه‌یان زۆر زیاتر له‌ داهاتیانه‌. ته‌نانه‌ت ئاماره‌ ره‌سمییه‌کانی وڵات که‌ هه‌میشه‌ که‌متر خۆ له‌ راستییه‌کان ده‌ده‌ن، ئاماژه‌ به‌و راستییه‌ ده‌که‌ن. هۆکاری که‌می هێنانی بودجه‌ی خه‌ڵکیش ئه‌وه‌یه‌ که‌ نرخی که‌لوپه‌ل و خوارده‌مه‌نییه‌کان له‌ بازاڕ ساڵ به‌ ساڵ گرانتر ده‌بێ، به‌ڵام داهاتی خه‌ڵک یان له‌ جێی خۆیه‌تی، یان ئه‌گه‌ر زیادیش ببێ، ده‌ره‌قه‌تی گرانبوونی نرخه‌کان له‌ بازاڕ نایه‌.

دوایین ئاماری ره‌سمی له‌و پێوه‌ندییه‌دا ناوه‌ندی ئاماری ئێران داویه‌تی که‌ ده‌ڵێ له‌ کۆتایی ساڵی ٩٩ دا که‌می هێنانی بودجه‌ی بنه‌ماڵه‌کانی ئێرانی له‌ چاو ساڵی رابردوویان لەسه‌دا ٦٤ زیادی کردوه‌.

ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ ئه‌و قیمه‌ته‌ و ئه‌و ئاماره‌ ئی ساڵ و نیوێک به‌ر له‌ ئێستا و به‌ر له‌ گرانیی ئێستای بازاڕه‌ که‌ له‌ هاوینی ساڵی رابردووه‌وه‌ ده‌ستی پێ کردوه‌ و هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌.

هه‌ر به‌پێی ئاماره‌کان ئه‌و ساڵ مووچه‌ و حه‌قده‌ستی کرێکار و کارمه‌نده‌کان سه‌دا ٢٠ چۆته‌ سه‌رێ، به‌ڵام به‌پێی ئاماره‌ ره‌سمییه‌کان نرخی کرێ خانوو سه‌دا ٤٥ زیادی کردوه‌ و نێونجی نرخی خوارده‌مه‌نییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی خه‌ڵکیش سه‌دا ٦٠ چۆته‌ سه‌رێ.

تێچووه‌کانی خواردن و کرێ ماڵ نیزیک به‌ نیوه‌ی تێچووی ژیانی بنه‌ماڵه‌کان له‌ ئێران پێک دێنن.

بڵاوبوونه‌وه‌ی راپۆرتی که‌می هێنانی بودجه‌ی بنه‌ماڵه‌کان له‌ ئێران ده‌رخه‌ری بارودۆخی ناله‌باری ژیانی بنه‌ماڵی کرێکارانه‌. بنه‌ماڵه‌ی کرێکارانی ئێران، ئه‌وانه‌ی ته‌نیا یه‌ک که‌سیان کار ده‌کا و ئه‌رکی دابینکردنی داهاتی ماڵێی له‌ ئه‌ستۆیه‌، به‌ وه‌رگرتنی یارانه‌ نه‌غدییه‌کانیش مانگانه‌ داهاتیان ناگاته‌ ملیۆن تمه‌ن، له‌ حاڵێکدا تێچووه‌کانی ژیانی مانگانه‌یان دوو به‌رابه‌ری ئه‌وه‌یه‌. تازه‌ ئه‌وه‌ش لێکدانه‌وه‌ و ئاماری ٦ساڵ له‌وه‌ پێشه‌.

ئه‌و راپۆرته‌ له‌ ته‌نیشت ئه‌وه‌ی که‌ حه‌شیمه‌تی بێکاری له‌ ئێران به‌ پێی ئاماره‌ ره‌سمییه‌کان که‌ ساڵانه‌ پتر له‌ ٣ میلیۆن که‌سه‌ و به‌ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی که‌ نرخی هه‌ڵدان و گه‌شه‌ی ئابووریی ئێران که‌متر له‌ ١٪ ه‌، ئه‌وه‌ پیشان ده‌ده‌ن که‌ کۆمه‌ڵگای ئێران به‌ پێی ئاماره‌ ره‌سمییه‌کانی ده‌وڵه‌تیش ساڵ له‌ دوای ساڵ خه‌ریکه‌ هه‌ژارتر و بێ ئه‌نواتر ده‌بێ.

بارودۆخی خراپی داهاتی بنه‌ماله‌کان له‌ ئێران له‌ کاتێک دایه‌ که‌ ئێران به‌ هۆی گه‌مارۆ جیهانییه‌کان داهات و هه‌نارده‌ی نه‌وتی به‌ نیوه‌ی ساڵانی پیشوو گه‌یشتوه‌ و به‌رده‌وامیی گه‌مارۆکان بێ گومان کاریگه‌ریی زیاتر له‌ سه‌ر ژیانی خه‌ڵکیش داده‌نێ، ئه‌وه‌ش له‌ کاتێک دایه‌ که‌ به‌ ڕای کارناسان ئه‌گه‌ر ئێران سیاسه‌تی نه‌حاوانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای جیهانی نه‌گرتبا به‌ر و مودیرییه‌تی داهات و سامانه‌ سروشتییه‌کانی ئێران به‌پێی شایسته‌سالاری بوایه‌، ئه‌وا ئابووریی ئێران دیتوانی له‌ رووی گه‌شه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌ سه‌رکه‌وتووترین ئابووریی ناوچه‌که‌ بێ. ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران لە بەرزبوونەوە دایە ولە دریژەی مانگرتن و کۆبونەوە و خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی کرێکاران و جەماوەری بێبەشەی ئیراندا، جارێکی تر کریکارانی ئیران بە عەزمێکی گەورەترەوە، بە ئامادەییەکی زیاترو، بەشێوەیەکی رێکخراوتر و بە هۆشیاریەکی چینایەتی باڵاترەوە، لەچەندین کارگەو کارخانە و شادەماری بەرهەمهێنان و لەچەندین شوین و شارو ناوچەدا، دەستیان داوەتەتەوە، کۆبونەوە، مانگرتن و خۆپیشاندان و هێنانەگۆڕی داخوازییەکانیان.

لەپێش هەمویانەوە جارێکی تر کریکارانی هەفت تەپە دوای خامۆشیەکی کاتی دوبارە دەستیان داوەتەوە مانگرتن و خۆپیشاندانی کرێکاری. دەستپیکردنەوەی ئەم دەورە نوێیەو هاتنەوە مەیدانی کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە لە رێگای کۆبونەوەی گشتی کرێکاران و دوای قسەباس لەسەر چی کردن و خستنە رووی خواستەکانیان، نیشانەی خاراوی کەڵک وەرگرتنە لە ئەزموونی پیشووی خەباتکارانەیان. سەرەکیترین خواستەکانی کرێکارانی نشیگری هەفت تەپە بریتیە لە: دانی موچە دواخراوەکانیان، بەرگری لە موکیلەکەیان بەناوی خانم زیلابی، گەڕانەوەی کرێکارانی لەسەرکار دەرکراو، خواستی باشکردنی هەلومەرجی کار و هتد.

هاوکات بەشێک لە کرێکارانی پترۆشیمی لەوانە لە هۆڵدینگی کەنداو دەستان دایە کۆبونەوەو دوای کرێ یەکسان لەبەرامبەر کاری یەکسان دەکەن و نیوەی کریکارەکانی ئەم بەشە بەشداریان تیاکردووە.

هاوکات کریکارانی گەورەترین کارگەی مەعدەنی مس لەرۆژهەڵاتی ناوەراست و کریکارانی کارخانەی ئاسن، لەبەرامبەر بە کارفەرماو بەدژی لەخوار بوونی هەقدەستەکانیان و نائەمنی شوێنی کار و بێدەربەستی دەوڵەت و بەرپرسان لەبەرامبەر هەلومەرجی سەختی ژیانیاندا دەستیان داوەتە مانگرتن.

دەستپیکردنەوەی مانگرتنە کریکارییەکان، هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلیکی تری نارەزایەتی شارەکان لەپیناو خواستە سێنفییەکان و دەیان خواستی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە لەوانە نارەزایەتی فراوانی مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان… بەکورتی خواستی” ژیان و خۆشگوزەرانی و ئازادی” میحوەری خواستەکانی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی ئێرانە.