ھێرش و ھەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی گەورەیی بزووتنەوەی کورد دەردەخات

✍فیرووز مامۆیی

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا شایەت ھەڕەشە و گوڕەشەیەکی بەربڵاوتر و تا رادەیەکیش جیاوازتر لە جاران بووین لە لایەن کاربەدەستە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بۆ سەر حزبە کوردستانیەکان و بزووتنەوەی رەوای کورد کە چەندین جار ھێرش بۆ سەر بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵات لە سەر سنووری دەسکردی نێوان باشوور و رۆژھەڵاتی لێ کەوتەوە و ھەروەھا لە درێژەشدا کۆماری ئیسلامی ھێزێکی زۆرتری بۆ کوردستان رەوانە کرد و ھەموو خاڵە سنووریەکانی بە تۆپ و تانک و کەرەستەی جەنگی تەیار کردووە.

ئەم ھێرش و ھەڕەشانەی کۆماری ئیسلامی گەرچی ھەر لە یەکەم رۆژەکانی ھاتنە سەر دەسەڵاتی ئەو رژیمە کۆنەپەرست و جینایەتکارەوە بۆ سەر گەلی کورد و ھێزە شۆڕشگێڕەکانی بە بەردەوام بوون، بەڵام ئەمجارە دەکرێ بڵێین ھەم ئاستی ھەڕەشەکان زۆرترە و ھەم کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی کورد خۆی جددیتر نیشان دەدات و ھەم ئەوەیکە ھەوڵ دەدات لە ھەموو زەرفیەت و گوشاری خۆی بۆ دەرکردنی حزبەکان لە ھەرێمی کوردستان کەڵک وەربگرێت، دەکرێ بڵێین لە ئاست ساڵانی پێشوو بە ئاستێکی بەرچاو جیاوازترە.

رژیمی ئێران کە لە ئێستادا لەگەڵ کۆمەڵێکی بەرچاو قەیران و کێشەی بەرینی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی بەرەوڕوویە و ھەر دەقە چاوەڕوان دەکرێت ئەم کێشەگەلە بتەقێنەوە و رژیم لەگەڵ شەڕێکی گەورەی خەڵک و دەسەڵات رووبەڕوو بکەنەوە، ئەو مەترسیە بە روونی و واقعی لە لایەن رژیمەوە ھەستی پێ دەکرێت و بەو دۆخە ئاڵۆزەی کە کۆماری ئیسلامی تێی چەقیوە، چاواڕوان ناکرێت کە ھیچ ئاڵترناتیڤ و بەرنامەیەکی بۆ چارەسەری ئەو قەیرانانە و دەربازبوون لەو دۆخە نالەبارە پێی بێت.

لە وەھا ھەلومەرجێکدا رژیم بە باشی دەزانێت کە مەترسیدارترین، رێکخراوترین و ئامادەترین شوێن بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئەگەری ھەر سەرھەڵدانێک کەڵکی خێرا و جددی وەربگرێت، ئەوە کوردستانی پشت ئەستوور بە بزووتنەوەیەکی پێشکەوتوو و دێمۆکراتیکە کە ئێستاشی لەگەڵ بێت، زۆرتررین ھێزی جەماوەریی لە چاو باقی بەشەکانی دیکەی ئێران لە دەوری کۆبووەتەوە و بێ گومان لە ھەر پێشھاتێکی ناوخۆیی ئێراندا خەڵکی کوردستان بە خێرایی دەتوانن خۆیان رێک بخەن و بەرگری بکەن لە دەستکەوتەکانی خۆیان.

ئەم ھەڕەشە و ھێرشانەی کۆماری ئێسلامی گەرچی دەبێ بە جددی وەربگیردرێت و وەڵامی پێویستیشی پێ بدرێتەوە، بەڵام بێ گومان نە ھەڕەشە و نە ھێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حزبە کوردیەکان ناتوانێت ئەو ئامانجە بپێکێت کە کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی دەکات و حزبە کوردیەکان نە موجاھدینی خەلقی ئێرانن و نە کۆماری ئیسلامیش دەتوانێ وەک موجاھدین و ھەر نەیارێکی دیکەی خۆی موعامڵەی لەسەر بکات.

گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی نیشانیان داوە و ھەر لە بایکۆتی رێفراندۆمی “ئەرێ و نا بۆ کۆماری ئیسلامی” لە ساڵی ١٣٥٨ی ھەتاویی تا بە ئەمڕۆ، بەو رژیمە نایان وتووە و لە پشت بزووتنەوە رەوا و مافخوازانەکەی خۆیان راوەستا و کۆڵنەدەر ماونەتەوە و ھیچ کات تەسلیمی خواستە دژە ئینسانی و دواکەوتووانەکانی رژیم نەبوون و نابن.

ھەر بۆیە ئەم ھەموو ھەڕەشە و ھێرشە بەردەوام و پەیتا پەیتایەی بەرپرسانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر گەلی کورد و حزبە جەماوەریەکانی دەرخەری ئەو راستیە شیرینە بۆ خەڵکی کوردستان و تاڵ و کوشندە بۆ دوژمنانە، کە بزووتنەوەی کورد یەکجار گەورە، بەھێز، وشیار، جەماوەری و لەسەر پێیە کە بەم ھەڵبەز و دابەزانەی دوژمنان لەبن نایەت و رۆژ لە دوای رۆژ وریاتر و جەماوەریتر دەبێتەوە.

ئەوەی رێگای دژە ئینسانی و ئەوەی چەک و چۆڵ و ھەرچی جۆرە کوشت و بڕ نەما کە کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتی ئەم بزووتنەوەیە لە چەند دەیەی رابردوودا نەیگرێتە بەر، بەڵام نە خەڵکی کوردستان بەچۆکدا ھاتن و نە کۆماری ئیسلامی توانی نەمامی سەربەستی و ئازادیی ئەو خەڵکە مافخوازە ریشەکێش بکات و لە ئاکامیشدا بووە ھۆی سوور و جەسوورتر بوونی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئاواتە لەمێژینەکانیان.

ئەمجارەش بە یەکگرتوویی ھێزە سیاسیەکان و خەڵکی بەئەمەگی کوردستان، بەدڵنیایەوە رژیم ناتوانێ ھیچ یەک لە پیلانە دژە ئینسانیەکانی خۆی بەڕێتە سەر و ئەگەر ھەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان لەم دۆخە ھەستیارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراقدا بدات، زیاتر پێگەی خۆی لە ئاستی ناوچەکەدا خراپتر دەکات و دەریای نەیاران و دژبەرانی زیاتر دەکات و لە ھەمان کاتدا خڵکی کوردستان بەرانبەر بەو رژیمە جێنایەتکارە یەکدەنگتر و یەکگرتووتر دەبن.