کوردستان لە نێوان روانگەی شۆڕش و رێفۆرمخوازیدا

✍پەرویز رەحیم زادە

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، نە کۆماری ئیسلامی لەوە زیاتر توانای دەستدرێژیی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی ماوە، نە بیروڕای گشتی چیدی ئەو تەراتێنە قبووڵ دەکات. رژیمێکە لەناوخۆدا تووشی گەورەترین قەیرانی ئابووری بوەتەوەو توانای دابینکردنی پێداویستیەکانی رۆژانەی خەڵکی نەماوە بەڵام هێشتا خولیای دەستدرێژی بۆ دەوروبەری خۆی لەسەردایە. ئایا ئەمە دەتوانێ وەک دوایین قۆناغەکانی تەمەنی ئەم رژیمە هەڵبسەنگێندرێت یان بە پێچەوانە کۆماری ئیسلامی دەڕوات کە پێگەی خۆی بە بەکارهێنانی هێزی چەک قاییمتر بکات؟ بەڵام هەر بارودۆخێک بێتە ئاراوە کوردستان بە دڵنیاییەوە بە ئامادەییەکی زۆرترو بە پشت بەستن بە ئەزموونەکانی پێشووی دەتوانێ رۆڵێکی پێشەنگ لە سەرپێ خستنی ئەزموونێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو بگێڕێت.

کوردستانیش وەک هەموو کۆمەڵگایەکی دیکەی ئەم جیهانە لە رەوتی خەباتی سیاسی خۆیدا کۆمەڵێک ئەندێشەو تێڕوانین لە نێو خۆیدا بەرهەم دێنێ کە ئەو بیرۆکانە بە پێی رادەی کاریگەربوون و بەرەپێشچوون، رێبازی خەباتی سیاسی بە ئاراستەی خۆیاندا دەبەن. لەو کاتەوە شۆڕشی گەورەی فەڕانسە لە ساڵی ١٧٨٩ کە دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئەنجامی خەباتی جەماوەری ناچاربوو جێگەی خۆی بدات بە سیستەمی کۆمارێکی دێمۆکراتیک و لائیک کە لایەنگریی لە گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ دەکات، سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە بەردەوامی و تا ئێستا ئەم جیاوازیە لە بیروبۆچوون بەردەوامە و هاوکات پەل و پۆی بۆ زۆربەی ئەم جیهانە کێشاوە. کوردستانیش لەم گۆڕانکاریانە بێ بەری نیەو لەمبارەوە خاوەن ئەزموونێکی دیارو بەرچاوەو ململانێی سیاسی بە بەردەوامی بەشێکی جیانەکراوە لە رەوتی خەباتی سیاسی لەم کۆمەڵگا بووە. رەوت و رێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان لە ماوەی تێکۆشانی خۆیاندا هەم لە ژێر تەئسیری گۆڕانکاریە ناوخۆیی و جیهانیەکاندا بوون و هاوکات کاریگەریشیان لەسەر کۆمەڵگای خۆیان داناوە. بێگومان نە تەمەن و ئەزموونی درێژخایەن پێوەری راستی بۆ هەڵسەنگاندنی رەوتێکی سیاسیە، نە ئەزموونی کەم و کورتماوە کە نەسڵێکی نوێتر بەرەولای خۆی رادەکێشێ هەڵگری هەموو راستیەکانە. سەرەڕای کەندوکۆسپەکانی بەردەم خەبات و زاڵبوونی سیستەمە دیکتاتۆرەکان لە شوێنگەلێکی ئەم جیهانە، بەڵام هێشتا و بە بەردەوامی خەبات بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکان درێژەی هەیە. کوردستان بە درێژایی تەمەنی زیاتر لە نیو سەدەی بە خۆشی و شانازیەوە یەکێک لەو شوێنانە بووە کە بزووتنەوە یەک لە دوای یەکەکانی سەرەڕای کەم ئەزموونی لە خەباتی سیاسیدا، رێچکەیەکی ئازادیخوازانەو پێشکەوتووانەی بووە کە ئەم بزووتنەوە لە پرۆسەی خۆیدا هاوکات گۆڕانکاریی گەورەشی بە خۆیەوە بینیوە. بەڵگە مێژووییەکان نیشانی دەدەن کە بیرۆکەی چەپ لە کوردستان هەندێک قۆناغی تێپەڕاندووەو چەند ئەزموونێکیشی لەدوای خۆی بە جێهێشتووە. بۆ وێنە لە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاویی کە دەوڵەتی موسەدیق یاسای بە ناوی ( سەد بیست ) ی بردە پارلمان کە بەو پێیە خاوەن زەوی دەبوو لە سەدا ١٠ی داهاتی بداتە جووتیاران و سەدا ١٠ی بۆ ئاوەدانی تەرخانکرد ، جووتیارانی موکریان لە دژی بەرەی دەربەگ راپەڕینیان کرد وە ئەوە دەرکەوتنێکی پراکتیکی چینێکی کۆمەڵایەتی بوو کە لە دژی چەوسانەوە راپەڕیبوو، بەڵام نموونەیەکی مێژوویی لە هەڵوێستگرتن، حیزبی دێمۆکراتە کە نەک پشتیوانیان لێناکات بەڵکوو بە پێچەوانە سەردانی جووتیاران دەکەن و پێیان دەڵێن کە نابێ دەست بدەنە چەک و کێشەکان بە هێوری چارەسەر بکەن. « بڕوانە کتێبی کاریگەریی بیری چەپ لەسەر بزاڤی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان» سمایل بازیار.

مەبەست لەو کورتەیە ئەوەبوو کە وەستانەوە دژی نابەرابەری و چەوسانەوە بەردەوام بەشێک بووە لە خواستێکی گرینگی کۆمەڵگای کوردستان، بەڵام لە قۆناغگەلی جۆراجۆر تا هاتووە گەشەی زیاتری کردووەو بە قووڵیەکی زۆرتر رۆچوەتە نێو ئەم بابەتە. کۆمەڵە لە راستیدا یەکەم رێکخراوی سیاسی لە کوردستانە کە بە پێی بەرنامەو پرۆگرام وەک رەوتێکی چەپ و سۆسیالیستی دێتە مەیدانی تێکۆشان و بە کردەوە فۆرمی خەباتی سیاسیی بە مانای واقیعی دەگۆڕێت بۆ فۆرمێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو بە واتای ئەوەی خوێندنەوەیەکی سەردەمیانە بۆ پرسی ماف و ئازادیەکان، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، پرسی ژنان، مەسەلەی دێمۆکراسی و بەشداری پێکردنی تاک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و روانین بۆ مەزهەب دێنیتە ئاراوە. بۆ یەکەمجارە لە کوردستان بە مانای واقیعی رێکخراوێکی سیاسی دێتە مەیدانی خەبات کە بێ دوودڵی و گومان دەبێتە پاڵپشتی زەحمەتکێشان کە زۆرینەی کۆمەڵگای کوردستان پێک دێنن و پێگەو بایەخیان بۆ دەگەڕێنێتەوە. توێژێ کە بە درێژایی مێژوو لەژێر باری زۆرداران و چەوسێنەراندا بوو ئەمجارەیان بوونە خاوەنی حیزب و هێزی خۆیان کە نە تەنیا لە ئاستی تیۆری و وتە بەڵکوو بە پراکتیکی رۆژانە وە بە پشت بەستن بە هێزی جەماوەر توانیان لە بەرانبەر دەسەڵاتی هارو چەوسێنەران راپەڕن و مێژوویەکی نوێ سەرپێ بخەن. کۆمەڵە ئەڵبەتە تەنیا هەڵسووڕاوی یەک مەیدان و خۆقەتیسکراوی دەستی یەک دەستەواژە نەبوو، بەڵکوو لە هەر شوێنێکی کوردستان کە ستەم لەسەر کۆمەڵانی خەڵک ببوایەت بە گەرم و گوڕی بۆ پشتیوانیی داخوازیەکانی خەڵک بەشداری تێدا کردووە و بەرپرسانە لەگەڵ رووداوەکان جووڵاوەتەوە. ئەگەر هەندێک لەو بابەتە مێژووییانە تێپەڕین و چاوێک بە بارودۆخی ئێستا بخشێنین دەبینین کە رەوتی سەرمایەداریی جیهانیی، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کەرەسەو ئامرازی زۆری بۆ مرۆڤایەتی بەرهەمهێناوە، هاوکات کەلێنە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکانیش بە چەند قات زیاتر بوون و کوردستانیش لەم پرۆسە بێبەش نیەو پێوەندیەکانی کارو سەرمایەو کەڵەکەکردن بە ئاسانی دەبینرێت. بۆیە هەر ئەمەش دەخوازێ کە روانگەو خوێندنەوەمان بۆ هەر جۆرە تیۆری و سیاسەتێک بەرهەمی لێکدانەوەیەکی بەرپرسانەو واقیعبینانە بێت. لە ساڵانی رابردوو گۆڕانکاریی گەلێک گەورە بەسەر بیری چەپدا هاتووە، هێشتا بیرۆکەی سۆسیالیزم بە تەواوی لە ژێر قورسایی ئەو شکستەی پاش شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ کە ئاکامەکەی بەرەو هەڵدێر رۆیشت و بە ناوی سۆسیالیزمەوە چەخماخەکەی لێدرا نەهاتوەتە دەر، وە بەرەی سەرمایەداریش تا ئێستا توانیویەتی بە کەڵک وەرگرتن لە ماشینی گەورەی پڕوپاگەندەی خۆی ئەوە بە هێمای راستەقینەی مۆدیلی سۆسیالیستی بەسەر ڕای گشتی داسەپێنێت. بۆیە لەم پرۆسە مێژووییەدا هەندێک لەو رەوتانەی خۆیان بە درێژەدەری رێبازی سۆسیالیزم زانیوە روانینیان بۆ دۆخی ئێستای بەرەی سەرمایەداریی ئەوانی یان لە رێبازی سۆسیالیستیی و بیری عەداڵەتخوازیی  بە تەواوی دوورخستۆتەوە و بەرەیەکی دیکەشی تووشی دۆگماتیسمی ئیدۆلۆژیک کردووە کە نە شێوەی خەباتیان دژی سەرمایەداریی درووستە و نە بە باشی دەتوانن لە دژیان بیر بکەنەوە. بەڵام رەنگە ئەوەی مەبەستی سەرەکی ئەم نووسینە بێ ئەوەیە کە ئەم پرسە گرینگە سیاسیە لە کوردستان دەبێ چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کە لە ئیدامەی بەشی دووهەم هەوڵدەدرێ هەندێک بابەتیانەتر روانگەی چەپ وبەستێنەکان و بەربەستەکانی بەردەم ئەم روانگە بدرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە…