هێرش بۆ سەر کوردستان؛ پەڵەیەکی رەش بە نێوچاوانی ڕژیمەوە…
هێرش بۆ سەر کوردستان؛ پەڵەیەکی رەش بە نێوچاوانی ڕژیمەوە…
(پوختەیەکی مێژوویی لەمەڕ فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ کوردستان)
بێگەرد ساڵح
“بە توندی فەرمان بە سەرۆکی ئەرکانی ئەرتەش و سەرۆکی ژاندارمێری و سەرۆکی پاسداران دەکەم کە بەو هێزانەی ڕەوانەی ناوچەی کوردستان کراون فەرمان بکەن، بە شوێن ئەو تاوانبار و هێرشبەرانەدا بگەڕێن کە خەریکن هەڵدێن، دەستگیریان بکەن و دەستبەجێ تەسلیمی دادگای ساڵحەیان بکەن و بە زووترین کات هەموو سنوورەکانی ناوچەکە دابخەن، بۆ ئەوەی خراپەکاران بۆ دەرەوە دەرنەچن و بە توندی فەرمان دەدەم کە سەرکردەکانی خراپەکاران بە هێزێکی تەواوەوە دەستگیر و تەسلیمان بکەن. کەمتەرخەمی لەم بابەتەدا پێشێلکردنی ئەرکە و بە توندی سزا دەدرێ”.
ئەم ڕستانە بەشێکن لە فەرمانی خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨؛ ئەو فەرمانەی کە بووە هۆی کارەسات لە ناوچە کوردستانی ڕۆژهەڵات. دوای ڕووخانی حکوومەتی محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی، لایەنە سیاسییە کوردییەکان گەڕانەوە بۆ شارەکان و دەستیان بەسەر بەشێک لە کوردستاندا گرت. هەنگاوێک کە له لایەن خومەینی و هاوڕێ نزیکەکانیەوە پەسهند نەکرا. لەکاتێکدا “کوملە” بە پێکهێنانی شۆڕا و ئەنجوومەنی خەڵکیی بۆ بەڕێوەبردنی شارەکانی کوردستان چالاک بوون، بەڵام ئەوەی له تەلەبزوێی ئێران بڵاو دەکرا، بانگەشەی نەفرەت لە کوردستان بوو.
پێشتریش لە ٢٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٨دا، پێکهاتەی جووتیاران و کرێکاران سەر بە حیزبی کۆملە، هەڵبژاردنی بەڕێوەبردنی شاریان لە شاری سنە بەڕێوە برد و ١١ کەسیان وەک ئەندامی ئەم ئەنجومەنە هەڵبژارد. مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵ لە کاتێکدا کە پێکهاتەی جووتیاران و ئەندامانی چەکداری کۆمەڵە لە بەردەم ناوەندی ڕادیۆی مەریوان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە دەبرد، لە لایەن هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیەوە تەقەیان لێکرا. خەڵکی شاری مەریوان بە ڕێبەرایەتی کاک فەواد مستەفا سۆڵتانی لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم ڕووداوە، کۆچێکی مێژووییان کرد بۆ دەرەوەی شارەکە. بۆ پشتیوانی لەم چالاکییە ناڕەزایەتییە، خەڵکی شاری سنە ڕێپێوانی حەوت ڕۆژەیان بەرەو گوندی “کانیمیران” لە مەریوان دەست پێکرد و له شارەکانی دیکەی کوردستانیش لەم چەشنە پشتیوانیه کرا. ئەم ناڕەزایەتییە مەدەنیانە جارێکی دیکە بووە هۆی ئەوەی کە هێزەکانی سەر بە ڕژیم لەگەڵ نوێنەرانی خەڵکی کوردستان قسە و دانوستان بکەن؛ دانوستانێک کە هیچ ئەنجامێکی نەبوو و بە مانگی گەلاوێژی خوێناوی لە کوردستان کۆتایی هات.
کاتێک حیزبەکان و هەروەها کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێبەرانی ئایینی لە کوردستان (بە سەرۆکایەتی “شێخ عیزەدین حوسێنی”) لە ١٢ی پووشپەڕی ١٣٥٨دا بەشداریان لە ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامیدا بایکۆت کرد، کۆمەڵەش لە بەشێکی بەیاننامەی دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی 12ی پووشپەڕدا نووسی: “تا ئەوکاتەی بەرنامەی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا گوزارشت لە داخوازی دیموکراتیانەی شۆڕشی ئێران و بەتایبەتی داخوازییەکانی گەلی کورد لەسەر بنەمای خودموختاری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا نەکات و دانی پێدانەنێت، ئێمە بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم بە بێبایەخکردنی خواستی ڕەوای خەڵکی ئێران دەزانین. بۆیە ئێمە بەشداری ئەم ڕیفراندۆمە ناکەین”.
لە یەکەم هەنگاوی دوای دەرچوونی فەرمانی جیهاد، “سادق خەلخاڵی”، حاکمی شەرعی دادگاکانی ئینقلاب، فەرمانی تیرباران کردنی چەندین کەسی لە شاری پاوە دەرکرد. هاوکات سپای پاسداران و هێزە نیزامییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بەرەو سنە به ڕێکەوتن.
ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی ماکس کراڤیتز کە لەو کاتە لە ناوچەکەدا بوو، لە زاری خۆیەوە بڵاوی کردەوە: “ئەرتهش و سپای پاسداران شارەکانی کوردستانیان کۆنترۆڵکرد، خەڵخاڵی کە بە شوێن ئەوانەوە دەهات، دادگاییکردنێکی کورتی ئەنجامدەدا و فەرمانی دەدا بە زووترین کات ئیعدامەکان جێبەجێبکرێن. خەڵخاڵی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا و هەندێکجار تەنانەت چەند کاتژمێر دوای دەستگیرکردنیان، بەبێ ئەوەی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و شەفافیان بۆ دابنێت، لەسەر تاوانی چالاکیی دژە شۆڕشی ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بۆ مێران و مێرمنداڵان دەردەکرد”. سەبارەت بە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە شارە جیاجیاکانی کوردستان لەو ماوەیەدا، سەباغیان لە بڵاوکراوەی ژمارە ١ی (چشم انداز ایران) لاپەڕە ٥٥دا دەڵێ: “ئیعدامەکانی ناڕەوای ئایەتوڵڵا خەلخاڵی کەشی ناوچەی ژەهراوی کردبوو. ئەو لە مژیی خۆیدا دەیویست خەڵک چاوترسێن بکات. بۆ نموونە برایەک لە جیاتی براکەی دیکەی لە سێدارە دابوو… کەسێک کە ئیفلیج بووە و لەسەر برانکارد هێنابووی و ئێعدامی کردبوو”.
لەو ماوەیەدا زۆرێک لە هاووڵاتیان و چالاکانی سیاسی بە بیانووی “دژە شۆڕش” بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سادق خەلخاڵی، لە سێدارەدران یان گوللەباران کران. لە نێو ئەو ئێعدامانەدا دەکرێ ئاماژە بەمانە بکرێ:
١٨ کەس خەڵکی شاری پاوە کە لە ٢٨ و ٢٩ گەلاوێژ لە زیندانی دیزڵ ئابادی شاری کرماشان تیرباران کران، ٩ کەس لە زیندانی مەریوان لە ٣ی خەرمانان، له ڕۆژی ٥ی خەرماناندا ١١ کەس لە فڕۆکەخانەی سنە کە دوو کەسیان بریندار بوون. ٢٠ کەس لە سەقز لە ٦ی خەرمانان.
لە خەباتی چەکداری ئەو سەردەمە کە نزیکەی ۳ مانگی خایاند، هێزە سیاسییەکانی کورد کە پاڵپشتی خەڵکیان لهگەڵ بوو، دەستی باڵایان هەبوو و بە نیشاندانی سهروەری سیاسی و نیزامی خۆیان، دواجار حکومەتیان ناچار کرد ئاگربەست قبووڵ بکات. دوای ئەم ئاگربەستە، هێزە سیاسییە کوردییەکان گەڕانەوە بۆ شارەکان و یەک لە دوای یەک فەرمانگەی سیاسی و سەربازی خۆیان لە شارە جیاجیاکانی کوردستان دامەزراندەوە…
هەرچەندە ۴۵ ساڵ بەسەر دەرکردنی فەرمانی خومەینی بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا دەرەنجامە زیانبەخشەکانی ئەم هێرشە سەرتاسەریانە لەسەر زۆرێک لە شارەکانی کوردستان ماونەتەوە. ڕووداوەکانی ئەم قۆناغە بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەر لە سەرەتاوە خۆی لە هیچ کردهوەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دژ به نەتەوەی کورد دەستی نەپاراستووە.