مەستوورەی ئەردەڵان سەرباشقەی ژنانی کوردستان….!

0
هاوژین ساڵحی

مەستوورەی ئەردەڵان یەکێک لە ژنانی هۆنەر، نووسەر، مێژوونووس و فەیلسووفی کوردستانە لە سەدەی نۆزدەهەم و یەکێک لەو ژنە کوردە ئەدیبانەیە کە لە سەردەمی خۆیدا پێشەنگ و ڕەچەشکێن و داهێنەر بووە و کاریگەرییەکی بێوێنەی لەسەر کۆمەڵگە بەگشتی و بەتایبەت ژنانی کورد هەبووە. لەم بابەتەدا ئاوڕێکی کورت لە مەستوورە خانم و تایبەتمەندییەکانی ئەو ژنە بەهرەدارە دەدەینەوە و هەروەها ئاماژەش بە سەرباشقەبوونی بۆ ژنانی ئەم سەردەمەی کوردستاندا دەکەین. سەرەتاش بە کورتەیەک لەسەر ناساندنی مەستوورەی ئەردەڵان دەست پێ دەکەین.

ماهـ شەرەف خام قادری، ناسراو بە مەستوورە ئەردەڵان، ژنە هۆنەر، نووسەر، مێژوونووس و فەیلەسووفی ناوداری کورد له بنەماڵەی بەناوبانگی قادرییەکان، لە ساڵی ٢۵٠۵ی کوردی بەرانبەر بە ۱۸۰۵ی زایینی، لە شاری سنەی پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەدایک بووە. مەستوورە خانم لە سەردەمی خۆیدا ژنێکی چالاک و پێشەنگ و سەرباشقەی کۆمەڵگە بووە و هەوڵی پێشکەوتن و بەتایبەت لەنێو ژناندا داوە. لە ساڵی ٢۵٤٨ی کوردی بەرانبەر بە ۱۸٤۸ی زایینی، لە شاری سلێمانیی پایتەختی میرنشینی بابان، لە باشووری کوردستان لە تەمەنی ٤۳ ساڵیدا کۆچی دواییی کردووە و هەر لەو شارەیش ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کراوە.

ئەولەسەن بەگ یان ئەبولحەسەن بەگی باوکی ماهـ شەرەف خانم، کە یەکێک لە پیاوە ڕەسەن و بەناوبانگەکانی شاری سنە و میرنشینی ئەردەڵان بووە، ماهـ شەرەف خانمی فێری خوێندن و نووسین بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی کردووە. مەستوورە خانم لەو سەردەمەدا ژنێکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو بووە و بە شێوەیەکی سەردەمیانەی ئەوکات شارەزایی لەو زمانانەدا هەبووە و ناوبانگی دەرکردووە. دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت لە میرنیشنی ئەردەڵاندا گۆرانی شێوەزاری فەرمیی میرنیشنەکە و مەستوورە وێڕای شێوەزاری گۆرانی، شێوەزارەکانی تریشی زمانی کوردیشی زانیوە. شایانی باسە کە لە سەردەمی میرنشینی ئەردەڵانەکان، “خەسرەو خانی ئەردەڵان” کە والیی سنە بووە، لەگەڵ ماهـ شەرەف خانم ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە.

مەستوورە ئەردەڵان، بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی هۆنراوەی هۆنیوەتەوە و بەپێی سەرچاوە مێژوویییەکان زیاتر لە بیست هەزار دێڕ (بەیت) شیعری بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی نووسیوە کە زۆرتر بە شێوەی غەزەڵ، قەسیدە و وردەبابەت نووسراون. هەروەها لە نووسینی بابەتەکانی تر و بەتایبەت مێژوو دەستێکی باڵای هەبووە و یەکەمین ژنی مێژوونووسی کوردستان و نەتەوەی کورد و تەنانەت یەکەمین ژنی مێژوونووس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژاوای ئاسیا بووە و بە یەکێک لە ژنە مێژوونووسە بەتواناکانی جیهانیش ناوبانگی دەرکردووە. مەستوورە وەک ژنێک کە “شتێکی سەرنجڕاکێش”ی لە ژیانیدا کردوو، ئەوەیە کە لەو کاتەدا ژنان زۆر لەسەر مافەکانیان نەیاندەزانی، بەڵام ئەو گرنگیی زۆری بە ژنان و مافەکانیان دەدا و ئەوەی کە ئەم کەسایەتییە ئیلهابەخەشە کردی، ئەوەیە کە توانی ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە و دوای ئەو ئارەزووانە کەوت کە ژنانی تری سەردەمی خۆی بیریان لێ نەکردبووەوە، هەر بۆیە بۆ هەموو ژنانی ئەو سەردەم و تەنانەت تاکوو ئێستەش کە بۆ مافەکانیان وەک ژنی کوردستانی تێ دەکۆشن، سەرباشقەی لێی فێربوونە. بەرچاوترین کتێبی مەستوورە خانم لە بواری مێژوونووسییەوە، کتێبی “مێژووی میرنشینی ئەردەڵان” بووە کە بە زمانی فارسی نووسیویەتی و دواتر مامۆستا هەژار موکریانی وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی.

کاتێک باسی مەستوورە خانم وەک ژنێکی پێشڕەو دەکرێت، ناکرێت ئاماژە بەو بیرەوەرییەی دوکتۆر جۆج کۆرمیکی بریتانیایی نەکەین کە لە دەورانی ئەمانوڵڵا خانی ئەردەڵان سەردانی میرنیشینی ئەردەڵانی کردووە و بە شێوەیەکی جیاواز باسی لە مەستوورە خانم گێڕاوەتەوە. د. جۆرج کۆرمیک کە لە ساڵی ١٨١٠ ز. دوکتۆری دەرباری شانشینی قاجاڕ بووە، هاتووەتە کوردستان و سەردانی دەرباری میرنیشینی ئەردەڵانی کردووە. ناوبراو لەسەر گەشتەکەی و میرنیشینی ئەردەڵان و بەتایبەت مەستوورە خانم بەو شێوەیە باسی کردووە کە لە بواری خوێندەواری و ئەدەب لە دەورانی ئەمانوڵڵا خاندا سنە ئەو فەزا کراوەیە کە نیسبییەی کچان و ژنانی سنەی تێدا ژیاون و ئاماژەی بەوەش داوە کە مەستوورە خانمی تێدا هەڵکەوتووە، کە ئەو کاتەی ئەو وەک هۆنەر ناوی ڕۆیشتبوو و ڕەنگە وەک تاکە ژنێکی سەدەی نۆزەدەیەم کتێبی مێژوویی و هۆنراوەی دەنووسی، لە بەریتانیــا جەین ئۆسـتن نەیدەوێرا وەک ژن ڕۆمانەکانی بەناوی خۆیەوە چاپ و بڵاو بکاتەوە و هەروەها هیچ دەزگایەکی ئەکادیمیش نووسراوە و بەرهەمی مێژوونووسی ژنی وەرنەدەگرت، بۆیە هیچ مێژوونووسێکی ژن لەو سەدەیەدا نییە؛ بۆیە مەستوورەی ئەردەڵان وەک ڕووناکی لە تاریکیدایە و ئەمەش نیشاندەری پێشکەوتووییی کۆمەڵگەی کوردستان و بەتایبەت میرنیشینی ئەردەڵانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *