قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت و ده‌روونشیکاری

مارتین جه‌ی
وەڕگێڕان: ه – محه‌مه‌دی
له ده‌یه‌ی 1920 دا تیۆری دایکسالاری شور و شه‌وقێکی تازه‌ی له‌نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵه جیاوازه‌کان دا به‌رپا کرد. ره‌خنه‌گرانی دژی مۆدێرنیزمی پارێزکاری کۆمه‌ڵی بورژوایی، که‌سانێک وه‌ک ئالفرێد بوملێر و لودڤیگ کلاگز به‌هۆی هێمای رۆمانتیک و ناتورالیستی و دژهفکری ئه‌م تیۆرییه، له‌گه‌ڵی که‌وتن. هه‌ندێ له لایه‌نگرانی پێشوی شتفان گیورگه [شاعیر] مه‌رامی رێبه‌ره‌که‌یان (دژبهژنبوون) یان ره‌ت کرده‌وه و له‌پێناو ژنێتی هه‌میشه‌یی، کۆڕی گیورگهیان به‌جێهێشت. هه‌ر وه‌ک ل. باتلێر ئاماژه‌ی پێکردووه، ئه‌م رووداوه هه‌ڵوه‌دایی پێره‌وانی سهنسیمۆنی فه‌رانسی له 70 ساڵ پێشتردا وه‌بیر ده‌خسته‌وه که بۆ “دایکی عرفانی” ده‌گه‌ڕان. له‌نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵی مرۆڤناسی ئۆرتۆدۆکس له بریتانیا، بۆوه‌ی گشتگیری گرێی تۆدیپی فرۆید پووچه‌ڵ بکه‌نه‌وه، له دژی فه‌رهه‌نگی دایکسالار، تۆژینه‌وه‌کانی برونیسلاڤ مالینۆڤسکی، سێکس و سه‌رکوت (1927) یان به‌کارهێنا. هه‌ر له‌و کاته‌دا کتێبی رابێرت بریفۆ، دایکان، تۆژینه‌وه‌یه‌ک ده‌رباره‌ی ره‌گ و ریشه‌ی هه‌سته‌کان و ئۆرگانه‌کان (1927)، به زۆری پێشوازی لێ‌کرا.
له کۆڕ و کۆمه‌ڵی ده‌روونشیکاریشدا به‌شێوازێکی نوێ تیۆری دایکسالاری گرنگی پێدرا. ڤیلهێلم رایش یه‌که‌م که‌س بوو که وه‌ها کارێکی ده‌ست پێ‌کرد، به‌جۆرێک که ساڵی 1933 له کتێبی ده‌روونناسی جه‌ماوه‌ری فاشیزم دا نووسی: له “کۆمه‌ڵی سروشتی” دا دایکسالاری تاقه تیپی راسته‌قینه بووه. فرۆمیش یه‌کێ له چالاکترین لایه‌نگرانی تیۆری دایکسالاری بوو. ئه‌و ساڵی 1932 له تۆژینه‌وه‌یه‌کی درێژدا کتێبی دایکانی به کۆمه‌ڵی ئا‌ڵمانیا ناساند. دواتر وتاری بریفۆ به‌ناوی “هه‌سته‌کانی خێزانی” به زمانی ئینگلیسی چاپ‌کرا. فرۆم به‌تایبه‌ت ئه‌م بیره‌ی بریفۆی وه‌رگرتبوو که هه‌موو هه‌ست و عشقێکی ئه‌ویدی خواز له عشقی دایکانه‌وه په‌یدا بووه، ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می قۆناغی درێژی زکپڕی و پاراستنی دوای زاینه. که‌وابوو به‌پێجه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌ی که فرۆید ده‌ڵێ، عشق په‌یوه‌ست به وزه‌ی سێکسی نییه. له راستیدا سێکس زیاتر پێوه‌ندی به نه‌فره‌ت و نابووتییهوه هه‌یه. فرۆم هه‌روه‌ها گرنگیدانی بریفۆی به هۆکاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ستایش کرد. به‌پێچه‌وانه‌ی روانگه‌ی رۆمانتیکی، پیاوه‌تی و ژنێتی نیشانه‌ی جیاوازی سێکسی “زاتی” نین، ئه‌وان به‌هۆی جیاوازی رۆڵ و دۆخی ژیان پێکهاتوون، ئه‌و رۆڵ و بارودۆخانه که کۆمه‌ڵ دیاری کردوون. که‌وابوو له‌ڕووی ئابوورییه‌وه ئاژه‌ڵداری په‌ره به سیستمی تاکهاوسه‌ری ده‌دات، سیستمێک که پێویستی به گه‌ڕان و سه‌رۆکایه‌تی شوانی نێر هه‌بوو. فرۆم به‌م ئاکامه ده‌گات که فریفۆ له روانگه‌ی په‌تی ئێتنۆلۆژی واوه‌تر ده‌چێ و تێکه‌ڵ به نه‌ریتی ماتریالیزم مێژوویی ده‌بێ، وتاره‌که‌ی بریفۆ که باسی گرنگی هۆکاری ئابووری له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی بنه‌ماڵه ده‌کات، ئه‌م راستییه‌ی تێدایه.
فرۆم له ژماره‌ی دواتری گۆڤاری zietschrift دا راسته‌وخۆ روانگه‌ی باخوفێنی راڤه کرد. ئه‌و به وردی توخمه جیاوازه‌کانی تیۆری دایکسالاری که بۆ ره‌خنه‌گرانی چه‌پ و راستی کۆمه‌ڵی بورژوایی گرنگ بوون، لێک جیاکرده‌وه. نۆستالۆژی خه‌وشداری خودی باخوفێن بۆ رابردوو و تیۆری رۆمانتیکی ئه‌و له‌مه‌ڕ سروشت، له لایه‌ن راستهکانهوه سه‌رنجی پێدرا. وه‌ک چۆن مناڵ ده‌خزێته باوشی دایکی، مرۆڤیش خۆی ته‌سلیم به سروشت ده‌کات. باخوفێن وه‌ک نوسه‌رانی رۆمانتیک و به‌پێچه‌وانه‌ی بریفۆ، جیاوازی مه‌عنه‌وی نێوان ژن و پیاو وه‌ک پرسێکی ره‌ها ده‌رده‌خات (به رای فرۆم ئه‌م پرسه ناره‌زایه‌تی باخوفێن له‌دژی به‌رنامه‌ی رۆشنگه‌ری ده‌رده‌خات که ژنانی رزگار کرد و تا ئاستی پیاوانی بورژوا سه‌ری خستن). بوملێر و کلاگز و تیۆریسازانی دیکه ته‌نیا گرنگییان به متافیزیکی ناتورالیستی باخوفێن دا و به‌ره‌و ئاراسته‌ی وه‌جد (schwarmerei) ی عرفانی بردیان و روانگه‌ی سایکۆلۆژیکی ئه‌ویان پشتگوی خست.
له لایه‌کی تره‌وه چه‌په‌کان زیاتر روانگه‌ی سایکۆلۆژیکی ئه‌ویان بۆ گرنگ بوو. کۆمه‌ڵی دایکسالار له‌سه‌ر هاوپشتی و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ پێداده‌گرێت. عشق و لێبوردن دوو به‌های زاڵی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ن، نه‌ک ترس و ملکه‌چی. ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵایه‌تی سیستمی دایکسالاری په‌ره به خاوه‌نداری تایبه‌تی نادا و مه‌یلی سێکسی سه‌رکوت ناکات. هه‌ر وه‌ک ئنگڵس و بێبێڵ راڤه‌یان کردووه، کۆمه‌ڵی باوکسالار کۆمه‌ڵێکی چینایه‌تییه که له‌ودا گرنگی به ئه‌رک و ده‌سه‌ڵات ده‌درێت نه عشق و دابینبوون. ئه‌گه‌ر له گۆشه‌نیگای تایبه‌ته‌وه سه‌یر بکه‌ین ده‌بینین فه‌لسه‌فه‌ی مێژووی باخوفێن له فه‌لسه‌فه‌ی مێژووی هێگل ده‌چێ. سه‌رهه‌ڵدانی جڤاتی باوکسالار هاوکاته له‌گه‌ڵ پچڕانی پێوه‌ندی رۆح و سروشت و سه‌رکه‌وتنی رۆم به‌سه‌ر رۆژهه‌ڵات دا.
وه‌ک ده‌بینین فرۆم پێی باشتره به‌رهه‌مه‌کانی باخوفێن له‌به‌ر تیشکی دیدگای سۆسیالیستی دا بخوێنینه‌وه. ئه‌و ده‌ڵی گرنگی خوێندنه‌وه‌ی جڤاتانی دایکسالار به‌هۆی گرنگی مێژوویی ئه‌م جڤاتانه نییه، به‌ڵکوو به‌هۆی پێکهێنانی دۆخی ئه‌لتێرناتیڤ گرنگه. فرۆم وه‌ک مالتنۆڤسکی تیۆری دایکسالار به‌کار دێنێ تا گشتگیری گرێی ئۆدیپ ره‌ت بکاته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێ گرنگی گرێی ئۆدیپ له جڤاتانی باوکسالاردا به‌هۆی رۆڵی کوڕ وه‌ک میراتداری پێگه و سامان باوک و پاراستنی باوک له پیری دایه. یانی له په‌روه‌رده‌ی مناڵی دا زیاتر به کارامه‌یی ئابووری کوڕ ده‌درێت، نه‌ک به‌خته‌وه‌ری. عشقی نێوان باوک و کوڕ به‌هۆی ترسی کوڕ له شکست ده‌توانێ ببێته رق و نه‌فره‌ت. به‌مپێیه عشقێکی به‌ڕێکه‌وتی به‌مجۆره ده‌توانێ هه‌ستی ئاسایش له‌نێو ببات و چه‌مکی ئه‌رک وه‌ک پرسی سه‌ره‌کی به‌هێز بکات.
له لایه‌کی دیکه‌وه عشقی دایک بێ شه‌رت و مه‌رجه و که‌متر له‌ئاست زه‌خت و فشاری کۆمه‌ڵایه‌تی ملکه‌چ ده‌کات. به هه‌ر حاڵ له جڤاتی هاوچه‌رخ دا ده‌سه‌ڵاتی دایکی واقعی له‌نێو چووه؛ ئیتر وه‌ک پاڵپشت سه‌یری ناکه‌ن به‌ڵکوو زیاتر وه‌ک که‌سێک سه‌یری ده‌که‌ن که پێویستی به یارمه‌تی هه‌یه. فرۆم ده‌ڵێ ئه‌م پرسه دوو چه‌مکی نیشتمان و خه‌ڵکیش که ده‌توانن جێگه‌ی دایک بگرنه‌وه، ده‌گرێته‌وه. تاوانی باوکانه و سه‌رکوتی ئاناڵی و ئه‌خلاقی ده‌سه‌ڵاتخوازانه، جێگای متمانه و خۆشه‌ویستی ره‌سه‌نی دایکانه‌ی گرتۆته‌وه. سه‌رهه‌ڵدانی پرۆتستانتیزم، ده‌سه‌ڵاتی باوکی زیاتر کرد و هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاسایشی کاتۆلیسیزمی چاخی نێوه‌ڕاست و دایکی پاکیزه و کلیسا، که وه‌ک مناڵدانی دایک بوو، تێکدا. بنه‌ما ده‌روونییه‌کانی سه‌رمایه‌داری به ئاشکرا باوکسالارن، هه‌رچه‌ند سه‌رمایه‌داری به‌شێوه‌ی ناکۆک دۆخی گه‌ڕانه‌وه بۆ فه‌رهه‌نگی دایکسالاری راسته‌قینه‌ی خولقاندووه. هۆی ئه‌م پرسه فراوانی کاڵا و سرویسهکانه که سه‌رمایه‌داری فه‌راهه‌می ده‌کات، ئه‌م پرسه‌ش ده‌توانێ ده‌رفه‌ت بۆ دۆخێک فه‌راهه‌م بکات که که‌متر ده‌سکه‌وت و ده‌سه‌ڵات ده‌خوازێ. فرۆم به‌و ئاکامه ده‌گات که سۆسیالیزم ده‌بێ مزگێنی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه بدات.
به هۆگری زیاتری فرۆم به باخوفێن، مه‌یلی ئه‌و به فرۆیدیزم کزی کرد. ساڵی 1935 له گۆڤاری zietschrif دا شک و گومانی خۆی له‌مه‌ڕ فرۆیدیزمی ئۆرتۆدۆکس باس کرد. ئه‌و وتی فرۆید گیرۆده‌ی ئه‌خلاقی بورژوایی و به‌هاکانی باوکسالاری خۆی بووه. ئه‌و وتی ئه‌و به‌شه له ده‌روونشیکاری که به‌پێی ئه‌زموونه‌کانی قۆناغی مناڵی پێکهاتوون گرنگی به که‌سی ده‌روونشیکار ناده‌ن. له‌و پرسانه‌دا که ده‌روونشیکار به‌شێوه‌ی ئاسایی به‌هاکانی کۆمه‌ڵ کاری تێکردووه، به‌ڵام خه‌ون و خواسته‌کانی نه‌خۆش دژی ئه‌م به‌هایانه‌ن، ده‌روونشیکار ده‌یه‌وێ به‌ره‌نگاری[7] نه‌خۆش وه‌گه‌ڕ بخات. ئه‌ڵبه‌ت له‌ڕووی تیۆریکه‌وه ده‌روونشیکار ده‌بێ بێ لایه‌نی خۆی بپارێزێ و به دڵئاوهڵایهوه له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقی نه‌خۆش دانوستان بکات. به‌ڵام فرۆم ده‌ڵێ دڵئاوه‌ڵایی (تۆلێرانس) له‌ڕووی مێژووییه‌وه دوو رووی هه‌یه.
پێویسته روانگه‌ی فرۆم له‌مه‌ڕ تۆلێرانس به درێژی راڤه بکرێت، چونکه دیدگای ئه‌ندامانی دیکه‌ی مه‌کته‌بی فرانکفۆرت روون ده‌کاته‌وه، دیدگایه‌ک که دواتر له پڕهه‌راترین و کاریگه‌رترین وتاری مارکوزه‌دا دووپات بۆوه. فرۆم پێی وایه سه‌ره‌تا، ئامانجی خه‌باتی بورژوایی، پێکهێنانی تۆلێرانس و لابردنی سه‌رکوتی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو، به‌ڵام کاتێ که چینی نێوه‌ڕاست له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سه‌رکه‌وت، تۆلێرانس بوو به ماسکێ که به‌ره‌ڵایی ئه‌خلاقی پاساو ده‌دا. له راستیدا ئه‌م جۆره تۆلێرانسه هه‌رگیز هێنده په‌ره‌ی نه‌سه‌ند که سیستمی باو له مه‌ترسی جدی بپارێزێ. هه‌ر وه‌ک له به‌رهه‌مه‌کانی کانت دا ده‌بینرێ، تۆلێرانس زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه و قسه پێوه‌ند درا، نه‌ک پراتیک. تۆلێرانسی بورژوایی هه‌میشه له‌گه‌ڵ خۆی ناکۆک بووه: به‌شێوه‌ی وشیارانه بێ لایه‌نه و گه‌شه به رێژه‌گه‌رایی ده‌دات، به‌ڵام به‌شێوه‌ی ناوشیارانه دۆخی ئێستای ده‌پارێزێ. فرۆم پێی وایه ده‌روونشیکاری تایبه‌تمه‌ندی دوو رووی ئه‌م جۆره تۆلێرانسه‌ی پێوه‌یه. به رای فرۆم بێ لایه‌نی رواڵه‌تی ده‌مامکێکه که سادیسمی نادیاری پزیشک ده‌پارێزێ.
به هه‌ر حاڵ فرۆم هه‌نگاوی دیکه‌ی هه‌ڵنه‌گرت و دواتر مارکوزه ئه‌م کاره‌ی کرد. (مارکوزه ساڵی 1965 نووسی: “تۆلێرانسی ئازادی به‌خش یانی هاوکاری له‌گه‌ڵ بزاڤی چه‌پ و دژایه‌تی له‌ئاست بزاڤی راست.”) فرۆم له‌جیاتی ئه‌م پرسه، لایه‌نه‌کانی تری تیۆری باوکسالاری فرۆیدی ئاشکرا کرد. ئه‌و ده‌ڵێ ئامانجی ده‌روونشیکاری ئۆرتۆدوکس بریتییه له توانای کار کردن، زاوزێ و چێژ وه‌رگرتن. له‌م سێ پرسه‌دا فرۆید زیاتر گرنگی کارکردن و زاوزێ کردن دا، نه چێژوه‌رگرتن؛ به رای فرۆید جۆرێک ئانتاگونیزم له نێوان له‌زه‌ت و شارستانیه‌ت دایه. روانگه‌ی ئه‌و له‌ئاست که‌سانی رادیکاڵ که خوازیاری کۆمه‌ڵێک بوون که زیاتر مه‌یل و ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ دابین بکات، ته‌واو ناکۆک بوو. فرۆید پێی وایه هه‌موو کارێکی مرۆڤ، جۆرێک هه‌ڵشاخانی ئۆدیپییه له‌ئاست باوک دا. له راستیدا فرۆید ده‌روونژاکاوی به‌پێی بێ توانایی مرۆڤ پێناسه کرد که ناتوانێ نۆرم و نه‌ریتی بورژوایی قه‌بووڵ بکات. نیشانه‌یه‌کیتر که بێ توانایی فرۆید بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخی بورژوایی سه‌رده‌می خۆی ده‌رده‌خات، ئه‌وه‌یه که پاره‌ی ده‌رمانکردنی به نه‌ختی وه‌رده‌گرت. به رای فرۆم خودی فرۆید له تیپی که‌سێتی باوکسالاری کلاسیک بوو که له‌گه‌ڵ شاگردان و بیماره‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانه هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد.
به رای فرۆم گیۆرگ گرودێک و ساندور فرێنچی ده‌توانن جێگه‌ی فرۆید بگرنه‌وه. ئه‌وان له ده‌روونشیکاری دا شێوازی نوێیان داهێناوه. ئه‌وان نه‌خۆش و ده‌روونشیکار له به‌رانبه‌ر یه‌کتر داده‌نێن و پێوه‌ندییه‌کی یه‌کسان و به‌رابه‌ر دروست ده‌که‌ن. فرۆم بۆیه گرێی ئۆدیپی ره‌ت کرده‌وه چونکه له تێکنیکی تازه‌ی ئه‌ودا رۆڵی “گواستنه‌وه” (transference)[8]ئێجگار له کزی دابوو. هه‌روه‌ها گرودێک و فرێنچی ئه‌وه‌نده تینووی پاره‌ی ده‌رمان کردن نه‌بوون و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار چاوپۆشی‌یان لێده‌کرد. به‌پێچه‌وانه‌ی “تۆلێرانسی” باوکانه و ده‌سه‌ڵاتدارانه و بێ هه‌ستی فرۆید، ئه‌وان لایه‌نگری عیلاجێک بوون که له مه‌به‌ستی کوێرانه و سازگاری له‌گه‌ڵ بێ ره‌حمی و ئه‌خلاقی زاڵ، ئێجگار واوه‌تر ده‌چوو. فرۆم مه‌رگی ناوه‌ختی فرێنچی بۆ ده‌روونشیکاری به خه‌سارێکی مه‌زن له قه‌ڵه‌م دا…
هه‌رچه‌نده فرۆم زیاتر له فرۆید ناهۆمێد ده‌بوو، زیاتر له ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی فرانکفۆرت داده‌بڕا. پاش نوسینی شیکاری ده‌روونناسانه‌ی ده‌سه‌ڵات و، هه‌ره‌ها تۆژینه‌وه‌یه‌کی هاوبه‌ش له‌مه‌ڕ ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماڵه (1936)، فرۆم ته‌نیا وتارێکی تری له گۆڤاری zietschrif دا بڵاو کرده‌وه: “تۆژینه‌وه‌یه‌ک له‌مه‌ڕ هه‌ستی نه‌زۆکی له کۆمه‌ڵی مۆدێرن دا”. ساڵی 1939 له سه‌نته‌ری فرانکفۆرت دابڕا و زیاتر کاتی خۆی بۆ پزیشکی ته‌رخان کرد و زیاتر درێژی به رێچکه‌ی ئه‌ندێشه‌ی نافرۆیدی خۆی دا. دو ساڵ دواتر کتێبی هه‌ڵاتن له ئازادی چاپ کرد که ره‌نگه گرنگترین به‌رهه‌می فرۆم بێت. ئه‌م کتێبه وه‌ک شرۆڤه‌ی ده‌سه‌ڵاتخوازی که بڕیار بوو ئه‌مریکا له جه‌نگدا له دژی خه‌بات بکات، سه‌ره‌نجی زۆر که‌سی راکێشا و به‌خێرایی وه‌ک به‌رهه‌مێکی کلاسیک ناسرا. ئه‌م کتێبه دوور که‌وتنه‌وه‌ی فرۆم له فرۆید ده‌رده‌خات.
فرۆم له‌م کتێبه‌شدا وه‌ک یه‌که‌م وتاره‌کانی خۆی، فرۆید به کورتبینی فه‌رهه‌نگی تاوانبار ده‌کات: “به رای فرۆید بواری پێوه‌ندی ئینسانی له بازاڕ ده‌چێ و بریتییه له دانوستان و دابینکردنی پێویستی بیۆلۆژیک، که له‌ودا پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ویدی ئامانج نییه، به‌ڵکوو ئامێرێکه بۆ گه‌یشتن به ئامانج.” ئه‌و له‌م کتێبه‌دا توندتر له هه‌مێشه ره‌شبینی فرۆید و روانگه‌ی ئه‌و له‌مه‌ڕ غه‌ریزه‌ی مه‌رگ ره‌ت ده‌کاته‌وه. ئه‌و لێره‌دا غه‌ریزه‌ی مه‌رگ له‌گه‌ڵ حه‌زی کاولکاری وه‌ک یه‌ک ده‌بینێ، بۆچوونێک که دواتر مارکوزه له ئاستی وه‌ستا. فرۆم به وه‌ها بۆچوونێک له‌مه‌ڕ غه‌ریزه‌ی مه‌رگ ده‌نووسێ: “ئه‌گه‌ر تیۆرییه‌کانی فرۆید دروست بن ده‌بێ وایدانین که ئاستی کاولکاری، چ له دژی خۆ یان له دژی ئه‌ویدی، که‌م تا زۆر به نه‌گۆڕی بمێنێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که ده‌یبینین پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌رده‌خات. قورسایی کاولکاری له‌نێو تاکه‌کان له فه‌رهه‌نگی ئێمه‌دا نه هه‌ر جیاوازه، به‌ڵکو له نێو گرووپانی کۆمه‌ڵایه‌تی جیا جیاشدا جیاوازه.”
فرۆم هاوکات که شرۆڤه‌ی کلینیکی فرۆیدی به‌کار دێنا، تیۆری لبیدۆی ئه‌وی ره‌ت ده‌کرده‌وه. ئه‌و به‌م کاره‌ی به‌شێک له کتێبه‌که‌ی خۆی، بنه‌ماکانی مه‌سیح و تیپبه‌ندی که‌سێتی به‌پێی لبیدۆ که ساڵی 1932 له گۆڤاری zietschrif دا داکۆکی لێکردبوو، وه‌لانا. پاش ئه‌وه‌ی که هه‌موو تیۆرییه‌کی سه‌باره‌ت به پرسی ئێرۆتیک ره‌ت کرده‌وه، بابه‌تی خۆئازاری – ئه‌ویدی ئازاری نووسی که گرنگترین بابه‌تی تیۆریکی ئه‌و بوو له‌مه‌ڕ ده‌سه‌ڵاتی نائه‌قڵانی. له راستیدا فرۆم له کتێبی دیکه‌ی خۆیدا، مرۆڤ بۆ خۆی، تیپبه‌ندی خۆی به‌پێی چه‌ند بنه‌مایه‌کی ته‌واو جیاواز گه‌شه پێدا… ئه‌و جارێکی‌تر باسی کاریگه‌ری هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی کرد که به‌پێی پاڵنه‌ره‌کانی گیانپارێزی پێکدێن. فرۆم هه‌روه‌ها چه‌مکی “که‌سێتی کۆمه‌ڵایه‌تی داڕشت که له یه‌که‌م به‌رهه‌مه‌کانی دا ئاماژه‌ی پێ‌کردبوو. ئه‌و ئه‌م چه‌مکه‌ی به “گرنگترین ده‌سکه‌وتی خۆی … بۆ ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانی”. ئه‌و ده‌نووسێ: “که‌سێتی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نیا بژارده‌یه‌ک له خه‌سڵه‌ته‌کان ده‌گرێته‌وه، کاکڵی سه‌ره‌کی پێکهاته‌ی که‌سێتی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی گرووپێک، به‌پێی ئه‌زموونه‌کان و دۆخی ژیانی هاوبه‌شی گرووپ پێکدێت”.
به رای فرۆم ناوه‌رۆکی سه‌ره‌کی کتێبی هه‌ڵاتن له ئازادی ئه‌مه‌یه که “مرۆڤ هه‌رچی زیاتر به ئازادی بگات، یانی له یه‌کێتی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ مرۆڤ و سروشت داببڕێ و، هه‌ر چه‌نده زیاتر وه‌ک تاک ده‌رکه‌وێت، ناچار ده‌بێ یان له رێگه‌ی عشق و کاری خۆڕسک خۆی له‌گه‌ڵ جیهان یه‌ک بخات، یان به پێکهێنانی پێوه‌ندییه‌ک له‌گه‌ڵ جیهان که ئازادی و تۆکمه‌یی تاکی ئه‌و کاول ده‌که‌ن، به‌ره‌و جۆرێک ئاسایش بڕوات”. چه‌مکی نامۆیی (alienation) ئه‌و جۆره که له یه‌که‌م به‌رهه‌مه‌کانی مارکس دا هاتووه، وه‌ک سه‌رچاوه‌ی روانگه‌ی فرۆم ده‌ور ده‌بینێ. ئێستا دابڕان و لێکبه‌ستران وه‌ک دوو جه‌مسه‌ری ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و ده‌رکه‌وتبوون. ده‌روونژاکاوی وه‌ک پێوه‌ندی نێوان تیپه‌کانی که‌سێتی پێناسه ده‌کرا؛ بۆ وێنه سادیسم و مازوخیسم ئیتر دوو دیارده نه‌بوون که به‌پێی پرسی سێکسی راڤه بکرێن، به‌ڵکوو وه‌ک دوو کۆشش راڤه ده‌کران که یارمه‌تی تاک ده‌ده‌ن تا له هه‌ندێ هه‌ست و حاڵه‌تی تاقه‌ت پڕووکێنی ته‌نیایی و بێ هێزی خۆی رزگار بکات. ئامانجی واقعی “هاوڕه‌نگ بوون” له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه، که به مانای دۆڕاندنی تاکێتی و تۆکمه‌یی و توانه‌وه‌ی مرۆڤ له که‌سێکی تر دایه.
فرۆم له کتێبی هه‌ڵاتن له ئازادی دا دوو چه‌مکی نگه‌تیڤ و پۆزه‌تیڤ لێک جیاده‌کاته‌وه، ئه‌تۆمیزه‌بوون و دابڕانی “ئازادی له” و تێکۆشانی خۆڕسکی که‌سێتی ته‌واو تۆکمه‌ی “ئازادی بۆ”. هه‌رچه‌ند فرۆم زه‌حمه‌تی زۆر ده‌کێشێ تا ئاڵوگۆڕی ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تی که بۆ کۆتایی هێنان به نامۆیی “ئازادی له” و گه‌یشتن به “ئازادی بۆ” پێویسته باس بکات، به‌ڵام گرنگی به دژوارییه‌کانی ئه‌م ئاڵوگۆڕه نادات. فرۆم تادێ پرسی ئاڵوگۆڕ به‌شێوه‌ی گه‌شبینانه و به‌پێی ناوه‌رۆکی ئه‌خلاقی وێنا ده‌کات. ئه‌گه‌ر پاڵنه‌ری کاولکاری، زکماکی نه‌با، خه‌ونی پێغه‌مبه‌رانی یه‌هوود یانی “ئاشتی گشتی و ته‌بایی نێوان نه‌ته‌وه‌کان” که فرۆمی لاوی به قووڵی هیوادار کردبوو، به‌دی ده‌هات. فرۆم له فه‌رهه‌مه‌کانی دواتری دا گرنگی به یه‌کێتی ئه‌خلاق و ده‌روونناسی دا و تا جێگایه‌ک چووه پێش که بڵێ: “هه‌ر جۆره ده‌روونژاکاوییه‌ک، هێمای پرسێکی ئه‌خلاقییه، هه‌ر شکستێک له رێگه‌ی پێگه‌یشتن و تۆکمه کردنی که‌سێتی دا، پرسێکی ئه‌خلاقییه.” ئه‌و ساڵانێک دواتر بنه‌ما مه‌عنه‌وییه‌کانی رۆژهه‌ڵات و رۆژاوا – به‌تایبه‌ت بودیسم – ی ستایش کرد.
گرنگیدانی زیاتر به‌م پرس یان ئه‌و پرس به مانای گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی هه‌ڵوێست و ئه‌ندێشه‌ی فرۆم نییه. ئه‌و له وڵامی ئه‌م پرسه‌دا که تووشی گه‌شبینی ساویلکانه هاتووه به‌تووڕه‌یی وتی: “من هه‌میشه پێم وابووه گه‌یشتن به عشق و ئازادی به ته‌واوی به دۆخی کۆنکرێتی ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌ستراوه، وه‌کچۆن له کتێبی هونه‌ری خۆشویستن دا باسم کردووه، به ده‌گمه‌ن ده‌توانین له جڤاتێکدا عشق ببینینه‌وه که بنه‌ماکانی دژ به عشق بن.” به‌کورتی ئه‌گه‌ر دوا به‌رهه‌مه‌کانی فرۆم بخوێنینه‌وه ده‌بینین که ئه‌و له به‌راورد له‌گه‌ڵ هۆرکهایمێر و ئه‌وانیدی، داکۆکی له هه‌ڵوێستێکی گه‌شبینانه‌تر ده‌کات.
هۆرکهایمێر و ئه‌وانیدی به‌گشتی له‌گه‌ڵ یه‌که‌م وتاره‌کانی فرۆم که له گۆڤاری zietschrif دا چاپکرابوو هاوده‌نگ بوون، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌که‌م ره‌خنه‌کانیشی له فرۆید کۆک بوون. سه‌ره‌تا سه‌نته‌ر له کاره‌کانی فرۆم بۆ تێکه‌ڵکردنی مارکسیزم و فرۆیدیزم پێشوازی کرد. هۆرکهایمێر له وتارێک دا به ناوی “مێژوو و ده‌روونناسی” که له یه‌که‌م ژماره‌ی گۆڤاری zietschrif دا چاپکرابوو، باسی ئه‌وه‌ی کردبوو که ده‌بێ ره‌هه‌ندی ده‌روونناسی تێکه‌ڵ به تیۆری مارکسیستی بکرێت. ئه‌و پێی وابوو ده‌بێ خواسته‌کانی مرۆڤ له کۆمه‌ڵی هاوچه‌رخ دا، به وته‌ی مارکس، هه‌م له‌ڕووی “ئایدیۆلۆژیک” و هه‌م له‌ڕووی سایکۆلۆژیکهوه ده‌رک بکرێن. هه‌رچه‌نده کۆمه‌ڵگه ئه‌قڵانیتر ببێته‌وه، به دڵنیاییه‌وه پێویستی ئه‌م دوو چه‌مکه بۆ ناسینی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌متر ده‌بێته‌وه. به‌ڵام له ئێستادا شیکاری سایکۆلۆژیک پێویسته تا ده‌سه‌ڵاتی فۆرماسیۆنی کۆمه‌ڵایه‌تی، کاتێ که پێویستی خۆی ئه‌دۆڕێنێ، ده‌رک بکرێت. هۆرکهایمێر له‌گه‌ڵ فرۆم هاوده‌نگه که ئه‌م ده‌روونناسییه ده‌بێ ده‌روونناسی تاکی بێت. هیچ جۆره رۆحێکی جه‌ماوه‌ری و وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی له ئارادا نییه، هه‌رچه‌ند هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی له پێکهاتنی ده‌روونناسی تاکی دا رۆڵی هه‌یه: “پرسی ئابووری نه ته‌نیا ناوه‌رۆک، به‌ڵکو هێزی هه‌ڵداچوونه‌کانی سیستمی ده‌روونیش مه‌رجدار ده‌کات.”
هۆرکهایمێر ساڵی 1936 له وتارێک دا به ناوی “خۆویستی و بزاڤ بۆ ئازادی” تیۆری تاناتووسی فرۆیدی به پاسیڤیزم تاوانبار کرد. به رای ئه‌و یه‌که‌م به‌رهه‌مه‌کانی فرۆید زیاتر دیالکتیکین، به‌ڵام دوا به‌رهه‌مه‌کانی بایۆلۆژیکی و پۆزه‌تیڤیستین؛ بڕوای فرۆید به تاناتووس له روانگه‌ی چاخی نێوه‌ڕاست ده‌چێ که خراپه له‌گه‌ڵ ئه‌هریمه‌نی ئه‌فسانه‌یی پێوه‌ند ده‌دات. فرۆید به پشتگوی خستنی ره‌هه‌ندی مێژوویی سه‌رکوتکاری، دۆخی هاوچه‌رخی به دۆخێکی ره‌ها زانی و به‌ره‌و ئه‌م هه‌ڵوێسته کشایه‌وه که هه‌میشه پێویسته چه‌ند نۆخبه‌یه‌ک هه‌بن تا پێش به کاولکاری جه‌ماوه‌ر بگرن.
له کۆتایی ده‌یه‌ی 1930دا فرۆم و ئه‌ندامانی تری فرانکفۆرت هه‌رکام رێگه‌ی خۆیان گرته‌به‌ر. فرۆم گرنگی به جیاوازی نێوان دوو سیستمی باوکسالاری و دایکسالاری دابوو، به‌ڵام ئه‌ندامانی تری سه‌نته‌ر هه‌رگیز ئه‌م پرسه‌یان به‌ته‌واوی قه‌بوڵ نه‌کرد. بێجگه له ڤاڵتر بنیامین، که زۆر هۆگری ئه‌ندێشه‌ی باخوفێن بوو، ئه‌وانیدی له‌م بۆچوونه‌ی فرۆم که فرۆیدی به نوێنه‌ری ئه‌ندێشه‌ی باوکسالار ناساندبوو، به گومان بوو. فرۆم کاتێ باسی هۆکاری جیابوونه‌وه‌ی خۆی له سه‌نته‌ری فرانکفۆرت دا‌کا ده‌ڵێ هۆرکهایمێر “فرۆیدێکی شۆڕشگێڕتری” که‌شف کرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که فرۆید باسی وزه‌ی سێکسی ده‌کات، هۆرکهایمێر پێی وایه که فرۆید زیاتر له فرۆم له ماتریالیزمی واقعی نزیکتره. له لایه‌کیتره‌وه لۆڤنتاڵ ده‌ڵێ هۆکار ئه‌مه بوو که روانگه‌ی فرۆم گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتبوو، هێمای ئه‌م گۆڕانه‌ش له دوو به‌شی جیاوازی کتێبی هه‌ڵاتن له ئازادی، پرسی کۆمه‌ڵایه‌تی و “پرسی وجودی” دایه. هه‌روه‌ها روانگه‌ی فرۆم له چاو روانگه‌ی ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر گرنگی که‌متری به پرسی جوانیناسانه ده‌دا. هه‌ر له‌و کاته‌دا که فرۆم له سه‌نته‌ر داده‌بڕا، ئادۆرنۆ به‌شێوه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ر تێکه‌ڵ بوو، ئه‌مه‌ش وه‌رچه‌رخانێکی بنه‌ڕه‌تی بوو له کاره‌کانی قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت دا.
هۆکاری دابڕان هه‌رچی بوو، له ده‌یه‌ی 1940 دا به‌رهه‌مه‌کانی فرۆم رق و قینی دۆستانی پێشوی هه‌ڵخڕاند. دوای رۆشتنی فرۆم سه‌نته‌ر ئه‌وه‌نده درێژه‌ی به باس و مشتومڕی تیۆریک ده‌رباره‌ی ده‌روونشیکاری نه‌دا. هۆرکهایمێر ساڵی 1939 له وتارێک دا فرۆیدی له‌گه‌ڵ دیلتای به‌راورد کرد و فرۆیدی به سه‌رتر زانی، به‌ڵام هۆکاری ئیمتیازی فرۆیدی به درێژی راڤه نه‌کرد.