سانسۆر لە ژێر سێبەری ئیسلامدا لە ئێران

✍غولام حسەینی ساعێدی

و: محەمەد حەکیمی

سانسۆر لە رژیمی ئیسلامی ئێراندا،  پێش لە بیست و دووی رێبەندانی سالی ١٣٥٧ی هەتاوی و بە دەسەڵات گەیشتنی رژیمی ئیسلامی ئیران، بە پێی “ئلیگارشی و هیراشی” بەرنامە و پلانی بۆ دانرابوو. وەها سانسۆرێک لە مێژوودا یان هەر نەبوە یان زۆر کەم بینراوە. هێرشی گرۆپە چەکدارەکان بۆ کافە، رێستورانتەکان و کۆبوونەوە گشتیەکان بە بەرد و دار و چەقۆ، جوێن و قسەی ناشرین و لێدان و ئەشکەنجەی ئەو ژنانەی کە لەچکیان لە سەر نەدەکرد، پاککردنەوەی دروشمی بیرجیاوازەکان لە سەر دیوار و ئاگردانی سینماکان وەک سینەما رێکسی ئابادان و سالونی شانۆکان و شکاندنی شیشەی بانکەکان: “ئیلیگارشی و هیراشی” بە پێی بەرنامەیەکی پلان بۆ دارێژراو ئەنجام دەدرا، بەڵام ئەم شێوە هەلس و کەوتە پەیتا پەیتا دوو پات دەبوەوە و تا دەهات زۆری دەکرد. پیاوانێکی پاک و خاوێن بە جلی کۆنەپۆشی و ریشەوە بە رواڵەتێکی تورە و مۆنەوە، هەمیشە لە قۆژبنێکەوە پەیدا دەبوون و لە قۆژبنێکەوە بزر دەبوون و لەو مەودایەدا، زەربەیەکی کاریگەریان لەو شوێنانە دەدا و شوێنەوارێکیان لە خۆیان بە جێ دەهێشت. بەڵام خەڵکی ئاگا و رووناکبیر و تەنانەت سیاسیەکانیش، هیچ گرنگیان نەدەدا بەو برینانەی کە لەو سانسۆرانەدا خەریک بوو وێنە و شکلی دەگرت، ئەم هەلس و کەوتە نەشیاوانەیان وەک تورەیی شۆڕش و رق و تورەیی چینایەتی بە ئەژمار دەهێنا و هەر ئەم گرۆپە پچڕ پچڕانە و بێ روخسار بوون کە لە دواییدا بوون بە “بونیادە و کومیتە و رێکخراوەکانی بە ناو شۆڕشی کۆماریی کە رۆژ لەگەڵ رۆژ وەک کارگ هەلدەتۆقین و ژمارەیان زیادی دەکرد و کەرەستەی دەست بە سەرداگرتن و سانسۆر و خنکێنەریان دادەمەزراند و دروست دەکرد.

دوای بڵاوبوونەوەی یەکەمین راگەیاندنی “کانوونی نووسەرانی ئێران”  لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی  “خومەینی’ راستەوخۆ دژایەتی کرد و دەنگی ناڕزایەتی خۆیی بەو راگەیاندنە دەربری، ئەمە خاڵێکی گرنگ بوو کە لە چاویی زۆربەی شۆڕشگەرە راستەقینەکان و رووناکبیرانی ئێرانی نەبیندرا. دوایی، ماوەیەکی زۆریی پێچوو تا لەو قسانە تێگەیشتن کە لە روانگەی دار و دەستەی “خومینی”ەوە، دەس و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ سانسۆری سەردەمی شا، و هەروەها خەباتی درێژ ماوە و زیندان و ئەشکنجە و لە سێدارەدانی نەیاران و خەباتکارانی سیاسی بۆ ئەو تاقمە نە تەنها پووشێک بایەخی نەبوو، بەڵکوو زۆر لەوە و پێش ئەوان، ئەم کردەوانەیان بە مەترسیەکی گەورە دەزانی بۆ سەر خۆیان و ئەندیشەکەیان.

چەن مانگ و مانگەکانی دوایی شۆڕشی گەلانی ئێران لە رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و مانگەکانی دوایی ئەو شۆڕشە، فەزایەکی نوێ و زیندوو لە ئێران هاتە ئاراوە. لە بەرەبەیانەوە تا درەنگانێکی شەو، تەنانەت لەو پەری حکومەتی نیزامی رژیمی شاوە، گرۆپ گرۆپ و تاقم تاقم ژن و پیاو لە هەموو چینەکان و پیشەکان، لە چوارڕاکان و مەیدانەکان و دەوروبەری زانکۆکان، تەنانەت لە کۆلانە دورە دەستەکانیش کۆ دەبوونەوە ودەستیان دەکرد بە قسە کردن و را گۆڕینەوە، ئاواتەکان و دڵەراوکێکانی خۆیان کە لە ئاکامدا بەرەو کوێ دەچن و هەموو ئەو شتەی کە لە مێشکیاندا بوو دەخستە بەر باس و دیدی یەکتر. پێش لە رێبەندان، هەمیشە یەک یا چەن کەس بە روخساری بنەوەشی و بە جوێن فرۆشیەوە دەهاتنە نێو ئەو کۆبوونەوانە و بە دروشمی ” باس کردن، ئاخاڤتن، دوای نەمانی شا” هاوکات تومەتی ساواکی بوونیان لە خۆیان دوور دەکردەوە و هەروەها دەبوونە هۆی ئەوەی کە ئەو خەڵکەی کە ترسیان لە هیچ نەمابوو، نەتوانن باس و رای خۆیان بگۆڕنەوە، خەڵک دەیانویست دوای ئەو هەموو کێشە و گرفتانەی بۆیان هاتبوە پێش لەگەڵ یەکتر بیر و را بگۆڕنەوە و سەبارەت بە دێمۆکراسی و شێوەی نوێی دەسەڵات قسە بکەن.

تا ئەو کاتەی دێوەزمەی مەلاکان سێبەری خۆیان بە سەر هەموو شوێنێکدا بڵاو نەکردبوەوە، باسەکانی ناو شەقام درێژەی هەبوو و دیسان، هەر ئەو روخسارانە و فزول باشیەکان، بە جوێن فرۆشی و زمان شڕیی خۆیان دەهاوێشتە ناو ئاپۆرای خەڵکەوە هاواریان دەکرد: ” یەکێتی، یەکێتی، باسکردن دەبێتە هۆی پرش و بڵاوی! یەکێتی ناو خۆتان بپارێزن و ….”.

زۆربەی کاتەکان، باسێکی بنەوەشییان بە خەڵک دەقڕتان کۆمەڵیک پرسی بێ سەر و بنیان دەهێنایە ئاراوە و لە ئاخردا بە دروشمی ” مەرگ بۆ ئەمریکا و سهیۆنیزم” بە مشت و لەقە کۆبوونەوەی ئارامی خەباتکارانی راستەقینەی دژە ئیمپریالیستیان تێک دەدا و بلاوەیان بە خەڵکەکە دەکرد و دوای ماوەیەکی کورت، زنجیر و دار، پەنجە بۆکس و قەدارە و چەکی گەرمیش بوە بەشێک لە دروشمەکانیان و بە دژی خەڵکی شۆڕشگێر بە کاریان دەهێنا.

وێکەوتنی نەیاران لەگەڵ ئەو تاقمە لومپێنە دوو جۆر بوو، کۆمەڵیک لە سەر ئەو باوەرە بوون کە ئەم تاقمە سەر لێشێواوەی کە تێکەل بە ئیسلام بوون، مانەوە و بوونیان زۆر ناخاێنێت، و کۆمەڵیکی دیکەش لەسەر ئەو باوەرە بوون کە ئەم کێشە، جدیتر لەو شتەیە کە دەبیندرێت. بەڵام ئەوان لەسەر ئەو باوەرە بوون کە بۆ ئاگاکردنەوەی ئەم تاقمە نەخوێنەوار و نەزانە دەبێت رێگای دێمۆکراسی بگیردڕێتە بەر کە ئەم فکریەتە هیچ ئاکامێکی نەبوو و لە ئاکامدا دروشمی “یەکێتی” رۆژ لەگەل رۆژ رووتتر و رووتتر دەبوو و لە دوائیدا بوو بە دروشمی ” حزب تەنها حزبوڵڵا، رێبەر تەنها رۆحوڵڵا” و ئەو درۆشمە لە ناو خەڵکدا چەسپێندرا و لە دوائیدا ئەو گرۆپانە پێکەوە لکێندران و بوون بە “حزبوڵڵایەکان”.

“حزبوڵڵایەکان” بە وەها چەکێکی توندئاژۆیی خۆیان پڕچەک کرد کە بە سەد یا دوو سەد کەسەوە دەیانتوانی خۆپیشاندانی دەیان هەزار کەسی بە زووترین کات بڵاوە پێبکەن و بە دروشمی “یەکێتی” بوونە تەگەرە لە بەردەم هەر جۆرە ویست و داخوازیەکی یاسایی و چینایەتی خەڵکی ئێران. لە سەرەتای مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، تاقم و گرۆپی “لۆمپینەکان” رژانە ناو “خانە کارگر” “ماڵی کریکار” و کاولیان کرد و خۆپیشاندانی “جبهە دمۆکراتیکی نەتەوەئیان” لە ناو برد و بۆ هەمیشە بڵاوەیان پێکردن، یەکەمین رێکخراوێک کە کەوتە بەر هێرشی ئەو گرۆپ و تاقمانە ئەم رێکخراوەیە بوو کە لە ئاکامدا بوە هۆی لە لاواز بوون و لە ناوچوونی.