خەتەنەی کچان وەک دیاردەیەکی مەترسیدار

✍مینا نێعمەتی

خەتەنەی کچان یەکێکە لە کۆنترین نەریتە کولتوورییەکان کە لەسەر جەستەی ژنان ئەنجام دەدرێت و لە چەندین کۆمەڵگە و کلتووری جیاواز دەبیندرێت، خەتەنەی کچان یەکێکە لە دیارە مەترسیدارەکانی کۆمەڵگا دواکەوتووەکان و بە جۆرێک تووندووتیژی ناو دەبردرێت کە ھیچ بنەمایەکی زانستی نییە و لە ژێر کاریگەری سونەت و عورف و ئایینی کۆمەڵگاکاندا لە زیاتر لە ٢٨ ولاتی جیھان ئەمجام دەدرێت، لەو دیاردەیەدا مافی ژیانێکی ئاسایی لە ژنان زەوت دەکرێت بێ ئەوەی بۆخۆی لە ھەڵبژاردنیدا بتوانێت کاریگەری بێت، خەتەنەی کچان لە ھەموو نەریتە کۆنەکان بەردەوامی زیاتری ھەیە و لەگەڵ ئەوەی کە لە دەیەکانی رابردوو کۆمەڵگاکان گۆرانکارییان بەخۆیانەوە بینیوە بەڵام ئەوەی دەبیندرێت ئەو دیاردەیە تا ھەنووکەش بە ئاشکرا و شاراوە جێبەجێ دەکرێت.

ساڵانە زیاتر لە ١٧٣ ملوێن ژن لە جیھاندا خەتەنە دەکرێن، بە واتایەکی تر لە ھەر چرکەیەکدا لە شوێنێکی جیھان کچێک خەتەنە دەکرێت و ئەمەش بۆ کچان و ژنان دەبێتە دەستپێکی ژیانێکی پر لە ئازار و رەنج..

بە پێی ئاماری رێکخراوی مندال پارێزی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئاستی جیھاندا بە تایبەت لە ٢٨ ولاتی ئاسیایی و ئافریقایی سالانە ٣ ملوێن کچ لە تەمەنی ٤ تا ١٥ سالیدا خەتەنە دەکرێن…

ئەمە لە کاتێکدایە کە بە سەرنج دان لەوەی کە خەتەنەی کچان بە شێوەیەکی نافەرمی ئەنجام دەدرێت ئامارەکان زۆر لەوە زیاتر بن کە رێکخراوە جیھانییەکان باسی لێوە دەکەن…

خەتەنەی کچان راستەوخۆ دەبێتە ھۆی خوێن بەربوون یان بە یەکجاری مردنیان، ھەروەھا لایەنی سێکسی ژن لاواز دەکات و ئەمەش زیان بە پێوەندی سێکسی   دەگەیەنێت، خەتەنەی ژنان ، ئەگەری نەزۆکی بۆ ژنان درووست دەکات و یان خود لە کاتی منالبووندا دەبێتە سەرچاوەی کێشە بۆیان، زیانەکانی خەتەنەی کچان تەنیا بە زیانە جەسەتەییەکان قەتیس نابێت بە گوێرەی توێژینەوەکان ئەو کچانەی کە خەتەنە دەکرێن لە رووی دەروونییەوە زۆرتر تووشی دلەراوکێ و خەمۆکی دەبن..

خەتەنەی ژنان لە کوردستانیش دیاردەیەکی نامۆ نییە بە تایبەت لە باشوور و رۆژھەلاتی کوردستان ئەو دیاردەیە بە زەقی لە زۆر شوێن دەبیندرێت، لە ٤ پارێزگای کوردستان لە رۆژھەلات دیاردەی خەتەنەی کچان دەبیندرێت و پارێزگای ورمێ پلەی یەکەمی لە ئاستی ئێراندا بۆخۆی تۆمار کردوە… کۆمەڵگە مرۆییەکان لەم چەن دەیەیەی کۆتاییدا بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو گرنگیان بە بابەتەکانی پێوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤەوە داوە و بە شێوەیەکی تایبەتی زوو بە شوودان یان خود مناڵ ھاوسەری، توندووتیژی بە ھەموو رەھەندەکانییەوە و مافی خوێندن و تەندروستی و مافی ژیانێکی شایستە بۆ ژنان بایەخێکی زۆری پێدراوە

دیاردەی خەتەنەی کچان لە سالانی رابردوو بە ھۆی کار و چالاکی بواری ژنان تا رادەیەک کەمتر بۆتەوە بەلام تا بنبرکردنی ئەو دیاردە مەترسیدارە رێگەیەکی درێژ و پر ھەوراز ماوە