شکاندنی هێما و گڵکۆ
ڕژیمی ئیسلامی ئێران بە شکاندنی گڵکۆ و تابلۆ و وێنەی هونەرمەند و شاعیرانی نەتەوەکەمان دەیەوێت کولتووری نەتەوەکەمان بسرێتەوە و ئەمە یەکەم جار نییە کە ڕژیم دەستی داوەتە ئەم جۆرە پیلانە نگریسە و پێش ئەم ڕژیمەش تەرمی ئازیزان و گیانبەختکردوانی ئێمە لە قەبر هێنراونەتە دەرەوە و ئەم سیاسەتە تەنها سیاسەتی ڕژیمی ئیسلامی نییە بەرانبەر بە نەتەوەکەمان، بەڵکوو هەر لە سەردەمی دەوڵەتی شاوە لە شاری شنۆ ئەم سیاسەتە پەیڕەو کراوە و بە دڵنیاییەوە ئەم سیاسەتەش وەکوو هەموو کارە نگریس و ڕەشەکانی ڕژیم پووچەل دەبێتەوە و ڕژیم چیدی لە کوردستان جێگای نەماوە و خەڵک بە گوڵباران کردنی گۆڕی هونەرمەند ماملێ و مەولەوی شاعیر وەڵامی ئەو بێ رێزیەیان دایەوە بە دڵنیاییەوە لە هەر هەوڵ وگۆڕانکاڕییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لە هەر بێڕێزیی و هەر شتێکی دیکە کە نەیارانی نەتەوەکەمان بە تایبەتی ڕژیمی ئیسلامی ئێران دەیانەوێت بیکەن بە نووسەر، شاعیر، هونەرمەند و گیانبەختکردوانی رێگای ئازادی نەتەوەکەمان ئەوا نەتەوەی کورد خۆی بە خاوەنیان دەزانێت و لەسەر هەموان وەجواب دێت و وەڵامی شیاو بە ڕژیم و نەیارانی نەتەوەکەمان دەداتەوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە هونەری کوردی بە درێژایی مێژوو ماوەتەوە و رەگ و ناسنامەی خۆی داکوتیوە و پەل و پۆی هاویشتووە و هەرچەن وەک مەکتووب کورد زۆر شتی کەمی هەیە بەڵام هەر بە شێوەی جیاواز وەک “هۆرە و بەیت” توانیویەتی بە زمان شۆڕش بکات و بتوانێ لە هەموو ساتەکاندا دەنکە مرواریی و چەپکە گوڵێکی رازاوە بێت بۆ ملی هەر تاکێکی کورد و هەر چەند ژیانی ژێر دەستەیی و دابەشکراوی بوەتە هونەر بۆمان و ژان و ئێشەکانی و بە هەموو ئەم دابەش کردن و بێ رێزیانە خۆی بەرجەستە کردوە و پارێزگاری لە خۆی کردوە و ئەوەش تەنها بۆیە روویداوە کە نەتەوەکەمان گرنگی تایبەتی داوە بە هونەر و شۆڕش.
هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بە تایبەتی خەڵکی کوردستان ، ڕژیم بە هەموو شێوەیەک ویستویەتی هیچ ناوێک لە کەسایەتییە گەورەکان و هونەرمەندانی کورد نەبێت و تەنانەت ترسیشی لە گڵکۆی هونەرمەندان و گیانبەختکردوانی کوردیش بووە و هەیە. ڕژیمی ئێران لە هەوڵەکانی بۆ شێواندنی گڵکۆی هونەرمەند و ناودارانی کورد لە رێگەی بەکرێگیراوانی خۆی یا هێزەکانی سپا و لیباس شەخسی بێڕێزی بە هونەرمەندان و گیانبەختکردوانی رێگای ئازادی و هێما نەتەوەییەکانی نەتەوەکەمان دەکات و لە دوا کردەوە قیزەنەکانی ڕژیم بەرانبەر بە هونەرمەند و نووسەری کورد لە شاری مهاباد گڵکۆی هونەرمەند “ماملێ”یان شێواندووە و لە شاری سەقزیش تابلۆ و وێنەی ماموستا مەولەوی کورد شاعیری کوردیان شکاندووە و لە بەرانبەریشدا خەڵک بە کۆمەڵ چونەتە سەرگڵکۆی ماملێ و گۆڕەکەیان گوڵباران کردوە و مۆمیان لە سەر گڵکۆی رۆشن کردوە و هەروەها لە شاری سەقزیش خەڵک بەو شێوە چونەتە بەردەم تابلۆی شاعیری ناوداری کورد و بە داگیرساندنی مۆم و گوڵبارانکردنی ئەوەیان بە ڕژیم نیشاندا کە ڕژیم ناتوانێت بە سانایی دەست بۆ کولتوور و فەرهەنگی خەڵکی کورد ببات و ئەستەمە ئەو نەتەوە بێدەنگ بێت بەرانبەر بە کردەوە قێزەونەکانی ڕژیم بەرانبەر بە شاعیر و هونەرمەندان و ئازیزانی گیانبەختکردوویان.
بۆ چی لە ئێستادا و لەم ساتە وەختەدا هونەرمەندان و شاعیران دەکرێنە ئامانج و هۆکارەکانی بۆ چی دەگەڕێنەوە؟ وڵامی ئەم پرسیارانە سادەیە و ڕژیم لەو پەڕی بێ دەسەڵاتیدا دەیەوێت دێمۆگرافی رۆژهەڵاتی کوردستان بشێوێنێت، چونکا ئەم ڕژیمە هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە توشی شکەستی گەورە هاتووە و دەیەوێت بە هەموو شێوە خەڵکی کورد چاوترسێن بکات، بە گرتنی گەنجانی کورد کە تەنها تاوانیان چالاکی مەدەنییە ــ بۆ نموونە چالاکانی ژینگەپارێز ــ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد و بە شکاندنی تابلو و گڵکۆی ئازیزان و هونەنەرمەندانمان دەیەوێت ئەو ترسەی لە کوردستان هەیەتی بە شێوەیەک بیشارێتەوە و نیشانی بدات کە هێشتا هێژمۆنی ماوە لە کوردستان کە کانگای شۆڕش و خەباتە.